#وەزارەتی ناوخۆ#
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی #سلێمانی#
دروست بوونی دەزگای پۆلیس لە عێراق دا دەگەریتەوە بۆ کۆتای شەڕی جیهانی یەکەم و دوای دامەزراندنی حکومەتی پاشایەتی لە عێراق، لەڕۆژی (9ی کانونی دووەمی ساڵی 1921ز) بە فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆ هێزێکی پۆلیسی دروستکرد لە عێراق، پێکهاتەی ئه و هێزە بریتی بوو لە: پاشماوەی جەندرمەکانی عوسمانی و ئه و پۆلیسانەی کە لە کاتی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دامەزرابوون بۆ یارمەتیدانیان لە داگیرکردنی عێراقدا.
ئەم هێزە لە سەرەتا بریتی بوون لە چەند فەوجێک لە سوارە و پیاده، بەرە بەرە ئەم دەزگایە فراوان بوو، تا ژمارەیان گەشتە (3) سێ هەزار پۆلیس و (2) ئەفسەری عێراقی و (92) مفەوەز، کە پێیان دەوترا قۆمیسەر، هەندێکیان عێراقی بوون و هەندێکیان هندی بوون لەگەڵ (71) فەرمانبەری ئینگلیز و (25) ئەفسەری ئینگلیز، ئینگلیزەکان ڕاستەخۆ لە ڕێگەی فەرمانبەر و ئەفسەرەکانیەوە سەرپەرشتی ئەم دەزگایەیان ئەکردو کارومەرامی خۆیان و بەرژەوەندی خۆیان بۆ سەرکوتکردنی گەلانی عێراقیان پێ جێبەجێ دەکردن، ئەم دەزگایە لە فراوانکردن و گەشەکردنندا بوو تا ئەهات ڕێژەی عێراقیەکان لە زیادبووندا بوو، بە تایبەتی لە دوای مۆرکردنی پەیماننامەی ساڵی (1930 ز) نێوان ئینگلیز و حکومەتی عێراقی ئه و سەردەمه پاشان بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس دامەزراو بە تەواوەتی کاروباری پۆلیس کەوتە ژێر دەستی عێراقیەکانەوە.
لە ساڵی (1925ز) کە لیواکان دروستکران و سلێمانی بوو بە لیوا و (ئەحمەد تۆفیق بەگ) کرا بە یەکەم موتەسەریفی سلێمانی ئه و حکومەتە، بەرێوەبەرێتی پۆلیسی سلێمانی دامەزرا، کەلە پێشدا بەشێوەی (فەوج) بوو وە لە سەرای ئێستادا جێگیر بوو.
دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئازاری (1991)، دەزگای پۆلیس وەک دەزگاکانی تری حکومەتی هەرێم، گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی بەرفراوانی بە خۆیەوە بینی لە ڕووی چەندایەتی و چۆنێتی، کارمەندانی چەک و پێداویستی یەکانی تر وە کەسانی شارەزا و لێهاتوو لە دەرچوانی کۆلێجەکان و پشت بەستن بە ئامێر و کەرەستەی سەرەتای تازە لە جێبە جێ کردنی کارەکانیاندا.
خشتەی پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی
جگە لە بەشەکانی ناو بەڕێوەبەرایەتی کە بریتی یە لە (بەشی جوڵان، بەشی کارگێڕی، بەشی یاسا، بەشی ژمێریاری، بەشی ئامار، و بەشی ئارزوقه و چەک، بەشی بەڵگەی تاوان، بەشی مەشق و وەرزش، بەشی کۆمپیتەر، بەشی ڕاگەیاندن، چەندین بنکەی پۆلیسی تری هەیە لەوانە:
بنکەی پۆلیسی نەوجەوانانان :
ئەم بەشە لە ساڵی (1998) دامەزرا، یەکەم جارە لەم جۆرە بنکەیە لە پارێزگای سلێمانی بکرێتەوە کە تایبەتە بە مناڵان کە بەهۆی بارودۆخێکی تایبەتەوە توشی هەڵە بوون و بەشێوەیەکی زانستی چاودێری ئەکرێن لە لایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری دەروونی و کۆمەڵایەتی دا گشت پێداویستیەکانیان بۆ دابین کراوە.
1/پۆلیسی پاسەوانی تایبەت (حراسات خاصە)
ئەم بەشە تایبەتە بە پاسەوانی شوێنە گرنگەکان وەک وەزارەتەکان و بانکەکان و خەستەخانە و گەلێ لە دەزگا حکومیە خزمەتگوزاریەکان و ڕێکخراوەکان لە ناو شاردا.
2/کەرتی فەرماندەی پۆلیسی ئینزبات :
ئەم بەشە تایبەتە بە پاراستنی هێمنی ناوبازاڕ و سەر شەقامە گشتیەکان و ڕێکخستنی ناو بازاڕ و نەهێشتنی زیادەرەوی لە سەر شۆستەکان و هاوکاری کردنی دەزگا حکومیەکان لە ئەنجامدانی کاروباری ڕۆژانە و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان.
3/کەرتی پۆلیس لە ناو شاردا:
شاری سلێمانی کراوە بە چەند کەرتەوە هەر کەرتە (کەرتی پۆلیس) ی خۆی هەیە و سنوری دەسەڵات و کارکردنی بۆ دەست نیشانکراوە و لە گشت کەرتەکاندا لێکۆڵەرەوەیەکی دادی (محقق عدلی) و بنکەی ئاسایشی تێدایە.
لەوانە:
1-کەرتی پۆلیسی سەرا
2-کەرتی پۆلیسی ڕزگاری
3-کەرتی پۆلیسی سەیوان
4-کەرتی پۆلیسی ئازادی
5-کەرتی پۆلیسی ئەزمەڕ
6-کەرتی پۆلیسی بەختیاری
7-کەرتی پۆلیسی زەرگەتە
4/پۆلیسی فریاکەوتن:
مەفرەزەکانی ئەم بەشە دابەشکراون بەسەر زۆربەی شوێنەکانی ناو شاردا وە بە پێ ی توانا پێداویستی یەکانیان بۆ ئامادەکراوە، بە تایبەتی ئوتومبێل، سەرکەوتووانە کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
5/بنکەی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە :
ئەم بەشە تایبەتە بە بەندیخانە و بە پێ ی بەندەکانی مافی مروڤ و یاسا هەڵسوکەوت لەگەڵ بەندکراوەکان ئەکرێت.[1]