ئەمڕۆ #02-02-2022# ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوەو تیایدا پرسی کۆچبەرانی کورد و ڕەوشی تەندرووستی هەرێمی کوردستان تاوتوێکران، هاوکات لە ڕووی ئابووری و دارایشەوە کۆبوونەوەکە ڕەوشی هەرێم و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدای تاوتوێکرد و بڕیار درا، ڕۆژی 6 ی ئەم مانگە تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێری دارایی هەرێم وبەغداد دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێم لە یاسای بودجە و وەزارەتەکان ڕاسپێردران کە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی وئابووری و دیوانی چاودێری دارایی بکەن. لەمبارەیەوە بڕیارە لە ڕۆژی 6 ی ئەم مانگە تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێری دارایی هەرێم وبەغدا دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی شوباتی 2022، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، پوختەیەکمان دەربارەی سەردانەکەمان بۆ میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو (ئیمارات) خستەڕوو و ئاماژەمان بە کۆبوونەوە لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەکداران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیمارات کرد کە لە گفتوگۆکانماندا جەختمان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیمارات کرد، بەتایبەتیش لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و گەشەپێدانی مرۆیی، کە خزمەت بە کەرتی گەشەپێدان و بنیاتنان دەکات. هەروەها تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانمان لە گەڵ بەپرسانی باڵای ئیمارات، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێشڤەچوونەکانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیی هەوڵ و هەماهەنگیی زیاتر بۆ دابینکردنی پشتیوانی ئاشتەوایی لە ناوچەکە و داهاتوویێکی باشتر لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
پاشان سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تیشکی خستە سەر ڕەوشی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بە شێوەیەکی گشتی و کارەساتی ئەم دواییەی گیان لە دەستدان و بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو کە بەشێکیان تا ئێستا بێسەروشوێنن.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاماژەیدا بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکان و هەروەها گەڕاندنەوەی ڕزگاربووان و گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبووان، بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵگەری گشتی ووڵاتی یۆنان لە #هەولێر# وباڵیۆزی یۆنان لە بەغدا، وێڕای پەیوەندی بەردەوامی فەرمانگەکەیان لەگەڵ ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و یۆنامی و نووسینگەی یەکێتنی ئەوروپا لە هەولێر، هەر بۆ ئه و مەبەسته، شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەردانی یۆنانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسی دۆسیەی کۆچبەران له و ووڵاتە کۆبوونەوه، تا ئێستا لە دەرئەنجامی ئه و هەوڵانەدا، تەرمی 9 کۆچبەر لەسەر ئەرکی سەرۆک وەزیران ڕادەستی کەسوکاریان کراوەتەوه، هەر ئەمڕۆش شاندێکی حکومەتی هەرێم، جارێکی دیکە سەردانی یۆنان دەکەن بۆ گەیاندنی سامپلی کەسوکاری 29 لە قوربانیان بۆ ئەنجامدانی تێستی دی ئێن ئەی، هەروەها تەواوکردنی کەیسی ڕێوار ڕێبواری تەمەن 11 سالان وگەڕاندنەوەی بۆ هەولێر.
ئەنجومەنی وەزیران سەرەرای دەستخۆشی لە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییکانی دەرەوە و وەزارەتەکانی ناوخۆ وتەندروستی، ئه و لایەنانەی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان له و بارەیەوە، وەزارەتی ناوخۆش ڕاسپێردرا کە بەردەوام بن لە بەدواداچوون ولێکۆڵینەوە له و کەس و کۆمپانیایانەی کە بازرگانی بە ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێم دەکەن وڕێکاری قانونیان لەبەرامبەر وەربگیرێت.
لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە وڵاتی یۆنان دەکات بۆ بەردەوامی گەڕان بە دوای بێسەروشوێنەکان و لەو ڕووەشەوە حکومەتی هەرێم ئامادەی هەر ڕێکارێکی پێویستە.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکڕۆن لە هەرێم و ئاستی پابەندبوونی وەزارەتەکان بە وەرگرتنی ڤاکسین لە لایەن فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت و ئامادەکارییەکانی خۆپارێزی بۆ مامۆستایان وکارمەندانی پەروەردە و قوتابیان وخوێندکاران لە دوای دەستپێکردنەوەی خوێندنی ناوپۆل خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و کارمەندانی وەزارەت کە بە شایەتی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، سەرکەوتووانە ڕێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کۆرۆنا لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین وگرتنەبەری ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە لایەن هاووڵاتیانەوە بۆ بەرگرتن لە تەشەنەکردنی زیاتری پەتاکە وپاراستنی تەندروستی گشتی.
لە بڕگەی چوارەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری، تیشکی خستە سەر پێشوەچوونەکانی کاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هاوبەشی خۆیانن سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێم و شایستەکانی بە پێی یاسای بودجە، دواتر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بە ووردیی ڕاپۆرتێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 11 لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، کە بریتیە لە داهاتی فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و بابەتی پاکتاوکردنی ڕەسیدی بانکی بازرگانیی عێراقی لە لای بانکەکانی هەرێم، پێداچوونەوەی داهاتە نانەوتییەکان لە هەرێم و ئامادەکردنی میزانی یەکگرتووی پێداچوونەوەی فەرمانگەکانی هەرێم بۆ تەواوی مانگەکانی ساڵی 2021 کە سەرجەم داهات وخەرجییەکانی هەرێم لەخۆبگرێت، هەروەها خستنەڕووی پڕۆژەی بایۆمەتری تۆماری مووچەخۆران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەیدا بە گرنگيی پێشکەشکردنی زانیاری و خشتەکان بە تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی بە شێوەیەکی ڕوون وشەفاف، تا بيانوو بۆ حکومەتی فیدڕاڵی نەمێنێتەوە بۆ خەرجنەکردنی شایستەی دارایی هەرێم بە پێی یاسای بودجە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێم لە یاسای بودجە و وەزارەتەکان ڕاسپێردران کە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی وئابووری و دیوانی چاودێری دارایی بکەن. لەمبارەیەوە بڕیارە لە ڕۆژی 6 ی ئەم مانگە تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێری دارایی هەرێم وبەغدا دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
[1]