قوماش 3
نووسینی #ئوسامە جەمیل#
قیت بوومەوە و وەرگەڕامە پشتی بابم بە مستان، ئەمن هەر لە پشتم دەدا و ئەو زیاتر تێک دەچوو، هەر دوو چاوی سپی هەرگەڕان و دەم و چاوی شین و مۆر بوو، داکم هاواری کرد: وازی لێبینە کووشتت هەی سەرت لە قوڕێ نێن! ئەوجارە لە پشتەوە توند ناو قەدی بابم گرت و هەتا هێزم تێدابوو برندم کرد و ڕامکووشی! دوو جاری دی ئەو حەرەکەم دووبارە کردەوە، شتەک لە دەوی بابم دەرپەڕی! گۆتم: ئۆخەی نەجاتی بوو، ئەوە پارووەکەی لە دەوی دەرپەڕی! داکم هاواری کرد: پارووی چ و عاری چ هەی بە قوربانی سەرکم بی، ئەو تاقمی ددانی بوو دەرپەڕی! پارووەکە هەروا لە قوڕگی تی! تووشی وەزعەکی بووین، هەر وەختبوو شێت بین، نەمدەزانی چبکەم! داکم دەیقیژاند و بابیشم خینکەخینکی مردنێی بوو! لەگەر هات وهاواری مە، جیران لێمان خڕبوونەوە، بووە هەرایەک نەبیتەوە، ئەمن هەر بابم ڕادەکووشی و برند و نوویم دەکرد، بەشکوو پارووەکەی لە دەوی بێتە دەرێ، هەشبوو ئاوی بە دەم و چاوی بابم دادەکرد و هەندەکیش تووند داکمیان گرتبوو، چونکە دەم و چاوی خۆی نەهێشتبوو هەندی بە چەپەرۆکان لێیدا، نازانم قادر قرپەستوور ئەو فکرە جهەنەمیەی لە کێ لۆ هات و بابمی لە مردنەکی مسۆگەر قورتار کرد، قادر لەبەر کشاوە و هەتا پێلەقە گرتی لە گونی بابمی دا! بابم لە تاو ئازاری جەرگبڕی گونی یەک بە دەنگی هاواری کرد، خوا ڕەحمی کرد لەگەر هاوارەکەی پاروو لە قوڕگی هاتە دەرێ و کەتە ئەو گۆڕەی، ئەمن هەر ناو قەدیم گرتبوو و ڕام دەکووشی، قادر هاواری کرد: بەسە بەریدە ڕزگاری بوو!
بابم دانا و هوردە هوردە هاتەوە سەرەخۆ، نوزەکی لێوەهات و گۆتی: ها ها! گۆتم: برێ بابە چت دەوێ؟ داکم گۆتی: دەرێ پارووە ماستەکم لۆ بکە با بیخۆم، بەشکوو ئەو قیچە نانەی لە قوڕگم گیربووە، بچتە خوارێ! بابم دەستی برند کرد و گۆتی: نا نا! قادر قرپەستوور گۆتی: دەرێ قیتم کەنەوە و پیاسەکم پێبکەن، بەشکو بڕەک دێمەوە سەرەخۆ! بە سێ کەسان ڕووبووینە بابم و برندمان کرد، قیت نەبۆوە، گۆتم: کاکە وازی لێ بینن، وابزانم ئاوی دەوێ ئاو، بابم سەری لەقاند، زوو جامە ئاوەکمان دا دەست بابم، ئەویش بە لێوی وەنا و تەڕاتی لێ بڕی! باشبوو هاتەوە سەرەخۆ، هەر لە جێی خۆی درێژمان کرد و بالیفەکمان هاویشتە بن سەری، خەرکەکەش هوردە هوردە ڕۆیشتن و هەر بە خۆمان ماینەوە، بەینەکی باش پاری داوە و ئیسرەحاتی کرد، ئەوجە هەستاوە و گۆتیە داکم: ئاوەکی بەو تاقمە ددانەی داکە و بمدێ با بیهاوێمەوە زارم، ئەمن لە باتی داکم قیت بوومەوە و تاقمەکەم لەبەر بەلوعەی جوان شووشت و هینامەوە و لۆم ڕاگرت، بابم نە تەماشای کردم و نە تاقمەکەی لێ وەرگرتم، داکم زانی بابم زۆر لێم دەهری بووە، لۆیێ تاقمەکەی لە دەستی دەرینام و گۆتی: جارێ وەختی هەندێ نیە، با قەنداوەکی بخواتەوە و سەر و دری بێتەوە سەرەخۆ، ئەوجە تاقمەکەی باوێتە زاری!
ئەمن لە شەرمان لە بابم دوورکەتمەوە و چوومە ئەودیووی سەماوەرەکەیی و لە پەنا داکم دانیشتم، داکم قەنداوەکی لۆ بابم تێکرد و لە پێشی دانا، ئەوجە بابمی قیت کردەوە و داینیشاند، دووگردەکی شینی گورگوریمان هەبوو، بە پشتی بابمی دادا و هوردە هوردە قەنداوەکەی بە دەوی وەکرد، ئەمنیش خۆم مات کردبوو، قوڕگم گیرابوو، نەمدەزانی چبرێم! داکم هاتەوە لای سەماوەری و دانیشت و ڕووی لەمن کرد و گۆتی: ئەمن لۆ هەندێ نۆ مانگان ئەتووم لە زگی خۆم هەرگرت، هەتا ئەو بابە فەقیرەت ئەوها لێبکەی، ئەگەر هەونکە دەرێم: ڕەبی کوڕم گەردەنت ئازا نەبی، دەرێن ژنەکی خراپە! گۆتم: وەڵلاهی دایە هەرچی برێی هەقی خۆتە، بەران خوا خەجەی پلکە مامزی بگری کە تووشی ئەو بەزمەی کردین!
بابم بڕەک هاتەوە سەرەخۆ، تەماشام کرد بە تی چاوی تەماشام دەکا و ئاگری لە نیوچەوانی دەباری، بەران نە ئەمن دەنگ و نە ئەو دەنگ، هەستاوە و دەستی دا ڕادیۆ قیسارەکەیی و بردی و ڕۆیی چوو لە ژۆرەکەی خۆی لێی پارداوە!
دووگرد: دووگورد، بەرماڵ.
قەنداو: قەنداغ، ئاوی گەرم لە پیاڵەی دەکرێ و شەکری تێدەکرێ و تێک دەدرێ و دەخورێتەوە.
دەهری: توڕە، دەهری بوون: توڕە بوون.
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!