لەبەر چ منارەی #داقوق# و چۆلی #هەولێر# پێک دەچن!
نووسینی: وریا عومەر ئەمین
کە سوڵتان (موزەفەرەدین گۆکبەری حاکمی هەولێر/1153-1232ز) سەردانی خەلیفەی عەباسی (ئەلموستنەسر بیللای/1192-1243)کرد، کە حوکمی بەغدای دەکرد لەسارانی (1226-1242)، خەلیفە بە گەرمی پێشوازی لێکرد و لە شوێنێکی زۆر شیاو جێنشینی کرد و زۆر پاداشت و دیاری پڕ بەهای دایێ، لەکاتی گەڕانەوەی لۆ هەولێر، سوڵتان لە گوندی (داقوق) تێپەر بوو و چاوی بە منارەکەی کەوت. شێوەکە و جوانیەکە و چۆنیەتی دروست کردنی پێ سەیر بوو و پەسەندی کرد. بڕیاری دا منارەیەکی لەم شێوەیە لە هەولێر کە پایتەختی حوکمدارییەتی دروست بکات، چاوی بە وەستای ئەندازیاری ئەو منارەیە کەت و داوای لێکرد کە بێتە هەولێر و منارەیەکی لە شێوەی منارەی داقوق دروست بکات، لەگەڵی پێکهات کە بێتە هەولێر بۆ نەخشەدانان بۆ پرۆژەکە، بەڵام لەبەر هەندێ تایبەتمەندیی، نەیتوانی لەو کاتە لەگەڵ سوڵتان سەفەر بکات، بۆیە یەک لە قوتابیە یاریدەدەرەکانی خۆی ڕاسپارد کە لەگەڵ سوڵتان سەفەر بکات لۆ هەولێر و لە جیاتی ئەو نەخشەی دروست کردنی منارەکە بکێشی بەو هیوایەی کە پاشان وەستاکە بێ و دەست بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە بکات لە هەولێر.
قوتابیەکە لە هەولێر یەکسەر دەستی کردە نەخشەکێشان و جێبەجێ کردن، بە شێوەیەکی وورد منارەکەی لە ماوەیەکی پیوانەیی دروست کرد، بەشێوەیەکی بەرزتر و زۆر جوانتر لە منارەی داقوق، سوڵتان کارەکەی بەباشی نرخاند و پاداشتی کرد و پارەیەکی زۆری دایێ.
کاتێک کە وەستاکەی منارەی داقوق گەیشتە هەولێر بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکە، واقی وڕما کە دیتی قوتابیەکەی منارەکەی دروست کردوە بە و زەخرەف و نەقشە نایابانە و بەو بەرزییە، زۆر خەمبار بوو، لە دڵی خۆیدا گوتی، کو قوتابی من بەو شێوە نایابە و بەو جوانییە و بەو خێراییە منارەکەی دروست کردوە؟
بۆیە دڵی پڕ قینە و حەسوودی بوو و ویستی پیلانێک دابنێ بۆ لەناو بردنی قوتابیەکەی، یەکەم جار ستایشی کرد و سوپاسی کرد لە دروست کردنی ئەم منارەیە و شانازی خۆی بۆی دەربڕی و داوای لێکرد بەسەر منارەکە بکەون، خۆی لە دەرگای لای ڕۆژهەڵات بەسەر کەوت و شاگردەکەشی لەدەرگای ڕۆژئاوا، هەردووکیان پێکەوە گەیشتنە سەرێ، وەستا ڕق و کینەی زیاتر بووەوە و ویستی فڕێی بداتە خوارەوە بەڵام پێی خزی و کەوتە خوارەوە و یەکسەر مرد.
حیکایەتێکی تریش هەیە کە نزیکی ڕاستییە، کە وەستاکە لە پەیژەی یەکەمی منارەکە بەسەرکەوت، نەیدەزانی پەیژەیەکی تریش هەیە، قوتابیەکە لە پەیژەی دووەم بەسەر کەوت و لە لوتکە گەیشتنەوە یەک، قوتابیەکە کە هەستی کرد وەستاکەی لەبارێکی دەروونی ئاسایی نییە، ترسا کە هەرەشەی لێ بکات و بەپەلە هاتە خوارەوە لە پەیژەی یەکەم و وەستایەکە وایی زانی کە پەیژەی دووەم لەدابەزیندا، دەگاتە یەکەم بۆیە ئەو دووەمی هەڵبژارد و لەخوارەوە گەیشتنەیەک، وەستاکە پیرۆزبایی لە قوتابییەکەی کرد لەسەر ئەو جێبەجێ کردنە گەورەیە، پاشان بەرەو (مووسڵ) ڕۆیشت و بڕیاریدا کە منارەیەکی باشتر لەوەی هەولێر لەوێ دروست بکات و تۆلەی لە قوتابیەکەی بستێنی کە سەرکەوتوتر دەرچوو.
لە مووسڵ منارەیەکی لاری دروست کرد کە پێشبینی ڕووخانی لەهەر کاتێکدا دەکرا، کە پاشتر ناویان لێنا (منارەی حەدبا)، منارەی حەدبا نزیکەی 800 سەدە خۆراگر بوو بێ ئەوەی بروخێ، سەرەڕای لارییە زۆرەکەی کە بە حیساباتی ئەندازەیی موستەحیل بوو، بەم جۆرە دیسان وەستاکە بەپێش قوتابیەکەی کەوت، لەمەوە بۆمان دەردەکەوی کە نەخشە دروست کردنی منارەی داقوق و حەدبا بەدەستی هەمان وەستا بووە لە نیوەی دووەمی سەدەی دوازدەم.[1]