ناونیشان: ڕەواندنەوەی هەور و تەم
وەرگێڕان و نووسینی: #فازڵ عەباس ئیبراهیم#
تەم بریتییە لەو دڵۆپیلکە ئاوە قەبارە بچووکانە، کە هەوا دەتوانێت هەڵیان بگرێت، کاتێک پلەی گەرمی هەواکە بۆ خوار پلەی شەونم دادەبەزێت ئیتر خەست دەبێتەوە. لێرەدا دوو ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لە تەمومژ هەیە، کە دەبێتە هۆی ڕوودانی گەلێک ڕووداو وەک پەکسختنی گەشتە ئاسمانیەکان بەتایبەتی لەو ناوچانەدا، کە تەمەکە زۆر دووبارە دەبێتەوە. ڕێگەی یەکەم بۆ تەمە ساردەکان، کە لەسەر ڕووە بەستەڵەکەکان دروست دەبن بەکاردەهێنرێت، ئەویش ڕێگەی نیشتاندن (ترسیب)ە، لە فەرەنسا شلەی پرۆپان بۆ نیشتاندنی تەمەکان بەکاردەهێنن، بەڵام لە ڕوسیا و ولایەتە یەکگرتووەکان وردە سەهۆڵ یان یۆدیدی زیوو و قوڕقۆشم بەکاردەهێنرێت.
ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ نیشتاندنی تەمە ساردەکان. ڕێگەی دووهەم بۆ تەمە گەرمەکانە، لێرەدا یان ڕێگەی نیشتاندن یاخود ڕێگەی ڕەواندنەوە بەکاردەهێنرێت، دەرکەوتووە بۆ تەمە گەرمەکان ڕەواندنەوە باشترە لە نیشتاندن، لەم ڕێگەیەدا هەوای گەرم بەکاردەهێنرێت، کە لە ئامێری تایبەتی زۆر گەورەوە پالیپێوە دەنرێت هەوا گەرمەکە وادەکات پلەی گەرمی هەواکە بەرزێتەوە، بەوەش توانای هەڵگرتنی هەڵمی ئاوی زۆرتر دەبێت، دوایی دڵۆپیلکە بچوکەکانی تەمەکە جارێکیتر دەبنەوە بە هەڵم، یاخود دەتوانرێت فرۆکەی هیلیکوپتەر بۆ تێکەڵکردنی هەوا گەرمە وشکەکە لەگەڵ هەوا ساردە ۔ شێدارەکەدا بەکاربهێنرێت ۔ ئەمەش یارمەتی ئەوە دەدات، کە گەردیلەکانی هەڵمە ئاوەکە بمژرێت و تەمەکەش بڕەوێتەوە، ئەگەر تەمەکە لە جۆری تیشکیی بوو ئەوا ئەم ڕێگەیە زۆر کارا و چالاک دەبێت.
بۆ نیشتاندنی تەم ڕێگەی تر زۆرە، بەڵام بەراورد بە ڕێگەکەی پێشوو کاراییان کەمترە. بۆ نموونە دەتوانرێت بە ئاوپڕژێنکردنی تەم بە فڕۆکە تەمەکە بنیشێنرێت، دڵۆپیلکە بچووکەکانی تەمەکە لە دەوری دڵۆپە ئاوەکە کۆبکرێنەوە، بەمەش کێشییان قورس دەبێت و هەر زوو دەنیشن. کێشەی ئەم ڕێگەیە ئەوەیە، کە بڕێکی زۆر ئاوی پێویستە.
بۆ ئەو هەورە نزمانەش، کە وەک تەم دەبنە کۆسپ لە بەردەم فرۆکەکاندا دەتوانین ڕێگەی ڕەواندنەوە بگرینەبەر، ئەویش بە بڵاوکردنەوەی ناوکەکانی خەستبوونەوە بە بڕێکی زۆر، بەوەش لە نێوان ناوکەکانی خەستبوونەوەدا لەسەر ڕاکشانی گەردەکانی هەڵمی ئاو کێبڕکێ دروست دەبێت و تەمەکە دەڕەوێتەوە، ئەم ڕێگەیە لە ڕەواندنەوەی تەم ساردەکان دەچێت.[1]