دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
خانەوادەو کەسوکاری تێکۆشەرو پێشمەرگەی دێرین و پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر مارف عومەر گوڵ.
بەناوی گشت هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ کۆچی دوایی دکتۆر مارف دڵگرانی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین و هاوبەشی پرسە و خەم و پەژارەتانین.
کۆچی دوایی دکتۆر مارف خەسارەتێکی تربو لەگەلەکەمان کە کەسێکی تێکۆشەر و ئەکادیمی وەهای لە دەستدا کە لەهەڕەتی لاوێتەوە لە نێو جوڵانەوەی سیاسیداو لەخەباتی نهێنیدا لە سەرەتای هەشتاکاندا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە توشی گرتن و ئەشکەنجەبۆتەوە، لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێشدا لە پاڵ خەباتی چەکداریدا وەک نوسەر لە گۆڤار و بڵاوکراوەکانی شاخدا خاوەنی چەندین بەرهەم و نوسینی ئەدەبیی شۆڕشگێڕانەی بەرگری بوە.
دکتۆرمارف بۆ درێژەدان بەخەباتی سیاسی کوردایەتی لەڕووی ئەکادیمیەوە وەک یەکەمین کورد لە سەر پرسی تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد لە ساڵی 1990 لە زانکۆی کیف بڕوانامەی ماستەری بە دەستهێناو و لە ساڵی 1995یشدا لە هەمان زانکۆ دکتۆرای وەرگرت و دواتر لە ساڵی 2005 وە بەم هەگبە پڕ لە زانستەوە گەڕایەوە کوردستان و بوە ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی کۆیەو پاشان ڕاگری کۆلیژی یاسای زانکۆی #سلێمانی# بوە. دکتۆر مارف عومەر گوڵ لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ژیانیدا گەنجینەیەکی پڕ لە زانیاری و زانستی یاسایی بوە لەسەر پرسەکانی جینۆساید و وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ناوندە ئەکادیمی و سیاسیەکان بوەو بەکۆچی دوایی خەسارەتێک لەهەموان کەوت.
جارێکی تر پرسەو هاو خەمی خۆمان بە خێزان و کەسوکاری دکتۆر مارف عومەر گوڵ دەگەیەنین و لەیەزدانی مەزن داواکارین ڕۆحی کۆچ کردو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و دوا ناخۆشی هەموو لایەک بێت.
انا للە و انا الیە ڕاجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
15 ی کانونی دووەمی 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!