مۆسیقا و جلوبەرگی کوردی
$مۆسیقا$
مێژوونوسی یۆنانی گەزنەفۆن نووسیویەتی: لە ساڵی (401 پ. ز) لە کاتێکدا لەشکری یۆنان دەیانەویست بە کوردستاندا بگەڕێنەوە، کوردەکان بەدەم گۆرانی و سروودی گوتنەوە، هێرشیان دەکردە سەر یۆنانیەکان. هەروەها گزنەفۆن دەشڵێت کە کوردەکان ئەوکات بە تەواوەتی ئاشنای موزیک بوونە و تەنانەت لە جەنگیشدا سوودیان لێ وەرگرتووە. لە گۆڤاری (فاسکەکە) کە تایبەت بە موزیک و لە فەرەنسا دەردەچێت، باس لە ئەوە کراوە کە لە ئێران و میسۆپۆتامیا واتە ئەو شوێنانەی ئێستا کورد تیایاندا دەژیات، کۆنترین بێشکەی موزیکی جیهان بووە.
موزیکی کوردی بە موزیک و گۆرانی خەلکی کورد زمان دەگوترێت و لە دێرزەمانەوە تایبەتمەندی، دەوڵەمەندی، ڕەگ و ڕەسەنایەتی خۆی هەبووە و نەوە لە دوای نەوە لە سینگەوە بۆ سینگ گواستراوەتەوە. مەزیکی فولکلۆری کوردی لە سێ بەشی (ئەفسانە، چیرۆک و داستان) پێکهاتووە. وەک زۆربەی نەتەوەکانی دیکە، دروست بوونی موزیکی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەکان، لەم بەشەدا ئەفسانەکان لە چوارچێوەی گۆرانی کوردیدا دەوترێن کە بە حەماسی تایبەتیان هەیە. گۆ#ڕانیە#کان دەبنە دوو بەشی (قارەمانیەت، دڵداری)، لە گۆرانیەکانی دلداریدا لایەنەکانی ڕۆمانسیەت و ئەڤینداری نێوان دوو کەس باس دەکرێت، وەک گۆرانی (زەنبیل فرۆش) کە لایەنی عیرفانی هەیە و گۆرانیەکانی (ئاس و حەسەن، خەج و سیامەند) کە چیرۆکی دڵداری دوو ئەڤیندارە و ئەمانە لە بەناو بانگترین کارەکانی ئەو بوارەن.
رەسەنترینی ئەو سازانەی لە موزیکی کوردیدا سوودیان لێ بینراوە (زۆرنا و دەهۆڵ) بوون و دواتر هەندێ سازیتر هاتوونەتە ناو ئەو موزیکە و بریتی بوون لە (شمشاڵ، زۆرنا، نایە، دەهۆڵ، دەف، دمبەگ، تەنبوور، کەمانچە، دیوان و نەی) کە گرنگی خۆیان هەبووە.
شێواز و ئاوازەکان: موزیکی کوردی شێوە و ئاوازی جیاوازی هەیە کە ئەمانەی خوارەوە دەخەینە بەرباس:
•بەیت: یەکێکە لە گرنگترین مقامە کلاسیکەکانی کوردی کە لە جەنگ، ئازایەتی و حەماسەکاندا کاری پێکراوە و لە ستایشی خوداوەندی تاقانە و پەیامبەر(ص) دا گووتراون، هەروەها بە (بالۆرە) ناو دەبرێت.
•سیا چەمانە: ئەو ئاوازە بە شێوەی دە هیجایی و دوو نیوە دێر و بە شێوەی کۆن دەوترێت، بە هۆی تێکەڵ بوونی بە بابەتە عرفانیەکان، شێوەی تازەی بەخۆوە گرتووە و هەندێکات بە (مقامی شێخان یا سۆفیان) ناو دەبرێت و تایبەتە بە ناوچەی هەورامان.
