قوماش 10
نووسینی: #ئوسامە جەمیل عەلی#
دەوری سعات نۆی سبەینێ لە خەوێ هەستام و لە ژۆرەکەی خۆم هاتمە دەرێ، دیتم داکم نانی دانایە و بابیشم جلکی گۆڕیە و بە تەمای چوونە کن قادرە فەندیە، داکم هەر چاوی بە من کەت، گۆتی: دە قوومە ئاوەکی بە دەست و چاوت داکە و وەرە پارە نانەکی بخۆ ڕۆرە! ئەمنیش چوومە بەر بەلوعەیی و دەست و چاوم شووشت و سەلامم لە داک و بابم کرد و چووم لە تەنیشتیان دانیشتم، بابم قاپە ماستەکەی ڕاکێشا پێشە من و نانەکی فڕنیشی دا دەستم، داکیشم وەکی پەلیکی چایەکی گەرمی لۆ تێکردم و دایە بابم و بابیشم لە پێشی دانام، داکم گۆتی: دەبخۆ ڕۆرە بخۆ، بابم گۆتی: کوڕم بە تێری بخۆ و در لە دری نەدەی، ئەوڕۆ بابت نایێتەوە هەتا لایەک بە لایەکی نەکا! گۆتم: خوا خێرتان بنووسی، وەڵلاهی ئەنگۆشم بە خۆم هیلاک کردیە، بابم گۆتی: کوڕم داک و باب لەو دنیایەی لە غەیری خۆشی ئەولادی هیچی دیان ناوێ، داکم گۆتیە بابم: چایەکی دیت لۆ تێکەم؟ بابم گۆتی: پێویست ناکا، دەچم لە کن قادرە فەندی دەیخۆمەوە، بابم قیت بۆوە و گۆتی: ئەڵلا بە ناوت، دوعام لۆ بکەن، ئیشەکەی بە باشی تەرتیب کەم! داکم گۆتی: بڕۆ خوا و مەلائیکەتێ عارد و عاسمانانت لەگەربی، ئیدی بابم خواحافیزی کرد و ئەمن و داکم هەتا دەرکەی حەوشێی لەگەر چووین، دەرکەم پێوە داو گەڕاینەوە حەوشێ و دەستم بە نان خواردنێ کردەوە، داکم گۆتی: ڕۆرە وەکی نانت خوارد ئەو بتلە غازەی سەر سێکوچکەم لۆ بگۆڕە غازی تێدا نەمایە، بە تەمامە لۆ نیوڕانێ کفتەکی لێنێم! گۆتم: وەی بە سەرچاو دایە، بەران بێ کودیە زەرد لێبنێی ئەمن ناخۆم! داکم گۆتی: خەمت نەبی کوڕم، ئەدی حەمەدەمینی بابی خەجەی دوو سێ کودیە زەردی لۆ نەناردبووین، ئەوی تێدەکەم! داکم وەکی ناوی خەجەی هینا، دیسان میزاجم تێکچوو، بەران بەسەخۆم نەهینا، نانەکەم خوارد و چوومە ژۆرەکەی خۆم، ئووتیەکەم پێکرد و مێزی ئووتیەکەم دانا، گۆتم با خۆم بە ئووتی کردنی ئەو کراس و پانتۆڕانە خەریک کەم، هەر هیچ نەبی وەخت دەڕوا.
خەریکی جلک ئووتی کردنێ بووم، داکم هات و گۆتی: دلەی جیرانمان هاتیە، دەرێ ئیشم پێیتی، ئەمنیش چوومە دەرێ بزانم دلە چی دەوێ، بەخێراتنم کرد و گۆتم: فەرموو دلە! گۆتی: وەڵلا ئەوە ڤیدیۆیەکم بە کرێ هینایە، لۆ نایێیە مارێ مە، بە بازۆ و سیرەشم گۆتیە، گۆتیان: هەونکە دێین، سێ چار فلیمی زۆر خۆشم هینایە، ئاگری دەکاتەوە، گۆتم: دلە بڕۆ وازم لێ بینە، بەخۆم بوویمە فلیم، ئەمن تاقەتی ئەو چشتانەم نیە! دلە گۆتی: ئەوە ئەمن پێم گۆتی، دوایێ گلەیی نەکەی ها، گۆتم: بڕۆ بەجێم بێلە دلە، دلە لێیدا ڕۆیی و ئەمنیش چوومەوە زگ جلک ئووتی کردنەکەی!
بووە دەوری نیوڕانێ بابم هەر نەهاتەوە، داکم خەریکی کفتەی بوو، گۆتم: ئەرێ دایە بابم تاخیر نەبوو؟ گۆتی: نا کوڕم نا، هەونکە بەدەر دەکەوی، دە لە ناو ئەو سەرنانەی پارچە نانەکی بینە با هەندە قیمەت لۆ تێکەم بیخۆی! ئەڵلا لە دری داکی، چەند جوان بوون ئەو داکانەی پێشی، چەند ناسک و خانەدان بوو، دری بەوەی داناکەوی کفتەم لۆ لێنێ، حەزدەکا لە قیمەکەش پارووەکی بخۆم، ئێستا کە ئەو دیمەنانەم بە بیر دێتەوە هەر دوو چاوم پڕی ئاو دەبی و هەتا هێزم تێدایە دەست برند دەکەمە عاسمانێ و لە خوای دەپاڕیمەوە خوا لە داک و بابی هەمووان خۆشبی!
