قوماش 18
نووسینی #ئوسامە جەمیل#
پاش عەسرەکی درەنگ لە خەوێ هەستام و زەوقم و میزاجم تەفروتوونا ببوو، هەر بە جلکی دەرێ نووستبووم، هەر بەویش هاتمە حەوشەی، دیتم داکم حەوشەی جوان شووشتیە و حەسیرەکی گەورەی ڕاهێخستیە و سەماوەری دانایە و چای هاویشتتە سەرێ و وا هوردە هوردە سەلاتەی دەکا، وەکی چاوی بە من کەت، گۆتی: دیارە هەستای لە خەوێ کوڕم، دە نوێژی عەسرێ بکە، هەتا نەچووە، ئەوجە وەرە لە تەنیشت داکی خۆت دانیشە، با چایەکت لۆ تێکەم و پێم برێ بزانم ئەوڕۆ لۆ ئەوهات بە سەر هاتیە! گۆتم: با جارێ نوێژەکەی بکەم، لەبەر بەلوعەی دەستنوێژم شووشت و نوێژەکەم کرد، ئەوجە هەردوو دەستم برند کردە عاسمانێ و گۆتم: خوایە هێز و تاقەتم پێ بدەی و لەو خەمەی قورتارم کەی! داکم پیارەکی ڕاکێشا چایەکم لۆ تێکا، گۆتم: دایە چایەی تێمەکە و ئەو شۆ دەچمە ماری بازۆی برادەرم و نایێمەوە، داکم ڕاست قیت بۆوە و لۆم هات، گۆتی: لۆ کێ دەچی هەی قوڕ بەسەر، دەتەوێ حەیامان ببەی، ئەدی ئەمن نەمگۆ ماری پلکم مامز و حەمەدەمینی دێن! گۆتم: سەدامیش بێ دەچمە دەرێ! وەکی ناوی سەدامیم هینا، داکم زەندەقی چوو، تووند دەستی بە دەوی وەنام و گۆتی: بکە لە ڕاهی خوای بە فەتارەتمان مەدە، تاقەتی دائیرەی ئەمن و کووشتن و بڕینمان نیە، کوڕم دیوار بە گێیە، بابم دیوار بە گێیە، لە ماری خۆت داسەکنێ و تووشی بەرایەکمان مەکە! گۆتم: ئەمن ئەوە ڕۆیشتم و خواحافیز! گۆتی: با بابت بێتەوە لە کن شێرۆ قوون کەتی، ئەوجە ئەمن بەخۆم دەزانم کوو تیخ تیخی دەدەم! گێم نەدا داکم و لێمدا چوومە دەرێ!
بازۆ برادەری منداریم بوو هەر دوازدە ساری سەرەتایی و سانەویمان پێکەوە تەواو کرد، ئەو دەنگی خۆش نەبوو و گۆرانی دەگۆ، چاوی زەعیف نەبوو و دایم عەینەگی لە چاوی دەکرد، هەموو جارێ دەمگۆ: مادام چاوت کێشەی نیە، ئەو عەینەگە چیە لە چاوی دەکەی؟ دەیگۆ: کیژ مەرەقیان پیاوی بە عەینەگە، یەک فلیمی هیندی نەدیتبوو، کتێبی کوو فێری زمانی هیندی دەبی دەخیندەوە، لە هەمووش عەنتیکەتر دوژمنی پیاز بوو، هەر سفرەک پیازی لە سەربا بە جێی دەهێشت، داکی بەستەزمانی دەبا دایم دوو مەنجەری لەسەر ئاگری بی، ئێک بە پیاز و ئێکیش بێ پیاز، بازۆ ئیمانی بە عاشقاتی و خۆشەویستی نەبوو، دەیگۆ ژیان ئەوەی ناینی لۆی بسووتێی، ئەو ژیانەی خوا بە دیاری دایتیمە لۆیێ باشە بە خۆشی تێیدا بژی و خەمی لێ نەخۆی، بازۆ گەنجەکی قۆزیش بوو، ئووتی پانتۆڕی لە دووری دە مەتری دیاربوو، شەشی ئامادەییمان تەواو کرد و ئەو چووە مەعهەد ئیدارەیی و ئەمنیش کولیەی ئاداب، وەلەو ماریان لە گەڕەکیمە باری کردبوو، بەران برادەراتیمان هەرمابوو، ئەوان خانیەکیان لە شۆڕشی لە گەڕەکی جابیان وەرگرتبوو، خانیەکەیان غەربی بوو، ئەو وەختی پێیان دەگۆ قەسری مقەپەت، بازۆ ناوی خۆی ڕێباز بوو، بەران ئەمە ناومان لێنابوو بازۆ، داکیشم ناوی لێنابوو چاو بەلەبۆق! بازۆ چاوی لەوەی بوو کوونەکی ببینتەوە و پێش ئەوەی ناوی لۆ عەسکەری بێ بچیتە خاریج! خەریتەکی گەورەی ئەوڕوپای لە دیواری ژۆرەکەی خۆی هەرواسیبوو، ڕۆژی دە جار لە دیار ڕادەوەستا و ئاخی لۆ ئەوڕوپای هەردەکێشا!
گەیشتمە ماری بازۆیی و لە دەرکەم دا، پلکە گەلاوێژی داکی دەرکەی کردەوە، گۆتی: وی بسمیللا، ئەوە لۆ ئەوهات لێهاتیە کوڕم، قاتی ئەتووش وەکی بابت تڕومبێل لێی نەدای؟ سەلامم لێ کرد و گۆتم: ئەدی بازۆ؟ گۆتی: ئەوە لە حەمامێیە و خۆی دەشوا دەوەرە ژۆرێ کوڕم، دانیشە هەتا ئەو دێتە دەرێ، چوومە ژۆرێ و لە ناو هەدیقەی لە بن ئەو دار پرتەقارانە دانیشتم و یەکسەر هەورینم بەبیرهاتەوە، چونکە هەموو جارێ کە بەدزی ئێکدیمان بدیتبا دەیگۆ: پرتەقار کوی؟ ئاگرم لە هەناوی بەربوو، فرمێسک بە هەردوو چاوانم دا هاتە خوارێ و هەستام کورسیەکەم هەر گرت و پشتم لەو پرتەقارانە کرد کە دەتگۆ خێیە و دەیکەنە ناو برینی هەشت ساری تەمەنم!
فلیم: فیلم، پێشان دەمانگۆ فلیم، هەنگی ئەو پۆزە پەیانەببوو ئەگەر برێی فلیم، دەکەس هاوارکاو برێ فلیم نیە فیلمە! خوایە ئەو میللەتە چی بە سەرهات!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!