شارەزوور پێش هاتنی ئیسلام
#شارەزوور# کە دەکاتە بەشێکی هەرە گرنگی کوردستانی ناوەندی لە مێژوویەکی کۆنەوە ناوجەرگەی کوردستان بووەو قوڵای ستراتیژی بۆ لایەنەکانی تری کوردستان پێکهناوە، دانیشتوانی تەنیا لە کورد پێکهاتوون و گەلانی تر تیدا بەشدار نەبوون.تەنانەت هەندێک لە مێژوونووسانی سەدەکانی ناوەراست کاتێک باسی نشینگەو نیشتیمانی کورد دەکەن ئاماژە بۆ شارەزوور دەکەن.
لای جیۆگرافەرە کۆنەکانی ناوچەکە کە بەعەرەبی بەرهەمەکانیان نوسیووە، هەندێک زانیاریمان بۆ ماوەتەوە، هەرچەندە زانیارییەکانی ئەوان باس لە دوای جێگربوونی دەسەڵاتی ئیسلامی دەکات بەڵام لەرێگەی وەسفەکانیانەوە دەتوانین بیهنینە بەرچاو کە شارەزوور و فەڵاکەی و چ ڕابردوویەکی لە سەردەمی ساسانی و پێش ئیسلامدا هەبووە.
ناوکەی بەو شێوەیەی ئێستا هەیە(شارەزوور) ئەمە لە شێوەی عەرەبێنراوی (شهرزور) دروست بووە، ئەم شێوە عەرەبیەش لەسەر بنەمای ناوەکە لە پەهلەوییەوە وەرگیراوە. کە دیارە شتێک بووە وەکو: شەهر زور یان شەهری زور.
هەرچەندە توفیق وەهبی بەگ لە لێکۆڵینەوەکەیدا دارشتەی ناوەکە دەگێرتەوە بۆ پێشینەی کوردی کۆن و ناوەراست و پێی وایە شەهری زور یان شاری زور بووتە شەهرەزور و شارەزووریش واتای شاری نزم یان شاری دەشتایی دێت.
دەربارەی شارەزوور یاقوتی حەمایی دەڵێت: شەهرەزور دەڤەرێکی فراوانە لە ناوچەی شاخان لەنێوان ئەربیل و هەمەدان، زوری کوڕی زحاک دروستی کردووە، خەڵکی ئەم ناوە هەمووی کوردن.
پاشا یاقوت، ئەبو دولەفی یەنبوعی خەزرەجی 390 کۆچی، کە شاعیر و گەڕیدە بووە وەسفی شارەزوور و قەڵاکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: شارەزوو کۆمەڵێک شارو گوندە، شارێکی گەورەی تێدایە کە شارە گەورەکەی ئەو هەرێمەیە لە ڕۆژگاری خۆماندا. پێی دەوترێت (نیم از ڕای) واتاتە نیوەی ڕێ.خەڵکەکەی یاخین لە دەسەڵات و ملنەدانیان پێ خۆشە و سەرپێچیان لا شیرینە. شارەکەش لە بیابانێکدایە، خەڵکەکە ە ئازا و شەڕکەر و زبرن و خۆیان ناوچەکە دەپارێزن. شورای شارەکەش هەشت گەز ئەستورە.زۆربەی میرەکانیان لە خۆیانن.
دەشڵێت ئەمانە مەوالی عومەری کوڕی عەبدول عەزیزن کوردەکان ئەمانەیان چاونەترس و بویرکردوە بەرامبەر ئەمیرەکان و بۆ سەرپێچی خەلیفەکان. وەڵاتەکەشیان زستانەهەواری شەست هەزار ماڵە، ئەمانە لە وڵاتەکەی خۆیاندا مەزرای زۆریان هەیەو زۆربەی خواردنی سەرەکی لە دەشتەکانی وڵاتەکەیانەوە بەرهەم دێت. لەنزیک ئەم شارە شاخێک هەیە بەشعران دەناسرێت و شاخێکی تریشی لێیە بە زلم دەناسرێت.
لێرەدا دیارە خەڵکی شارەزوور لەسەردەمی خەلیفەی ئومەوی (عومەری کوری عەبدول عەزیز) موسڵمان بوون بوون بە شوێنکەوتووی ئەو لەمەشەوە بوون بە موسڵمانی سوننی تا ڕادەیەک دەمارگیر لە کاتێکدا پێشتر زەردەشتی بوون. هەروەک ئەو گەریدەیە دەیگریتەوە کە بەهۆی دەمارگیری ئاینیەوە خەڵکی شارەزور هێرشیان کردووەتە سەر شاری(پیر) کە خەڵکەکەی شیعەی زەیدی بوون و کوشتاری زۆریان لێ کردوون لە ساڵی 341 کۆچی.
