قوماش 17
نووسینی #ئوسامە جەمیل#
دوو سعات پێش مەوعیدی خۆم لەگەر فەیرۆزی، چووم لە بن قەتعەی ئامانەی دانیشتم، چاوم بڕیبووە دەرکەی مەعمەل مافوری و سەرسێرەم لێگرتبوو، هەزار و یەک دوعام دەکرد فەیرۆز زوو بێت و خەبەرەکی خۆشم بداتێ، هەزار لێکدانەوەم دەکرد و هەر جارەی سیناریۆیەکم دادەڕێشت، دەمگۆ هەونکە دێت و لەوبەری جادەی ڕا زەردەخەنەم لۆ دەکا و سەر دەلەقێنی و دەرێ: ئەوە لۆم پێکهینای، یاڕەبی پیرۆزی ئێکدی بن! ئەوجارە سیناریۆیەکی دیم دادەنا، دەمگۆ هەونکە دێ و دەرێ وەڵلاهی دەبی ببووری دونێ مێوانم گەلە زۆر بوو، هیچ مەجالم نەبوو هەورینی ببینم، ئیشاڵلا ئەوڕۆ دەیبنینم و سبەینێ ئەو وەختەی خەبەرت دەدەمەوە، لە هەموو عەنتیکەتر ئەوەبوو، سیناریۆیەکان هەمووی ئەرێنی بوون و هیچیان ڕەفز کردن نەبوو، لەو داڵغە و خەیارانە دابووم، وەختەکی دیتم فەیرۆز لە مەعمەلی هاتە دەرێ، چاوی بەمن کەت و لۆلای من هات، هێشتا لە جادەی نەپەڕیبۆوە، ئەمن قیت بوومەوە و درم لەسەر هەزاری لێیدەدا، هەزار و یەک دوعام کرد خوای گەورە کارم ئاسان کا و خەمی سەرشانم سوککا، وەختەکی فەیرۆز نێزیک بۆوە، ئەمن بە زەردەخەنە پێشوازیم لێ دەکرد و ئەویش زۆر بە مڕومۆچی لۆلای من دەهات، درم دەستی بە ڕنگەڕنگێ کرد، بەران بەسە خۆم نەهینا، هەتا ئەو گەیشتە من، قالبم هەمووی دەستی بە لەرزینێ کرد، پێش ئەوەی ئەو سەلام بکا، ئەمن گۆتم: فەیرۆز خان بەخێراتی! بە ساردی وەرامی داوە و گۆتی: بژی! گۆتم: دەنگ و باس، چ هەیە چ نیە، هەورینت دیت؟ گۆتی: بەرێ دیتم! گۆتم: ئێ چیگۆ؟ فەیرۆز بەینەکی بێ دەنگ بوو، دوایێ گۆتی: ئەتوو کەسەکی خیندەواری و کولیەت تەواو کردیە، دەبی بەهێزبی و بەرگەی هەموو شتی بگری! گۆتم: ئەو قسانە چیە دەیکەی، ڕاست و ڕاست پێم برێ، هەورین چیگۆ؟ گۆتی: وەڵلاهی چت لێ بشارمەوە، گۆتی: پێی برێ واز لەمن بینی و ئەو ئیشە نابی! ئەو قسەی فەیرۆز خانی وەکی ئەوەی وابوو لە دارەکم ببەستنەوە و یەک ئارپێچیم پێوەنێن! هەر دوو چاوم تاری بوون و هیچم نەدیت، لەرزینەکەم زیاتر بوو، نەمتانی بە پێوە ڕاوەستم و لە سەر کورسیەکەی دانیشتمەوە، ڕەنگم ڕەش داگەڕا و قوڕگم هیشک بوو، بەینەکی نوتقم گیرا و قسەم پێنەکرا، پاشان خۆم بڕەک تووند کردەوە و گۆتم: فەیرۆز خان ئەتوو سوحبەتم لەگەر دەکەی یان بەڕاستیتە؟ خۆی خەمبار کرد و بەینەکی داما و تەماشا عاردی کرد و گۆتی: کووت لۆ باس دەکەم ئەوهایە! گۆتم: ئێ باشە سەبەب، لۆ ئەو قسەی کرد؟ ئەدی مەسەلەی قوماشەکەی؟ گۆتی: قوماشی چ، ئەوە ئەتوو چدەرێی؟ گۆتم: واز لەوەی بینە، بەس لۆ ئەو قسەی کرد، سەبەب؟ گۆتی: وەڵلا دەرێ لە ماریمە کەس ڕازی نینە و ئەمنیان لۆ ئامۆزایەکم دانایە، قەولە لەو دوو سێ ڕۆژەی بێ مارەم بکا و تەواو! هیچ ئاگام لە خۆم نەما و هەستام بە خەمباری فەیرۆزم بە جێهێشت، فەیرۆز بە دووم داهات و گۆتی: با چشتەکی دیت پێ برێم: گۆتی پێشی برێ، بە هیچ نەوعەکی لێم نێزیک نەبیتەوە و کەسیدیش نەنێری لۆ داخوازیم!
