پارچە قوماشێکی ڕەشم بۆ هەڵگرە
نووسین: #تەڵعەت تاهیر#
خانوویەک لەنزیک ماڵمان دروست دەکرێت
کە بیر لەتۆ دەکەمەوە خۆم وەکو کرێکارەکان دێتە بەرچاو..!
تەنها کەلوپەلەکانمان جیایە، ئەوان چەکوش و کۆسەرە و فوتەی پێوانە و تەرازویان لایە، منیش هەستەکانی بینین و بیستن و بۆن و تام و بەرکەوتن، ئەوان هێواش هیواش خانوویەک بەرز دەکەنەوە منیش وردە وردە لەتۆدا وێران دەبم..!
زمان هێندە بەشوێن جوانیتا ڕایکردووە پیتە قەڵەوەکانی لاواز بوونە، بۆیە جار جار بە هەولێری بانگت دەکەم (درەکەم)
جلی ڕەشت زۆرە دەزانم لە کراسێکت، لە کەوایەکت، پارچەیەک قوماشی ڕەشم بۆ هەڵگرە..!
ئێمە کاتی خۆی خاوەنی سامانێکی زۆر بووین لە ڕەش
دایکم کە مرد عەبایەک و چارۆگەیەکی ڕەشی بۆ جێهێشتین هەمووی من بەهەدەرمدا، بەدزی خوشک و براکانمەوە هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبرد، بیستبوم ڕەش خەم هەڵدەگرێ و نایداتەوە بەو هۆیەوە پارچەیەکم دەنایە بەر پشتێنەی هەر پیرەمێردێک کە بمزانیبا لە شەڕێکدا تەرمی کوڕەکەی گەڕاوەتەوە، پارچەیەکم وەکو نیشانەی کاپتن لە قۆڵی ئەو منداڵە ئێزیدیە بەست کە بەو سەرمایە بە فانیلەیەکی هەڵبژاردەی فەڕەنساوە لە قوڕاوی کەمپێکدا خوشکە بچوکەکەی لەکۆڵ کردبوو، هەرژنێک پرچی سپی ببا پارچەیەکم لەنێوچەوانی دەبەست، گەنج دەبوەوە و قژی دەبریسکایەوە، لەدواین پارچە لافیتەیەکی بچووکم بۆ ئەو ساوایە پێ نووسی کە لەبەر دەرگای ماڵێکدا فرێدرابوو، عەبا و چارۆگەکەم تەواوکرد ئێستا لەباشیم نیە کە بە خاوەن پرسە و عاشقەکان دەڵێم: بەرگە بگرە، ئەمە سوننەتی ژیانە، کەچی خۆم بەرگە ناگرم و بەم نزیکانە بێ تۆیی دەمکوژێت، کە مردیشم بۆ سەر چوارچێوەی وێنەکەم، لە کراسێکت، لە کەوایەکت، پارچەیەک قوماشی ڕەشم بۆ هەڵگرە، پارچەیەکی بچووک هێندەی ناو لەپی ئەو ساوایەی فڕێدرا وەک من و تۆ بۆ یەک نەبووین و هەر یەکەمان لەبەر دەرگای ماڵێکدا فڕێدراین..!
[1]