قوماش 16
نووسینی #ئوسامە جەمیل#
لەو کەین و بەین و وەزعە ناخۆشەی تێیدا بووم، بە بیرم هاتەوە هەورین دەستە خوشکەکی هەیە لە مەعمەل مافوری دەوام دەکا، گۆتم: وەچاکە خۆ بگەینمە ئەو دەستە خوشکەیی و مەسەلەکەی لۆ باس بکەم، بەشکو ئەو لەگەر هەورینی قسەی بکا و هیممەتەکم لۆبکا، ڕۆژی پاشتر سعات دەی بەیانی جلکم گۆڕی و پێراوم لە پێ کرد، داکم لە حەوشەی ڕاوەستابوو جلکی لە سەر ڕستەی هەردێخست(جلی دەخستە سەر تەناف)، گۆتی: یاڵلا خێر، کێوە دەچی ڕۆرە؟ نەوێرام برێم حار و حساب ئەوهایە، گۆتم: دەچم سەرەکی لە تەربیەی دەدەم بزانم ناوم نەگەڕایتەوە لۆ تەعین بوونێ، دەرێن بەتەمانە خەریجی ئەوسار هەمووی دامەزرێنن بە مامەستا لە گوندان! گۆتی: دەبڕۆ کوڕم بڕۆ خوات لەگەربی، بەران لەوسەری وەکی هاتیەوە لەگەر دەستی خۆت کیسە خومرەکی لۆ داکی خۆت بینە! گۆتم: وەی بەسەر چاو دایە! خواحافیزیم کرد و هاتمە دەرێ، لە دەرکەی گەیشتمە شێرۆ شامینۆکی لۆ مارێمە دەهات، گۆتیە من کێوە دەچی سەر لووس؟ گۆتم: بڕەکم ئیشم هەیە هەونکە دێمەوە، گۆتی: یان دەچیە پێش ئەسواق سیروانی و بەدوو کچان دەکەوی! گۆتم: بە ویزدانت ئەوە لەمن دەوەشێتەوە؟ گۆتی: وەڵلاهی برێم چ، ئەتوو بڕەک سەگی، لێتدێ ئەو چشتانە بکەی! گۆتم: بڕۆ دەرزیەکەی لە بابم دە شامینۆک، گۆتی: چانیە وەکی داکت پێمان نارێی قوون کەتی!
شێرۆم بەجێهێشت و مەعمەل مافور خۆت بگرە وا هاتم، گەیشتمە پێش دەرکەی مەعمەلی، دیتم ئیختیارەک لە سەر کورسیەکی دانیشتیە و جەریدەکی پاشکۆی عیراقی پێیە و دەخینتەوە! گۆتم: خارە ماندی نەبی! گۆتی: عەمر درێژبی کەسی خاری، فەرموو برێ؟ گۆتم: دەکرێ خوشکە فەیرۆزی ببینم! گۆتی: چیشت پێیتی کوڕم؟ گۆتم: وەڵلاهی خزمەکی خۆمانە و ئیشەکم پێیتی! گۆتی: وەرە لە جێی من دانیشە و ئەو جەریدەش لۆخۆ بخینەوە هەتا دێمەوە! ئەو ڕۆیی و ئەمنیش لەجێی وی دانیشتم و دەستم دا جەریدەکەی، دیتم لە لاپەڕە سێی نووسرابوو: بەم زووانە ناوی دەرچووی کۆلیژەکانی پەروەردە دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندن! گۆتم: ئۆی لە خوای بەزیادبی، مادام دامەزراندنەکە بوو، ئیشاڵلا هەورینیش دەبی! ئێکەک لە سەر سەرم ڕاوەستابوو، گۆتی: فەرموو کاکە! وەکی جەریدەکەم لابرد، دیتم فەیرۆز خان بوو، هەستامەوە و گۆتم: باشی فەیرۆز خان، سحەتت کووە ئەحوارت! گۆتی: بەخێربێی سەرچاوم، فەرموو ئەمرکە! ئاوڕم لە پیاوەکەی داوە دیتم لە پشت عەینەگی بە هوردی تەماشا من و فەیرۆزی دەکا و گێشی قوڵاغ کردیە بزانی چدەرێین! هەرکووی هەبوو بڕەک فەیرۆز خانم دوور هێخستەوە هەتا کابرا گێی لە قسەی مە نەبی! گۆتم: فەیرۆز خان دەمناسی؟ ئەویش بە ساردی وەرامی دامەوە و گۆتی: بەرێ، هەورین! گۆتم: هەوە دەستخۆش، ئەمنم ئەوی لەگەر هەورینی ئێکدیمان خۆش دەوێ! گۆتی: دەزانم، فەرموو برێ! گۆتم: وەڵلاهی هاتیمە هیممەتەکم لۆ بکەیی و زۆرت لێ مەمنون دەبم! گۆتی: بە چاوان برێ بزانم! وەڵلا ئەمنیش هەموو مەسەلەکەم لە سەرکی هەتا قوونکی لۆ گێڕاوە، گۆتم: بەس خەبەرەکی هەورینم لۆ بینە بزانم لۆ هیچ دەنگ و سەدایان نیە، وەڵلا مردم لە چاوەڕوانی! گۆتی: بە سەرچاو هیچ خەمت نەبی، سبەینێ ئەو وەختەی وەرەوە ئێرە سەرەداوەکت دەدەمە دەستی، دوایێ گۆتی: نانا، مێوە ئێرە با خەرک ناوو ناتۆرەکمان لۆ دروست نەکا، بەخۆت دەزانی کیژ ناسکە! گۆتم: ئەدی چارە کوو بتبینم؟ گۆتی: سبەینێ نیو سعات زووتر لە دەوامێ دەردەچم، لە بن ئەو قەتعەی ئامانەی ئەوبەری جادەی چاوەڕێت دەکەم، خەبەرەکەت دەدەمێ و بڕۆ! گۆتم: زۆر مەمنون و هەتا دەمرم لە چاکەت دەرناچم! خواحافیزیم لێ کرد و پاشان مەمنونی مام ئیختیارەکەی بووم و بە درەکی زۆر خۆش گەڕامەوە لای مارێ، لەسەری کۆرانێ دوکانەک هەبوو، چووم کیسە خومرەکم لێ کڕی و گەڕامەوە مارێ!
