بابەت: چاوپێکەوتن
ڕۆژنامەی میدیا
سازادنی ڕۆژنامەنووس: بەهمەن عومەر
د. #ڕەئوف عوسمان مەعروف#
ڕێکەوت: #23-06-2009#
بەهمەن عومەر –#هەولێر# / د. ڕەئوف عوسمان، لە #سلێمانی# لەدایک بووە، سەرۆکی بنکەی گەلاوێژ بووە، سەرۆکی بەشی عەرەبی زانکۆی سلێمانی بووە، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستان، (میدیا) لەسەر چەند پرسیارێکی سیاسی ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ئەنجام دا.
-میدیا : پاش شکست هێنانی لێژنەی ماددەی 23 و گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عێراق، ئێستا ئەو کێشەیە بەکوێ گەیشت لەناو پەرلەماندا ؟
رەئوف عوسمان: بڕیارە سەرۆکی ئەو لیستانەی پەیوەندیان بەو کێشەیەوە هەیە، کۆبوونەوەیەک بکەن، بەڕێز ئەیاد سامەڕای سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت کۆمەڵێک ئەگەری دیکە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.بەڵام من لای خۆمەوە گەشبین نیم بەو دانیشتنانە، چونکە ئەوان دەیانەوێت جارێکی دیکە کورد بەهەموو شتێک ڕازی بێت و ماددەی 140 قارس بکەن، بەشێوەیەک کە ئیتر تامی تێدانەمێنێت. بەتایبەتی عەرەبە سونەکان کەهەندێک جار باسی ئەوەش دەکەن کە کورد ڕێژەی 32 ەکەشی نەمێنێت، بەکورتی دەیانەوێت بچوکمان بکەنەوە.
-میدیا : ئێمە دەزانین لەسیاسەتدا ئەوەی حوکم دەکات هێزە، ئایە عەرەبەکان ئەوەندە بەهێزن لەڕووی سیاسیەوە کە بتوانن ئەوداوایانەیان پراکتیزە بکەن؟
-رەئوف عوسمان: بەبڕوای من نەخێر ناتوانن تموحەکانیان بەجێ بگەیەنن، چونکە دیموکراسی لەعێراقدا دیموکراسییەکی تەوافوقییە، بەم پێیە دەبێت بەڕێککەوتن بێت، بەشێوەیەک کە هەردوولا ڕازیبن، بەڵام ئەگەر وانەبێت کێشەکە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە، لەم کاتەدا تەنیا چارەسەر بۆ کێشەکە ماددەی 140 ە.
-میدیا : تا چەندە نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنی عێراق کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و عێراق، لەکاتێکدا هەندێک جار دژایەتی کردنی کورد بووە بەبەشێک لە پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن لەناو عەرەبەکاندا ؟
رەئوف عوسمان: بە بۆچوونی من ئەگەر مالیکی بیەوێت حکومەتەکەی بەهێز پیشان بدات دەبێت پەیوەندی لەگەڵ کوردەکاندا بەهێز بکات، بەڵام بۆ چونێکی دیکە هەیە ئەوەیە بۆ ئەوەی مالیکی بیەوێت حکومەتەکەی بەهێز پیشان بدات، دەبێت یەک پارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت و ناوەند بەهێز بکات کە ئەوەیان لەزیانی کورد دەکشێتەوە.
ئەگەر ئێمە لەناوخۆدا پەیوەندییەکانمان باش بکەین ئەو ململانێیەی لە کەرکووک هەیە لەسەر دانانی پۆستەکان لەنێوان حیزبەکاندا نەمێنێت، هەروەها سەرکردایەتی کورد هەوڵی زیاتر بدات بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 مومکینە بتوانین ئەو هەوڵانە شکست پێ بهێنین، بەبڕوای من جێبەجێکردنی ماددەی 140 وا دەکات بەسەر هەمووکێشەکاندا زاڵبین.
