قوماش 12
نووسینی: #ئوسامە جەمیل عەلی#
تەماشام کرد بابم پێیەکی بە گوریسی برند کرابوو، دوو سێ کیلۆ ئاسنی لە خوارێ پێوەکرابوو، هەموو دەم و چاوی یەک پارچە بە لۆکە و لەفافی پێچرابوو، بەس جێی چاو و دەو و هەر دوو کوونە کەپووی کوونیا تێکرابوو لۆ هەناسە و دیتنێ، قالبی لە تۆقی سەری هەتا بنی پێی بە لەفافی پێچرابوو، دختۆرەک و دوو سێ سستەر و مزەمیدی لەسەربوو، بتلە خینەک و بتلەکی موغەزی لەسە بوو، داکم وەکی چاوی بە بابم کەت ڕاست بەربۆوە و لە خۆچوو، گۆتمە دختۆری بگەنە داکم خێرتان دەگاتێ، هەر زوو ڕووبوونە داکم و ئەویشیان لە قەرەوێرەکی لە تەنیشت بابم درێژ کرد، دختۆر گۆتیە ئێکەکی زەختی بگرن، کابرا بە پەلە جیهاز زەختەکی هینا و زەختی داکمی گرت و فیتەکی لێدا و گۆتی: فیوووووووووووو! دختۆر سەری برند کرد و گۆتی: ها! کابرا گۆتی: وەڵلا زەختی هەژدەیە دختۆر! دختۆر گۆتی: زوو دەرزیەکی لازیکسی لێدەن و بتلە ئاوەکیشی تێکەن! شێرۆ گۆتیە من، ئەتوو لێرەبە وا ئەمن دەچم خەبەری دەدەمە گەڕەکێ! گۆتم: چاوەکم چشتی وانەکەی، بڕوا بکە دنیامان بەسەر دادەقژژێ، جارێ ڕاوەستە بزانین وەزعەکە چی لێدێ، شێرۆ قوون کەتی ماری کم لە باتی درم بداتەوە، دەستی لەسەر شانم داناو گۆتی: ئەوها بڕوا وابزانم دەبی دوو قەبران عازر کەین! تەماشایەکی شێرۆم کرد و ئەعسابم نەما، گۆتم: قەبری لۆ کێ لێدەین؟ گۆتی: لۆ داکت و بابت، نابینی هەردووک بووینە مەیت! گۆتم: شێرۆ، ئەتوو یەک پیاوەتیم لەگەر بکە مەمنونت دەبم، گۆتی: برێ بزانم، گۆتم: لێرە دوورکەوە، بەران وەبکە لە دەرکەی ئیزنمان بدەن! گۆتی: لۆ هاتنە ژۆرێ، خەمت نەبی، بەران ئەمن کوو درم دێ بابت و دایە عاجی بەجێ بێلم، زانیم لەگەر شێرۆی فایدەی نیە، لۆیێ ڕووم لە دختۆرەکەی کرد و گۆتم: دختۆر بابم کووە؟ دختۆر گۆتی: دەتانین برێین باشە، چونکە لە خەتەریات دەرچووە، ئەوەی باشبووە کابرای لێیدایە زوو هینایە خەستەخانەی، دەنا حسابی ڕۆیی بوو، ڕانی ڕاستەی شکایە، فەوری عەمەلیاتم کرد و لۆمان هیناوە، لای چەپەشی ئەزیەتی خواردیە و وا ئاسنمان تێ هێخستیە بەشکو بێتەوە، خینی زۆر لەبەر ڕۆییە، ئەوە سێیەم بتلە لەسەری و پێویستی بە چیدی نابی، گۆتم: باشە ئەوە کێ خینی دایە؟ ئێک لەو زەلامانەی ئەمن و داکمی هینا، گۆتی: ئەمە تەرتیبمان کرد، گۆتم: باشە سایەقەکە لە کێ یە؟ کابرا گۆتی: وەڵلا وا لە ژۆرێیان کردیە و گیرایە، گۆتم: ئەمن ناتانم بەری دەم، چونکە بابم مایە، کەنگی بابم چابۆوە، دەبی ئەو ئەو قرارەی بدا، گۆتیان: بەس بابت سەلامەت بی، ئەمە هیچمان ناوێ، با ئەو جارێ لە سجنێ دابێ! شێرۆ هەریدایێ و گۆتی: وەڵلا ئەو زەلامە عەقی ئیعدامی هەیە، کوڕم ئەتوو نازانی سواری کەرێ بی، کێڕان بوویە سایەق ئامانە! گۆتمە شێرۆی: شێرۆ جارێ وەختی هەندێ نیە و سڵاوەتەکی لێدە، گۆتی: وەختیتی و نوس، ئەو نوسە عارەب بەکاری دەینن، نازانم شێرۆ لەکێی گێ لێ ببوو، ئێک لە خزمەکانی کابرای سایەق گۆتی: کاک شێرۆ هەقی وایە ئەتوو قسەی خێر بکەی نەک وەزعەکەی تیر کەی! چاوەکم لە جەماعەتی قووچاند کەوا واز لە شێرۆی بینن، جارێ ئیشمان پێیتی، ئەمن تاقەتی ئاودیوو بوونی سەر دیواریم نیە! باشبوو ئەوان لە چاو قووچانەکەی من تێگەیشتن و چیدی دەودەوانێیان لەگەر شێرۆی نەکرد، گۆتمە دختۆری کەنگی بابم بەخۆ دێتەوە؟ گۆتی: ئیشاڵلا ئەوشۆ، ئەمان جارێ هیچی مەدەنێ، لە سبەینێوە هوردە هوردە شۆربای بە دەوی وەکەن، هەتا ڕیخەرۆکی بە ئیش بکەوتەوە! گۆتم: لۆ دختۆر ڕیخەرۆکی ڕاوەستایە؟ گۆتی: لەبەر تەئسیری بەنجی ڕاوەستایە نەک ئامانە لێدانەکەی! گۆتم: ئەدی داکم؟ گۆتی: ئی وی چنیە، هەونکە تۆزەکیدی بەخۆ دێتەوە! زۆر مەمنونی دختۆر و کارمەندەکان بووم، دختۆر ئیمزایەکی لە فایلەکەی دا و ڕۆیی، ئەمنیش لە دیار داک و بابم بە درەکی پڕ خەم ڕاوەستام! وەختەکی شێرۆ چووە دەرێ، هەندەی پێنەچوو هاتەوە، دیتم کورسیەکی هینایە، لۆ منی داناو گۆتی: دانیشە و ئیسرەعاتەکی بکە، بابچم لەفەکیشت لۆ بینم، تەئکید برسیتە! خزمی سایەقەکەی گۆتیان: ئەزیەت مەخۆ کاک شێرۆ، ئەمە هەموو چشتمان تەرتیب کردیە! شێرۆ تەماشایەکی کردن و ڕووی وەرگێڕا و ڕۆیی، وەکی برێی پێی ناخۆشبوو پێی نارێن دختۆر شێرۆ!
لەسەر کورسیەکەی دانیشتم و سەرم نووی کرد و بە هەردوو چاوان تێر تێر لۆ داکم و بابم گریام، ئەتوو بڕۆنێ ئەو ژنهینانەی من کوو لۆ وان بووە خەم و خەفەت، کوڕ ژنی دەینی هەتا دری داک و بابی خۆش کا، ئەمن هەردووکم هاویشتە خەستەخانەی! فکریشم لەوەی دەکردەوە دەبی بابم چووبیتە کن قادرە فەندی و دیتبی، دەبی قسەی لەگەر کردبی، دەبی ڕازی بووبن، هەزار و یەک فکر و خەیارم دەکردن و دە جار بابم ڕەوانی دائیرەی ئاوێ دەکرد و دەمهیناوە و هەر جارەکیش بە نەوعەکی لێکم دەداوە، لەو داڵغانە دابووم ئێکەک دەستی لەسەر شانی دانام و گۆتی: کاکە، کاکە! سەرم برند کرد دیتم ئێک لە خزمەکانی سایەقەکەی بوو، گۆتی: نانمان هینایە، ئەگەر پارە نانەکی بخۆی! گۆتم: زۆر مەمنون، بەخوای هیچم پێناخورێ، مەعیدەم بە تەواوی گیرایە، سووندیان خوارد و گۆتیان دەبی هەر پاوەکی بخۆی، گۆتم: کاکە وەڵلا پێم ناخورێ، ئەنگۆ بخۆن عافیەتتان بی، ئێکەکیان زەرفەکی دەرینا و هاویشتە گیرفانم، گۆتم: ئەوە چیە، گۆتی: ئیشت پێ دەبی لۆ مەسرەف و داو و دەرمانی، دارمهیناو گۆتم: قەت وەرناگرم، بابم بزانی لێشم توڕە دەبی، لۆیێ پێویست بەوەی ناکا، ئەوەندە لۆ من بەسە، سایەقەکە بەجێی نەهێشتیە و هینایتیە خەستەخانەی!
مایتی.[1]