•هۆرە: یەکی دیکە لە جۆرەکانی مۆزیکی کوردیە و مقامێکی ئیجگار جوانە کە لە شین، ماتەم و غەریبی بە شێوازی سەنگین و لەسەرخۆ دەگاتە گوێی بیسەر. لە سەرەتادا گۆرانی تایبەت بۆ نزا و ستایشی (ئاهورامەزدا) بوونە و ئەم ووشەیەش هەر ڕیشەی زەرتەشتی هەیە. کورد بۆ یاد و ڕێورەسمەکانی لە دایک بوونی پەیامبەر (ص)، موزیکی تایبەتی هەیە کە بە (مەولودی) ناو دەبرێت.
•حەیران: حەیران ئاوازێکی دیکەی کوردیە و لەناو ئاخنی بەیتەوە هاتووە و ناوەرۆکێکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی لە خۆ دەگرێت.
•لاووک: یا لاوژە لە ئاوازەکانی دیکەی کوردیە و لە گۆرانیە کلاسیکەکانی کوردی وەرگیراوەتەوە، لە ناو کوردەکانی پارێزگای خۆراسانی ئێران بە (لۆ یا هەی لە لۆی شوان) ناو دەبرێت. لاووک و حەیران بە شێوەی زمانە شیعریەکەیان لەیەک جیادەکرێنەوە و لاووک بە تەواوەتی بە شێوەزاری #سۆران#ی دەووترێت.
•گۆرانی: پڕشکۆ و مەزنترین شێوەی موزیکی کوردیە، مەزنترین نغمەکانی زمانی کوردی تیایدا هەیە و کۆنترین بەشی موزیکی کوردی لەخۆ دەگرێت. لە زمانی گشتیدا (بازار) ناوی (گۆرانی) بە هەموو شێواز و ئاوازەکانی موزیکی کوردی دەگوترێت.
$شایی (شادی) کوردی$
لەو لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسیانەی لە ناوچەکانی کوردستان بە ئەنجام گەیشتوون، دەتواندرێت هەندێک وێنەی شایی کوردی لە سەر کۆزە و بەردە قورینەکان بدیترێت. شایی کوردی چەندین جۆری هەیە و بەڵام بە گشتی لە دوو جۆری (شایی بۆ خۆشی دەربرین) و (شایی جەنگاوەری) پێکهاتووە. بە شێوەی ئاسایی لێهاتووترینی ئەو کەسانەی شایی کوردی دەکەن، دەبنە سەرۆکی دەستەکە و بە ناوی (سەچۆپی کێش) ناو دەبرێت و یەکەم کەس دەبێت لە ڕێزبەندی ئەوانەی شایی دەکەن. سەرچۆپی کێش بە ئەنجامدانی جوولەی جوان و لێهاتوانە و بە هۆی دەستەسرێک کە لە دەستی ڕاستیدایە، هەروەها بەو دەنگ و هەرایانەی بە شادیەوە دەریان دەبرێت، گروپەکە بەرێوەدەبات و هەندێجار وێڕای جۆشدانی هەستی تاقمی شایی، بەرپرسیاریەتی خێرا و هێواش کردنی تاقمەکەی لە ئەستۆیە. سەرچوپی کێش هەندێکات بە پێی شارەزایی خۆی و بۆ زیاتر چالاک کردنی شایی، هەندێ جووڵەی تاکەکەسیش دەکات.
کەسانی دیکەی ناو شایی لە کاتێکدا کە دەستەکانیان ڕوو لە زەوی بەرداوەتەوە، پەنجەکانیان دەخەنە ناو پەنجەی ئەوانەی لە تەنیشتیان و لەناو شاییەکەدان. باشترین دۆخ کە شایی دەکەوێتە ناوی ئەوەیە کە بە شێوەی (رەش بەڵەک) واتە هەر ژن و پیاوێک بەدوای یەکدا بێت. گاوانی دوایین کەسە لەناو زنجیرەی شاییدا و کاریگەری زۆری بەسەر ڕیتم و شێوەی شاییدا هەیە، بەڵام کەمترن ئەوکەسانەی حەز بە گاوانی بکەن. لە شایی خۆشیدا، بۆ جۆشدانی هەستی ئەوانەی شایی دەکەن و ئەوانەی بە دیار شاییەوە وەستاون، سەرچوپی کێش بە دوو دەستەسڕی ڕەنگاورەنگ کە لە دەستەکانیدان، دەست دەکات بە ئەنجامدانی جوولە تاکەکەسیەکان و توانا و شارەزایی خۆی دەخاتەروو.
