قوماش 8
نووسینی: #ئوسامە جەمیل عەلی#
گۆتم: دایە، دەترسێم ئەوە داکی هەورینی بی هاتبی و ئەوهای گۆتبی، هەتا پلکە زەکیە تێنەگا مەوزوع چیە! گۆتی: وەڵلاهی برێم چ کوڕم، باشە ئەوجە کیژ بە مێرد دان ئەو هەموو ئۆین و دۆرابەی دەوێ، قوماش ناردن و دوورین بردنەوە، بە خوای کوڕم گەلە زەحمەتە ئەتوو بتانی لەگەوانە تێکەیی و فڕکەی! گۆتم: دەتوو واز لە ئۆین و دۆرابی وان بینە، هەستە بە زەکیەی قادر قرپەستووری برێ بزانە ئەو ژنەی هاتبوو شکل و شێوەی کوو بوو! گۆتی: باشە کوڕم باشە، با بڕەکی چاوم گەرم کەم، دەچم پێی دەرێم، گۆتم: هەی ڕەحمەت لە بابت، ئەتوو خۆ ناچیە سیساوەی، ماری زەکیەی دیواریان بە دیوارمان وەیە، ئەگەر هەر ناشچی هەتا بچم گازی کەم! داکم قیت بۆوە و گۆتی: ئاخ لە داخی توو کوو پیر بووم، وەڵلاهی حەفت کیژم بە مێرد دابان هەندە ماندی نەدەبووم، کوو ئەمن و بابت لە خەمان کووشت!
داکم بەینەکی باش بزر بوو، درم کەتە قرت و فرت، وەلەو دەمزانی پلکە زەکیە چیڕەی گەلە درێژە و بە هەوەنتە واز لە داکم ناینی، بەران هەر حەزم دەکرد زوو وەخەبەرەکی کەوم، بووە سێ چارێگ و داکم هەر نەهاتەوە، بەرمیلەکی بەتاری نەفتێمان هەبوو، بە سوڕان هێدی هێدی هینامە بن دیواری و بەسە کەتم، گۆتم بزانم سۆراغەکی داکم ناکەم لە ماری زەکیەی! سەرم شۆڕ کردەوە لۆ مارێ زەکیەی، دەبینم زەکیەی و داکم دانیشتینە و یەک فەردە پارچە فانیلەی سوفیان ڕوو کردیە و هوردە هوردە سوالفەی دەکەن و سوفی هەردەوەشێنن! ئەعسابم نەما، گۆتم: دە فەرموو دەی، ئەمن داکم لۆچ ناردیە و ئەو خەریکی چیە! دوو جاران ویستم گازی داکم کەم و برێم وەرەوە، بەران شەرمم کرد، گۆتم: نەکوو پلکە زەکیە برێ پێدەچی ئەو سەرکەستوورە معەدەل لە سەر دیواری بی و چاو داتە مارێمە، لۆیێ بە دری بەخەم هاتمە خوارێ و بەرمیلەکەم هیناوە جێی خۆی و لە حەوشێ دانیشتمەوە و چاوەڕێی داکم کرد بێتەوە!
ئەوە بە حساب داکم خەوی دەهات و دەیوویست چاوی گەرم کا، ئەوجە پاشی دوو سعاتی هاتەوە مارێ! هەر چاوم پێی کەت، گۆتم: یاخوا بەخێر بێیەوە، ئیشاڵلا خەبەرەکی خۆشت پێیە! گۆتی: وەڵلاهی برێم چ کوڕم، سەرم لە قسەو وەسفی زەکیەی دەرنەچوو لۆ ژنەکەی! گۆتم: لۆ؟ گۆتی: جارێ زەکیە نیو سعات بەس تەحقیقی لەگە من کرد و لەو قوماشەی دەپێچاوە، گۆتم: ئەوجە زەکیە چیشی هەیە قوماشت چ لێکردیە و کێوە بردیە، خۆ دائیرەی ئەمن نیە، قابیلە ئەتوو لافیتەت لە دیواری دابی! گۆتی: کوڕم زەکیەش شکی کردیە چشتەک هەیە لۆیێ وازی نەدەهینا، ئەمن هەرکوو لام دەدا، ئەو دەیهینامەوە سەر خەتێ! گۆتم: دەتوو لەوەی گەڕێ، پێمبرێ کوو وەسفی ژنەکەی کرد؟ گۆتی: وەڵلاهی هەر دەیگۆ ژنەک بوو عەبای بەخۆ دادابوو، بابووجەکی ڕەشی لە پێ بوو، سعاتەکی ڕەشی لە دەستی بوو، چەفیەکی سپی لە سەری بوو! گۆتم: توخوا ئەوە وەسفە دایە؟ گۆتی: لۆ کوڕم؟ گۆتم: دایە ئەوڕۆ دوو ملیۆن ژنی کورد ئەو جلکەی لەبەرە، باشە نەیگۆ ژنەکی کوو بوو؟ داکم گۆتی: بەرێوەڵلا گۆتی: ژنەکی ژنانە بوو! شەپەکم لە دەم و چاوی خۆم دا و گۆتم: یاڕەبی خوایە زۆر شوکر تووشی چبووم، توخوا ئەوە وەسفە زەکیە دەیکا، ئێ دایە چیدی؟ داکم گۆتی: کوڕم وەڵلاهی هەر ئەوەندە، گۆتی: ژنە هاتە پێش دەرکەیی و گۆتی: بەو مارە جیرانەتان برێ، ئەو قوماشەی لە کنەمە بە دوورینیان دایە، با بێن بیبەنەوە! وەلحاسر لەگەر داکم نەگەیشتینە هیچ و نەمانزانی ماری هەورینینە یان نا! لۆیێ بە بێ دەنگی چوومەوە ژۆرەکەی خۆم و سەرم هاویشتە بن بالیفی و لێم پارداوە و گۆتم: با جارێ بڕەکی بنووم و مێشکم ساف کەم، ئەوجە بڕیارەکی دەدەم چ بکەم و چ نەکەم!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!