بەلوچەکان چۆن بیر لە کورد دەکەنەوە؟!
نووسین: ڕەوا موسا
دوو ساڵە پەیوەندیم لەگەڵ دەیان بەلوچ بەستووە، بەپێی ئەو زانیارییانە بێت لەم ماوەیەدا لەڕێی هاوڕێ بەلوچەکانەوە دەستم کەوتوون، بەشێوەیەکی گشتی گەلی بەلوچ نەخوێندەوارە و ئاگاداری جیهانی دەرەوەنین، بەڵام بەشە خوێندەوارەکەیان ئەوانەی خوێندنی زانکۆیان تەواوکردووە و چینە چاوکراوەکەی بەلوچن بەتەواوی ئاگاداری پەیوەندی نزیکی خوێنینی خۆیانن لەگەڵ گەلی کورد. بیروبۆچوونی بەلوچە خوێندەوارەکان دەربارەی کورد بەشێوەیەکی گشتی بەسەر دوو بەشدا دابەشبوون:
بەشی یەکەم: پێیان وایە گەلی بەلوچ بەشێکە لەگەلی کورد پێشتر بەهۆی کۆمەڵێک جەنگەوە لەسەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی میدیاوە هەتا زەمانی عەباسی و سەفەوییەکان بەردەوام هۆزی بەلوچ لە کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ بەلوچستانی ئێستا، کە بۆماوەیەکی زۆریش حوکمڕانی ناوچەکانی نێوان سیستانی ئێران بۆ ڕووباری سیندیان کردووە. مێژوونووسی بەناوبانگی بەلوچەکان ئاخوند محەمەد ساڵح بەلوچ (نرخی ئەم مێژوونووسە لای بەلوچەکان وەکو شەڕەفخانی بەدلیسیە بۆ کوردەکان سەر بەم بەشەی بەلوچ بوو کەبەتەواوی پێیان وایە بەلوچ لقێکی کوردن وەکو لوڕ و گۆران و کرمانج، ئەم مێژوونووسە گەورەیە لەسەدەی حەڤدە کتێبی (کوردگال نامەک)ی نووسیووە کەتێیدا هەموو بەلوچ بە کوردگال ناودەبا واتا (کوردگەل یان گەلی کورد)، لەئێستادا لایەنگرانی ئەم بۆچوونە زۆرن بەتایبەتی ئەندامە خوێندەوارەکانی چەند هۆزێکی دیاریکراو کە لەپۆستێکی تر باسیان دەکەین.
بەشێکی باشی ئەندامە خوێندەوارەکانی ئەو هۆزانەی بە زمانی براهوی قسە دەکەن کە نزیکەی دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەسن. هەر ئەوانەش بوون کە بۆ زیاتر لە چوار سەد ساڵ لە 1512 ەوە تاوەکو 1955 میرنشینی خەڵاتیان بەڕێوەدەبرد کە دواهەمین و گەورەترین میرنشینی سەربەخۆی بەلوچەکان بوو. ئەم بەشە پێیانخۆش نییە ناوی بەلوچ وون ببێت بۆیە هەمیشە بەخۆیان دەڵێن کوردی بەلوچ یاخود بەلوچی کورد. کەسایەتی زۆر گەورەیان تێدابووە کە لەناو هەموو بەلوچەکاندا ڕێزلێگیراون و وەکو سونبول سەیردەکرێن لەوانە عەبدولعەزیز کورد ,یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی ئازادیخوازانی بەلوچستان و لەگەڵ یوسف مەگسی پارتێکی دروستکرد بەناوی (ئەنجومەنی ئیتیحادی بەلوچان) ئەمەش بە یەکەمین پارتی سیاسی بەلوچەکان دادەنرێت لەمێژوودا و شەڕیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی بەلوچستان کردووە، ئێستاش ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەناو پارتە یاخیبووە چەکدارییەکانی دژی پاکستان.
