کەرایەتی منداری
نوسینی: #شێرزاد شێخانی#
ئەنگۆ دەزانن شەڕی مندارانی قەرات و تەیراوە لە هەردوو حەربی عالەمی یەکەم و دووەم و شەڕی عێراق و ئێرانیش زیاتری خایاند!
لە هەمووشی خۆشتر، ئەو شەڕە نە لەسەر جێبەجیکردنی مادەی 140 بوو، نەعیلاقەی بە سیراعی عەرەب و ئیسرائیلیش هەبوو، شەڕەکە بەس کەرایەتی منداری ئەو زەمانە بوو.
ئەو کاتی ئەمن لەفەریقی تەیراوەی بووم، خوا خوام بوو دەرسی پێنجەمی مەکتەبێ تەواو بیتن لۆ ئەوەی غاردەمە سەر جادەکەی پێش سینەما سیروان و شەڕەفی بەشداری کردنم پێ ببەخشرێ لەو شەڕە تاریخییەدا! ئەوجا لۆ مەعلوماتتان سێ چار جاریش سەرم شکایە و خەڵتانی خین کرایمە، هەموو جارەکیش داکم بە تەنتەریۆت تیماری دەکردم و لەگەر چاکبوونەوەشم دیسان کەرایەتی دەیگرتم و غارم دەدایەوە ناو شەڕەکەوە.
ئەوجا عەقری منداریمان ئەوەندە گچکە بوو، واماندەزانی گرتنی قەرات مەسەلەیەکی زۆر ئاسانە!
ئەو قەراتەی جەیشی هۆلاکۆ نەیتانی بیگری، ئەمەی منداری تەیراوەی بە سەرۆکایەتی عەبۆ لاسووتای دەمانویست بە دارلاستیق و بەردەقانییەوە داگیری بکەین؟!
تەبعەن مندارەکانی قەراتێ لەبەر ئەوەی جێیەکەیان بەرزایی بوو، ئەوان موسەیتەرتر بوون بە سەرمانەوە، هیچ خۆیان مشەوەش نەدەکرد، بەس کەرپووچیان شۆڕبکردبایە یەکسەر بەسەر و گێلاکمان دەکەت.
ئەمەش لەخوارێ هیچمان لەستراتیجییەتی حەڕبەوە نەدەزانی هەر بەگێلاتی خۆمانەوە بەردەقانیمان تێدەگرتن ئەویش هیچ کاریگەری نەبوو، لۆیە زۆرجار ئەوان سەردەکەوتن و ئەمەش دەشکاین.
جار بە جار هجوممان دەکرد و حەتا نیوەی قەراتێ بەسەر دەکەتین، بەس لەوێوە موقاوەمەی قەراتییەکان دەستی پێدەکرد و تەنەکەی پڕ بەردیان لۆمان شۆڕ دەکردەوە و ناچار دەبووین ئینسحاب بکەین.
ئەو شەڕانە حکومەتیش بەو هەموو گەورەییەی خۆیەوە نەیدەتانی کۆتایی پێبینی.
هەر ئەوەندەی پێدەکرا ئێواران بەرەو مەغریبان یەک دوو موسەلەحە بنێرێ هەندەک منداران شەقتڕێن بکا، دواییش کرێکارەکانی بەلەدییە دەهاتن و جادەکەیان لەبەرد و کەرپووچی پاک دەکردەوە و لۆ ڕۆژی دوواییش عەینەن تاسو حەمام دووبارە دەبووەوە.
بەدرێژایی ئەو سارانەش هیچ مفاوەزاتەک لەنێوان قەرات و تەیراوە ڕووی نەدا، هەر نەبی لۆ ئەوەی منداران ئێواران بەسەر شکاییەوە نەگەڕێنەوە مارەکانیان، بابەکانیشمان تەداخولیان نەدەکرد و بپرسن، ئەرێ حوشترۆک ئەنگۆ ئەو شەڕە لەپای چی دەکەن؟
باوەڕ بکەن، یەک بەخۆم زۆر برادەرم هەبوو خەرکی قەراتێ بوون، لەگەر زۆربەیان لەچایخانە و گازینۆکان دادەنیشتین تاوڵە و دۆمینەمان پێکەوە دەکرد، کە عەسریش دادەهات لە چایخانەکان دەهاتینە دەرێ، ئەوان دەچوونەوە سەر قەراتێ، ئەمنیش ئیلتیحاقم بە فەریقی تەیراوەوە دەکردەوە!
ئێستاش کە هەندەک لەو برادەرە قەراتییانە دەبینمەوە ئاساری برینەکانی سەرمیان پێشان دەدەم کە بە کەرپووچی ئەوانەوە سەرم دەشکا.
زۆر سەیرە ئیستاش نەمزانی ئەو شەڕەمان لۆ دەکرد و ئامانجی چ بوو؟
بەس باشیش بوو دوای سارانەکی زۆر ئەو شەڕانە کۆتاییان هات و هەردوو فەریق تەعادول بووین.
وەکی هەر شتەکی ئەو میللەتە سەت سار شەڕ لەگەر یەک دەکەین، لەکۆتاییشدا بە مایەی خۆمانەوە هەردەستینەوە. [1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!