بە پێی جیاوازی ناوچەکانی کوردستان، جۆرە جیاوازەکانی شایی تەنانەت ناوچەییش هەن، شاییەکان جیاوازی بەرچاویان هەیە لە شێوەی جووڵەی دەست و پێی بەشداران و هەروەها شێوەی جووڵەی گروپەکە. لە دیارترینی جۆرەکانی شایی خۆشی دەتواندرێت ئەمانە دیار بکرێن: (گەریان، پشت پێ، چەپەی هەورامان، شێخانی، کەلەشۆ، چەپەیی، یەک پێ یی، سێ پێ یی، سووسکەیی و بادینانی.
چوپی: ئەو شاییە بە ناوی (هەڵپەرکێ یا هەڵپەرین) ناسراون و بە واتای هێرش بردن دێت. ئاوازێکە زۆر کۆن و لە سەردەمی پرستینی خوایانی (مهر پەرەستی) ماونەتەوە و بە دووزەلە و زەرب ئەنجام دراون.
$جلوبەرگی کوردی$
بەرگی پیاوانە و ژنانەی کوردان، بریتیە لە: (کلاو یا سەرپۆش، جلوبەرگ، پێلاو). دورین و بەکاربردنی هەریەک لەو بەرگانەش بە پێی وەرزەکان و جۆری کار و ڕێورەسم و ئاهەنگەکان لەیەکتری جیاوازن، لێ لە ڕووی داپۆشینی لەش و لاری مرۆڤ وەک یەکن. پێش پێشکەوتنی پیشەسازی قوماش و پێڵاو و هاوردە کردنیان بە فراوانی بۆ کوردستان، هەموو پێداویستیەکانی جلوبەرگ و پێڵاوی کوردی لە پیشەسازی ناوخۆیی بووە و هەر لە ناوخۆ چندراون و دۆردراون. لە چوار پارچەی کوردستان کە دابەش بوون بەسەر (عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا)، جۆرەکانی جلوبەرگی جیاواز دێنە بەرچاو، بە شێوەیەک کە کەمێک گۆرانیان تێدا کراوە.
$جلوبەرگی پیاوان لەم بەشانە پێکهاتووە$
1)کەوا و پاتۆڵ: لە جیاتی چاکت و پاتوڵی ئاسایی لەبەر دەکرێت، بەڵام شێوازی دورینی لە مودیلی ئاسایی ئەوان جیایە. کەوا هەمان چاکەتی کوردیە کە لە چاکەتی سەربازی دەچێت و جیاوازی ئەوەیە کە گیرفانەکانی تەنیشتی نیە و هەروەها لە هەردوو لاتەنیشتی چاکەتەکە، کرانەوە واتە هەڵبڕان هەیە، هەروەها جگە لە یەقەی کە هەیەتی لە هەردوو قۆڵەکانیشی کرانەوەی هاوشێوەی یەقە هەیە. دۆرینی پاتۆڵی کوردی بە شێوەیەکە کە زارکی خوارەوەی تەسک و خودی پاتۆڵەکە فشە و لە جیاتی قایش، کۆتایی پاتۆڵ کە نزیکەی دوو ئەوەندەی شلواری ئاسایی فراوانە، بە بەنێک دادەخرێت کە بە (دۆخین) ناو دەبرێت، دۆخین دەچێتە ناو ئەو بەشەی پاتۆڵ کە وەک زار لە ناوەوە قەد کراوەتەوە. بە گشتی کەوا دەچێتە ناو پاتۆڵ و پاتۆڵ لە کەمری پیاو بە دۆخین دەبەسترێت. هەروەها شێوەی دیکەشی هەیە کە دەکرێت ناوەکانی (رانک و جۆغە، مورادخانی و کر یا شاڵ و... هتد) باس بکرێن.
