لەپێش چاومە...
لە ئاخیرەتدا ئەو فریشتەیەی لەتەنیشتم دەڕوا،
کە دەبینێت چاو بۆ کەسێک دەگێڕم...
هەموو ڕۆحم شوختە و دەمم تاڵە، قلە هەنجیرێکم دەداتێ و دەپرسێت:
مادام بۆچی پێش ئەوەی بمریت سڵاوێکت نەنارد بۆ ئەو ئینسانەی لە دەفتەری ئەعمالتدا ڕۆژ نییە دوعات بۆ نەکردبێ؟
بەپشتی دەست ئارەقەی نێو چەوانم دەسڕم و بەهێواشی لەبەر خۆمەوە دەڵێم:
لە عینادی، برام لە عینادی...
لەو شەجەرەی بۆ بنەماڵە هەژاڕەکامان دروستکراوە، لە لقی خێزانەکەمدا لە گەڵای تەنیشتم ناوت نیە، بەڵان گرنگتری لەسەر ئەو درەختەدا تۆ هێلانەیت هێلانە...
لەوە بەئازارتر نییە، کە لەتەمەنێک لە پووچی ئەم جیهانە گەیشتووی، کەسێکی شیرین دێتە ژیانتەوە، ڕێک وەک پارچە شوکڵاتەیەک کە دەچێتە ناو ددانێکی کلۆرەوە..!
ئەوانەی وەکو من ئێوارەیان خۆشدەوێ، پەیوەندی بەنواندنی ڕۆژانەیانەوە هەیە.
بێ ئەوەی پرسیاریشیان لێ بکرێ زوو زوو لەبەر خۆیانەوە دەلێن باشین.. باشین باش هەروادەبێ..!
شەویش وەکو پەردەیەکی ڕەش دێت و کۆتایی بەو شانۆگەرییە دێنێت..!
ئەوکاتەی وەک دەنکە شقاڕتەیەک دەتەوێ بە ڕەشەبای #سلێمانی# بلێیت منیش هەم..!
ئەوکاتەی لە هەڵکۆڵینی قەڵاتی #هەولێر# دەترسیت
ئەو نامانە بدۆزنەوە کە نەتوێراوە بیانێریت ئاشکرا بێت قەناتی ئاو لەبەستۆرەوە نا لە هەردوو چاوی تۆوە هێنراون..!
کاتێک بە بینینی شێوەی دڵ لەسەر کاپەچینۆیەک سکت بەخۆت دەسوتێ و بەپەلە هەربابەتێک بێت خێرا بەژداری دەکەیت تا هاوڕێکانت هەست نەکەن.
کاتێک بۆ دۆزینەوەی بیانووی تووڕەبوون لە ئازیزێک وەکو ئەو منداڵانەی، قوتووی سێڤن ئەپ لە ڕێگای قوتابخانە دەدەنە بەرشەق..!
وەکو سواڵکەر وتەی ناوداران لەبارەی بڕوابەخۆبوونەوە کۆ دەکەیتەوەو هەڵەو قسە ناخۆشەکانی دەژمێری کەچی بەشی شەوو ڕۆژێک ناکەن..!
وەکو جارانی من مەکە...
تۆ نامەیەک بۆ خۆشەویستەکەت بنێرەو بڵێ ئێستا هەر ئێستا خۆشمدەوێی...
وەک پشیلەیەک چۆن بێچووەکانی لە پەنایەکەوە دەباتە پەنایەکیتر
هەندێ وشەی جوانی تۆم بەددان گرتبوو، بەیانیت باش و غەریبیت دەکەم و خۆشم دەوێی
هەندێ وشەی ڕەقیش کە دەیگوت چەکوشن، دەیگوت خەنجەرن...
چونکە دنیاش تەنها شتە باشەکان دەبات، لەگەڵ هەموو شەڕێکدا وشەیەکی باشی لەدەمم ڕادەپسکاندو ددانم دەکەوت، ئێستا وەکو زیندانیەکی پیر سبەینان شۆربای نیسک دەخۆم و شەوانیش بەخەنجەرو چەکوشەکانتەوە توونێلێک لە خەیاڵ هەڵدەکۆڵم و لەبەردەم ماڵتان سەر دەردێنم...
لە گەنجیمدا لەژێر قەڵاتی هەولێر، جارێکیان بەرێکەوت کتێبی ئەفسانەکانم کڕی، ئەوسا نەمدەزانی لەبەرچی سەدانجار چیرۆکی ئەو پیاوە سەرسپیەم دەخوێندەوە کە دەیتوانی خۆی بۆ هەموو شتێک و ڕەنگێک بگۆرێت، کە درەختێکیان دەبرێەوە دەبوە درەختێکی دراوسێی و هانی ڕەگەکەی دەدا وەکو ژنێکی میهرەبان نەوەی لق و پۆپی دیکە بخاتەوە.
کاتێک قومریەکیان ڕاو دەکرد بێ ئەوەی مێینەکە بزانێت دەبووە قومریەکی نێرو بەدەنووکی پڕ خواردنەوە دەگەڕایەوە هێڵانە.
مامزێکی ببینیایە لەبەر دەنگی دووری پڵنگێک گوێی هەڵخستووەو ناوێرێ بە ئیسراحەت بنجە گیایەک بخوا، خۆی دەکردە مانگایەکی بەتەمەن و لەتەنیشتیەوە دەوەستاو دەیگوت: بخۆ کچم..!
من گەیشتمە ئەم تەمەنەو دڵنیابوومەوە کە ئیتر قەت ناتوانین بەیەکەوە بین...
ئێستا وەکو ئەو پیاوە ڕدێن سپیە تەنیا دەتوانم خۆم بگۆڕم، ببمە کەسێک کەزۆر لەمێژە حەزدەکەیت بیبینیت..!
ببمە گوڵێکی ئاسن لەسەر دەرگای حەوشەتان..!
خۆم بکەمە ئەو دوکاندارەی میوەی لێ دەکڕیت..!
بەس دەتوانم ڕەنگم بکەمە هەمان ڕەنگی ئەو قەنەفەیەی لەسەردا تەماشای هەواڵەکانی ئەم جیهانە وێرانەیە دەکەیت و لە تەنیشتتەوە نامبینت کە زوو زوو دەچرپێنم: غەریبیت دەکەم...
ئاوڕ دەدەیتەوەو کەس نییە...!
#تەڵعەت تاهیر#[1]