ناونیشان: پەستانی هەوا
ئامادەکردنی: #حوسێن عەبدولکەریم ڕۆستەم#
$پێناسەی پەستانی هەوا$
پەستانی هەوا : بریتییە لە کێشی ستوونی ئەو هەوایەی کە دەکەوێتە سەر یەکەیەکی ڕووبەر لە ئەنجامی پەستانی گازەکانی بەرگە گازیەوە دەبێت، پەستانی هەوا لە ئاستی ڕووی دەریادا یەکسانە بە (76) سم یان (1013، 25) ملیبار.
پەستانی هەوا : بریتییە لە قورسایی بەرگە گاز لەسەر ڕووی گۆی زەوی، و زاناکان سەلماندیان کە بەرگە گاز کێشکی دیاری کراوی هەیە.
پەستانی هەوا یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی ئاووهەوا، هەرچەندە بنەمایەکی نەبینراو و هەست پێکراو نییە بەڵام ڕۆڵێکی گرنگی لە گۆڕانکاریەکانی ئاووەهەوادا هەیە.
مرۆڤ دەمێکە بایەخیداوە بەلێکۆلێنەوە پەستانی هەوا و هەوڵی دۆزینەوەی نهێنیەکانی داوە.
لەم سەردەمەدا گرنگی لێکۆلێنەوە پەستانی هەوا زیادی کردوە، ئامێری پێوانەکردنی پەستانی هەوای و نەخشەی دابەش کردنی پەستانی هەوای دروست کرا، و لە زۆربەی بوارەکانی ژیان ڕەچاو دەکرێت وەکو لە دەریاوانی و فرۆکەوانی و لە بوارەکانی پزیشکی و گەشتیاری.
بەبەرزبوونەوەیش لە ئاستی ڕووی دەریا پەستانی هەوا کەم دەکات وەکو چۆن پەستان لە ناوچە شاخاوییەکان کەم دەبێت، بەپێچەوانەی ناوچەکانی ئاستی ڕووی دەریا کە پەستان زیاد دەکات، کەمبوونی پەستان لە ناوچە بەرزەکان دەبێتە هۆی کەمی ئۆکسجین لە هەوادا ئەمەیش دەبێتەهۆی ئەوەی مرۆڤ تووشی نەخۆشی یان مردن بێت لە ناوچە بەرزەکان.
$گرنگی پەستانی هەوا$
پەستانی هەوا کاریگەری لەسەر بڕی ئاو و باری ئاووهەوادا هەیە، چونکە کار دەکاتە سەر ڕێژەی ئەو گازە کە لە ئاودا دەتوێتەوە، بۆ نموونە ڕێژەی توانەوەی ئۆکسجین لە ئاودا بەهۆی پەستانی بەرزەوە زیاترە لە ڕێژەی توانەوەی ئۆکسجین لە ئاودا بەهۆی پەستانی نزمەوە، بەمەیش ڕێژەی توانەوەی ئۆکسجین لە ئاستی ڕووی دەریا زیاترە لە ڕێژەی توانەوەکەی لە بەرزاییەکان، بەمەیش پەستان لە ئاستی ڕووی دەریا بەرز دەبێت و لە بەرزاییەکان نزم دەبێت.
هەروەها پەستانی هەوای ڕۆڵی لە گۆڕانی باری ئاووهەوادا هەیە بۆ نمووونە ئەگەر پەستانی هەوا بەرز بووەوە ئەوە یارمەتیدەر بۆ ئەوەی ئاسمان ساماڵ و هەتاو بێت، بەڵام ئەگەر پەستانی هەوا نزم بووەوە ئەوە یارمەتیدرە بۆ کەشێکی باراناوی و ڕوودانی با، هەروەها پەستانی هەوا بۆ سەدان ساڵ بۆ پێشبینی باری کەش بەکاردێت.
$تاقیکردنەوەکانی سەلماندنی پەستانی هەوا:$
1- تاقیکردنەوەی یەکەم:
زانای ئیتاڵی گالالی Galilée. G
(1564 -1642) ئەوەی سەلماند کە کێشی هەوای پەستێنراو قورسترە لە کێشی هەوای
نەپەستێنراو.
2- تاقیکردنەوەی دووەم :
زانای ئیتاڵی تۆرچلي TORRICELLI. E 1608 – 1647، ئەوەی سەلماند کە بەرگە گازە کاریگەری و قورسایی لەسەر گۆی زەویدا هەیە.
3- تاقیکردنەوەی سێیەم :
زانای فەڕەنسی باسکال ئەوەی سەلماند کە پەستانی هەوای بەبەرزبوونەوە لە ئاستی ڕووی دەریا کەم دەکات.
$جۆرەکانی پەستانی هەوا$
پەستانی هەوا بە پێی بەهاکەی دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر.
