کورد و نەفرەتی جوگرافیا یا ملهوڕی و ناکۆکی
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
کورد نەتەوەیەکی ئازا و قارەمان و نەبەردە، بەدرێژایی مێژوو دراوسێکانی بەئازا و شەڕکەر ناویان بردوون، تەنانەت زۆربەی گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکانیش لەمەڕ ئازایی و قارەمانی و سوارچاکی، گەواهی ئەوە دەدەن، کە کورد گەلێکی ئازا و شەڕکەرن و سەر بۆ هیچ کەس دانانەوێنن، شەرەفخانی بەدلیسی دەربارەی ئاکاری کورد دەڵێت: کورد گەلێکی ئازا و قارەمانن و سەر بۆ کەس ناچەمێنن، شکۆمەندی نەفسیان بەرزە و بۆ بژێوی ژیان دەست لەکەس پان ناکەنەوە، کورد ئەگەر باری ئابووری خراپ بوو، پێی باشترە زوڵم لەخەڵک بکات، وەک ئەوەی دەست لە خەڵک پان بکاتەوە، لەبەر ئەوە هەر کات برسی بوو، دەست دەداتە چەکەکەی و دەچێت بە زۆر نان لەخەڵک دەستێنێت، بەڵام بەلایەوە شەرمە سواڵ بکات و دەست لەبەر خەڵک پان بکاتەوە، کوردەکان ئەگەر ئاکارێکی ناپەسندیان هەبێت، هەر ئەوەندە کەسیان سەر بۆ کەسیان ناچەمێنێت و بۆ یەکتر نایەنە بەرکەمەند و هەروەک تاکە تاکە هەر کەسە بیر لەسەربەرزی خۆی دەکاتەوە، بەتێکڕایی بیر لەسەربڵندی تێکڕایی ناکەن و پشتی یەکتر ناگرن و نابنەیەک. دەربارەی ئەم ئاکارە نالەبارەیانەوە مامۆستا (مەلا سەعدەدین) فێرکاری سوڵتان مرادخانی عوسمانی بووە، لەناو مێژووە تورکییەکەیدا کە بۆ عوسمانیانی داناوە، لەمەڕ کوردیشەوە دواوە، دەڵێت : هەموو کوردێک بۆ خۆی سەربەخۆیەکە و ئاڵای ملهوڕی و زۆرداری بەرزکردۆتەوە و لەناو ئەو شاخ و کێوانەدا بەسەربەستی دەژی، ئەگەر سەرنج بدەینە باری یەکدی گیری و هاوبیری و هاوکارییانەوە، تەنیا لەشادە و ئیمان هێناندا نەبێت، لەهیچ شتی تردا یەکناگرنەوە.
مرۆی کورد هەر له و کاتەوەی خۆی دەناسێت و هەست بەچاکە و خراپە دەکات، خۆی بەمەزن دەزانێت، حەز دەکات پێی بووترێت قارەمان و ئازا و شەڕکەر، هەر ئه و هەستەشی وای لێ کردووە، لەبەرامبەر نەیار و دوژمنەکەیدا چالاک و زەبر وەشێن بێت، ئه و هەستەی وای کردووە زۆر لەخۆی ڕازیە و خۆی زۆر پێ لەتورک و عەرەب و فارس باشتر و پیرۆز تربێت، لەئەنجامدا ئەوە ویستی ملهوڕی و توند و تیژی و شەڕانگیزیە.
میر شەرەفخان و سەیدا ئەحمەدی خانی تاوانی یەک نەگرتن و لێک دووریمان دەخەنە سەر ملهوڕی و لاساری و دەمار ئەستوریمان، پەروەردەکرانی هەزار ساڵەمان دە و چاڵەی خستوین و ئەوەی پێ کردووین کە کردوویە، و چاوبەستن و گزی کاری بەدکار و نالەباران به و دەردەی بردووین.ئەوەندەی چڕی شاخ و چیا و کەژ و زۆری خوڕی ڕووبارەکانمان، وەک دەڵێن نەفرەتی جوگرافیا بونەتە لەمپەر و بەرگری بەیەک نەگەیشتن و تێک نەگەیشتنمان، سەد ئەوەندە و زیاتریش بەندوباوی پڕ تەفره و ژەهراوی برایانی دەم گەرم و دەسبڕ و ئاشنایەتی بەدیمەن جوان و بن شڕ، ئه و پەندەیان پێ داوین و له و بەند و داوەدا شەتەک دراوین و تائێستاش هەر بەدیلی و خاکەساری ماوینەوە.