-میدیا : هۆکاری بانگهێشت نەکردنی شەهرستانی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-رەئوف عوسمان: لەڕاستی دا لەگەڵ هاتنی ئەیاد سامەڕایدا پەرلەمان ئەکتیڤ بووەتەوە دەیەوێت بەهەموو شێوەیەک لایەنی چاودێری کردنەکەی جێبەجێ بکات، بەڵام لایەنی جێبەجێ کار دەیەوێت وای پیشان بدات کەئەوەی هەیە کێشەیەکی سیاسییە نەک ئیداری، بەڵام لایەنی جێبەجێ کاری عێراقی دەیەوێت وای پیشان بدات کە ئەوەی هەیە لە کێشەی بانگهێشتکردنی وەزیرەکان کێشەیەکی سیاسییە نەک ئیداری.
ئەوان بە بەشێک لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن تێدەگەن، کە ئەوە بە هیچ شێوەیەک وانییە، کێشەکە تەنیا شەهرستانی نییە، چەند وەزیرێکی دیکەش وەک وەزیری گواستنەوە و ناوخۆو بەرگری و هەندێک وەزیری دیکەش کە کێشەیان هەیە لە بەڕێوەبردندا چ لە ڕووی ئیداری چ لەڕووی مالییەوە، واتە جۆرێک لە بەرەنگاربوونەوە دروست بووە لەناو لایەنی جێبە جێ کاردا کە حکومەتە بۆ ئەوەی پەرلەمان نەتوانێت کارەکانی بکات، ئەم دژایەتی کردنە گەیشتووەتە ئاستێک کە هەندێک لێدوانی زۆر توند لە دژی پەرلەمانتاران دەدرێت، هەموو ئەوانە کاردانەوەیەکی نێگەتیڤە بەرامبەر بەو جموجوڵەی کە پەرلەمانی عێراق دەیەوێت بیکات و کردوشیەتی.
-میدیا: ئایا تیرۆرکردنی حارس عوبەیدی سەرۆکی کوتلەی تەوافق و داواکردنی لابردنی حەسانە لەسەر هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەکەوێتە هەمان چوار چێوەوە؟
رەئوف عوسمان: هەموو جوڵانەوەیەکی سیاسی کۆمەڵێک پەیوەندی پەلوپۆی لێدەکەوێتەوە، بۆ نمونە تیرۆرکردنی خوالێخۆش بوو حارس عوبەیدی کە یەکێک بووە لەوانەی زۆر چالاک بوو لە بواری خۆیداو لە وتاری هەینی دا هەمیشە جەختی لە پاراستنی مافی مرۆڤ دەکردەوە، هەروەها لە پەرلەمانی عێراقدا ڕۆڵی کارای هەبوو داوای کرد ئەوانەی مافی زیندانیانیان پێشێلکردوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت ئەوانە وادەکات کە هەندێک لەو هێزانە لەدەرەوەی چوارچێوەی کاری سیاسیدان بۆ دروست کردنی ئاژاوە ئەوەیان کردبێت، یان لەوانەیە ئەوانە بێت کە پێشێلکاریی مافی زیندان کراوانیان کردوە.
هەر سەبارەت بەو زیندانیکراوانە ئێستا داواکراوە کە زیاتر لە 40 پۆلیس و دەرەجەدار لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت ئە وانە هەمووی شکستن بۆ حکومەتەکەی مالیکی، هەر بۆیە حکومەت کاردانەوەی هەیە.
-میدیا: پێتوانییە کەدوای ئەوەی لەڕووی ئاسایشەوە عێراق بەرەو باشتر دەڕوات وردە وردە لایەنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی ڕۆژنامەنووس و مافی ژنان و گەندەڵی ئیداری و مالی دەردەکەون ؟
-رەئوف عوسمان: بێگومان ئەم لایەنانە تائێساش دەخرێنە بەردەم پەرلەمان و قسەی لەسەر دەکرێت، بەڵام مومکینە بە و جدیە نەبێت چونکە تائێستا هەندێک شت هەیە کە لە پێشترن بۆ قسە لەسەر کردن بۆ نمونە هەندێک یاسای وەک نەوت و گاز یاسای کارکردنی حیزبەکان یاسای هەڵبژاردنی داهاتوو ئەمانە هەموویان دۆسیەی گرنگن و هەروەها لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەشارەکاندا ئێستا کێشەی ئەوە هەیە کەجارێکی دیکە توندو تیژی سەرهەڵبداتەوە، هەستی پێ دەکرێت کەڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لەهەوڵی خۆئامادەکردندا بۆ دووبارە دەست کردنەوە بە توندوتیژی ئەمانە هەموویان پێکەوە هۆکاری ئەوەن کەئەودۆسیانەی جەنابت لە پرسیارەکەتدا خستانە ڕوو هێشتا نەبوون بەخەمی گەورەی پەرلەمان و هەتا ناو شەقامی گشتی عێراقیش، ئەگەرنا بێگومان عێراق هەموو ئەو کێشانەی هەیەو زۆر لەوە زیاتریش.