1/پەستانی هەوای بەرز :
پەستانی هەوای بەبەرزە دادەنرێت ئەگەر بەهاکەی لە 1015 مليبار زیاتر بوو و هێمای پەستانی هەوای بەرز بە نیشانەی (+)، یان پێتی (A) دەبێت بەڵام لە زمانی ئینگلیزی بەهەردوو پێتی Hp ئاماژی بۆ دەکرێت بە واتای Highpression.
$کۆمەڵە هۆکارێک یارمەتیدەرن بۆ ڕوودانی پەستانی هەوای بەرز:$
1- نزمبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا لەئەنجامدا قەبارەی هەوا کەم دەکات و چڕی زیاد دەکات.
2- ڕوودانی تەوژمی هەوای داکەوتووی پڕ لە شێ بۆ سەر ڕووی زەوی.
$تایبەتمەندییەکانی پەستانی هەوای بەرز:$
1- هێڵە یەکسانەکانی پەستانی بەرزی لە بچووکەوە بۆ گەورە و بەرەوە سەرچاوەکەی دەبێت.
2 -خولانەوی بایەکان بەشێوەیەکی پێچ خواردو دەبێت لەگەڵ میلی کاتژمێر لە نیوە گۆی باکوور و بەپێچەوانەیش لە نیوە گۆی باشوور.
3 - باری هەوا نیمچە جێگیر دەبێت و ئاسمان ساماڵ دەبێت.
4 - ڕوودانی هەڵگەڕانەوەی گەرمی لە چینەکانی سەرەوەی بەرگە گازدا.
$پەستانی هەوای نزم:$
پەستانی هەوای بەنزمە دادەنرێت ئەگەر بەهاکەی لە 1015 مليبار کەمتر بوو، و هێمای پەستانی هەوای نزم بەنیشانەی (-) یان پێتی (D) دەبێت بەڵام لە زمانی ئینگلیزی بەهەردوو پێتی L p ئاماژی بۆ دەکرێت بە واتای Low pression.
$کۆمەڵە هۆکارێک یارمەتیدەرن بۆ ڕوودانی پەستانی هەوای نزم.$
1- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا لەئەنجامدا قەبارەی هەوا دەکشێت و چڕی کەم دەکات.
2- بەرزبوونەوە لە ئاستی ڕووی دەریا.
3- بەرزبوونەوەی هەوای گەرم بۆ چینەکانی سەرەوەی بەرگە هەوا
4- زیادبوونی ڕێژەی شێ لە هەوادا.
$تایبەتمەندییەکانی پەستانی هەوای نزم:$
1- هێڵە یەکسانەکانی پەستانی بەرزی لە گەورەوە بۆ بچووک و بەرەوە سەرچاوەکەی دەبێت.
2- خولانەوی بایەکان بەشێوەیەکی پێچ خواردو دەبێت بەپێچەوانەی میلی کاتژمێر لە نیوە گۆی باکوور و بەپێچەوانەیش لە نیوە گۆی باشوور.
4- باری هەوا ناجێگیر دەبێت.
$تێبینی گرنگ دەربارەی پەستانی هەوا$
1- بەهای جیاکەرەوە لە نێوان پەستانی هەوای بەرز و پەستانی هەوای نزم یەکسانە بە 1013 مليبار.
بەڵام زاناکان ئەو ڕێژەیانە گۆری بەبەهایەکی تر کە 1015 مليبارە، ئەم گۆڕانە لایەنی زانستی بۆ بەهای هەردوو پەستانی بەرز و نزم ڕەچاو دەکات.
2- گۆڕینی زاراوەی مليبار بە زاراوەی باسکال وەکو ڕێزێکی بۆ زانای فەڕەنسی Pascal. B.
$ئەو هۆیانە کە کار لە پەستانی هەوا دەکەن$
1-پلەی گەرمی:
بەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ناوچەیەک ئەوە هەوای ناوچەکە دەکشێت و قەبارەی زیاد دەکات بەمەیش چڕی هەواکه کەم دەکات، و
پەستانی هەوا کەم دەبێتەوە، بەڵام بەدابەزینی پلەی گەرمی ناوچەکە ئەوە هەواکەی دێتەوەیەک و قەبارەکەی کەم دەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی چڕی هەواکە، ئەمەیش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی هەوا، بۆ نموونە لە ناوچە کەمەرەییەکان پەستانی هەوا نزمە بەهۆی بەرزی پلە گەرمی، بەڵام لە ناوچە جەمسەرییەکان پەستانی هەوا بەرزە بەهۆی نزمی پلە گەرمی
2- بەزبوونەوە لە ئاستی ڕووی دەریا:
هەرچەندە کێشی هەوا زیاد بێت ئەوە پەستانی هەوا زیاد دەکات و بەپێچەوانە هەرچەندە کێشی هەوا کەم بێتەوە ئەوە پەستانی هەوا کەم دەکات، جا لەبەر ئەوەی ئاستی ڕووی دەریا خاوەنی گەورەترین کێشی هەوایە، ئەوە خاوەن گەورەترین پەستانی هەوایە، بەڵام هەرچەندە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزببینەوە و گازە قوورسەکان لە چینە نزمەکانی بەرگە هەوادا جێ بێڵێن، وردە وردە پەستانی هەوا کەم دەبێتەوە، چونکە هەوای چینەکانی سەرەوە سووک و چڕی کەمە، ئەمەیش هۆکاری تەنگەنەفەسیە لە ناوچە شاخاویە بەرزەکان
3- گۆڕانی بڕی شێ:
گۆڕانی ئاوا لە باری شلیەوە بۆ باری گازی بەهۆی کرداری بەهەڵمبوون پێی دەوترێت شێ هەوا.