بەشی دووەم: ئەو بەلوچانەن کە پێیان وایە کورد بەشێکە لەگەلی بەلوچ یاخود دەڵێن هەردووک لا برای یەکترن و نەوەی ماددەکانن. ئەم بەرەیە پێیانخۆش نییە بەکورد بانگبکرێن و ناوی بەلوچ وون ببێت بەڵکو لەجیاتی ئەوە دەڵێن کورد بەشێکی بەلوچە یاخود پێیان ئاساییە لەحاڵەتی یەکگرتنی هەردووک نەتەوەکەدا دەستبەرداری ناوی بەلوچ ببن لەبەرامبەردا کوردیش دەستبەرداری ناوی کورد ببێت. زیاتر مەیلیان بەوەدایە ناوێکی نوێ دابتاشرێ بۆ ئاماژەدان بەهەردووک گەل و کردنیان بەیەک نەتەوە (هەندەک لەوان دەڵێن کورد بەلوچ، یان میدیا ناوێکی باشە بۆ یەکگرتنی هەردووک گەل. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان کورد و کوردستانیان زۆر خۆشدەوێت و حاشا لەوەناکەن کە لەکوردستانەوە کۆچیان کردووە ئەم بەلوچانە بەرامبەر حوکمداری هەموو نەتەوەیەکی تری دونیا توڕە و توندن و بەداگیرکەر دەیانبینن جگە لەکورد، کە زۆر پرسیارم لێکردوون دەربارەی ئەوەی ئەگەر داوایان لێبکرێت لەنێوان ژێردەستەیی حکومەتێکی کوردی و هەر حکومەتێکی تری جیهان دانەیەک هەڵبژێرن چی دەکەن، وەڵامی ئەوان هەمیشە ئەوەبوو حکومەتی کوردی هەڵدەبژێرن چونکە خاوەنی یەک خوێنن لەگەڵ کوردەکان و هەرگیز بەچاوی بێگانە و داگیرکەر سەیریان ناکەن.
بابەتی کوردبوونی بەلوچەکان تەنانەت نەتەوەکانی دراوسێشی گرتووەتەوە بۆنموونە نەتەوەی پونجابی کە ئەو نەتەوەیە پاکستان بەڕێوەدەبات هەمیشە بە بەلوچەکان دەڵێن (کردستانیون) کە بەزمانی ئۆردوی واتا (کوردستانیەکان) بەلوچێکی هاوڕێم ئەوەی بۆ پشتڕاست کردمەوە کە بەڵێ نەتەوەی پونجابی بەزۆری بە کوردستانی بانگیان دەکەن وەک لەوەی بە بەلوچ ناویان بەرن!
گەلی بەلوچ نزیکەی حەفتا ملیۆن کەس دەبن لەخاکێکدا دەژین بە بەلوچستان بانگی دەکەن، بەڵام دابەشکراوە بەسەر پاکستان و ئێران و ئەفغانستان، بەشە گەورەکەی لە پاکستانە. لەئێستادا تەنها نزیکەی پانزە ملیۆن کەسیان بەزمانی بەلوچی قسەدەکەن ئەوانی دیکە بەلوچیان لەبیرچۆتەوە، چەندین پارتی چەکداری شۆڕشگێڕیان هەیە لەدژی پاکستان شەڕ دەکەن. جار جارە زەبری گەورە لەسوپای پاکستان دەوەشێنن بەڵام بەهۆی گەمارۆی توندی میدیایی حکومەتی پاکستانەوە زانیاری دەربارەی ئەم جەنگە ناوخۆییە بڵاوناکرێتەوە. لەدواهەمین زانیاری دزەپێکراودا شەش ڕۆژ پێش ئێستا لە تویتەر هەواڵی سوتاندنی بازگەیەک و کوژرانی 10 سەربازی پاکستانی بڵاوبووە لە شاری دیرە ئیسماعیل خان لەلایەن بەلوچە شۆڕشگێڕەکانەوە. ئەمڕۆش برایەک لەوێوە پێی ڕاگەیاندم دوو ڕۆژ بەر لەئێستادا خاڵێکی سەربازی کۆنترۆڵکراوە و حەڤدە سەربازی پاکستانی تێداکوژراوە کە دەووترێت دوو یان سێ سەربازیان بەنەتەوە بەلوچ بوون لەناویاندا تەرمی مستەشارێکی گەورە و بەناوبانگ بە سوتێندراوی دۆزراوەتەوە.
ئەم بابەتە زۆر زیاتر هەڵدەگرێت بەڵام لێرە ئەوەندە بەسە بۆئەوەی درێژتر نەبێت، لەداهاتوودا زیاتر لەسەری دەوەستین.
ڕۆژێک لە خۆڵەمێشەکانەوە هەڵدەستینەوە.[1]