جەمیل ئاغای حەوێزی
ناو: جەمیل ئاغا
ناوی باوک: ئەسعەد ئاغای حاجی بەکرئاغای گەورەی حەوێزی
ناوی تەواوی (جەمیل کوڕی بەکر ئاغای گەورەی حەوێزی)
لە #کۆیە# چەندین پلە و پۆستی هەبووە وەک:
1-سێ ساڵ سەرۆکی شارەوانی کۆیە بووە.
2-دوازدە ساڵ (1920-1932) قایمقامی کۆیە بووە.
3-دوو ساڵ قایمقامی #ڕانیە# بووە.
4-یەک ساڵ موتەسەڕیفی #هەولێر#.
5-شەش ساڵ نوێنەری پارێزگای هەولێر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق.[1]
جەمیل ئاغای حەوێزی ئەو قایمقامەی پێگە قایم و بەمەقام بوو
-#ڕەهبەری سەید برایم# نووسیویەتی:
حاجی بەکر ئاغای حەوێزی نۆ کوڕی هەبووە لەگەڵ یانزدە کچ، ئەمین ئاغا و حاجی ئەسعەد ئاغا
دایکیان جیاواز بووە، حاجی ئەسعەد ئاغا چل ڕۆژ بچووکتر بووە لەئەمین ئاغا، بەڵام ئەمین ئاغایان بەبرا گەورە و سەردار و جێنشین داناوە، حاجی ئەسعەد ئاغا بازرگان و خاوەن کاروان بووە، پارەدارو بەدیاری و میوان بووە، لەپاش کۆچی دوایی ئەمین ئاغای ئەختەر، حاجی ئەسعەد ئاغا بووە جێنشین و سەرداری حەوێزیان، جەمیل ئاغا کوڕی حاجی ئەسعەد ئاغایە و لەدایکبووی ساڵی 1869یە، لە گەڕەکی بەفری قەندی لە شاری کۆیە، دایکی ناوی زبێدە خانی کچی ئەحمەد ئاغای کێلە زیندانە، نکوڵی ناکرێت دایکی لەبنەچە و وەچەی ئالی بابانە، جەمیل ئاغای حەوێزی لە مزگەوتی گەورەی کۆیە قورئانی پیرۆزو گوڵستان و بۆستان و فارسی و عەرەبی خوێندووە، تاخوێندەوارێکی هۆشیارو بەئاگای لێدەرچووە، هەمیشە بۆ بەرژەوەندی گشتیی هەوڵیداوە، لە ماوەی کارکردنیدا ئەو کارو ئەرکانەی پێ سپێردراوە:
لەتافی لاویدا کراوەتە سەرۆکی شارەوانی کۆیە.
لە 15-12-1918 بووەتە جێگری حاکمی ئیداری شاری کۆیە کە حەماغای حاکمی شار بووە.
بۆ چەند مانگێک قایمقامی ڕانیە بووە، چونکە ئەودەم ڕانیە بەسترابووەوە بەحکومەتی سیاسییەوە لە کۆیە لە ساڵی 1919.
لە 2/8/1920 دەکرێتە حاکمی شاری کۆیە.
لە 26-03-1921 بەفەرمی بووەتە قایمقامی شاری کۆیە تا ساڵی 1932.
لە ساڵی 1930 بووەتە موتەسەریفی شاری هەولێر بەوەکالەت.
لە ساڵی 1939-1946 لەدوو خول نوێنەر بووە لەپەڕڵەمانی ئێراق.
جەمیل ئاغا حەوێزی کە کاربەدەست و قایمقام بووە، بەتواناو پێگە قایم و بەمەقام بووە، لەو ماوەیەی کە ئەرک و کاری پێسپێردراوە، لە شاری کۆیە چەند شاکارێکی ئەنجامداوە!.
لە ساڵی 1920 کە قوتابخانەی سەرەتایی بە هاوکاری مەلای گەورە و هیمەتی جەمیل ئاغا کراوەتەوە، مامۆستای باشیان بۆ دابینکردووە، ڕێزی فەقێ و فێرخوازی زۆر گرتووە گرنگی بەخوێندەواری داوە.