پەستانی هەوای شێدار کەم دەبێت بەپێچەوانەی هەوای ووشک کەپەستانەکەی بەرز دەبێت، چونکە هەوا قوسترە لە هەڵمی ئاو، ناوچەیەک بڕی شێ لە هەواکەیدا کەم بێت ئەوە پەستانی هەوا لەو ناوچەیەدا بەرز دەبێت و بەپێچەوانە ئەگەر ناوچەیەک بڕی شێ لە هەواکەیدا زۆر بێت ئەوە پەستانی هەوا لەو ناوچەیەدا کەم دەبێت، ڕێژەی شێ لە هەوادا بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت بەمەیش پەستانی هەوا دەگۆڕێت.
4- تاودانی زەوی:
توندی تاودانی زەوی بەدوورکەوتنەوە لە ناوجەرگەی زەوی کەم دەبێت، و لە کاتی خولانەوەی زەوی بەدەوری تەوەرەکەیدا تێکرای ماوە لە نێوان ناوچە جەمسەری و کەمەرەییەکان جیاواز دەبێت، ناوچە جەمسەرییەکان لە ناوجەرگەی زەویەوە نزیکترە بەبەراورد بەناوچە کەمەرییەکان لە ئەنجامدا پەستانی هەوا بەرز دەبێتەوە.
5- خولانەوەی زەوی:
لەئەنجامی خولانەوەی زەوی هێزی دژە ناوەند
پەیدادەبێت کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر
ناوچە کەمەرییەکان و کاریگەری کەم دەبێت لەسەر ناوچە جەمسەرییەکان، هێزی دژە ناوەند شتەکان لە کرۆکی زەویەوە دوور دەخاتەوە و هەمان کاریگەری لەسەر پەستانی هەوا دەبێت کە دەبێتە هۆی پەیدابوونی پەستانی هەوای نزم لە ناوچە کەمەرییەکان و
پەستانی هەوای بەرز لە ناوچە جەمسەرییەکان.
$دابەشکردنی پشتێنەکانی پەستانی هەوا لەسەر ڕووی زەوی:$
1- ناوچەی پەستانی نزمی یەکسان :
دەکەوێتە نێوان هەردوو بازنەی پانی (5º_0º) باکوور و باشوور هێڵی کەمەرەیی، لە تایبەتمەندییەکانی ناوچەکە، پەستانی هەوا نزمە بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی و بەرزی ڕێژەی شێ و بوونی تەوژمی هەوای سەرکەوتوو.
2- ناوچەی پەستانی بەرزی نیمچە خولگەیی :
دەکەوێتە نێوان هەردوو بازنەی پانی (30º_25º) باکوور و باشوور هێڵی کەمەرەی، لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو ناوچەیە، پەستانی هەوا بەرزە بەهۆی نزمی پلەی گەرمی و بوونی تەوژمی هەوای داکەوتوو لە چینە بەرزەکانی بەرگە هەوادا.
3- ناوچەی پەستانی نزمی نیمچە جەمسەری :
دەکەوێتە نێوان هەردوو بازنەی پانی (60º_45º) باکوور و باشوور هێڵی کەمەرەی، لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو ناوچەیە، پەستانی هەوا نزمە بەهۆی بەیەکگەیشتنی تۆپەڵە هەوای فێنکی خولگەیی و تۆپەڵە هەوای جەمسەری سارد کەدەبێتە هۆی دروست بوونی تەوژمی هەوای سەرکەوتوو لە ئەنجامدا پەیدابوونی پەستانی هەوای نزم.