ئه و ڕەفتار و داب و نەریتانەی ئاماژەمان پێدان کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی و سروشتی و جوگرافی هەن کار لە ڕەفتار و سروشت و دابوونەریتی گەلان و ڕواڵەتی ژیانیان دەکەن، گەلی کوردیش یەکێکە له و گەلانە، هەڵکەوتەی نیشتمانەکەی لەنێوان دوژمنە دەڵڕەش و سەرختەکان دەورە دراوە، جگەلەوەش چیا بەرزەکان و دەشتە بەرینە کان و دۆڵە قوڵەکان و ڕووبار و ڕێچکە دژوارەکان و ئاوهەواکەی وای کردووە وازی جەنگ و یاخی بوونیان هەبێت، توێژەرێک ئاماژە بەوە دەکات سەربەفڵان بوون (التبعیە) بەکردەوە لای ژمارەیەکی زۆر لە خێڵە کوردییەکان نادۆزێتەوە، شەرەفخان ئەم سیفەتەی لە واقیعدا بەرجەستەکرد لە کتێبەکەی، بابەتی کتێبەکەی تایبەتمەندە بە وردەکاری ئەم ناکۆکی و ململانێیانە، شەڕ ئه و مۆتەکەیەی وازی لە مێژووی کورد نەهێناوە، بەدرێژایی چاخ و سەردەمەکان یەخەی کوردی گرتووە و کەنەفت و ماڵوێرانی کردووە، تا ئه و ڕادەی لەبەرامبەردا وتراوە: (چۆن کورد و چیا لەیەک جیانابنەوە چەک یان کوشتار و کوردیش لەیەک جیانابنەوە) هەر دەبێ زۆر هۆکار و هۆ هەبن کۆبووبنەوە، بۆ ئەوەی وا بکەن کورد وازو و ئاراستەی بەره و کوشتار و جەنگی بەردەوامەوە بێت، هۆکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەتەک هۆکاری ناوخۆیی هەروەها سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەکورد هۆیەک بووە لە هۆیەکان، هەموو ئه و هێزانەی کوردستانیان داگیر کردووە، نیازیان پاک نەبووە، بەرامبەر بەکورد تەنیا مەبەستیان هێنانەدی ئامانج و بەرژەوەندییەکانیان و بن پێ خستنی مافەکانی کورد بووە، لەبەر ئەم هۆیە کوردان تێکۆشان و بەچڕی وەڵامی ئەم خاڵەیان داوەتەوە.
سەبارەت بەجیاجیایی پەرت و بڵاوی و یەک نەگرتن، لەنێو کوردا نەیاری و ناکۆکی و ڕاڕایی بەتوندی هەیە، عەمری ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت: کوردان خەڵکێکی زۆرن و لەژمارە نایەن، گەر شمشێری ناکۆکی و شەڕەنگێزی نەبووایە، کەبەئاگاکەیان دەیاندروێتەوە و خەوتووەکەیان بەئاگادێنێت، وڵاتانیان دادەگرت، وا باسیان دەکرێت، خاوەن ڕای جیاجیا و یەک ڕا و وشەنین، ئەم ناکۆکیە لەنێوانیاندا شمشێرێکی لەکالان دەرهاتووە و خوێنڕشتنی بەردەوام و بێ سیستەمی باو هەتا شەرفخانیش ئەم سیفەتەی لەزۆر شوێندا دووپات کردۆتەوە، لەکتێبە نایابە کەی(شەرەفنامە)دا دەڵێت: کورد لەسەر ناکۆکی و دووبەرەکی ئەفرێندراون، پشتی یەک ناگرن و گوێڕایەڵی یەکترنین، پەیوەستی یەکێتی و ڕێککەوتنیان نییە، سەرەڕای ئەوەی دەقێک لەمێژوونووسی تورکی سەعدەدین خواجە دەگوازێتەوە، کە ئەم سیفەتە باس دەکات و دەڵێت: کورد خاوەن ڕای سەرەڕۆن، هەریەکەیان هەر بۆ خۆیەتی... لەسەر هیچ شت یەک ڕانین، جگەلە وشەی شادە نەبێت)، فرەزان ئیدریسی بەدلیسی لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەم میرانە ژمارەیان زۆرە، خۆویست و خۆخوازن، گوێ ڕایەڵی یەکترنین.
