قوماش 19
نووسینی: ئوسامە جەمیل
هەتا ئەمن چایەکم خواردەوە، بازۆی چاو بەلەبۆقیش لە حەمامێ هاتە دەرێ، خاولیەکی لە خۆ لوول دابوو، بەخێراتنی کردم و لە بەرامبەرم لە سەر کورسیەکی دانیشت و بە شەی پرچی دادەهینا، داکی هاواری کرد: بڕۆ جلکت لەبەرکە بڕۆ، بەو خاولیەی دەرێی ئەسیری ئێرانێی! بازۆ پێکەنی و گۆتی: فشەیە فشە دایە، ئەوە عالەم بە ڕووتی لە حەمامێ دێ و دەچی، ئەتوو لەچ دەپێچیەوە! داکی گۆتی: پێت دەرێم هەستە خۆ بگۆڕە، دەنا وەڵلاهی ئەو شفتیەی هەونکە هورد دەکەم و بشمری نایێلم کوزیەکی بخۆی! گۆتمە بازۆی کورە دەبڕۆ خۆت بگۆڕە هەی قەشمەڕ، ئاخر ئەوە مەنزەرەیە بەرامبەرە من دانیشتی! بازۆ هەستا و چووە ژۆرێ و کراس و بێجامەکی لەبەر کرد و هاتەوە، گۆتی: عاشق کوی؟ گۆتم: کوی برێی خراپم! گۆتی: لۆ؟ گۆتم: وەڵلاهی بە قسەی فەیرۆزی دەستە خوشکی بی هەورین سەی تێ بەردایمە! گۆتی: وەڵلا پێم ناخۆش بوو، ئەوە بەفرین لۆ ئەوها بێ وەفا دەرچوو! گۆتم: بەفرین کێ یە؟ گۆتی: بەفرینی قلت، گۆتم: بەفرین نیە، هەورینە ئەی هاوار! گۆتی: عەلاکولین، ئەوجە ئێستا ئەتوو لۆیێ خۆت ئەوها کز و مەلول کردیە؟ کورە چەند جارم پێ گۆتی: عەشق فشەیە، لێدران فشەیە، بەگێی منت نەکرد، ئەوە بەرهەمی خۆتە دەیخۆی! گۆتم: بەسە ببڕێنەوە داکت هات! بازۆ گێڕی گۆڕی و گۆتی: ئەوجە برێ بە تەمای مانتۆڕەکی بکڕی؟ داکی گۆتی: ئەیڕۆ کوڕم مانتۆڕت لۆچیە، وەڵلا بەگێی من دەکەی ناکڕی، بەقورعان زۆر خەتەرە! نەمزانی چ وەرامی پلکە گەلاوێژی بدەمەوە، بازۆش لە بن سمێران پێ دەکەنی و دەیگۆ: خخخخخخ! گۆتمە پلکە گەلاوێژی بابزانم کوو دەبی! وەڵلا سنیە شفتیەکی لە پێشەمە دانا و گۆتیە بازۆی: ئەوجە نەکەویە سەرێ و هەمووی خلاس کەی، مەجالی کاکۆکەش بدە دوو کوزیان بخوا، بازۆ گۆتیە داکی وەرە بەرامبەرم دانیشە و کوزیەکان ئێک ئێک بژمێرە!
بەینەکی باش دانیشتم و گۆتم: بازۆ بە تەمامە ئەوشۆ لە مارینگۆ بم، چونکە درم زۆر بەخەمە، گۆتی: کورە حەزدەکەی دە شەوان لێرەبە! وەلحاسر هەتا پاش عیشایەکی درەنگ لەگەر ماری بازۆی دانیشتم و دوایێ بابی گۆتی: کاکە ئەمن دەچم پار دەدەمەوە، چونکە سبەینێ زوو دەبی بچمە دەوامێ، بازۆش گۆتیە من: هەستە با ئەمەش بچینە ژۆرەکەی من، دایە دۆشەک و بەتانیەک و بالیفەکمان لۆبینە، عاشق ئەوشۆ لێرەدەبی و ناچتەوە، داکی بەینەکی تەماشای کردم و گۆتی: ئەی کۆرەبم ناکەی عاشق بی؟ گۆتم: بازۆ نیە پێمان ڕادەبوێری، باشبوو داکی چ دەنگی نەکرد و ڕۆیی دۆشەک و شتی بباتە ژۆڕەکەی بازۆی!