ئەو نوسەرە جگەلە لەناوهێنانی هەردوو شاری(نیم ئەز ڕای) و (پیر) لە دەڤەری شارەزوور باس لە ئاوەدانییەکی تر دەکات لەنێوان ئەو دوو شارەدا و بە دوزدان یان(دزان) ناوی دەهێنێت و مینۆرسکی ئەو شوێنە بە نەوسود لە هەورامان دیاری دەکات و ئێستا بە قەڵای دوژانە لە هەورامی دەخت بەراورد دەکرێت.
شارەزوور لەو کاتانەدا ئەو ناوچانەی کوردستانی ناوەندی گرتووەتەوە کە ئێستا پارێزگای #سلێمانی#یەو لە خۆرهەڵاتیشیەوە بە شاری هەمەدانی ئێران کۆتای هاتووە.و لە خۆرئاواشەوە بە شاری #هەولێر# کۆتایی هاتووە.
ئەو شارەش کە بە (نیم از ڕای) باسی هاتووە، هەندێک بروایان وایە کە پاشماوەی کەلاوەکانی گردی یاسین تەپەن لە باکوری ڕۆژئاوای دەشتی شارەزوور.نزیک گوندی بێستان سور.
بەڵام هەندێک شوێنەوارناسی تر دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە پایتەخت و قەڵای شارەزور لە خورماڵ بووە و باسی زەڵم لە وەسفەکەی ئەبو دولەفدا بە بەڵگە دەهێننەوە.
ناوی پایتەخی شارەزوور(نیم-ئەز-رای) کە دەکاتە نیوەی ڕێ. لەوەوە هاتووە کە شارەکە ناوەراستی ڕێگەی پاشاکانی ساسانی بووە لە تێسەفۆنی پایتەختیانەوە بۆ ئاگرخانەی بەناوبانگی زەردەشت لە شاری گەنجەک یاخود شیز. وەک دابونەریتیێکی ساڵانەی شاهانەی ساسانی دیارە لەنیوەی ڕێدا پاشاکانی ساسانی لەم شارە قایمەدا حەواونەتەوە.
بۆیە لەسەردەمی ساسانییەکاندا پایتەختی شارەزوور و قەڵاکەی بایەخی زۆری هەبووە. شارەزوور یەکێک بووە لە پێنج (ساتراپ) (شارەوانی) یان پێنج هەرێم و پارێزگا سەرەکییەکانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی.هەرێمی شارەزور بریتی بووە لە پارێزگای سلێمانی ئێستا و کەرکووکی ئێستا و خۆرهەڵاتی دیالەی ئێستا.
$چەند شتێکی گرنگ سەبارەت بە شارەزوور پێش ئیسلام$
یەکەم: لەمێژووی کۆندا دەشتی شارەزوور مەڵبەند و چەقی ناوچە و شانشینی زاموا بووە. ئەمەش لە مێژوویەکی کۆنتردا شانشینی تر بووە بەناوی لوللوبی.
دووەم: شارەزوور بە تایبەتی قەڵای پایتەختی شارەزوور مەڵبەندێکی ساسانی و زەردەشتی گرنگ بووەو بایەخی زۆری بۆ ئیمپراتۆرە ساسانییەکان هەبووە.
سێ: لەهەندێک دەق و تۆماری کۆندا(کارنامەی ئەردەشیر و نەخشەکەی نەرسێ) ئاماژە بۆ شارەزوور و پاشایەکی شارەزوور کراوە بەناوی یەزادن کەرد.
چوارەم: لە سەدەی 4ی زاینیدا هەندێک لە خەڵکی شارەزوور بوون بە مەسیحی، بەڵام کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەشکەنجەدانی ساسانییەکان لەوانە کە ناویان هاتووە ئۆسقوف: شاهدۆستی شارەزوری کە خۆی و 128 کەس لە شوێنکەوتووانی کوژراون.هەروەها کۆمەڵێک ناوی تر. لە پۆلێنبەندی کڵێسای سوریانیی خۆرهەڵاتدا شارەزوور سەر بە هەرێمی (بێث گەرمای)و ئۆسقوفی شارەزور لەناو ئەوانەی واژۆی کارەکانی ئەنجومەنی یۆسێف لە ساڵی 554 کردووە ناوی هاتووە ئۆسقوف نەثەنیێلی شارەزور بوە. هەروەک ئوسقوف (ئیصحاق)ی شارەزور ناوی لە ئامادەبوانی مەراسیمی دیاریکردنی پەتریارکی کڵێسای خۆرهەڵات هاتووە.
