چیرۆکی هۆنراوە و گۆرانیی شەکرەبەفرە
بابەت: یاداشت
نووسین: #بەرزان هەستیار#
ڕێکەوت: #21-01-2022#
ساڵانی هەشتاکان لە ڕووی سانسۆر و چاودێرییکردنی ڕژێمی بەعسەوە بۆ ئەدەب و هونەری کوردی، قۆناغێکی زۆر سەخت بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەلێک جار دەکرا و ڕووی دەدا زۆر بابەت تێپەڕدەبوون کە سانسۆریش فریای قەدەغەکردنیان نەدەکەوت. هەندێکیشیان پاش بڵاوبونەوەیان پێیان دەزانرا بۆیە بە ناچاری ئەگەر ئەو بابەتە لە ڕۆژنامە یان گۆڤارێکدا بڵاو ببوایەتەوە ئەوە بە پەلە ڕژێم دەکەوتە چنینەوەی ئەو ژمارانەی کە هێشتا لە بازاڕدا ماون و نەفرۆشراون، ئەگەریش گۆرانیییەک بوایە، ئەوا جارێکی تر ڕێی پێ نەدەدرا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پەخش بکرێتەوە.
دێتەوە بیرم هەر ئەو ساڵانە کە هونەرمەندە گۆرانیبێژەکان دەچوون بۆ تۆمار کردنی بەرهەمێکیان جار هەبووە لیستێکیان پێدراوە کە کۆمەڵێک وشەو گوزارشتی تێدا بوو، کە نەدەبوو لە تێکستی گۆرانییەکەدا هەبن، چەند نموونەیەک لەوانەش وشەی شاخ، کورد، کوردستان، خوێن، خەم، سوور و کۆمەڵێک وشەی تر.
جا ئەو دەمەی ساڵی 1987 شیعری شەکرەبەفرەم نووسی و دام بە هونەرمەند #بەهجەت یەحیا#.(ئەگەر چی کاک بەهجەت دەڵێت ئەم ئاوازەم سالی 1985 داناوە بەڵام من وا هەست دەکەم ساڵی 1987 بوبێت)، توشی کۆمەڵێک کێشەی لەو جۆرە بووینەوە و ناچار بووین چەندین وشە لە شیعرەکەدا بگۆڕین کە لە ئێستادا دوان لەو وشانەم بیر ماوە، یەکێکیان لەو دێڕەدا کە دەڵێ ئاهی دڵ بەو بەفرە بشۆم خۆی لە بنەڕەتا دێڕەکە بەم جۆرە بوو خەمی دڵ بەو بەفرە بشۆم دووەمیشیان ئەو دێڕە بو کە دەڵێ فریشتەیەک دەستم دەگرێ بمباتەوە لانەکەی خۆم من دڵنیام لە بنەڕەتدا لانەکەی خۆم نەبوو بەڵام خۆم دەستکارییم کرد ئەگەرچی بەداخەوە نازانم لە سەرەتادا دێڕەکە چۆن بوو.
ئەمە یەکەم ئەزموونی من و کاک بەهجەت بوو پێکەوە هەر وەک چۆن یەکەمین ئەزموونی ئاوازدانانیش بوو بۆ کاک بەهجەت. من ئاوازەکەم زۆر پێ جوان بوو، هەمان کات لەو تەمەنەدا چێژێکی سەیر و ناوازەمان لە کارەهونەریی و ئەدەبییەکان دەبینی، بۆیە نەماندەویست بە خاتری یەک دوو وشە کارەکە ڕابگرین، ناچار چەندین جار پێکەوە دانیشتین و ئەوەندەی بواری تێدا بووبێت، دەستکاری هۆنراوەکەم کرد، بۆ یەکەمین جاریش ساڵی 1988 لە بەرنامەیەکی عەرەبییدا بە ناوی نسمات من بلادی ئەم گۆرانییە تۆمار کراو لە تەلەفیزۆن پەخش کرا.
ماوەتەوە بڵێم: کە جارێکی تر و لە لە دوای ڕاپەڕینەوە گۆرانییەکە بۆ تەلەفیزۆن تۆمارکرایەوە بە هۆکارێک کە من ئەوسا و ئێستاش پێم قبووڵ نەبوو، ناوی من وەک خاوەنی شیعری شەکرەبەفرە لەسەر تایتڵ نەنوسرابوو.
هۆنراوەی:
$شەکرە بەفرە$
شەکرە بەفرە، بەسەر سەرما
ئارام ئارام، دێتە خوارێ
گەرچی گیانی داپۆشیوم
وەکو داری بن بنارێ
هەڵوەدام تاکو بەیانی
چاولێک نەنێ، هەر ببارێ
لەژێر باڵی ئەو بەفرەدا
بێ پەروا هەر دێم و ئەڕۆم
فریشتەیەک دەستم ئەگرێ
بمباتەوە لانەکەی خۆم
ئەو نازانێ چەند حەز ئەکەم
ئاهی دڵ بەو بەفرە بشۆم
ئەمشەو لە سای کزە بادا،
با هەر سەرما بمتەزێنێ
با ئەو بەفرە وەک شۆڕەبی
هەموو گیانم بلەرزێنێ
سبەی بێتە ئاو و دیسان
لێوی کانی ببزوێنێ هەر ببارێ.
--