کێ ڕۆشنبیرە؟
هاوبیر کامەران حەمە ئەمین
نووسینی/هاوبیر کامەران
(مامۆستای کۆمەڵە هونەری یۆگا-سلێمانی)
پێش ئەوەی باس لەو مەسەلەیە بکەم کە خەتەرێکی گەورەیە لەسەر ڕۆشنبیریمان، دەمەوێت داوای لێبوردن لەهەمو ئەو کەسانە بکەم کە دڵگرانن بە بیستنی واقیع لەکاتێکدا ئەبێت ئێمە ئەو واقیعە باس بکەین و شاردنەوەی ئەو ڕاستیانە خەتەرێکی واقیعیە لەسەر ئێستا و داهاتومان. ئەمە لەلایەک و لە لایەکی دیکەشەوە ئەمە ڕای من و هەندێک لەوانەیەکە بروایان بە ئیشراق و ڕوناک بونەوەی ئەم وجودە مرۆییە هەیە، وە بڕوایان بەوە هەیە کە مەعریفە تەنها لە چوارچێوەی مەعریفەی هەستەکی دا ناوەستێتەوە، هەربۆیە ئەم ڕایە ڕایەکی ئاسمانی نیە.
ئەمڕۆ بەسەدان و هەزاران کەسمان هەیە کەلە کوردستان پێیان دەوترێت ڕۆشنبیر یان ڕوناکبیر و ئەمانەش لەژێر ئەو ناوەدا بەردەوام ئەوەی بیانەوێت دەیڵێن بێ ئەوەی بزانن کە نوسین و وتاردان مافی هەمو کەسێکە بەڵام خۆ پۆلێن کردن لەژێر ناوێکی وەکو “رۆشنبیر”دا تەنیا مافی ئەو کەسانەیە کە بەراستی بیریان ڕوناک بوەتەوە، وشەی ڕۆشنبیر لە زمانی نیپاڵی و سانسکرێتی دا پێی دەوترێت “بودا”، من دەمەوێت باسەکە بەو پرسیارە دەست پێ بکەم، ئایا لە کوردستاندا ئەو هەمو بودایە دەژین ؟!
زۆر جار کەسێک لە تەلەفزیۆنێکدا قسە دەکات، ناکاو دەبینی لەحاشیەی تەلەفزیۆنەکەدا نوسراوە : بەرێز فڵانە کەس، و کەمێک لەولاتر نوسراوە “رۆشنبیر” یان “روناکبیر”.
من لێرەدا دەمەوێت کەمێک لەسەر ئەم وشەیە بدوێم و بڵێم کێ ڕۆشنبیرە. هەڵبەت ئەمە بەرای من و هەرکەسەش ڕایەکی هەیە و ئازادە لە دەربرینی، بەڵام ئایا گەر هەرکەس زمانی پاراو بوو توانی بەباشی و بەهەندێ سەفسەتەوە قسە بۆ خەڵکی بکات دەبێتە ڕۆشنبیر ؟ ئایا ئەوەی بۆی گونجا بێتە سەرتەلەفزیۆن و لەبەرنامەیەکدا بەشداری بکات ڕۆشنبیرە ؟ ئایا ئەوەی چەند کتێبێکی نوسی و ڕای خۆی لەسەر کۆمەلێک شت گووت ڕۆشنبیرە ؟ بێگومان نەخێر. هەرکەس ئەو لافەی لێدا پێی ناوترێت ڕۆشنبیر، کەس بە نوسینی ڕۆمانێک و وەرگێرانی بیروباوەری کەسێک لە کتێبێکدا نابێتە ڕوناکبیر و ڕۆشنبیر هەروەک چۆن کەس بە وتنی چەند دێرە شیعرێک نابێتە شاعیر. ئایا پێت وانیە کە نوسەرێک دێرێ زیاتری نوسیوە لەو هەمو زانستی و زانیاریەی لە بوندا هەیە.
ڕۆشنبیر کەسێکە..
یەکەم : چاک و خراپ جیا بکاتەوە.
