بابەت: هزری
ئامادەکردنی: مالپەڕی کوردستان و کورد ماڵپەڕی فەرمی (#حیزبی دێموکراتی کوردستان#)
ڕێکەوت: #23-07-2021#
$دژایەتی لەگەڵ تێرۆریزم$
“ئەو بزووتنەوانەی بە ڕێگای دێموکراتیدا دەڕۆن و لایەنگری و پشتیوانیی خەڵکیان لەگەڵە، پێویستییەکیان بە پەنابردن بۆ تێرۆریزم نییە. لەگەڵ ئەوەی خومەینی چەندین جار دژی ئێمە لە شێوەکانی تێرۆریستی کەڵکی وەرگرتووە، بەڵام حیزبی ئێمە قەت پەنای بۆ وەها کارهایەک نەبردووە. ئێمە تەنیا حیزبی ئێران بووین کە بە بارمتەگرتنمان لە سەفارەتی ئامریکا (ساڵی 1358) مەحکووم کرد. ئێمە هەمیشە تەیارەڕفاندن و بۆمب دانانەوەمان مەحکووم کردووە. تێرۆریزم سیاسەتی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە داوای ڕەوای خەڵک هیچ وڵامێکی پێ نییە جیا لە سەرکوت… ئەگەر ڕۆژهەڵات بە سەرچاوەی تێرۆریزم دەژمێردرێ، لە بەر ئەوەیە کە زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە، ناوەندی ناکۆکی و پێکدانانی ئیستراتژیکی، سیاسی، ئابووری، ئایینی و نەتەوایەتییە. تا ئەم ناکۆکییانە لە بەین نەچن، تێرۆریزم ڕێشەکێش ناکرێ. تا ئەوکات خەبات دژی تێرۆریزم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نەتەنیا لەگەڵ دەستە و تاقم، بەڵکوو زیاتر لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە هانیان دەدەن دەبێ بکرێ. هیچ گومان لەوەدا نییە کە ڕێژیمی خومەینی لە سەرەوەی ئەو دەوڵەتانە دایە”.
$هەوڵدان بۆ بەنێونەتەوەییکردنی مەسەلەی کورد$
مەسەلەی کورد لە هەموو ئەبعادی خۆیدا بەو شێوەیە کە هەیە. لە واقعیدا کێشەی چەندین میلیۆن کوردە کە دەبێ مەترەح بکرێ. ویستەکانمان ڕەوا، ئینسانی و درووستن. پێم وایە ئەگەر بەم شێوەیە لە مەسەلەکە بڕوانین و بچینە پێشێ، سەرکەوتنمان زیاتر دەبێ. موهیمییش ئەوەیە کە پەیامەکانی خۆمان کە ڕوا و دیموکراتیکن لە دەرەوە بە باشی وەربگیردرێ. دەبێ بە هەموو ئەو کەسانە کە گوێیان لە قسەکانی ئێمەیە، بڵێین کە داوای کورد زۆر سادە و ڕەوایە. کورد مافی نەتەوەیی خۆی دەوێ کە لە بەیاننامەی جیهانیی مافی ئادەمیزاددا هاتووە و شتێکی زیادی نیە. بۆیە داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس، مەسەلەیەکی نێوخۆیی نیە. زۆر دەوڵەتان وەک دەوڵەتی ئێران کە باسی کورد دەکرێ، دەڵێن؛ ئەوە مەسەلەیەکی نێوخۆییە و کەس حەقی نیە دەستی تێوەر بدات. کەوابوو ئێستا کە ئێمە داوای خودموختاری دەکەین، مەسەلەیەکی نێوخۆیی نییە و بەشێکە لە مافی ئادەمیزاد. بۆیەش ئەو دەوڵەت و ڕێکخراو و شەخسییەتانە کە خۆیان بە لایەنگری مافی ئینسان دەزانن، پێویستە لە داوا ڕەواکانی کورد پشتیوانی بکەن”.
$باوەڕمەندبوون بە مەسەلەی ژنان$
لە تێکۆشانی حیزبی و سیاسیی ئێمەدا، دەبێ جێگایەکی تایبەتی بدرێ بە ژنان. وەک دەزانن حیزبی ئێمە مافی بەرابەریی تەواو لەگەڵ پیاوان بۆ ژنان دادەنێ. بەڵام دانانی ماف لەگەڵ پیادەکردنی ئەو مافە لە کۆمەڵدا مەودایەکی زۆریان لە بەیندا هەیە. دەبێ ئەو مەودایە بەرەبەرە لەبەین بچێ. بە بیروڕای حیزبی ئێمە هەرچی ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پێشکەوتووترە و بزووتنەوەکە پێشکەوتووترە و شانسی سەرکەوتن نزیکترە”. هەروەها شەهید دوکتور قاسملوو لەم بارەوە دەڵێ؛ “هەرچی ژنان لە بزووتنەوەی کوردستاندا زیاتر و چالاکتر بەشداربن، ئەوەندە بزووتنەوەی کوردستان سەرکەوتووترە”.