2)پشتین: لە چەند مەترێک لە قوماشی تەنک و ڕەنگاورەنگ یا گوڵدار دروست دەکرێت، قوماشەکە لە پانی و بە دیوی ناوەوەدا قەد دەکرێت و دەدورێت. دواتر بە شێوازی جیای (سادە، گرێ گرێ) دەبەسترێت.
3)کڵاو: کلاوی کوردی زیاتر لە لایەن ئافرەتانی کورد و زۆر بە ووردبینی و جوانی و بەو نەخش و نیگارانە دروست دەکرێت کە لە کولتوری ڕەسەنی کوردی ماوەتەوە. بە شێوەی ئاسایی لە دوو ڕەنگی ڕەش و سپی دروست دەکرێت و دوو جۆری (کلاوی بەرز، کلاوی تەختی) هەیە و دەخرێتە بازارەوە. هەڵبەت پێشینان پێیان وابوو کە نابێت سەری پیاوانی ڕووت بێت.
4)جامانە: دسماڵێکی ڕەش و سپیە و لە چوار دەوری کلاو دەئاڵێندرێت و لە پشتەوە دەخرێتەوە ناو یەک تا شل نەبێتەوە، هەڵبەت بارزانیەکان و هەندێکی دیکە لە کوردان جامانەی سور لەسەر دەکەن.
5)کراس: هەمان کراسی ئاساییە و جیاوازی ئەوەیە کە یەقەی نیە و قۆڵەکانیشی قۆماشی درێژ و سێ سوچی هەیە کە بە (سۆرانی) ناو دەبرێت و بە شێوەی ئاسایی لە سەر قۆڵی دەبەستن. لە کاتی جەنگ و پێویستیشدا هەردوو سەری سەردەستەکان لە یەک دەبەستران و دەخرایە سەر پاشە مل، هەروەها ئەو سەردستانە دەبنە هۆی ئاسانکاری بۆ هەڵدانەوەی قۆڵەکان لە کاتی پێویست.
6)کلاش: پێڵاوێکە بە ڕەنگی سپی کە زۆر بە ووردبینی و باشی و زیاتر لە لایەن هەورامیەکان دەچنرێت و ڕێگە لە دروست بوونی بۆنی ناخۆش لە قاچەکاندا دەگرێت و پێ بە فێنکی ڕادەگرێت. تایبەتمەندی کلاش ئەوەیە کە وەرزیە و ناکرێت لە زستان یا وەرزی پڕ باران بکرێتە پێ.
شیاوی باسە کە جلوبەرگی پیاوانە شیوازی جیایان هەیە، هەروەها چەند پارچەیەکی دیکە لە جلی کوردی پیاوان هەیە کە هەندێک کەس لەبەریان دەکەن و هەندێک کەس لەبەریان ناکەن، بریتین لە:
1)شاڵ: قوماشێکە بە ڕەنگی خورمایی یا ڕەنگی دیکە، بەری قوماشەکە تەسکە و زۆر گرانە و (رانک و چۆغەی) لێ دروست دەکرێت.
2)فەرەنجی: یا فەرەجی کە تایبەتە بە پیاوانی لە ناوچەی هەورامان و لە لباد دروست دەکرێت.
3)کوڵە باڵ: جۆرێکە لە بەرگ کە لە لباد دروست دەکرێت و شوانەکان لە شوێنەکانی لەوەڕی ئاژەڵەکانیان لەبەری دەکەن.