جیاکردنەوەی چاک و خراپ قورسترین ئەرکێکە کە مرۆڤ لەسەرشانیەتی ئەنجامی بدات. زۆرمان هەن بەناو ڕۆشنبیرن، بەڵام لەراستیدا نازانن چی چاکەو چی خراپە. بۆ نمونە ئەمرۆ بانگەشە بۆ بیروباوەرێک دەکات و سبەینێ ڕەتی دەکاتەوە، زۆرمان بینی لە بەناو ڕۆشنبیرەکانی کوردستان کە هەر ڕۆژەو چاووراویان بۆ حیزبێک دەکرد و دژی ئەوی تر دەوەستان بەشێوەیەکی فکریش بانگەشەیان بۆ خۆیان دەکرد. ئەم وتەیە مانای وایە دەبێت ڕۆشنبیر گەشتبێتە شتێک کە وابێت نەک وابزانێت وایە، کە ڕاستی بێت نەک وەهم، کە یەقینی هەبێت و گومانی لەو بابەتەدا نەمابێت. ڕۆشنبیر دەبێت دامەزراوبێت و لەروی فکریەوە لە گەشە کردندا نەبێت بەڵکو گەشتبێتە ڕاستی و هەقیقەت.
دوەم : خۆی بە ئەزمون ئەو دەرکەی کردبێت نەک کەسێک پێی وتبێت.
کێشەکە لێرەدا، کەسانێک لە کۆندا هەبون وەک ئیبن سینا و مەولانای ڕۆمی و سوقرات و ئەفلاتون و موحەمەد و عیسا و بودا کە لەرێگەی کتێب خوێندنەوەو کۆکردنەوەی بیرورای خەڵکەوە نەبونە ئەو پیاوە بەناوبانگ و ڕونبیرانە. ئەوان خۆیان هەبون. خۆیان خاوەنی شتێک بون کە هیچ کام لە ڕۆشنبیرەکانی ئێمە نیانە. هەربۆیە بەناو ڕۆشنبیرانی ئێمە قسەو کردەوەیان یەک ناگرێتەوە. مامۆستای زانکۆی سلێمانیە و پێی دەلێن “روناکبیر”، بەڵام شەق لە قوتابیەکی خۆی هەڵدەدات لەسەر ئەوەی لەهۆڵی وانەدا جەرەسی مۆبایلی بۆ هاتوە. ڕۆشنبیری مامۆستای زانکۆ هەیە لە کوردستان داوای مافی ئافرەت دەکات و ژیانی لە خێزانەکەی خۆی کردوە بە جەهەننەم. ئەمانە ئەگەرچی دەمیان گەرم بێت بەڵام قسەکان هی خۆیان نیەو ئەوان تەنها وەک تەسجیلێک دەیلێنەوە. تەنها جیاوازی ئەوان لەگەڵ خەڵکی بەناو عەوام (هەمیشە ئەم جۆرە ڕۆشنبیرە پێیان وایە خەڵکی عەوامن) ئەوەیە کە ئەمان یادەوەریان باشترەو زیاتر بۆیان لواوە. ئەبێت ڕۆشنبیر خۆی ئەزمونی ئەو هەقیقەتەی کردبێت کە بانگەشەی بۆ دەکات. دەبێت تامی خواردنەکەی کردبێت تا میوانی بۆ بانگهێشت بکات، پیاوی برسی ناتوانێت کەس تێر بکات. هەژار ناتوانێ ببەخشێت. کاتێک کەسێک هیچ ئەزمونێکی لەگەڵ خودادا نیە، چۆن دەتوانرێت پێی بوترێت ڕۆشنبیرێکی ئایینی لەکاتێکدا تەنها لە باوانەوە یان لە مامۆستا و کتێبە پیرۆزەکانەوە بیستویەتی کە خودا هەیە و هیچی تر.
سێهەم : توانای کردنی چاک و نەکردنی خراپی هەبێت لە ژیانی خۆیدا.
کاتێک ئێمە دەتوانین خۆمان بەئەزمون چاک و خراپ بناسین و ئەم ناسینەشمان لە ئەزمونی خۆمانەوە بێت ئەوا هێزێک وامان دەست دەکەوێت کە بتوانین بەو زانینە لانی کەم کێشەکانی ژیانمان چارەسەر بکەین. بۆ نمونە یەکێک لەو کێشانە کێشانی جگەرەو خواردنەوەی مەیە، واتە بەتەنگەوە هاتنی تەندروستیە، ڕێزگرتنە لە چواردەور و خێزان و هاوسەر. زۆرینەی بەناو ڕۆشنبیرەکانی ئێمە جگەرەکێش و مەی خۆرەوەن، چ جۆرە مەی خواردنەوەیەکیش، ئەو جۆرەی کە تیایدا مرۆڤەکە کەڵکی نامێنێت و بەباوەش دەیبەنەوە ماڵ. من نمونەی دەیان کەسم لەوانە لایە کە ئەگەر ناویان بێنم لەوانەیە بەردەمی دادگام لێ بگرن و قەبوڵی ئامۆژگاری نەکەن، چونکە خۆیان بەدانای و فەیلەسوف و بەرزتر لە هەموان دەزانن.
