شەوی 21 لەسەر #22-03-1988# لە گوندی کانی ساردەوە ڕژێمی بەعس بە چەکی کیمیاوی کیمیابارانی دۆڵی قەرەداخیان کرد، لەو کیمیابارانەدا گوندی (سێوسێنان) بەسەختی کیمیابارانەکەی بەرکەوت کە هاوڵاتییەکی زۆری بێ تاوانی تێدا شەهید بوو.
بۆ بەیانیەکەی ڕژێمی بەعس لە سێ قۆڵەوە پەلاماری شاخی زەردەیاندا، سەرەتا تۆپبارانێکی قورسی کرد، لە 10ی بەیانی هێرش دەستی پیکرد بۆ سەر شاخی زەردەی پشت کەلی پەیکوڵی.
پێشمەرگەکانی تیپی 53ی شێروانە و 17ی زمناکۆ لەو شەڕەدا بەشدار بوون، شەرەکە تا دەهات گەرمتر دەبوو، ڕژێم هەموو توانای خۆی چر دەکردەوە بۆ داگیرکردنی تەواوی شاخەکە، بەڵام هێزی پێشمەرگە و هێزی پشتگیری ناوچەکە بەرەنگاریان بوونەوە و شەڕ تا کاتژمێر 4ی ئێوارە بەردەوام بوو، سوپای ڕژێم لە هەموو قۆڵەکانەوە شکاو بە کوژراوێکی زۆرەوە پاشەکشەی کرد.
پێشمەرگە قارەمانەکان لە شەڕی ڕۆژی یەکەمدا بێ زیان بووین، بەڵام بۆ ڕۆژی دووەم 23-03-1988 سەر لەنوێ و بەهێزێکی زۆرترەوە سوپاکەی ڕژێمی فاشستی بەعس بە پاڵپشتی تۆپبارنێکی قورس و چەندین فەوجی جاش و قوەت خاسە هێرشیان دەست پێکردەوە، شەرەکە بە سەختی هەتا کاتژمێر 5ی ئێوارە درێژەی کێشا، ڕژێم بە چەندین کەتیبەی تۆپخانەی قورس تۆپبارنێکی زۆر چڕی شاخی زەردەی دەکرد کە هیچی کەمتر نەبوو لە تۆپبارانەکانی شەری نێوان (عێراق و ئێران)، سوپای داگیرکەری بەعس زیانێکی زۆری لێ کەوت، ئێمەش لەم شەرە خوێناوییەدا 4 پێشمەرگەی قارەمانمان شەهید بوون، ئەوانیش ئەم قارەمانانە بوون:
1- شەهید عەتا شێخ بایەر - خەڵکی گوندی بساکان.
2- شەهید حەمە شوانی باشکی - خەڵکی قەزای کفری.
3- شەهید ئەحمەدە ڕەش - خەڵکی قەزای کفری.
4- شەهید مەجید - خەڵکی گوندی خەلیفە ئەحمەدی ئەوبەری سیروان.
هەر لەو داستان و بەرگرییە کەم وێنەیەدا، چەندین پێشمەرگەمان بریندار بووین لەوانە:
1- خورشید.
2- سەمەد هۆمەربلی.
3- وەلی هێزی پشتگیری خەڵکی گوندی شێخ تەویل.
4- خۆیشم (عەلی زاوتی) لەو شەڕەدا بریندار بووم قاچێکم شکا.
کۆمەڵێک پێشمەرگە کە لەو شەڕەدا بەشداربوون، ئەوانەی کە ناوەکانیانم لەبیر بێت دەینووسم، وە ئەگەر ناوێکیشم لەبیرچوو داوای لێ بوردن ئەکەم، هەروەها بە داخەوە زۆر هەوڵم دا بەڵام وێنەی هەر چوار شەهیدەکەم دەست نەکەوت.
ناوی پێشمەرگە بەشدارەکانی شەڕی زەردە:
1- سەمەد هۆمەربلی - جێگری فەرماندەی کەرت سەرپەرشتی هێزەکەی دەکرد
2- هەڤاڵ
3- شەهید وەلی
4- شەهید ئازاد بەکربایەفی (دواتر شەهید بوو)
5- حاجی محەمەد حاجی عومەر
6- محەمەد مەجید داوێ
7- سەلامە ڕەش.[1]