-میدیا: پێشبینی دەکرێت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە شارەکانی عێراق لایەنی ئەمنی تووشی کێشە بێت و جارێکی تریش داوای چوونی پێشمەرگە بکرێت بۆ ناوچە نائارامەکان، لەم کاتەدا دەبێت پێشمەرگە بەبێ مەرج بنێردرێتەوە بۆ ئەو ناوچانە وە دوای ئەوەی پێویستیان پێنەما دەری بکەنەوە؟
رەئوف عوسمان: ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت مەدای کارکردنی پێشمەرگە فراوانتر دەبێت، ئەو کات هیچ کێشەیەک دروست نابێت لە بوونی پێش مەرگە لەو ناوچانەدا، بە ڵام مەرج نییە هەرکاتێک حکومەتی عێراقی داوای پێش مەرگەی کرد یەکسەر حکومەتی هەرێم ڕازی بێت، ئەم جارە دەبێت حکومەتی کوردستان مەرجی هەبێت بۆ ناردنی پێشمەرگە بگوترێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتیمانییەو دەبێت بکرێت بە بەشێک لە هێزی عێراقی هەروەها لەسەر بودجەی سیادی چەک وپێداویستی پێ بدرێت، چونکە ئێستا پێشمەرگە هاوکاری حکومەتی کردووە لەهەندێک ناوچە کە تیرۆریستی لێ بووە توانیویەتی ئاسایش بەر قەرار بکات، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە بودجەی پێشمەرگە لە بودجەی سیادی سەرف بکات، لەگەڵ ئەوەشدا خۆ ئێمە پێشمەرگەمان لێ زیاد نییە هەرکاتێک حکومەت داوایکرد بینێریت بۆ ناوچە ترسناکەکان خوێنی پێشمەرگە بڕژێت و دوای چارەسەرکردنی کێشەکان بڵێت سوپاس بگەڕێنەوە.
-میدیا: دەتوانین بڵێین هۆی دروست بوونی ئەو کێشەیە کە ئێستا هەیە و حکومەتی مالیکی بەردەوام داوای دەرکردنی پێشمەرگە دەکات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەبێ مەرج چۆتە ئەو ناوچانە؟
-رەئوف عوسمان: لە وانەیە مەرج هەبێت، بەڵام مەرجەکان زارەکین نەک نووسراو کە ئەوە کێشەیەکی گەورەی ئێمەیە، ئێمە هیچ کات ڕێککەوتنەکانمان نووسراونین.
-میدیا: تاچەند ئەم ململانێیانەی کوردستان کەلەسەر هەڵبژاردنەکان هەیە کارگەری لەسەر نوێنەرانی کورد کردوە لە عێراق؟
-رەئوف عوسمان: تا ئێستا دەتوانم بڵێم بە هیچ شێوەیەک ڕنگدانەوەی نەبووە، ئەو یەکێتی و توانایەی هاوپەیمانی کوردستان هەیەتی پەیوەندی بەو یەکگرتنەوەیە هەیە لە نێوانماندا یە، چونکە ئەگەر جیاوازیەکیش هەبێت ئەوە لە خاڵێکدا یەکدەگرینەوە کە بریتی یە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلی کورد.
ئەم یەکگرتن و نەبوونی جیاوازیەی ئێمە تائاستێکە عەرەبەکان بەغیلیمان پێدەبەن، بەوەی کە هەموویان پارچە پارچە بوون و تەنیا ئێمە نەبێت.
