قوماش 22
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
هەرچەندی خۆم هینا و برد خەوم لێنەکەت و لێنەکەت، هەستامەوە بەینەکی دانیشتم و فکرم کردەوە، باشە ئەمن لۆ ئەوها بە تووندی قسەم لەگەر بابم کرد، وەڵلاهی نەدەبا ئەوها تووندبم، باشە ئەمن سبەینێ هەورینی بینم و داکم و بابم لێم توڕە و لالووت بن، ئەو ژنهینانە چ تامی هەیە، ئەو وەختی دەبی خانیەکی بە کرێ بگرم و بچمە دەرێ، ئێ باشە ئەمن هێشتا دانەمەزرایمە، کرێی خانیم بە چ پێ دەدرێ و مارم بەچ پێ بەڕێوە دەچی! ئەو پرسیارانە و دەیان پرسیاری دی لە مێشکم دەهات و دەچوو، هەر چەند دەمکرد وەرامەکەم دەست نەدەکەتەوە، خەریک بوو تەسلیمی داک و بابم دەبووم، لە هیکڕا بازۆم دەهاتەوە پێش چاوی و دەیگۆ: تەسلم نەبی، بەهێز بە، ئەتوو شێری، ژیان ژیانی خۆتە، ئیرادەت تەسلیمی کەس نەکەی، مرۆڤ دەبی خاوەن بڕیاربی، کۆیلەی بڕیاری کەس نەبی، هەورین لۆ توو هەموو شتە، هەورین هیوا و ئاواتە! لەگەر ئەو داڵغە و خەیارانەی بازۆی حەماوەم هەردەستاوە و دەمگۆ قەت تەسلیم نابم، بەردەوام دەبم، یان هەورین یان دەمرین، ژیان یەعنی هەورین، ڕاستە بابت و داکت ماوەکی لێت توڕە دەبن، بەران پاش ماوەکی گێژنەک موناسەبەک دێ و هەر ئەوەندەی دەبینی، هێوارەکی بە خۆ و بە مەنجەرە دۆڵمەکی بەسەرت دادەن و بابت هەشت نۆ ماچت لێ دەکا و داکیشت باوەشت پێ دەکا و تێر تێر لۆ دەگریێ، ئەوجە داکت باوەش بە هەورینی دەکا و دەرێ: ئۆخەی بوکی گەورەم دەوەرە تێر تێر بۆنت کەم، ماشەڵلا چەند نازدارە نازدارە، هەورین سفرەی ڕادێخی و سنیەکی ستیل دادەنێ و داکم دۆلمەکەی لەسەر ڕوودەکا، دەکەوینە سەر دۆڵمە و ماستاو و تورشیە زەرد و نانی کوردەواری، بابم وەکی هەریشستا بڕوا ماچەکی لە هەورینی دەکا و سەت دیناری لە مستی دەنێ، ئەوجارە ئەمن ماچ دەکا و دووسەت و پەنجا دیناریش لە گیرفانی بێجامە خەتخەتەکەم دەنێ، ئەوی داکی هەورینی بە دیاری لۆی کڕیمە!
لەو داڵغانە دابووم، داکم دەرکەی کردەوە و گۆتی: هەستە بڕۆ پێش دەرکەی هەستە، بازۆ چاو بەلەبۆقی برادەرت هاتیە، دەوجە ئاخیرت خێربی لەگەر بازۆی کوڕی گەلە بە ئۆین و دۆرابی! گۆتم: ئەدی کا بابم بچم دەستی ماچ کەم؟ گۆتی: بابت لەگەر برادەرەکی شۆڕ بۆوە لۆ لای مزگەفتێ، گۆتی: حاجی نیعمەت مەولودی کردیە و لە دووی ناریمە، دەچم بڕەکی لەوێ دادەنیشم! هەستام چوومە دەرێ، دەبینم بازۆ لە پێش دەرکەی ڕاوەستایە، بەخێراتنم کرد و گۆتم: ئەوە لە چ دەگەڕێی، ئەجەلت هاتیە؟ گۆتی: لۆ چبووە؟ گۆتم: ئەو عەنتەریاتەی ئەوڕۆی من، داکم هەمووی لە نیوچەوانی تووی حیساب کردیە! گۆتی: چوویە ماری قەدوری لۆ داواکردنی بەفرینی؟ گۆتم: کورە دە تێبگە هەی ئەنیمڵ(حەیوان)! بەفرین نیە و هەورینە، هێشتا نەشچوومە، گۆتی: زوو جلکت بگۆڕە بابڕۆین، درەنگە، گۆتم: لۆ ئەتووش لەگەرم دێی؟ گۆتی: ناوەڵلا هەتا سەری کۆرانێ لەگەرت دێم، دەمەوێ بزانم کوو تۆپانێت پێ دەکەن، مەرەقمە حەفتەکی لە خەستەخانەی بکەوی و سێسەت بتلە ئاوت تێبکەن! گۆتم: دە وەڵلا مادام ئەوهابی ناچمە ماریان! گۆتی: کورە سوحبەتم کرد زوو خۆ بگۆڕە بابڕۆین!
خۆم گۆڕی و بەڕێکەتین، بازۆ هەر هانی دەدام و دەیگۆ: ئازابە، مەترسێ، بەهێزبە، کۆڵ نەدەی، کۆڵدان پیشەی پیاوی دۆڕایە، گۆتم: بازۆ بەسە ببڕێنەوە، تازە لەسەر قسەی تووئەمن خۆم هاویشتتە سەر چەقووی، یان دەردەچم، یان تێدەچم! لەو قسانە دابووین و گەیشتینە سەری کۆرانی ماری هەورینی، لاقم دەستی بە لەرزینی کرد و دریشم لەسەر سەت و بیستی لێی دەدا، دەتگۆ لۆ غورفەی ئیعدامیم دەبەن! گۆتم بازۆ لاقم دەلەرزی! گۆتی: سەرکەوتن بەڕێوەیە! گۆتم: درم لێدەدا، گۆتی: ئێ ئەگەر لێنەدا سەگتۆپ دەبی و دەمری، مەترسێ و خۆ بە بەحرێ دادە! وەڵلاهی بازۆ زۆر تەشجیعی کردم، فاتیحەک و ئایەتەل کورسیەکم خیند و گۆتم: ئەڵلا بە ناوت، بازۆ لەسەری کۆرانێ ڕاوەستا و ئەمنیش لۆ ماری هەورینی چووم!
مایتی.[1]