$تێکەڵکردنی ئەخلاق و سیاسەت$
ئێمە بێ ئوسوولی و جنێوفرۆشی لە سیاسەتدا ڕەت دەکەینەوە، بۆ جێگرکردنی ئەخلاق لە سیاسەتدا تێدەکۆشین و یەکەم حیزبی ئێرانی بووین کە ئەخلاقمان واریدی سیاسەت کردوە.
$واقعبینیی سیاسی$
با ئێعتراف بکەین کە لە تاریخی میللەتەکەماندا کورد سیاسەتەکەی ئەوە بووە، یا هەموو شتێک یا هیچ شتێک، نەتیجەکەی بۆتە چی؟! بۆتە “هیچ”. لە سیاسەتدا زۆر جار هەیە دوو هەنگاو دەچیە پێش، شتێک وەردەگری، لە پاشان دیسان خەبات دەکەی بۆ شتێکی دیکە، ئەوە سیاسەتە. ناویان ناوە هونەری مومکین. سیاسەت هونەری مومکینە. لە سیاسەتدا ڕەش و سپی نیە!، هەموو شتێک و هیچ شتێک، هەرکەس ئاوا سیاسەت بکا سەرناکەوێ.
$مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆ$
ئەگەر خودموختارییەکی ڕاستەقینەمان دەست کەوت بەو مانەیەیە کە “مافی چارەنووس”، جێبەجێ کراوە. مەسەلە ئەوە نییە کە ئێمە نوێنەرێکمان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێ و ئاڵای تایبەتی و دراوی خۆمان هەبێ. هەر ئێستا زۆر میللەت ئەوانەیان هەیە – بەتایبەت لە ئافریقا کە پێشتر داگیرکرابوون و ئێستا ئازاد کراون – بەڵام هیچ هەست بەوە ناکەن مافی دانانی چارەنووسیان هەیە. مەبەستم ئەوەیە کە بوونی شکڵی ڕواڵەتیی سەربەخۆیی یان ئیستقلال، مانای ئەوە نیە کە میللەتەکە مافی دانانی چارەنووسی دەست کەوتبێ. عەکسی ئەوەش هەر ڕاستە.” بە گشتی لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەوەیە کە “خەڵک هەست بەوە بکات کە حاکمە بەسەر چارەنووسی خۆیدا.
$کەڵک وەرگرتن لە ڕەهەند و شێوازەکانی خەبات$
حیزبی ئێمە دەبێ لە نێوان خەباتی پێشمەرگانە و “خەباتی هێمنانە”ی نێو شارەکاندا هەماهەنگی پێک بێنێ. ئەوانەی مخالفی ڕێژیمن و بەهەر شێوازێک لە پێناو داخوازییەکانی خەڵکدا خەبات دەکەن، تەنانەت بە شێوازی “خەباتی مەنفی”، وەک ئەوەی گاندی خەباتی پێ دەکرد، لای ئێمە قابیلی قبووڵ و جێی ئێحترامن. ئێمە وا بیر ناکەینەوە کە هەرکەس مخالفی ڕێژیم بوو دەبێ حەتمەن چەک هەڵبگرێت. ئێمە پێشوازی لە هەموو شێوە خەباتێک؛ لە خەباتی چەکدارییەوە بگرە تا خەباتی فەرهەنگی دەکەین…. خەبات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی خودموختار لە کوردستان کە داخوازێکی درێژخایەنە، دەگەڵ خەبات بۆ جێبەجێکردنی هێندێک داخواز لە چوارچێوەی ڕێژیمی ئێستای ئێراندا ناتەبایی نییە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بڕوایە دایە کە بە خەباتی شێلگیر ئیمکانی هەیە ڕێژیم مەجبوور بکرێ پاشەکشە بکا. جا لەبەر ئەوە حیزبی ئێمە هەر ئێستاش بۆ هێنانەدی و بە ڕەسمی ناساندنی زمانی کورد و مافەکانی دیکەمان خەبات دەکا و پێیوایە کە بە خەباتی ڕێک و پێک دەتوانێ ئەو داخوازانە بەسەر ڕێژیمدا بسەپێنێ.
$بەخۆداچوونەوە و ڕێفۆرم$
ڕادەی شۆڕشگێربوونی هەموو حیزبێکی سیاسی لەوەڕا دەردەکەوێ کە چۆن سەیری ڕابردووی خۆی و بەتایبەت هەڵەکانی خۆی دەکات. حیزبی شۆڕشگێڕ نابێ لەوە بترسێ کە گوایا بە باسی هەڵەی ڕابردوو دوژمنی شاد دەبێ، یان لە ئێعتباری حیزبەکە کەم دەبێتەوە. بە پێچەوانە، پێ لێنان و ڕاستکردنەوەیە.
[1]