لە قوتووی عەتارەوە
شەڕەجنێوێکی نێوان فەقیر و ساحەب مەڕ
- ڕۆژێ تەڕ و وەڕی، ئەوە بە دایە ساحەب مەڕی
- ڕۆژی چڕژە و پەنیری، ئەوە بە دایە فەقیری
ئەوە، شەڕەجنێوێکی بە شیعرداڕێژراوە، ناکۆکی نێوان فەقیر و مەڕدار، لە ڕۆژگاری کۆندا، نیشاندەدات: لە ڕۆژانی بەفر و باران و شەختەی زستانێ کە دونیا تەڕەو، تفاق و ئالیک کەمە و مەڕ ئەگەری قڕانتێکەوتنی هەیە و سەگەل هەستی گەلەگورگی کردووە و دەوەڕێت و ساحێب مەڕ ترسی لێنیشتووە و دڵی لە مستیدایە، لەو دەمەیدا کابرای بێ مەڕ و دەستکورت و هەژار، کە لەوەیە لە بەخیلیانیشی بێ، دەڵێ :
ڕۆژی تەڕو وەڕی، ئەوە بەدایە ساحێب مەڕی!
وەلێ، وەک دەڵێن تەنگانان بەریان کورتە و دونیا هەر ئاوا زستانی سەقەت و بێ تفاق نابێ و ڕۆژێکیش دێ کاکی مەڕدار بەردی خۆی بە کابرای فەقیر داداتەوە. ئەوەتا ڕۆژانی بەهارێ و جەنگەی سپییایی و لۆرک و پەنیر شیر و ماست و کەرە و...، مەڕدار قسەی خۆی بە کابرای فەقیر دەڵێتەوە و دەڵێ :
ڕۆژی چڕژە و پەنیری، ئەوە بەدایە فەقیری!
لەگەڵ ڕێز حورمەتم بۆ خاوەنی ئەو دوو قەولە، خۆشەویستیم بۆ هەموو ساحەب مەڕ و هەموو دەستکورت و بێ مەڕێک، ئیدی ئەوە فۆلکلۆرە!
ویستم شەڕەجنێوەکە وەک خۆی و بەبێ شاردنەوە و بەڕەمزکردنی جنێوەکان، بنووسم.
دەمێکە لە دیوەخانی دۆستان و ئاشنایان و لە خزمەتی هاوڕێیانمدا نیم، بەو پۆستە فۆلکلۆرییە و مەرحەمەتی خۆتان قبووڵم بکەنەوە.
بابەتکە لە قوتووی عەتار - قوتووی دووەم -دا بڵاوکراوەتەوە.[1]
حەسەن ئەحمەد ئەحمەد ڕەسول، ئاڕاڕات