لە سەردەمی قایمقامیەتی جەمیل ئاغای حەوێزی نووسراوی فەرمی لە فەرمانگەکاندا بە زمانی کوردی بووە، چ خوێندنی سەرەتایی و چ دادگاو فەرمانگەکانی دیکە!.
هانی سرودی نیشتمانی داوە، ئەو سروودانەی داخوازی کورد و کوردایەتیان تێدا بووبێ هەر وەک:
ترەقی دەکا، موڵکی کوردستان
لەسایەی عەزم و هیمەتی ئەوان
داواکاریەکانی مافی نەتەوەیی کورد
لە ساڵی 1930 ڕاسپاردەی خۆی ناردووە بۆ بتوێن و پشدەرو ڕانیە بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا لەسەر داواکاریەکانی مافی نەتەوەیی کورد پێشکەشی بەمەندووبی سامی بەریتانیا کردووە لە بەغدا.
دیوەخانی پڕ میوان و بە بەخشندە و خانەدان بووە، مەکۆی ئەدەب و سەکۆی هەڵبەستو چیرۆک خوان بووە، خوان ڕازاوە و بەئەتەکییەت و دابی جوان بووە، تەنانەت (ئەدمۆندس) لەپەرتووکەکەیدا نووسیویەتی باشترین میوانداری کردین و لەوێ خوشترین خواردنم لە کوردستان خواردووە.
داڵدە و پەناگای دوورخراوە سیاسی و ڕووناکبیرەکان بووە، هەروەک (ڕوفائیل بەتی) خاوەن ڕۆژنامەی (البلاد) و (شێخ بەهلوول) هۆزی (ڕومیپیە) ی دیوانیە کە شۆڕشیان دژی یاسین هاشمی کردبوو. (زەنوون ئەیووب) ی خاوەنی گوڤاری (المجلە) ی مارکس. ئەو زاتانە لەسایەی جەمیل ئاغای حەوێزی حەوانەتەوە، هەستیان بەنامۆیی نەکردووە لە کۆیە!.
هاوسەنگ و پارسەنگی نێوان حەوێزی و غەفوریان بووە، ڕاگرو دادپەروەر و پارێزەری جوو و دیانان بووە، بەبێ جیاوازی بەنیازی چاکەخوازی، تەبایی و ئاشتەوایی و برایەتی و پیاوەتی نواندووە، ئەو ڕاستییەی بەکردار سەلماندووە.
حەمەدی ڕەش دزێکی ناقۆڵاو فێڵبازو بەسام و ئەفسانەیی و بەدکار بوو، بەڕۆژ فەقێ و دیندار، بەشە و جەردە و تاوانبار، ون و نادیار بوو، جێی متمانە و خۆیی بوو، نەدەناسراو بەگەورەترین دز ناوی ڕۆیی بوو، (دزی نەگیراو شایە) کەچی بەردەستی ماڵی مەلای گەورەی دەکرد وەک بەردەست هەڵ دەسووڕا، بەڵام لەپڕ تاسی زێری سەری خێزانی مەلای گەورە دزرا، جێی باوەڕیان بوو شارەزای کون و کەلەبەریان بوو، کاکی ڕەش دز بوو دز، فێڵاوی و سەرکز (ئەگەر دزی-گورگی پەزی) ، بەکونی نۆینان کەپان و فراوان بوو، بەئاسانی زەلامی پێدا دەچوو، بەناو گواوان بۆ دزی و تاڵانی ماڵان دەچوو، دزی دەکرد، کەس پەی پێنەدەبرد، بۆ دزی فیت فیتەی لەمل و جلکی پولیسی لەبەردەکرد، تفەنگ و دیوار بڕی پێبوو، شارەزای ماڵ بڕین بوو گورج و لەسەرپێ بوو، شەو نەبوو 