4- ناوچەی پەستانی بەرزی جەمسەری :
دەکەوێتە دەوروبەری هەردوو جەمسەری باکوور و باشوور لە نێوان هەردوو بازنەی پانی (90º_75º) باکوور و باشوور هێڵی کەمەرەی، لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو ناوچەیە، پەستانی هەوا بەرزە بەهۆی نزمی پلەی گەرمی و بوونی تەوژمی هەوای ساردی داکەوتوو
$پەستانی هەوا لە هەردوو نیوەی باکوور و باشوور:$
1- ناوچەکانی پەستانی هەوا لە نیوە گۆی باشوور ڕێکوپێک ترە لە چاو ناوچەکانی پەستانی هەوا لە نیوە گۆی باکوور.
2- ناوچەکانی پەستانی هەوا دەکەوێتە ژێر کاریگەری چوار وەرزەکەی ساڵ لە هەردوو نیوەی باکوور و باشوور زەوی.
3- بەهای پەستانی هەوا جیاوازە لە نێوان ووشکانی و ئاو.
$هێڵی پەستانە یەکسانەکانی هەوا:$
هێڵێکە لەسەر نەخشەکانی ئاووهەوا دەکێشرێت بۆ بەستنەوەی ئەو ناوچانە کە پەستانی هەوایان وەکو یەکە و پێی دەوترێت هێڵی ئیزۆباری (ئیسوبار) Isobar
ئیسۆبار : ئەو هێڵەیە کە ئەو خاڵ و ناوچانە بەیەکگ دەگەێنێت کە هەمان بەهای پەستانی هەویان هەیە، و گرنگی ئەو هێڵانە لە ئەنجامی جوڵەی نزمە زەپۆشەکان دەردەکەوێت.
ئەو نەخشانەی ناوچەکانی پەستانی بەرز و نزم و مامناوەند نیشان دەدات بەسوودە بۆ پێشبینی کردنی باری ئاووهەوا.
$یەکەکانی پێوانە کردنی پەستانی هەوا$
1- یەکەی باسکال هێماکەی (pa)
100,000 باسکال یەکسانە بە 1 پەستانی هەوا و 1000,000 باسکال یەکسانە بە 10 پەستانی هەوا.
2- یەکەی بار یەکسانە بە 1 پەستانی هەوا لە ئاستی ڕووی دەریا.
3- یەکەی ملیمەتری جێوەیی :
یەکەیەکی مانۆمیتریە هێماکەی mm Hg ملم جێوەیی.
$ئامێرەکانی پێوانە کردنی پەستانی هەوا$
1- بارۆمەتری جێوەیی.
2- پارۆگراڤی تۆمارکەر.
$کاریگەری پەستانی هەوا لەسەر مرۆڤ:$
کاتێک مرۆڤ لە ئاستی ڕووی دەریا بەرز دەبێتەوە ئەوە پەستانی هەوا کەم دەکات و ڕێژەی ئۆکسجینیش کەم دەبێت بۆیە کاریگەری لەسەر مرۆڤ دەبێت. و کاریگەری بەرزبونەوە لەئاستی ڕووی دەریا لەسەر مرۆڤ بەم شێوەیە دەبێت.
1-بەرزی 2400م : لەم بەرزیە پەستانی هەوا یەکسانە بەبڕی پەستان لە ناو فڕۆکەی گۆاستنەوەی خەڵکی و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مرۆڤ نابێت.
2- بەرزی 2500م : لەم بەرزیە هەندێک کەس هەست بەسەرسوڕان دەکەن.
3- بەرزی 3500م : لەم بەرزیە سێ یەکی خەڵک ئەوانەی کە لەسەر ئەم بەرزیە ڕانەهاتوون هەست بەسەرسوڕان و ماندوویی دەکەن.
4- بەرزی 4000 م : لەم بەرزیە زۆربەی خەڵک واتا بەڕێژەی 95% لە سەر ئەم بەرزیە ڕانەهاتوون و هەست بەسەرسوڕان و ماندوویی دەکەن.
5- بەرزی 5500 م : لەم بەرزیە تەنها نیوەی خەڵک دەتوانن بژێن، چونکە ڕێژەی ئۆکسجین
لەم بەرزیە نیوەی ئەو ڕێژەیە دەبێت لە ئاستی ڕووی دەریا.
6- بەرزی 7500 م : ئەم بەرزیە کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە بەوەرزشی شاخەوانیەوە خەریکن کە ناتوانن زیاتر لە یەک ڕۆژ بەبێ بوتڵی ئۆکسجین بژێن
7- بەرزی 8848 م : بەرزترین لوتکەیە لەسەر ڕووی زەوی، کە لوتکەی چیای ئێڤرێستە، کە لەو شوێنەدا ناتوانین بژێن بەبێ بوتڵی ئۆکسجین.
8- بەرزی 12192 م : تێکرای بەرزی فڕینی فڕۆکە بازرگانییەکانە، کە هەوای پەستێنراو بۆ فڕۆکەکە دابین دەکرێت.[1]