قسەی من لێرەدا ئەوەیە کە بڵێم ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ڕێزی لەش دەگرێت و قیمەت دادەنێت بۆ ژیان و ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو کەسە گەشتۆتە ئەو ڕاستیەیەی کە لەم ژیانەدا دەدۆزرێتەوە. ئایا ئەگەر خۆت بەرۆشنبیر و ڕوناکبیر دەزانیت ئەو بیرەی پێت وایە ڕوناکە توانیویەتی ڕێگەی تەندروستی جەستەیی و ڕۆحی و دەرونیت پیشان بدات. سەدان نمونە هەیە لەو فەیلەسوف و سۆفی و یۆگیانەی کە ڕوناکبیر بون بەڵام لەش و دەرونیان پشت گوێ نەخستوەو بەدەیان جار لەخەڵکی کەمتر دوچاری نەخۆشی بون و لەروی تەندروستیانەوە، لەروی ئەخڵاقی کۆمەڵایەتیانەوە لەکەسە دەرکەوتەکانبون، نمونەی ئەوانەش سوقرات، سوامی بالاکابهاراتی، شری شیام سوندار گۆسوامی، حەزرەتی شێخ عوسمانی بیارە، سوامی ڤیشودهاناندا گیری و هەزارانی دیکە.
چوارەم: بتوانێ بەرێگەیەکی تەواو گونجاو بۆ ئەو سەردەمەو ئەوکاتە ئەو زانینە بگەیەنێت و بگوازێتەوە بۆ خەڵکی.
کام زانین ؟ ئەو زانینەی کە پێی نەگەیشتویت چۆن دەتوانی بیگەیەنیت، ئەو زانینەشی کەمرۆڤ پێی دەگات هێندە قوڵ و بەرفراوانە کە گەیاندنی ئاستەمە. وەک چۆن هەمو کەس نابێتە هۆنەر، مۆسیقارێکی بەتوانا، بەردەوانێکی سەرکەوتو، ئاواش هەمو کەس لەناو ئەوانەشدا کە دەگەنە ئەو زانینە قوڵەی ژیان ناتوانن ئەو زانینە بگەیەنن. زۆرینەمان کاتێک شتێک دەڵێین و دەم دەکەینەوە یان بۆ ناوبانگ و ناونیشان و پەنجە بۆ ڕاکێشانە، یان بۆ موچەو خۆهەڵواسینە بە دەزگایەکی مەعریفی دا، یان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕەگەزی بەرامەبەر (لات سەیر نەبێت کە لە کوردستان دەیان ڕوناکبیری لەم جۆرەمان هەیە)، یان چەرخی گەردون خستونیەتە ناو ئەو بازنەیە بێ ئەوەی بزانین بۆ ئەو کارە دەکەین. بڵاو کردنەوەی زانین بەشێوەیەک کە بە سودی خەڵکی بێت بەشێکە لە زانین. ئایا کوێرێک دەتوانێ دەستی کوێرێکی دیکە بگرێت بۆ شوێنێک کە یەکەم جاریەتی خۆیشی بڕوات، بێگومان نەخێر. هەربەو جۆرەش بەناو ڕۆشنبیرێک ناتوانێ ڕێگەی ڕاست نیشانی خەڵکی بدات کەگەر نەگەیشتبێت بە هەقیقەت و بەرۆشنایی هەقیقەت ڕوناک نەبوبێتەوە. هەندێ لە بەناو ڕۆشنبیرەکانمان ناتوانن یارمەتی منداڵەکانی خۆیان بدەن و بە لێدان و جنێو یاریان لەگەڵ دەکەن.
پێنجەم : ئەو زانینە تەنها زانینێکی مادی و سنوردار نەبێت بەڵکو زانستێکی کامڵ و تەواو بێت و لە ناسینی مرۆڤەوە هاتبێت لە ڕوی جەستەیی و دەرونی و ڕۆحیەوە.