-میدیا: لە کوردستان حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە نوێنەریان لە لیستی کوردستانیشدا هەیە بەردەوام دەڵێن کە نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا لە ئاستی پێویستدا نین. ئەو قسانە تاچەند ڕاستن ؟
-رەئوف عوسمان: من وا تێدەگەم نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق زۆر ئەکتیڤن زۆر چالاکن بڕواناکەم هیچ کەم تەرخەمیان هەبێت، سەبارەت بەچالاکی ئەندامانی کورد لە پەرلەمان، من دەمەوێت باسی خۆم بکەم وەک نموونە، یەکێک لە هۆکارەکانی بانگهێشتکردنی وەزیری بازرگانی بۆ پەرلەمانی عێراق ئەو ڕاپۆرتەبوو کە من لەسەر سلێمانی پێشکەش بە پەرلەمانم کرد کە گوتومە ئەم کابرایە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار زوڵمی لەشاری سلێمانی کردووە، هەر لەم چەند ڕۆژەدا ڕاپۆرتێکم پێشکەش کردووە لەسەر زوڵم وزۆری بەرێوەبەرایەتی گشتی پەساپۆرت و نیشتەجێ بوونی عێراق کەبەرانبەر کوردستان و سلێمانی دەیکات کە مانگانە سەدان پاسپۆرت لەسەر بەشی کوردستان لە بەغدا دە فرۆشرێت بە بڕێک پارە، ئەمانەم بە 12 خاڵ ڕوون کردوەتەوە کەداوامکردوە بدرێت بەسەرۆکایەتی کۆمار و ئە نجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، من پێم وایە ئەوانەی لەپەرلەمانن کەمتەرخەمیان نەکردووە، بە ڵام توانای ئێمەش دیاری کراوە 58 کەس بەرانبەر 217 کەس ژمارەیەکی کەمە.
-میدیا: بە پێی زانیاریەکان ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی عێراقی تائێستالەناو هۆڵی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک بەشداریان نەکردوە ئەم قسانە تاچەند ڕاستە؟
-رەئوف عوسمان: بەڵێ ئەوەشی تێدەکەوێت.
-میدیا : دەتوانیت پێم بڵێی چەند کەسن؟
-رەئوف عوسمان: بەژمارە نازانم، بەڵام دەتوانم بڵێم زۆرن، لە هەمووپەرلەمانێکدا کۆمەڵێکی کەم قسە دەکەن و دەردەکەون، ئەوانەی کە ئاستێکیان هەیە لەڕووی زمان و ڕوناکبیری و ئەزمونەوە کەمن، من تیمی پەرلەمان وەک تیمی یا ڕی تۆپی پێ دەبینم ئەو تیمە ئەگەر هەمووی پێکەوە بەباشی کارنەکات سەرکەوتوو نابێت، بەڵام هەندیکجار کەهێرشبەرێک گۆڵ دەکات ئەوە دەردەکەوێت، یان گۆڵچییەک جوان بەرگری لە گۆڵەکەی دەکات ئەوە دەردەکەوێت بۆیە ڕەنگە ئەندامەکانیش هەندێکیان لەناو هۆڵەکەدا باش قسە بکەن، هەندێکیان لەناو لێژنەکاندا باش کار بکەن.
-میدیا: ئەندام پەرلەمانی کورد هەیە لەبەغدا عەرەبی نازانێت؟
-رەئوف عوسمان: بە ڵێ هەمانە. من لێرە وە داوا لەهەموو لیستەکان دەکەم کە زۆر ووریابن لە دەست نیشان کردنی ئەندامەکانیاندا دەبێت زمان بزانێت ڕوناکبیر بێت و ئازاو لە خۆبردو نیشتیمانپەروەر بێت، هەروەها دڵسۆزی ئەوشارەبێت کە نوێنەرایەتی دەکات.پێویستە لێپرسینەوەش هەبێت لە ئەندامەکان.
-میدیا : دەست لە کار کێشانەوەی د. #بەرهەم ساڵح# تا چەند کاریگەری دەبێت لەسەر دەسەڵاتی کورد لە حکومەتی عێراقدا؟
-رەئوف عوسمان: بێگومان کاریگەری دەبێت چونکە د. بەرهەم کەسایەتییەکی دیارو چالاک و بە توانایە لە کارەکانی خۆیدا.
[1]