کفتە کورا و نوێژیش کرا، سعات گەییە دوری ئێک و نیووی بابم هەر دەرنەکەت، درم کەتە قرت و فرت! گۆتم: دایە وەزعەکەی باش نابینم! وەلەو داکیشم وەکی من بێتاقەت بوو، بەران نەیدەویست بەسەخۆی بینی، لۆیێ گۆتی: کوڕم هەبی و نەبی قادرەفەندی ئیزنی نەدایە و پێکەوە چووینە کەبابخانەکی و نانی بخۆن! گۆتم: ئیشاڵلا وەیە، هەرچەندە درم وانارێ!
نوێژی عەسرێشمان کرد، بابم هەر نەهاتەوە، گۆتم: دایە مەعقول نیە بابم ئەوها تاخیربی، ئیللا چشتەک بووە، ئەمن دەبی بە دوو بابم دابچم! داکم گۆتی: ئەوجە بە دووی دادەچی کێوە دەچی، کوڕم ئەمە چسووانین بابت کێوە چووە، ئێ خۆ هەونکە دائیرەش نمایە، هەتا بچیە وێندەرێ، گۆتم: دایە دەترسێم بابم چشتەکی بەسەر هاتبی، هەر با لە بایی غارێ سەرەکی لە تەواری و دائیرەی شورتەی بدەم، ئەوڕۆ پیاو بزربی یان لە خەستەخانەی دەیبینەوە، یان لە پۆلیسخانەی! داکم شەپەکی لە سینگی خۆی داو گۆتی: وەی کۆرەبم، کورە کوڕم ئەو قسانە مەکە، درم ڕنگەی لێوەهات! گۆتم: دایە ئیشاڵلا چنەبوو، بەران مەعقولیش نیە بابم ئەوەندە تاخیربی، ئێ باشە پێت کووە بچمە ماری قادرە فەندی و لێی بپرسم بزانم بابم چوویتە کنی یان نا؟ گۆتی: کوڕم چشتی ئەوها نەکەی عەیبە حەیامان دەچی، ئەگەر بابت هەت سعاتەکی دی نەهاتەوە بەخۆم دەچمە مارێ قادرە فەندی و سوعالەکی لێدەکەم! گۆتم: زۆر باشە دایە، ئەتوو کووت پێ باشە ئەوها بکە!
بووە مەغریب و دنیا بەرەو تاریکی دەچوو، زۆر مشەوەش بووین، داکم عەبای هاویشتە سەر شانی و گۆتی: سەبرم نەما، دەچمە مارێ قادرە فەندی، گۆتم: دایە ئەوە شەو داهات، نابی بە تەنێ بچی بەخۆم لەگەرت دێم! گۆتی: زۆر باشە، بەس ئەتوو لەسەری کۆرانێ ڕاوەستە، کوڕم با نەتبینن، عەیبە، حەیامان دەچی! گۆتم: زۆر باشە، هاتینە دەرێ و دەرکەی حەوشێم پێوەدا، داکم گۆتی: کلیلی دەرکەی باوێ ئەوکونەی لە دیواری، وەبی ئەگەر بابت هاتەوە با ئینتیزار نەکا، ئەو دەزانی ئەمن کلیلی لەوێ دادەنێم، گۆتم: زۆر باشە، کلیلەکەم لەوێ دانا و لەگە داکم بەڕێکەتین لۆ مارێ قادرە فەندی، گەیشتینە ئەوسەری کۆرانی خۆمان، دیتم دوو تڕومبێل بە تیژی لەمە تێپەڕین، ئاوڕم داوە دیتم لۆلای مارێمە چوون، وەختەکی لە پێش دەرکەی مارێمە ڕاوەستان و دوو سێ زەلام لێ هاتنە خوارێ، گۆتم: دایە، وابزانم ئەوانە لۆ ماری مە هاتینە با بگەڕێینەوە، گۆتی: ئەتوو برێی؟ گۆتم: هەها ئەو پیاوە جەڕەسی مارێمەی لێدا، گۆتی: یاڕەبی خوایە بە خێری بگێڕی، قۆرم بگرە ڕۆرە، پێم عاردی ناگری، بابگەڕێینەوە و بزانین چبووە!
لەگە داکم گەڕاینەوە پێش دەرکەی، داکم گۆتی: تێم بگەینن چبووە، لۆ لە پێش دەرکەی مە ڕاوەستاینه؟ ئێکیان گۆتی: خۆ مشەوەش مەکە دایە، ئەلحەمدولیللا هەر بەوەندەی بوو، داکم هەتا شەپ گرتی لە سینگی خۆیدا و گۆتی: وەی کۆرەبم، وەی کۆرەبم، داکم لە خەمان بەربۆوە عاردی، نەمگرتباوە سەری بە ڕەسیفی دەکەت و مێشکی دەتەقی! گۆتمە کابرای پێمان برێ، بزانین بابم چی لێهاتیە؟ کابرا گۆتی: دەنگۆ سواری تڕومبێلی بن، بچینە تەواری هەموو چشتی تێدەگەن!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!