یەکەم نوێنەری پارتی لە بەغدا کۆیی بووە و هۆکاری دەرچوونەکەشی #مام جەلال# بووە
لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەڵمان بژاردو بەرنامەی هەڵبژاردنەکەشی خۆمان بۆمان نووسی و پارەی بەشداربوونیشی هەر پارتی پەیدایکرد، کە سەد دینار بوو، ئەو تەنها پێی ووترابوو کە هەڵت ئەبژێرین و ئیتر ئەو هەقی بەسەر هیچەوە نەبوو، تا لەهەڵبژاردن دەرچوو، من یەکێک بووم لەو کەسانەی کەهەم لەشاری #کۆیە# و هەم لە دێهاتەکاندا پروپاگەندەم بۆ دەکرد، لەیادمە کە یەکەمجار چوومە چەند دێهاتێک کە دەمناسین و پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەبوو، لەوێ جوتیارەکانم هێنا و بردمن بۆ(تەقتەق) بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا و یەکەمجار بوو پێڵاوەکەم دڕا، بە پێخاوسی لەژێر لێزمەی باراندا پێشیان کەوتم و جوتیارەکان زۆر تەشجیع بوون، من وەک قوتابیەکی کۆلیژ و گەنج و شلەشاری ئاوا چالاکم! ئیتر ئەوان چۆن بەشدارنابن؟ بەباران سەدان کەس لەگەڵم هاتن، هەتا چووینە تەقتەق و لەوێ دەنگماندا، هەموو دەنگماندا بە کاک(#مەسعود محەمەد#)، پێشتر لیژنەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە لەخۆمان دەرچو بوون، کۆمەڵێک کەسانی باش بوون، لەئەنجامدا کاک مەسعود مەحەمەد دەرچوو، بەرامبەرەکەی مەلا حەوێز ئاغا بوو، ئاغایەکی کۆنەپەرست بوو لەکۆیە، کە دەنگی ئەوتۆی نەهێنا، کاک مەسعود محەمەد یەکەم نائیبی پارتی بوو کە چووە پەرلەمانەوە، کاکەزیاد ئاغاش موخالەفەی نەکردو پشتگیری کرد، لە شوێنەکانی تر خۆمان ئامادە نەکردبوو، ئەگینا نوێنەرمان ئەیانتوانی لە سلێمانی و هەولێریش دەرچن، کە قوتابخانە کرایەوە، من لەگەڵ کاک مەسعود محەمەد چووم بۆ بەغدا، ئەو نائیب و من خوێندکاری کۆلیژ، لەبیرمە لەکۆیەوە چووینە هەولێر و لە هەولێرەوە بۆ بەغدا.
بیرەوەریەکانی مام جەلال ساڵی1953
لە بەشی یەکەمی دیداری تەمەن
تێبینی: وێنەکە:(مام جەلال، مەسعود محەمەد، عەبدوڵڵا حەسەن زادە)یە.[1]