پاشی بەینەکی ئەمن و بازۆ چووینە ژۆرێ و دانیشتین، گۆتی: دۆمینەی دەکەی؟ گۆتم: ناوەڵلا، تاقەتی هیچم نیە! گۆتی: کورە بژی برام بژی، ئەی هاوار بژی، بە شەرەفت عەیب ناکەی لە سەر ئەو کیژەی ئەوهات لەخۆ کردیە؟ گۆتم: بازۆ بە دەستە خۆم نیە، عەشق دەردەکی پیسە! گۆتی: دە فەرموو دەی، ئەتوو قەرافەتی خۆت دیتیە، هەتیم ئی وەکی توو بلۆکی دوو دوو لەسەر پشتی دادەنێ و دەباتە سەر سێ قاتی، کاکیشم لۆ من دانیشتیە و وەکی منداران فینگەفینگیتی! گۆتم: هەونکە ئەمن هاتیمە ئێرە درم بدەیەوە یان زیتر تەفنیشم کەی! گۆتی: وەڵلاهی بەلاش ئەوهات لە خۆ کردیە، کورە کێ منەتی پێ یە، گۆتم: باشە ئەتوو لە جێی من بی چ دەکەی؟ گۆتی: وەڵلاهی ئەمن لە جێی تووبم بە فەیرۆز و مەیرۆزی باوەڕ ناکەم! گۆتم: ئەدی چ دەکەی؟ گۆتی: وەڵلاهی ڕاست دەچمە ماریان، ئەوجە چ دەبی با ببی! گۆتم: کورە کوو بچمە ماریان، وەڵلا قادرە فەندی دەمکوژی! گۆتی: لۆ دەتکوژی، خۆ ئەتوو کیژی ویت هەرنەگرتیە! گۆتم: باشە بچم چبرێم؟ گۆتی: برێ قەدوری ئەمن هاتیمە لۆ ئیشەکی خێرێ! گۆتم: قەدوری کێ یە؟ گۆتی: قادرۆکی بابی هەناری! گۆتم: هەنار نیە، هەورینە، هەنار خوشکیتی! گۆتی: نەبابە، ئەرێ هەنار جوانە؟ دەبزانە لەگە دەستی خۆت ئەویش لۆ من تەرتیب ناکەی! گۆتم: ڕیوی بە خۆی بە کوونێ وەنەدەچوو، تەنەکەکیشی بە کلکی وەکرابوو! گۆتی: بەس گێ بدە من ئەگەر چووی، دوو بلۆکی ڕەسیفی باوێ سەر شانت، گۆتم: لۆ بە دیاری لۆیان ببەم؟ گۆتی: نا، هەتا بڕەک گران بی، چونکە ئەتوو بڕەک سووکی، ئەوجە با پێت برێم، نەکەی لە پێش خەزورت لاق لەسەر لاقی دانێ، بە هێمنی دانیشە و زۆر ئاوڕی ئەولاو ئەولای نەدەیەوە، ئەگەر ئاویان لۆ هینای نەچی بە قڕقڕ بیخۆیەوە، قوومەکی بخۆوە و پەرداخەکەی دانێ، نەچی پاش خواردنەوەی برێی ئحححححح، ئاوەکی خۆشبوو! ئەگەر چایەشیان لۆ هینای هەتا خەزورت چایەی خۆی تێکنەدا و پیارەی لۆ دەوی نەبرد دەست لۆ مراکی چایەی نەبەی! گۆتم: ئەتوو واز لەو قسانە بینە، یەعنی ئەمن بەخۆم بچم؟ گۆتی: ئەرێوەڵلاهی ئاوی لێ مەخۆوە!
هەناسەکم هاتەوە بەرێ و لە بنی درم مەمنونی بازۆی بووم کەوا ئەو تەکبیرە باشەی لۆ کردم، بڕەک باری شانم سووک بوو و بڕیارم دا سبەینێ پاش عەسرێ بچمە ماری قادرە فەندی، ئەوجە هەرچی دەبی با ببی!
سەی تێ بەردام: پێشان لە باتی برێن ڕەفزی کردم، یان ئاڕی دامێ، دەیانگۆ: سەی تێبەردام، سەگی تێ بەردام.
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!