قوماش 5
بابەت: چیرۆک
نووسینی: #ئوسامە جەمیل عەلی#
بەینەکی تەماشای داک و بابم کرد، بابم گۆتی: برێ کوڕم برێ، بە ڕاستیمە! گۆتم: وەڵلاهی برێم چ، گۆتی: لۆ؟ گۆتم: دەترسێم قسەم لێ دەربینن و سبەینێ بچنە سەر ماری کیژەیی و برێن لۆ واز لە کوڕی مە ناینن! بابم زەردەخەنەکی کرد و گۆتی: کوڕم، ئەمن چشتی وا کوو دەکەم، ژن لۆ تووە، خۆ لۆمە نیە، داکت لۆیێ خەجەی کیژی مامزێی لۆ دیتیەوە، وایزانی کەست لە دری نیە، بەران مادام ئەتوو درت بە ئێکیدی وەیە، ئەمن ئەوت لۆ دەینم، قیرسی با شەرمەزاری ماری مامزێ بین، نەک ئەتوو بە خەم و خەفەتی ئەو کیژەی بمری، دەبرێ کوڕم برێ بزانم کێ یە؟ گۆتم: وەڵلا بابە هەورینی کیژی قادرە فەندیە! گۆتی: قادرە فەندی دائیرەی ئاوێ؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: سەهلە، لەگەر قادرە فەندی سەلام و کەلاممان هەیە و پیاوەکی بەڕێز و دیاری ئەو شارەیە، مادام وەیە ئسوولەکە وەیە، ئەوەلجار داکت قسەکیان لەگەر بکا، با سبەینێ دانی سبەینێ یان پاش عەسرێ، بچی سەرەکیان لێدا و کیژەش ببینی و دوو قسەش لەگەر داکی بکا، ئەگەر لە سەر خێران ڕازی بوون و گۆتیان وەرنە پێش، ئەوە ناوی خوای لێدەینین! داکم گۆتی: وەڵلا ئەمن سەرم پێوە نیە و ئەگەر دەرێن هەونکە دەچم، بەران چ بە مارێ پلکم مامزی برێم! بابم گۆتی: ئەوەی لۆ من لێگەڕێ، بەران هەتا ئەو کیژەی مسۆگەر نەکەین، بە مارێ مامزی نارێین! داکم گۆتی: وەڵلاهی کوڕم ئەمن قسەکی دەکەم، ئەوجە ئەتووش کەیفی خۆتە! گۆتم: دەبرێ دایە! داکم گۆتی: بە خوای ژنی هەموو دنیایێ بە لایەکی و خەجەش بەلایەکی، وەڵلا خەجە خەجەیە نەک گەمە، بە خوای بە دوو ساری دەتکاتە مار، مخابن خەجە نەبووە بوکی من، وەی لۆت نەمینێم خەجە! گۆتم: دایە هەموو چشت قسمەت و نسیبە، ئیشاڵلا خەجەش پیاوەکی باشی بە نسیب دەبی، قابیلە ئەوها بمینێتەوە! بابم گۆتی: حورمێ گێ بدە من، مەسەلەی خەجەی قەپاتکە و نامەوێ گێم لێبیتەوە، لێگەڕێ با بە کەیفی کوڕەی بی، ژن لۆ ویە لۆ وی!
دەقە و سعاتم دەژمارد سبەینێ بێ و داکم بەخۆ کەوی بچیتە داخوازی هەورینی، نازانم ئەو شەو و ڕۆژەم کوو لێ ڕۆیی، بڕوا ناکەم شەوێ سعاتەکم خەو لێکەتبی، لە سەر جێی هەر ئەو دیوو و ئەو دیووم دەکرد، هەر لە خۆمەوە وام دەزانی وا لەگەرە من دانیشتیە و قسەم لەگەر دەکا، لە بەرەخۆ قسەم دەکرد و پرسیارم لێ دەکرد و هەر بەخۆشم لە باتی وی وەرامم دەداوە، ئەی های، وەڵلا بە خۆم پاشای سەر تەختیمە، وەڵلاهی شەو و ڕۆژ پێراوی بابم لە سەر چاوم دانێم، هێشتا چاکەی نادەمەوە، وەلحاسر نەخشە و پلانم داڕێشت کوو بیگۆزمەوە و لۆ مانگی هەنگینیش یان بچینە بەغدایێ یان لە مەسیفی یان لە سەرێ ڕەشی خانیەکی بە کرێ دەگرین، ئەوی لۆ بوک و زاوایان دروست کرایە، هەر کووی هەبی شەوەکەم بەڕێ کرد و سبەینێش لۆ ئەوەی زوو وەخت بڕوا، گۆتم: با پیاسەکی بازاڕی بکەم، جلکم گۆڕی و ویستم بچمە دەرێ، دوایێ گۆتم: دانیشە کێوە دەچی، ئەگەر لە سەر جادەی تڕومبێلەک لێیدایی و کووشتی، هەورینت لە دەست دەچی، هەر لە مارێ بەو خۆت بە خیندنەوەی مەشغول بکە!
عەسر داهات و نوێژم لە حەوشێ کرد، هەر چاوەڕێ بووم داکم عەبای باوێتە سەر شانی و بچیتە ماری قادرە فەندی، وەختەکی هاتە دەرێ، دووگردەکی جوانی دەق کرد و پێچایەوە و گۆتی: ئەو دووگردەشیان بە دیاری لۆ دەبەم دەرێم مومبارەکە و بابت زۆری نوێژ لە سەر کردیە، زەردەخەنەکم کرد و گۆتم: ئیشاڵلا خوا ڕێکی دێخی! بابم هاتە بن هەیوانێ و هەردوو دەستی برند کردە عاسمانێ و گۆتی: یاڕەببی خوایە ئەگەر خێری تێدایە ڕێکی بێخی، ئەگەر خێریشی تێدانیە ڕێکی نێخی! گۆتم: بابە ئەوها مەرێ! گۆتی: ئەدی چبرێم؟ گۆتم: برێ؛ خوایە ئەگەر خێری تێدایە ببی، ئەگەر خێریشی تێدانیە، خێری تێبکەی ئەوجە ببی! بابم پێکەنی و گۆتی: وەڵلا کوڕم چت نەگۆتیە، ئەوجە لۆ! دەباشە کوڕم باشە، ڕەبی کوڕم خوا بە دری توو بدا! داکم دووگردەکەی هاویشتە ناو تورەگی کوردەواری گورگوری ڕەنگاوڕەنگ و دەسکی تورەگەکەی گرت و گۆتی: ئەڵلا بە ناوت! لەگەر داکم هەتا دەرکەی حەوشێ چووم و گۆتم: دایە بەس جارێ لە کن جیرانان باس نەکەی! گۆتی: وەڵلا کوڕم ئەمن لە زمانی توو دەترسێم، دەنا داکت قسەی لە دەوی دەرناچی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!