قوماش 7
نووسینی: #ئوسامە جەمیل عەلی#
دوو سێ ڕۆژ تێپەڕی و ماری هەورینی دەنگیان نەبوو، زوو زوو بە داکم دەگۆ: ئەرێ دایە، چ هەیە، چ نیە؟ دەیگۆ: کوڕم دە سەبرەکی بگرە، ئەوی لە سەر سەبرانە لە سەر خێرانە، ئاخر بە دوو سێ ڕۆژی کوو وەرام دەدرێتەوە، دەمگۆ دەی خوا کەریمە! فکرم کردەوە لۆ ئەوەی خۆم لەو چاوەڕوانەی قورتار کەم، لەگەر برادەران بچمە دەرێ و خۆم مەشغول کەم، ئیدی هوردە هوردە لەگەر برادەران دەچووینە بازاڕی و تۆپانێ و ئەو جێیانە، چونکە ئەمن زۆر داڵغەم لێدەدا، برادەرەکانم هەستیان بە چشتەکی کردبوو، لۆیێ زوو زوو دەیانگۆ: دیسان پاپۆڕەکەت غەرق بوو، ئێ دە پێمان برێ بزانین موشکلیەت چیە با لۆت حەل بکەین، دەمگۆ هیچ نیە، هەر بڕۆکەک بێتاقەتم، ئەوان باوەڕیان بەو قسەی نەدەکرد، بەران لە ناچاری دەیانگۆ: با وەبی!
دە ڕۆژەک تێپەڕی و دەنگ نەبوو، گۆتم: دایە پێناچی ئەو کیژەم بدەنێ، ئاخر مەعقول نیە دە ڕۆژە وەرامەکی مەیان نەداوە، بەئا و بە نا! داکم گۆتی: کوڕم مادام نەیانگۆتیە نایدەین، مەعنای وەیە جارێ تاقیب دەکەن، لە جیرانان دەپرسن و دەیانەوێ بزانن ئەتوو کوڕەکی کوی، کوڕم خۆ کیژ فانۆسی فتیل سووتای نیە، هەرکی هاتە پێش دەرکەی بە خێر بیدەیێ، کوڕم سەبری دەوێ، بابم سەبری دەوێ! بابیشم دەیزانی ئەمن سەبرم نمایە و بێ تاقەتم، لۆیێ دری دەدامەوە و دەیگۆ: ئەو تاخیر کردنە مەعنای وەیە دەبی، درم ڕۆنە وەرامەکی باشمان دەدەنەوە، وەکی بابم ئەو قسە خۆشانەی لۆ دەکردم، وامدەزانی هەورین وا لە باوشی منە، دوایێ دەهاتمەوە سەرەخۆ و وەکی مەلایان دەمگۆ: ئەو ئیشە ئیننەکی تێدایە!
دەوری بیست ڕۆژەکم بە در تووندی و چاوەڕوانی بە ڕێ کرد، ئەوان دەنگ و سەدایان نەبوو، بڕیارم دا بەهەر نەوعەکی هەبی بەلای ماریان دابچم بزانم نایبنم و بڕەک ئاگری درم دابمرکێ! کاسکێتەکم لەسەری ناو عەینەگەکی ڕەشیشم لە چاوی کرد، گۆتم با نەمناسن عەیبە حەیام دەچی، بمبینن و برێن شەرم و حەیای بەخۆ نیە لە پێش دەرکەی مارێن گێرەی دەکا! هێدی هێدی خشیم لۆلای ماریان و لە دوور ڕا تەماشام کرد، دیتم دەرکە پێوە درابوو، ماریان کش و مات، چوومە ئەوسەری و بەینەکی خۆم مەشغول کرد، دیسان گەڕامەوە، هیچ نەبوو، زۆر بێتاقەت بووم و وەکی برێی درم دەیگۆ خۆت ماندی مەکە ناتدەنێ، ئیدی بە درەکی پڕ لە خەم گەڕامەوە لای مارێ!
ئەمن لەو خەم و خەفەتەی دابووم، وەکی چوومەوە مارێ، دیتم دوو سندووقە تەماتە و دوو سێ کوودیە زەرد و گووشە ئارووەک و گووشە پیازەک لە حەوشێ بە عاردی دادرایە، گۆتم: خوایە دەبی ئەوە چبی، قاتی بابم نەچوویتە گومرگێ و کڕیبی، گۆتم: دایە، دایە! داکم لە ناندینی هاتە دەرێ و گۆتی: ها کوڕم چت دەوێ؟ گۆتم: ئەو هەموو تەماتە و ئارووە چیە لە حەوشێ، دەستم لە دەوی گووشی ڕاکرد و ئارووەکم هینا دەرێ، ویستم ئاوەکی پێ داکەم و بیشۆمەوە، داکم گۆتی: وەڵلا ئەوە مام حەمەدەمین لۆی ناردینە! گۆتم: کیها مام حەمەدەمین؟ گۆتی: مام حەمەدەمینی بابی خەجەی، کێڕان ئەوانت لە بیر کرد کوڕم! وەکی داکم ئەو قسەی کرد زەوق و میزاجم هەمووی تێکچوو، ئارووەکەم فڕێ داوە سەر گووشەکەیی و چووم لە ژۆری خۆم لێم پارداوە!
ڕۆژم بە دەقە و سعات دەژمارد، بیست و پێنج ڕۆژی ڕەبەق تێپەڕی بوو، تەواو بێتاقەت ببووم، عەسر بوو لە حەوشێ دانیشتبووم و کتێبی(بەدوو کراوی بابردوو مەکەوە) م دەخیندەوە، لە دەرکەی درا، چووم کردمەوە، پلکە زەکیەی ژنی قادر قرپەستووری بوو، گۆتیە من کوی ئۆباب؟ گۆتم: وەڵلا باشم پلکە زەکیە، دە فەرموو وەرە ژۆرێ! گۆتی: ئەدی کا داکت؟ گۆتم: وەڵلا چوو هەندە بەرگە بالیفی بکڕی لە تەیراوەی، لەوانەیە هەونکە بە دەرکەوی، گۆتی: دە ئەگەر هاتەوە پێی برێ، ئەوڕۆ ژنەک هاتبوو گۆتی: پێی برێ ئەو قووماشەی هینایتی لۆی بدوورین، با بێ تەواو بووە! گۆتم: باشە بەسەرچاو هەر بێتەوە پێی دەرێم!
دەوری سێ چارێگەکی پێچوو، داکم هاتەوە، سەلامی کرد و قوومە ئاوەکی کووپەم دایێ، بڕەک هاتەوە سەرەخۆ و گۆتی: کەس نەهاتیە؟ گۆتم: وەڵلا پلکە زەکیەی قادر قرپەستووری هاتبوو، گۆتی: دیسان لۆ ئاونی نەهاتبی، سار دوازدەی مانگێ کووتەکووتیتی، معەدەل کونجی دەخۆن! گۆتم: ناوەڵلا، گۆتی: بە داکت برێ ژنەک هاتبوو، گۆتی پێی برێ ئەو قوماشەی لە کنەمە بە دوورینی دایە، با بە دوو دابێ! داکم بڕەکی داما و گۆتی: قوماشی چ، وەڵلا ئەمن نە چوویمە خەیاتی و نە قووماشیشم بە دوورین دایە! گۆتم: ئێ دایە قابیلە ئەو ژنە لە خۆڕا وەبرێ، دە باش فکر کەوە، گۆتی: بە خوای کوڕم چشتی وانیە، هەبی و نەبی ئەو ژنە لێی تێکچووە و ئێکی دی بە من تێگەییە!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!