گەیشتمەوە مارێ، دیتم بابم گۆپارەکی پێیە و هوردە هوردە لە حەوشێ پیاسەی دەکا، سەلامم لێکرد و دەستیم ماچ کرد، گۆتی: چبوو کوڕم ناوت نەگەڕابۆوە، داکت گۆتی: چوویتە تەربیەی لۆ مەسەلەی تەعین بوونێ، گۆتم: وەڵلا بابە لە جەریدەی براویان کردبۆوە دەرێن لەو ماوەی ئەمری دامەزرانمان دێتەوە، بابم گۆتی: دەی بە تەمای خوای، وەعدبی ئەگەر ناوت گەڕاوە گۆلکەکی لە عاردی بدەم و بیکەمە خێری مەولودی پێغەمبەری! داکم لە ناندینی هاتە دەرێ و گۆتی: دیارە هاتیەوە جەرگۆکە! گۆتم: ئەرێوەڵلا دایە، فەرموو ئەوەش خومرەکە لۆم هینای!
ماشەڵلا ئەو ڕۆژ و شەوەم لێ نەدەڕۆیی و دەقە و سعاتم دەژمارد هەتا سبەینێ بێ و خەبەرەکی لە فەیرۆز خانی وەرگرم، وەخت نەدەڕۆیی و نەدەڕۆیی، دەمەک لە کن بابم دادەنیشتم و خۆم مەشغول دەکرد، دەمەک لەگەر داکم قسەم دەکرد، بەحسابی خۆم بەو هەموو قسانە دوو سعاتم بە ڕێکردیە، وەکی تەماشا سعاتم دەکرد پێنج دەقە ڕۆیی بوو، دەتگۆ عەمەلەی بلۆکیمە و بلۆکی بەسەر دووقاتی دێخم و وەخت ناڕوا و ناڕوا!
چوومە ژۆرەکەی خۆم دەستم دا کتێبەکی بخینمەوە، تەماشام کرد کتێبی لە چاوەڕوانی گۆدۆی سمۆئیل بیکیتیە، ناونیشانی کتێبەکەی لەبەر چاوم دەبووە لە چاوەڕوانی فەیرۆزدا، لە داڵغەی خۆم وا لە جادەی دەپەڕمەوە و دەچمە کن فەیۆز خانی، وا لە دەرکەی ڕاوەستایمەوە و فەیرۆز خان بە ڕووەکی گەش دێ و دەرێ: پیرۆزە، هێوارێ بڕۆنە پێش، لە خۆشیان باوەش بە فەیرۆز خانی دەکەم، ئەویش هاوار دەکا، بەرمدە حەیام چوو، دنیا دەمانبینی! دوایێ لە هیکڕا داکم دێتە ژۆرێ و دەرێ، هەستە کوڕم هەستە غازمان نمایە بڕۆ ئەو بتلە غازەی بگۆڕە! دە فەرموو دەی، لەو داڵغە خۆشەی بێیەوەسەر غاز گۆڕینێ، وەلحاسر هەتا شەو ڕۆیی و ڕۆژی پاشتر بۆوە، دوو سەت سیناریۆم بە مێشکی داهات لۆ دیتنی فەیرۆزی، جارەک لە جادەی دەپەڕیمەوە و تڕومبێل لێی دەدام، جارەک لە پێش دەرکەی دائیرەی ئەمن دەهاتن و بە شەق و شولاق ئەمنیان فڕێ دەدا ناو تڕومبێلی و بن بزریان دەکردم، جارەک لە بن قەتعەی ئامانەی چاوەڕێم دەکرد و فەیرۆزە فەندی نەدەهات! ئای عەشق چ لە پیاوی دەکەی، کوو ئاگری تێ بەردەدەی، لۆیێ ئەوەی ڕکتان لێی دەبتەوە دوعای لێ بکەن و برێن: یاڕەبی بە ئاگری عەشق بسووتێی!
دەستە خوشک: جاران کچ بە برادەری خۆی دەگۆ دەستە خوشک.
ئەسواق سیروان: کۆمەڵێ دوکانە لە نزیک قەڵا، هەشتاکان جێژوانی عاشقان بوو.
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!