دوا مەرجی کەسی ڕۆشنبیر ئەوەیە کە دەبێت لەدەرەوەی چوارچێوەو سنور و بەربەستە مادی و دەرونیەکان بێت. من لەو بروایەدام کەسێکی وەکو سادقی هیدایەت ڕۆشنبیر نیە لەکاتێکدا ژیانی بە خۆکوژی کۆتایی هات. ئەو نوسەرێکی گەورە بوو، بەڵام ڕوناکبیر نەبوو. ئەو پربو لە گرێی دەرونی، ڕوناکبیر کەسێکە بیری ڕوناکبوەتەوەو هەمو شتێک لەبەرچاوی ڕون و ئاشکرایەو دەرونی سادەو ئارامە، بێ گرێ و گۆڵ و بێ هیچ پەشێویەک. بروانە جیاوازی نێوان خۆکوژی سوقرات و خۆکوژیەکەی سادقی هیدایەتی گەورە نوسەری ئێرانی. سوقرات بێزار نەبو لەژیان، لە ترسدا خۆی نەکوشت و هەڵنەهات. بەڵام هیدایەتی لە ژیان ترسا و باوەشی بەمەرگدا کرد. ئایا ڕۆشنبیرانی ئێمە لە کوردستان خاوەنی یسەدەها و هەزارەها گرێ و گۆڵی دەرونی نین ؟ ئایا ڕۆژانە کێشەی ناو دادگایان نیە ؟ ئایا لەناو ماڵ و منداڵی خۆیاندا ڕوبەروی دەیان کێشە نابنەوە کە ناتوانن چارەسەری بکەن ؟ ئایا ئەوان بەئاسانی تورە ناکرێن ؟ بێگومان بەلێ چونکە زۆرمان لە نمونەی ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە بینی و دەشبینین کە لەسەر کاغەزی ڕۆژنامەو گۆڤارەکان و کتێبەکان شەرە قسە دەکەن و جنێوو نیوە ناتۆرە بەیەکدی دەڵێن. زۆرمان هەیە لەوانەی کە لەبەر جیاوازی بیروباوەری سیاسی شەڕی شەخسیان کەوتۆتە نێوان. ڕوناکبیری تەواو دەبێت لەسەرو دین و ئایدۆلۆژیا و
ئەمانە قەیرانی ڕۆشنبیری کوردین، ڕۆشنبیریەک کە تەنها خوێندنەوەی پەراوێزی کتێبەکانی ڕۆژاوایە و ترش و خوێ پیاکردنیەتی. ڕۆشنبیریەک کە پشت بەبینینی ئەوی تر دەبەستیت نەک بەئەزمونی زاتی خۆی.
خەتەری ڕۆشنبیری تەزویر، واتە خەتەری پێگەیشتنی بەناو ڕۆشنبیر زۆرە، یەکێک لەوان خەتەری زاتیە. “رۆشنبیری عەوام” کە دەتوانم بلێم پێناسەی زۆرینەی ڕۆشنبیرەکانی ئێمەن کەسێکە دەکەوێتە ناو وەهمێکی زۆر فەوتێنەرەوە، ئەویش وەهمی خۆ بەرۆشنبیر زانینە، وەهمی ئەوەیە کە ئەم کەسێکە لەکاتێکدا هیچ کەسێک نیە، وەهمی ئەوەیە کە ئەم ئیدی خۆی لەخەڵک بە بەرزتر و سەروترو ڕۆشنبیرتر دەزانێت و ئەمەش یەکێکە لە نیشانە هەرە دیارەکانی کەسانی نەزان. سوقرات دەلێت “تەنها جیاوازی نێوان من و خەڵکی ئەسینا ئەوەیە کە من دەزانم کە نەزانم، بەڵام ئەوان نازانن کە نەزانن” و ئەم هەستەش مرۆڤ پیر دەکات، چونکە پیری هیچ نیە جگە لە خۆ بە زانا زانین و قەرار دان بۆ ئەوەی کە ئیتر بەسە. ئەم ڕۆشنبیرە عەوامانەش وا دەزانن کە دەزانن و نازانن کە نەزانن. دوەم خەتەری ڕۆشنبیریی کوێر ئەوەیە کە خەڵکی چەواشە دەکات بەوەی کە دەیزانێت و هی خۆی نیە. بەوەی کە ئەو شتەی دەیلێت ناتوانێت لەژیانی واقیعدا بەرجەستەی بکات. بۆ نمونە سەیر نیە کە گەندەڵیەکی زۆر لەناو دەزگا بەناو ڕۆشنبیریەکانی ئێمەدا هەیەو خەڵکانێکی زۆر بەناوی گەورەوە موچە وەردەگرن، ئێستا لەکوردستان ڕۆشنبیری بۆتە جۆرێک لە مامەڵە بۆ خۆژیاندن. خەتەرە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەوان تەنها خۆیان بەئاقارێکی خراپدا نابەن، بەڵکو ئەوان نەتەوەیەک دوچاری لەناوچون دەکەن. ئەوەی ئێستا لە