قوماش 2
نووسینی #ئوسامە جەمیل#
ئەمن بە درەکی پڕ خەم لەو خەیارانە دابووم، وەختەکی داکم و بابم بە قریت و هۆڕ هاتنەوە ژۆرێ، بابم دەستەکی لە سەر شانی داکم دانا و گۆتی: وەڵلاهی حورمێ، قەت باوەڕم نەدەکرد مامز ئەوها بە سووک و سانایی خەجەی تەسلیمیمە بکا، ئەتوو بڕۆنێ چونکە ئەو کوڕەی مە ساڵحە و لە گێ و حەمدی مە دایە، دەست لۆ خۆری ببا دەبیتە زێڕ! داکم گۆتی: ئەدی لۆ نارێی هیممەتی تووبی ژنێ، ئەگەر ئەمن ئەو هەموو قسانەم نەکردبا و ئەو هەموو سابوونەم لەبن پێی پلکم مامزی نەدابا، خلیسکیان دەبرد! وەکی گێم لەو قسانە بوو، هەردوو چاوم تاری بوو، ئاگرم لە هەناوی بەربوو، ویستم بچمە سەربانی و لەوێڕا خۆم فڕێ دەمە خوارێ و حەییاتم لێ ببڕێ، سەرم برند کرد، کیژەکەی خۆشم دەویست هاتە بەرچاوم وا لە سەربانی ڕاوەستایە و گۆتی: نەکەی، ئەو گوناحەی نەکەی، ئەمن هەر لۆ توو دەبم!
سەرم هینا خوارێ، دیتم داک و بابم وا لە پێشم ڕاوەستاینە، بابم عەللاگەکی لە دەستی بوو، پێکەنی و دایە دەستم، داکیشم گۆتی: چت دەوێ، ئەوە لە خۆشی ئەو ڕۆژەی بابت دیارییەکی دەرەجە ئێکی لۆ هینای، دە بکەوە بزانە چیە! بە نابەدری عەللاگەکەم کردەوە، دەبینم ڕادیۆیەکی قیسارەی تێدایە! هەر وەختبوو شێتبم، ئەمن وا ئاگرم تێبەردەبی، بابیشم ڕادیۆی قیسارەم لۆ دەکڕی! بابم باوەشی تێهەرینام و گۆتی: کوڕم ڕەبی ئەمن چەند لێت ڕازیمە خواش دە هەندەت لێ ڕازی بی، ڕەبی کوڕم ئەو ژنە نازدارەت پیرۆزبی! داکم گۆتی: هەی غەدداری گەورە، ئەوە پارووت کەتە ڕونی، وەڵلا خەجە خەجەیە!
چوومەوە ژۆرەکەی خۆم و بەینەکی باش بە هێوری فکرم کردەوە، لە ئاخیری بڕیارم دا لەگەر داک و بابم قسەی بکەم و دری خۆمیان لۆ بکەمەوە، ئەوجە هەرچی دەبی باببی، دەبی پێیان برێم ئەمن خەجەم ناوێ، ئەمن لۆ کیژەکی دی لێدرایمە و ئەگەر ئەو نەبی، بشمکوژن ژنێ ناینم!
هاتمە حەوشەی دیتم داکم سەماوەری دانایە و زرینگەی پیارە و چایەپەستی دێ و قاپە ماستەکی لە پێش خۆی و بابم دانایە و وا نان و ماست و چایەی دەخۆین، هەر چاویان بە من کەت، گۆتیان: دەوەرە پارە نانەکی بخۆ ڕۆرە! ئەمنیش بە خەمباری چووم لە تەنیشت بابم دانیشتم و داکم چایەکی لۆ تێکردم، دەستم بە چایە تێکدانێ کرد و بەینەکی بێ دەنگ بووم و داڵغەم لێدا، داکم گۆتی: ئەرێ ڕۆرە ئەتوو لۆ ئەوها بێدەنگی، لە باتی دوو قسەی خۆش بکەیی و هەرپەڕی و گۆرانی برێی، تێم ناگەینی ئەو مڕومۆچیەت لەچیە؟ بابم گۆتی: حورمێ ئەمن دەزانم ئەو مڕومۆچیەی لە چیە؟ داکم گۆتی: دەبرێ پیرەمێرد برێ بابزانم لە چیتی؟ بابم زەردەخەنەکی کرد و گۆتی: خەجەی لە بن پاری نیە خەجە، ئەوە دەقە و سعاتی دەژمێری هەتا ئەو ڕۆژە بێ و خەجەی لە عاردی دا! داکم لە قریتەی پێکەنینێی دا و گۆتی: ئەوجە ناهەقە، وەڵلا خەجە هەند جوانە برای خۆی ئاشقی دەبی! بابم گۆتی: ئەوجە برێ ئێ، ئەوە دەمێدی خەبەرم دا قادری پلکە عەیشانێش، گۆتم: سبەینێ بە خۆ و بە عەمەلەوە وەرن ئەو ژۆرەی سەبانی تەرتیب کەن لۆ زاوای! لە دری خۆم گۆتم: ئەی قوڕم بەسەری، خۆ بابم هەموو گەڕەکی تێگەیاندیە، بە وەستا و عەمەلەشەوە! داکم سەبری لێ بڕا و گۆتی: ئەرێ دە قسەکی بکە کوڕم، خۆ پشیلە زمانی نەخواردی! ئەمنیش ڕاست و ڕاست گۆتم: دەزانی چیە؟ گۆتیان: چیە؟ گۆتم: وەڵلاهی وەبیللاهی وە تیللاهی، هەرسێکی ناوی خوایە، بمکوژن و بمبڕن خەجەم ناوێ! بابم پاروەکی گەورەی لە دەوی بوو، لەگەر ئەو قسەی من نیوەی پارووەکەی لە دەوی دەرپەڕی و کەتە ناو قاپە ماستەکەی، نیوەکەی دیشی لە قوڕگی گیربوو، دەستی بە کۆخەکۆخێ کرد و چاوی سپی بۆوە! داکم یەک بە دەنگی هاواری کرد: ئەی کۆرەبم پیرەمێرد خنکا!
مایتی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!