بابەت: زمانەوانی
نووسین: #عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا حەمەئەمین#
ڕۆژی (21)ی (2)ی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە، کە لەلایەن ڕێکخراوی یونیسکۆوە(22)ساڵ پێش ئێستا ئەوبەروارە دیاریکراوە. لەئێستادا (21)ملیۆن کەس زمانی کوردی بەکاردەهێنن کەدەکاتە (٪ 0٫31) ی کۆی دانیشتوانی جیهان.
لەجیهاندا زیاتر لە (7)هەزار زمان بونیان هەیە کەزمانی کوردی (59)هەمین زمانەکەقسەی پێدەکرێت لەو (100)زمانەی کەزۆرترین قسەو ئاخاوتنیان پێدەکرێت.
دەیان زمانیش هەن کە ئەو کەسانەی ئاخاوتنی پێدەکەن هێندەی پەنجەکانی دەست و کەمتر و زیاترن. بەداخەوە تائێستاش لەوڵاتی تورکیا ولەدەستورەکەیدا ئاماژە بەیەک زمان ونەتەوەکراوە، لەکاتێکدا دەیان نەتەوەی جودای تێدایەو زیاتر لە (30)زمانیشی تێدایە کەدیارترینیان زمانی کوردییە.
لەوڵاتی ئێرانیش هەرچەندە لەدەستورەکەیان ئاماژەبەوە کراوە کە هەموو نەتەوەکان دەتوانن لەڕاگەیاندندا زمانی خۆیان بەکاربهێنن، بەڵام زمانی کوردی زمانی خوێندن و نوسین نیەو فشاریشی لەسەرە، ئەوەتا تازە بەتازە لەسەربرەودان بەزمانی کوردی و فێرکردنی مناڵان بەزمانی دایکیان سزای بەندکردنی مامۆستا دەدرێت بەچەندین ساڵ.
لەسوریاش زمانی کوردی فەرمی نیە، بەڵام لەئێستادا لەکانتۆنەکاندا زمانی دایک بۆتە زمانی فەرمیان.
لەعێراقیش لەگەڵ ئەوەی زمانی کوردی زمانی فەرمیەو لەدەستوردا جێگیرکراوە، بەڵام لەم چەندساڵەی دواییدا کاردەکرێت بۆپەراوێزخستنی زمانی کوردی، وەبەداخیشەوە لەلایەن بەشێک لەدام ودەزگاو ڕاگەیاندنەکانی خۆشمانەوە حەشرێکمان بەو شەو ڕستەو زمانی کوردی کردوە، بابەدەواری شڕی نەکردبێت، لەو ڕوەشەوە پێویستمان بەپسپۆڕان و شارەزایانی بواری زمانەوانیە کەسنورێک دابنێن بۆ ئەو شێواندنەی کەبەو شەو زمانی شیرینی کوردی دەکرێت.
ئەمە جگە لەوەی لەزۆرێک لەکافێ و چێشتخانەو هۆتێل و مۆتێلەکاندا هێندە گرنگی بەزمانی بیانی دراوەو دەدرێت، نیوهێندەی ئەوە گرنگی بەزمانی کوردی نادرێت.
بەهیوای گەشەکردن و گرنگی پێدانی زیاتری زمان و فەرهەنگی کوردی، وپێدانی ئازادی تەواو بەو کوردانەی کەڕێگیرییان لێکراوە تاهەنوکەش زمانی کوردی دایک بەکاربهێنن لەقسەکردن و خوێندنەوەو نوسیندا کەئەوە مافێکی زۆر سادەو سەرەتایی هەموو مرۆڤێکە لە هەر شوێن و هەرێم و وڵاتێکدا بێت.
[1]