پێنجەم: لەسەدەی 7ی زاینیدا ساڵانێک پێش هەڵمەتی فتوحات، دوای ئەوەی ئیمپراتۆرێتی بیزەنتی بەسەرۆکایەتی ئیمپراتۆر (هێراکلیوس)(575-610-641)ز. دەسەڵاتی بەسەر ئەم ناوچانەدا سەپاندەوە. دێتە ناوچەی شارەزور.ئەمەش دوای سەرکەوتنەکانی هیراکلیۆس هات بەسەر ساسانییەکاندا کە پاش ئەوەی کە ئەرمەنستان و ئازەربەیجان و تەورێز سوپای ساسانی شکاند ئینجا هاتە باکوری مێسۆپۆتانیا و کوردستان ساڵی 637ز لە دۆڵێکی زێی گەورە شەڕێکی یەکلاکەرەوەی لەگەڵ ساسانییەکان بەرپاکرد کە بە جەنگی نەینەوا ناسراوە. بیزەنتیەکان سەرکەوتن و ئەم سەرکەوتنە سەردەمێکی نوێی هێنایە ئاراوە کە ئیمپراتۆریەتی ساسانی ناچار کرد بگەڕێتەوە سنورە کۆنەکانی و بەم شێوەیەش دەسەڵاتی ساسانی لە باکوری مێسۆپۆتانیا و شارەزور کشایەوەو بوو بەبەشێک لە ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی. دوای ئەو سەرکەوتنە هێراکلیوس لە ساڵی 628 خۆی مانگێک لە شارەزور مایەوە.ئەگەری زۆرە هێراکلیوس ئەو مانگە لە قەڵای پایتەختی شارەزوردا مابێتەوە. شارەزور تا ساڵی 639 لە ژێردەسەڵاتی بیزەنتیدا ماوەتەوە.
سەرچاوە بیزەنتیەکان بە سیازورۆس ئاماژەیان بۆ شارەزور کردووە.لای مێژوونووسی بیزەنتی ثیۆڤانێس و دواتر لە سەرچاوە لاتینیەکاندا ئەم ناوە بە سیارزور و سییرزوور و لە سوریانیدا بە سیازور وشیازور هاتووە.
دوای ئەوەی هێراکلیوس پیربوو، نەخۆش کەوت، سوبای عەرەبی-ئیسلامی خەلافەت ڕووی لە سوریا کردوو لە ماوەی سێ ساڵدا دەسەڵاتی ڕۆمانی لە سوریا ڕوخا، . پاش ئەوەی سوپای بیزەنتی کە هیراکلیوس نەیتوانی خۆی سەرکردایەتی بکات-لەبەرامبەر سوپای عەرەبی-ئیسلامیدا لەجەنگی یەرموک شکا و ساڵی 636ز بە دوای ئەمەدا شارەکانی سوریایان لەدەست دا. بەهاتنی ساڵی 637 بیزەنتیەکان ڕێکەوتن و ئاگربڕێکی کاتیان لەگەڵ عەرەبە ئیسلامەکان کرد و بەپێی ڕێکەوتنەکە دەبوو بۆ ماوەی ساڵێک لە باکوری مێسۆپۆتانیا و کوردستان ئاگربڕ بکرێت و دوای ساڵەکەش بیزەنتیەکان ناوچەکە بەجێ بهێڵن. بۆیە شارەزور لە ساڵی 638 ز لەلایەن بیزەنتیەوە چۆڵکراو هەروەک پێشتر ماوەی نزیکەی 11 ساڵ بوو لەلایەن ساسانییەکانەوە چۆڵ کرابوو. بۆیە کاتێک سوپای عەرەبی-ئیسلامی لەساڵی 638ز هێرشی کردە سەر خۆرئاوای کوردستان و کوردستان ناوەند(بادینان و موسڵ و ئەربیل و شارەزور) و هەموو کوردستانی باکور، لەم ناوچانە جگەلە هەندێک بەرگری و ڕێکەوتنی ناوچەیی هیچ دەسەڵاتێکی گەورەی وەکو بێزەنتی و ساسانی ڕووبەرووی هێرشە ئیسلامییە عەرەبییەکە نەبووە.هەر بۆیە کاتێک سوپای عەرەبی-ئیسلامی لە ساڵی 640ز لە موسڵ و هەولێرەوە دەگاتە شارەزور هیچ دەسەڵاتێکی ساسانی و بیزەنتی لەناوچەکەدا نەبووەو ماوەی ساڵێک زیاتر بووە کوردەکانی شارەزور سەربەخۆ بوون.بۆیە کاتێک ئەم کوردانەی شارەزور ڕووبەروی سوپای عەرەبی-ئیسلامی بوونەتەوە تەنیا بەرگریان لە وڵاتەکەی خۆیان کردووە نەک دەسەڵاتی ساسانی یان بیزەنتی
=KTML_Mark_Begin=بۆ ئەم نوسینە سود لە لێکۆڵینەوەیەکی بەرێز سەروەر عەلی وەرگیراوە=KTML_Mark_End=[1]