دەقی پیرۆزباییەکەی #سەعدی ئەحمەد پیرە#:
بەڕێزان سەرنوسەر و دەستەی نوسەران و ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی بەشە جیا جیاکانی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێی خۆشەویست..
رێز و سڵاو..
بەبۆنەی یادی 30ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردسانی نوێ گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم، دەستی ماندووبوونی یەکە بە یەکەتان دەگووشم و ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ماندووبوون و شەو نخونی و بێ وچانی هەموو ئەو نوسەر و ڕۆژنامەنووس و کارمەندانە هەیە کە لەسەرەتای کاروانەکەوە تاوەکو ئێستا لە ڕێگەی لاپەرە گەشەکانی ئەم ڕۆژنامە خۆشەویستەوە خزمەتیان کردووە.
ئەوێ ڕۆژێ هەرچەند مانگێک دوای ڕاپەڕین کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاری دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی سیاسی، ڕۆشنبیری، کلتوری، هەمەلایەنەی دا بڕیارێکی بوێرانە بوو، چونکە هەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی سیاسی و سەربازی و ئابوری سەخت تێدەپەڕی بەڵام لەبەر پێویستی پەیوەندی نێوان کۆمەڵانی خەڵک و ئاگاداربوون لە ڕووداو و پێشهاتە سیاسی و ناوخۆیی و کلتورییەکان بێ سڵکردنەوە لە کۆسپ و تەگەرەکانی کە چاوەڕوان دەکرا بێتە پێش ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە سفری لە 12/1/1992وەک یەکەم ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردی دوای ڕاپەرین کەوتە بەردەستی خوێنەران.
شانازییەکی گەورەیە بۆ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کە لە ماوەی 30ساڵی ڕابردوودا ئەگەرچی زمانحاڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە بەڵام مینبەرێکی ئازاد و کراوەی خستنەڕووی بیر و ڕا جیاوازەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵک بووە، زۆرجار لاپەرەکانی ئەم ڕۆژنامەیە سەکۆی بڵاوکردنەوەی ووتار و نوسینی پڕ لە ڕەخنە و تەنز و گلەیی بووە لە خوودی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی ئامۆژگاری و ڕاسپاردەکانی خوالێخۆشبوو سەرۆک #مام جەلال# بوو کە هەمیشە جەختی لەسەر ئازادی بیر و ڕا و دەرفەتی دەربڕینی ڕا و بۆچوونی جیاواز دەکردەوە و داوای دەکرد هیچ جۆرە سانسۆرێک نەخرێتە سەر ئەوانەی خاوەنی قەڵەمێکی بوێر و ئازادن.
کوردستانی نوێ و کاروانەکەی وێستگەیەکی گرنگی پاراستنی کلتور و زمانی کوردی بووە، سەرچاوەی زیندووکردنەوە و بەرگوێ خستنەوەی هەزاران ووشەی ڕەسەنی کوردی بووە کە ڕەنگە لەبیر نەوە دوای نەوەی میللەتەکەمان بچووبانەوە، هاوکات ئەم ڕۆژنامە خۆشەویستە کانگای برەودان بووە بە ڕەوتی ئەدەبی کوردی، لاپەڕە و پاشکۆ و دۆسیە تایبەتەکانی ژیان و بەرهەم و نوسینی ئەدیب و ئەدەب دۆستان کە لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دەرچوون شاهێدی ئەو ڕاستیەن.
کوردستانی نوێ بە حەق بۆ کوردستانێکی نوێ و ئایندەیەکی تازەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە، تەنها ڕۆژنامەی دەستەیەک یان نوخبەیەک نەبووە، بەڵکو گرنگی داوە بە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری، بابەتەکانی تایبەت بە ژنان، گەنجان، خوێندکاران، کاسبکاران، کرێکاران، .. هتد لە کوردستانی نوێدا بەو پەڕی گرنگی و بایەخ پێدانەوە بڵاوکراونەتەوە ئەمە جگە لە پشتگیری کردن و هاندانی هونەر و هونەرمەندان لەسەرجەم بوارەکاندا، بۆیە دەتوانین بڵیین کوردستانی نوێ خوێندنگایەکی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری گەورەیە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ ئەم ڕۆژنامە خۆشەویستە و سەرجەم نوسەر و ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی دەخوازم، جارێکی تر 30هەمین ساڵیادی کوردستانی نوێ لە هەموومان پیرۆز بێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە[1]