سەرەڕای ملهوڕی و خۆخۆری کورد، سروشتی وڵاتەکەی، هۆکارێکی تر لەنەفرەتی جوگرافیا هەڵکەوتەی نیشتمانی کوردە، لەنێوان زلهێزەکاندا، بەدرێژایی مێژوو خاکی کورد گۆڕەپانی شەڕی نێوان زلهێزەکان بووە، شەڕی گەورەی نێوان فارس و عەرەبە موسڵمانەکان لەسەر خاکی کورد بوو، شەڕی دوور و درێژی فارس و ڕۆمەکان و ڕۆژئاوا لە کۆندا مەیدانی جەنگەکە خاکی کوردستان بوو، تەنانەت لەشەڕێکدا ئەسکەندەری مەکدۆنی لەسەرخاکی کورد کۆتایی بەدەسەڵاتی دارای پاشای فارس هێنا، گۆڕەپانی نێوان فارس و عوسمانیەکان بێگومان خاکی کوردستان بوو، تەنانەت سوتەمەنی ماکینەی شەڕەکانیش بە لایەنی ماڵی و گیانی کورد تەواو دەبوو، هەر ئەوەش بووە هۆی لەت لەتکردن و دابەش کردنی خاکەکەی.
هەموو ئه و جەنگە دوور و درێژانە گەلی کوردیان ماندووکرد و نەیتوانی بپەڕژێتەسەر ئەوەی بیر لە داهاتووی خۆی و ڕزگارکردنی نیشتمانەکەی بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەش باڵادەستی بێگانە وای کردووە هەمیشە کەلتوری نەتەوەی سەردەست و نەریتەخراپەکانی خۆیان لەخیانەت و درۆ و خەڵەتاندن و بێ متمانەیی و داونانەوە بۆیەکتر بەسەر گەلی کوردا بسەپێنن، بەشێک لەڕێگای ناچاری و بەشێکشیی لە ڕێگای ماڵ و سامان و دەم چەورکردن، توانیویانە هەر زلهێزەی بەشێک لە گەورە و سەردارانی کورد بخاتە لای خۆی و لەکاتی شەڕی خۆشیاندا کوردەکان بکەن بەگژیەکتردا، ئیتر بەدرێژایی مێژوو دووبارە بوونەوەی ئەمە لەسەر ئه و بارە ڕاهاتوون و بەلایانەوە ئاساییە ململانێ و کەڵەوەکێشی لەگەڵ یەکتربکەن و لەسەر سفره و خوانی دوژمنەکانیان دابنیشن بەشانازییەوە کێشە و شەڕ و ململانێکانی نێوان خۆیان و یەکتر بۆ پەسندی دوژمنەکانیان درێژە پێ بدەن، بێگومان هەتا لەسەر ئه و ئاکار و نەریتە خراپانە بەردەوام بن، ئەم نەفرەتە بەرۆکیان بەرنادا و لەکۆڵیان نابێتەوە، بەڵام ئایا تاکەی کورد وەهاگا دێن و هێندە هزر و ئاوەز پەیدادەکەن، چیتر بەرژەوەندی خۆیان و وڵاتەکەیان نەکەن بەقوربانی ملهوڕی و ناکۆکی نێوان خۆیان بۆ بەرژەوەندی نەیار و دوژمنەکانیان.[1]