عەدێ و مەدێ 81
مەدێ شێت بوو، هەتا مست گرتی لە چڕوچاوی عەدێی دا، عەدێ لە سەریەک سوڕا و خین لە کەپوو و دەوی فڕکەی کرد و کەتە ئەو گۆڕەی، مەدێ وەکی جەماعەتی موسارەعە حوڕەی خۆی برند کرد و گۆتی: یوو هوووو، خۆی بەسە عەدێی دادا، شرپەی لێوەهات و گۆتم: کورە فریای عەدێی کەون، وەڵلا مەدێ جیبلقاوی لە قوونی دەرهینا! بە من و بە ئەسکەندەری بە مەدێی وەبووین، لە عەدێی نەدەبۆوە، قادرە پووخە لەوسەری ڕاهات و هاواری کرد: لێیان گەڕێن، با داکی ئێکدی ب....ن ئەو سەگبابانە، هار بووینە هار! ئەمە لەو هەرایەی دابووین، پیکابەک گەیشتە پێش دەرکەی، سێ چار چەکداری لێ دابەزی و ڕوو بوونە مەدێی و دایانە بەر قۆنداغە کلاشینکۆفان و لوولیان داو فڕێیان دا پشتی پیکابی، پیکاب بە تەناش هەستا و دەرپەڕی!
ئەمەش عەدێمان قیت کردەوە و بردمانەوە ژۆرێ، لەبەر بەلوعەی دەموچاومان شووشت و بڕەک خاوینمان کردەوە، هاتەوە سەرە خۆ و گۆتی: کا ئەو سەگبابە چیلێهات؟ ئەسکەندەر گۆتی: وەڵلا مەفرەزەک هاتن و لوولیان دا، خوا بزانی کوو ماری بە قوڕێ دەگرن، عەدێ گۆتی: دەنگۆ قەرەم و قاقەزکم لۆبینن! گۆتم: لۆ چتە؟ گۆتی: با بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەی لەسە بنووسم و داکی خێوی مەدۆی ب...م، گۆتم: کورە دە وازی لێبینە ڕەحمەت لە بابت، کێ دەرێ لەبن ڕاپۆرتی یەکەم دەرباز دەبی، هەتا دووەمی لە سەر بنووسی! گۆتی: کاکە ئەو ماوەی گلەییم زۆر لەسەر بوو کەوا چالاکیم کەمە و ڕاپۆرتی بەرز ناکەمەوە، دونێ لە مەجلیسەکیش هجوم کرا سەر عیزبمان و مەدێ چ قسەی نەکرد و دیفاعی نەکرد، ئەمنیش گۆتم دەردت لە گیانم، لە عیزب دەخۆیی و دیفاعی لێناکەی، ئیدی یەک ڕاپۆرتم لەسەر نووسی! گۆتم: ئەوجە بە شەرەفت کەس لەسەر برای نووسیە؟ گۆتی: کێشەکە ئە لێرەیە: ئەتوو نە تێدەگەی، نە دەتەوێ تێبگەی، نە کەس هەیە تێتبگەینی!
مایتی.[1]