$جلوبەرگی جوانی ژنانی کوردیش بریتیە لە$
1)سوخمە: وەک چاکەتی پیاوانە و هەندێ جیاوازی هەیە، لە قوماشی ئاڵ و واڵ و ڕەنگاورەنگ دیاری دەکرێت و زۆر کورتتری دەدورن و وەک هی پیاوان گیرفانی نیە، بە شێوەیەک کە تەنها تا کەمریان دێتە خوار و هەندێ شوێن بە (کۆڵێجە) ناوی دەبەن.
2)کەوا: باڵاپۆشێکی درێژە و بە شێوەی ئاسایی لە قوماشی زۆر جوان و بەڵام ئەستوور (بە تایبەت بە سیم) دەدوردرێت، لە باڵتۆ دەچێت و تا بن گوێزینگی لاقەکان دێتە خوارەوە و هیچ گیرفان یا دەرکەوتەیەکی لە دەرەوە نیە. هەڵبەت ئەگەر خانمان کەوا لەبەر بکەن، ئەوا پێویستیان بە سوخمە نابێت و بە پێچەوانەوەش هەروایە.
3)کراس: کراسی ژنانەی کوردی بە دورینێکی سادە کە درێژە و تەواوی جەستەی دەگرێتەوە و دامێنی فەراحە و دەگاتە سەر قاچەکان و دایاندەپۆشێت. بە شێوەی ئاسایی لە قوماشی زۆر جوان و پوخت و ڕازاوە دروست دەکەن.
4)پشتێن: هەروەک پشتێنی پیاوانە، بەڵام هی ژنان ڕەنگاورەنگە. ژنەکان لە کاتی پشتێن بەستندا، کەمێک لە ناوەندی کراسەکەیان دەخەنەوە ناو پشتێنەکە و ئەمەش وادەکات کراسەکەیان شۆر نەبێت بۆ ژێر گوێزینگیان. هەڵبەت لە کوردستانی باشوور ڕێژەی ئەو خانمانەی پشتێن دەبەستن کەمە.
5)دەسماڵ: دەسماڵی ژنانی کورد بریتیە لە قوماشێکی تەنک و سێ گۆشەیی کە ڕیشاڵ لە دەورەی دروست دەکرێت و بەم شێوەیە جوانی دەسماڵەکە زیاتر دەبێت، هەندێجار پولەکەش بە ڕیشالەکان هەڵدەواسن بۆ زیاتر کردنی جوانیەکەی. لە ڕێورەسمە فۆلکلۆری و جەژنەکانی بووک گواستنەوەدا، زۆر بە کەمی دەسماڵ بەکار دەبردرێت.
6)دەرپێ: لە جیاتی شلوار لە پێ دەکرێت و زارکی دەرپێ تەنگە و دەکەوێتە سەر گوێزینگی قاچەکان. بەڵام بەشی دیکەی فراوان و فەراحە.
7)کلاو: کلاوی ژنان زۆر جوانە و لە مقەبا دروست دەکرێت و دواتر بە قوماشی مەخمەلی ڕەنگاورەنگ (زۆرتر ڕەگی گوڵ یا سەوزێکی جوان) دادەپۆشرێت، دواتر قوماشەکە دەڕازێندرێتەوە بە پولەکەی ڕەنگ زێرین و میروی جوان. کلاو بە هۆی زنجیرەکی زێر لە سەر سەر ڕادەگیرێت کە لیرە یا نیوە لیرەی پێ هەڵواسراون و لە ژێر چەنەگە تێپەر دەبێت. ئەو زنجیرە بە (قەتارە) ناو دەبرێت.
گوڵگوڵە بریتیە لە زنجیرەیەکی درێژ لە ئاوریشمی ڕەش و سپی کە ڕیشوی (ریشال) ئاوریشمی لێ شۆر بۆتەوە و لە سەر لەچەک، بە شێوازێکی جوان دەبەسترێت. شیاوی باسە کە لە ئێستادا کوڕان کەمتر جامانە دەکەنە سەریان و کچانیش کەمتر کلاو و گوڵگوڵە لەسەر دەکەن.[1]