قوماش 1
نووسینی #ئوسامە جەمیل#
تازە خەتی سمێرم دادەنا، لۆ کیژەکی گەڕەکی خۆمان لێدرابووم، ماشەڵلا نازدار بوو، وەڵلاهی نە بکەی و نە بخۆی بەس تەماشای بکەی، گەردەنی دەتگۆ شووشەیە، مێوژە ڕەشکەی بخواردبا لە قوڕگی دیاربوو، ڕێی مەکتەبی مارێم پێچەوانەی لای ماری وان بوو، بەران ئەمن هەموو ڕۆژێ وەکی دەچوومە مەکتەبێ، فڕەکم لۆلای ماری وان لێدەدا، ئەوجە بەگەکم لێدەدا و دیسان دەچوومەوە لای ماریان و ئەوجە دەچوومە مەکتەبێ، خۆشیەکەی لەوەی دابوو، ئەو هەستی کردبوو ئەمن تاقیبی دەکەم، ئەویش چاوچاوانێی لەگەر دەکردم و جارجاریش زەردەخەنەکی لۆ دەهاویشتم، ئەی های مەلیک بووم مەلیک، شام بە سەپان نەدەزانی، کتابم دەکردەوە، دەم و چاوی دەهاتە ناو کتابی، ئاوڕم لۆ هەر لایەکی بداباوە، ئەو لەوێبوو، وەلحاسر ناوەندی و ئامادەییم بە دیار جوانی وی تەواو کرد، لە شەش دەرچووم و باژۆ لۆ کولیەی، ئەلهەقی کولیە پڕی کیژی جوان بوو، فستگلاس، ناسک، لە ناو پاکەتی، بەینی خۆمان بی، قل قلەش هەبوو تەشقەرەی پێ دەکردم، بەران ئەمن ئاوڕم لە کەس نەدەداوە، هەر بە تەمای نازدار حەیرانی بووم، خۆم لۆ وی هەرگرتبوو، هەزار نەخشە و پلانم دادەنا لۆ هینان و گواستنەوەی!
کولیەم تەواو کرد و لە خیندنێ نەجاتم بوو، ئەو ڕۆژەی بە تەواوی دەستم لە خیندنێ بەربوو، لۆ نیوڕانێ لە سەر نانی دانیشتبووین، داکم هەر وەکی ڕۆژەکانی دی ساوار بە تەماتەی لێنابوو، یەک جامە ماستاوی سەر بەکەفی لەگەر دانابوو، پاروەکی گەورەم لە دەوی بوو، نەدەچووە خوارێ، مراکە ماستاوەکم لە سەر کرد هەتا شۆڕی کەمەوە، داکم گۆتیە بابم: ئەوە زێدە جەرگ خیندنیشی تەواو کرد، بە خوای ئەوڕۆ سبەکی ئەو ژۆرەی سەبانی لۆ تەرتیب دەکەم و لە تۆپێی دەنێم! بابم گەزەکی لە سەرکە پیازەکەی دەستی دا و گۆتیە داکم: دیارە ئێکەکت لۆ دیتتەوە سەیە؟ ئەویش گۆتی: ئەرێوەڵلا ئێکەکم لۆ دیتتەوە لە ناو پاکەتی، وەڵلا وەبیللا دەرێی کیژی کافرۆشیە، خەجەی لۆ دەینم خەجە، کیژی پلکم مامزی! لەگەر ئەو قسەی پارووم لە قوڕگی گیربوو، هەر وەختبوو بخنکێم، دەستم بە کۆخە کۆخەکی کرد نەبیتەوە، بابم وەرگەڕا پشتم بە کۆرە مستان، داکم گۆتی: دەبینی لە خۆشیان چیلێهات، ناهەق نیە، خەجە خەجەیە نەک گەمە! وەڵلا ئەمن مردی ئەنگۆ زندی ئەگەر چار عەشیرەت لە سەری بە شەڕنەهاتن، بەمن مەرێن ژن! بابم هەریدایێ و گۆتی: علی الخیر و البرکە، پاش عەسرێ شۆڕ دەبینەوە لۆ مارێ مامزی و چایەکەش لەوێ دەخۆینەوە و داوای دەستی خەجەش دەکەین! هیچ قسەم پێنەکرا و ڕاست هەستام نان و خواردنەکەم بە جێهێشت و چوومە ژۆرەکەی لای دەرکەی حەوشێ! گێم لێبوو بابم بە داکمی دەگۆ: ماشەڵلا چەند بە شەرم و حەیایە، ماخران وەکی باسی ژنێمان لەگەر کرد، قیت بۆوەو هەراتە ژۆرێ، کوڕ دەبی ئەوها بە ئەدەب بی لە پێش داک و بابی!
ئەمن لە ژۆرێ هیچم پێنەماوە ئەوە نەبی، ڕسمی کیژەکەم لە ناو کتێبی (ئەوانەی عاشق دەبن کەرن)، دەرهیناو بە سینگم وەنا و تێر تێر گریام، هەندم فرمێسک ڕێشت نەبیتەوە، لەگە لووشمەلووشمی دیاربوو خەوم لێکەتبوو، وەختەکی بە خەبەر هاتم، دیتم بەرەبەری ڕۆژئاوا بوونێ بوو، لە ژۆرێ هاتمە دەرێ، دیتم مارمان کش و ماتە، گۆتم: تەواو بە ڕاستی تێکەتم، هەبی و نەبی داک و بابم چووینە داخوازی خەجەی!
مایتی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!