زانکۆو پەیمانگەکان دەیبینی سەرەنجامی ئەو ڕۆشنبیریە کوێرەی ئێمە بو لە ساڵانی ڕابردودا کە هێشتا بەتەواوی بەرهەمەکەی نەگەییوە. لە زانکۆکانی کوردستان کە دەبێ گەورەترین مەڵبەندی زانین بن خوێندکاران زۆر بەکەمی دەخوێننەوە، نەک هەر خوێندکاران بەڵکو مامۆستایان، کتێبخانەکان چۆڵن، زۆرترین وردگەری خوێندکار لەسەر مۆدێلاتی جل و بەرگە، زۆرینەی کوران خۆیان دەخەنە بەر دیدەی کچان و زۆرینەی کچانیش موشتەری و هاورێی کاتی خۆیان دەدۆزنەوە، وەنەبێت کەسانی پێگەیشتوو خاوەن زانست نەبینی، بەڵام لە ڕاستیدا ژمارەی ئەمانە لە چەنجەی دەستەکان تێناپەرن. گەنجی کورد بێزارە لە مەعریفەو ڕۆشنبیری ڕاستەقینە و ناچاریشە پەنابەرێتە بەر مەعریفەیەکی پوچ و ڕۆشنبیریەکی خەیاڵی تا ڕزگاری ببێت لەو بەرپرسیاریە قوڵەی کە هەیەتی بەرامبەر مەعریفە. ئەو گەنجەی دەیەوێت لە کوردستان ڕۆشنبیرێکی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە دەبێت هەمیشە بەو ئاواتەوە بژی. هێشتا زۆر سەرەتاین، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە ڕۆشنبیریی ئێمە وا خۆی پیشان دەدات کە لە لوتکەدایە.
ئەمەی باسم کرد تەنیا ڕوکاری ئەخلاقی و دەرونی و فیکری ڕۆشنبیرە نەک ڕوکارە ڕۆحیەکەی کە قسەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێ، بەتایبەت لەگەڵ ڕۆشنبیری کوردستان.
من ئامۆژگاری کەس ناکەم، و خۆم پێ لەوان باشتر نیە و بانگەشەی ئەوە ناکەم کە ڕۆشنبیر یان ڕوناکبیرم، تەنها دەمەوێت ڕای خۆم بڵێم بەوەی کە ڕوناکبیر کەسێکە گەشتبێتە هەقیقەت و گومانی لە ژیان نەمابێت و بەو هۆیەوە ئارام بوبێتەوەو سادەیی و سکونی بەدەست هێنابێت. بێگومان ئەم ڕۆشنبیرەیە کە دەتوانێ ئێمە ڕێنوێنی بکات بۆ ئارامی و ئاسودەیی و ڕوناکی لە ژیاندا، لەکاتێکدا مەبەست لە بونی ئەو هەمو هەوڵ و کۆششەی ژیان هیچ نیە تەنیا بۆ گەیشتن بەو ئارامی وئاسودەیی و سکون و ڕوناکیە نەبێت.
ڕۆشنبیر “بودا” بوو، ڕۆشنبیر “موحەمەد” بوو، ڕۆشنبیر “عیسا” بوو، ڕۆشنبیر “ماهاتما گاندی” بوو، ڕۆشنبیر ” سوامی ساتیاناندا ” بوو، ڕۆشنبیر “مەحوی” بوو، ژیان لەسەر دەستی وەها ڕوناکبیرانێکی وەکو “یۆگاناندا” و “سوامی ڤیشۆدهاناندا” و “سوامی مادهاڤاناندا” و “موسا” و “سوقرات” و “لاوتزۆ” و “کۆنفۆشیۆس” و “پرۆتاگۆراس” و “جاناکا” و “ئیکهارت” و “کانت”، شایەنی پراکتیزەیە نەک لەسەر دەستی کەسانێکی وەها کە ناوو نازناوی ڕوناکبیر بەکاربێنن تەنیا لەبەرئەوەی نوسەرێکی باشن یان هۆنەر یان وتاربێژێکی بەتوانان. ڕوناکبیری مەقامێکە مرۆڤی تێ دەکەوێت کە بەهیچ شێوەیەک لەرێگەی کتێب خوێندنەوەو زانستی وەرگیراوەوە (علم القال) مەیسەر نابێت، بەڵکو مەقامێکی تەواو ڕۆحیەو لە ئەزمونی تاکە کەسیەوە سەرچاوە دەگرێ و دروست دەبێت، خوێندنەوەی کتێب و گوێگرتن لەزانست تەنها ڕێخۆشکەرە بۆ ئەو ڕێگەیەی کە مەعریفەی ڕوناکبیری لێوە دەگات. بەئومێدی ئەوەی هەموان ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕوناک ببینەوەو بگەینە ئارامی و سکون و ڕوناکی هەتاهەتایی.
ماڵپەڕی دەروونناسی.