4-5 ماڵ نەبڕێ و لەگەڵ دەستەکەی شمەکی دزراویان لەئەشکەوتی حەمەدی ڕەش دەشاردەوە، گەر ماڵ دزراو بەئاگا بهاتباو کە دەبووە دەنگەدەنگ و هەرا، حەمەدی ڕەش وەک حەس حەسان فیت فیتەی لێدەدا، وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچوو، خەڵکی کۆیە بەگشتیی بەو دیاردە نائەمینییە پەرێشان و هەراسان بوون، لەبارودۆخێکی پڕ ترس و دڵەراوکێ و نیگەران بوون، نائارام و لەگورگە خە و و لەسەر هەست بوون، بەڕاستی لەقایمقام (جەمیل ئاغا) دڵگران و لێی پڕو پەست بوون، زۆر گلەیی و لۆمە و سەرکۆنەی قایمقام دەکرا، (وایلێهات ناوی لێهات) بەکەمتەرخەم دادەنرا، تەنانەت لە ڕۆژنامەکانی بەغدا باسی لێوەکرا، جەمیل ئاغای حەوێزی بەخۆی کەوت، بۆ دۆزینەوەی دزەکان نەسرەوت پاسەوانی تایبەتیی دەرکرد، لەسیلەی هەر کۆڵانێ و هەر سەرەڕێیەک ئێشکگری لێدانا، سەرەنجام لەکن گەرماوی پیسکان و سەرەڕێ دەبا خانان، کەوتەبەر بۆسەی ئێشکچی و پاسەوانان، کەوتە داوو پێوە بوو بەڕێکەوت، گوللەی بەدەفەی سینگی کەوت و بەرکەوت، فیت فیتە لەمل و بەرگی پۆلیسی لەبەردا بوو، ئەوجا زانرا حەمەدی ڕەشە و ئاشکرا بوو، جەستەی پیسی بەجلکی پۆلیسی لەبەر سەرایە دانرا، جاڕچی جاڕیدا خەڵک بێنە تەماشای، عەشاماتی کۆیی دەچوونە سەیری، کاکی ڕەش گەورەترین دز کوژرا و لەناو برا.
نەمانی بەدکاری و تاوانکاریی
حەمەدی ڕەش ڕوو ڕەش وەک ڕەژوو، بووە پەندی زەمانە و نێژرا لەسەر گوڤکی مێژوو، (پاشەڕۆژی دزو جەردە یان مەرگە یان بەندە) بەکوژرانی حەمەدی ڕەش دزی نەما، قەڵای بەدکاری و تاوانکاری ڕما، ئارامی و ئاساییشی کەوتەوە ناو شاری، خەڵکی کۆیە ئەمین بوون لەماڵ و ناو بازاڕی، قایمقام جەمیل ئاغای حەوێزی چونکە ڕەسەن بوو نەک هەرخوی دزی نەکرد لەسایەی پایەی دەستی بەسەر سامانی خەڵکدا نەگرت، بەڵکوو دزی کوشت و دزی لەناو برد، بەوکارە قایمقام جەمیل ئاغای حەوێزی، گەیشتە ترۆپک کەسایەتی و ڕێزی کە ڕەمزی بەگ قایمقام بوو لە کۆیە ویستی ئازاری جەمیل ئاغا بدات و بانگی کردە سەرایە، بۆ لێپێچینەوە و گرتنی، تەنانەت یەکەم خۆپیشاندان بۆ پشتگیری کەسێکی خۆیی بەموسوڵمان و جوو و دیانەوە بەگشتیی کۆیی چوونە بەردەرکی سەرا، ناڕەزاییان دەربڕی کردیان بەهەرا، نابێ جەمیل ئاغا چی لێبێ، سەرەنجام چی لێ بەسەرنەهات و وازیان لێهێنا ئەنجام مێژووی بۆ مایەوە، ئەو زاتە لە 24-03-1946 کۆچی دواییکرد گۆڕ گرتییە باوەشیادێ[2]