فەیرۆزم بە جێهێشت و بە چاوی پڕ لە فرمێسک گەڕامەوە لۆ لای مارێ، بە قەدەر سەت ساری خەمم خواردیە، ئەو کۆشکەی لە خەیاری خۆم دروستم کردبوو لۆ خۆم و هەورینی، هەمووی بەسەر یەکدا ڕوخاو تەفرو توونا بووم، ئاگرم لە هەناوی بەربوو، ژیانی من لەو دەقەی کۆتایی پێهات و حیسابی مردیەکم لۆ خۆم کرد، مردیەک هەتا دونێ هەزاران خەونی خۆشی هەبوو، ئەوڕۆ بە چەقووەکی کول خەونەکانم وەکی پەڕەسێلکەی یەک یەک سەربڕان!
گەیشتمەوە مارێ، داکم لە حەوشێ دانیشتبوو، بێ ئەوەی سەلامی لێبکەم، یەکسەر چوومە ژۆرەکەی خۆم و هەر بەجلکی دەرێ لێ ڕاکشام و بە هەردوو چاوان فرمێسکم باراند، ئاگرەک لە هەناوم دەسووتا بە ئۆقیانووسەکانی هەموو دنیایێ نەدەکوژاوە، چ کارەساتەکە کچەکت لە بنی دری خۆت خۆش بوێ و دە دوازدە ساری تەمەنی خۆتی لۆ تەرخان بکەی، ئێستا بە یەک چرکەی وەکی کۆتری لە ناو لەپت بفڕی!
داکم هەستی کردبوو تەواو نیمە، لۆیێ هات لە دەرکەی دا، تاقەتم نەبوو وەرامی بدەمەوە، دوو سێ جاری دی لە دەرکەی داو گۆتی: ڕۆرە، کوڕم، جەرگۆ! ئەمن هەر وەرامم نەبوو، دیسان لە دەرکەی داوە، هەستامەوە فرمێسکی چاوم سڕی و چووم دەرکەم کردەوە، داکم وەکی چاوی بە من کەت زانی تەواو نیمە! لۆیێ گۆتی: کوڕم، ئەتوو باشی؟ لۆ ڕەنگت پەڕیە، پێم برێ بزانم چتە؟ هەرئەوەتە دەنگم لە قوڕگی هاتە دەرێ و گۆتم: هیچ نیە بڕەک بێ تاقەتم، گۆتی: کوڕم ئەمن داکتم و لە ناو درت تێدەگەم پێم برێ بزانم چبووە، بە خوای ئەو ڕەنگ و ڕووە ئەو ڕەنگ و ڕووە نیە کە سبەینێ لە مارێ چوویە دەرێ! گۆتم: دایە خێرت دەگاتێ ئەگەر وازم لێبینی، بڕەکی پار دەدەمەوە! داکم بە درەکی پڕ خەم گۆتی: دەباشە کوڕم باشە، ئیسرەحات بکە، بەران عەسرێ زوو هەستە، چونکە مارێ پلکە مامزی شیویان کردیە و هێوارێ شیوەکەی دەیننە ئێرە و پێکەوە دەیخۆین! ئەو خەبەرەی داکم دووەم ئارپێچی بوو کە ئەوڕۆ بە هەناوی منیان وەنا، لۆیێ بە بێدەنگی چوومەوە سەر جێیەکەیی و لێی ڕاکشامەوە، داکیشم دەرکەکەی پێوەدا و گۆتی: خوایە هەر بەخۆت ساحێبی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!