قوماش 23
نووسینی #ئوسامە جەمیل#
گەیشتمە بەر دەرکەی، لاقم دەتگۆ کارەبا لێیدایە و لە دووم نەدەهات، قوڕگم هیشک ببوو، ڕەنگم پەڕیبوو، دوو هەزار قولوەڵلام خیند، دەستم لۆ جەڕەزی برد و گێڕامەوە، بەینەکی ڕاوەستام، ئاوڕم داوە لۆ لای بازۆی، دیتم خۆی دایتە پەنایێ و بەس سەرکی دیارە! بەین بەین سەرەکی هەردەکێشی و دوایێ دەیباتەوە ژۆرێ، سەری هیناوە دەرێ و وەکی دیتی ئەمن ڕاوەستایمە و لە دەرکەی نادەم، لە دوریڕا دەستی هەرشەقاند و دەیگۆ: لێدە، لە دەرکەی دە، مەترسێ، سەرکەوتن مسۆگەرە! ئەمنیش نەمکردە نامەردی پلم بە جەڕەسی وەنا، لە ترسان و لە مشەوەشیان دەستم بە جەڕەسی وەنووسا و لێنەبۆوە، جڕو جڕو جڕ! لەگەر لێدانی جەڕەسی سەرکی بازۆی بزربوو، زانیم تێی تەقاندیە و حەفت کۆران هەراتیە! وەختەکی جاحێرەک هاتە دەرێ، تەماشای کرد پەنجەم هەر لەسەر جەڕەسیە، گۆتی: ئرێ کاکە نەبڕاوە، بەس نیە ئەو هەموو جەڕەسە! دەوم تێک ئارا و گۆتم: بەفرین، بەفرینم دەوێ! گۆتی: بەفرین کێیە، ئەتوو ماری کێت دەوێ؟ پەنجەم لەسەر جەڕەسی لادا و گۆتم: ماری نادرە فەندیم دەوێ، ئەوی لە دائیرەی کارەبایە! گۆتی: بورە هەونیە، ئەتوو بە غەرەتی هاتی، گۆتم: تەئکیدم غەرەت نیمە، ئەمن لۆ ئێرە هاتیمە! گۆتی: ئێ کاکە، ئێرە ماری قادرە فەندیە، لە دائیرەی کارەباش نیە و لە دائیرەی ئاوێیە! ئاوڕم داوە بزانم بازۆ نایێ و یارمەتیم بدا لەو ئیمتیحانەی، بازۆ نەک لە عاردی لە عاسمانێش نەدەدیتراوە، گۆتم: ئەی گوو بە گۆڕت بازۆ، کوو تووشت کردم! جاحێرەکە گۆتی: ئەتوو دەرێی سەرخۆشی، بێهۆشی، بازۆی چ و گۆڕی چ، کاکە پێمبرێ چت دەوێ؟ قووەت و توانای خۆم خڕکردەوە و گۆتم: هاتیمە قادرە فەندی ببینم و ئیشەکم پێیتی! گۆتی: دە ئەوها برێ ڕەحمەت لە بابت، دە فەرموو وەرە ژۆرێ!
جاحێرەکە پێش کەت و ئەمنیش چوومە ژۆرێ، گەیشتمە حەوشەی، دیتم هەورین لە حەوشێیە و وا هێدی هێدی بە سۆندەکی گورە سۆر و زەردەکانی بن بنە پرتەقارەکان ئاو دەدا! وەکی چاوی بەمن کەت، ڕەق بوو، سۆرهەرگەڕا و نەیزانی چبکا، هەر ئەوەندە نەبی، سۆنەدەکەی لە دەستی بەربۆوە و بە تووندی غاریدا ژۆرێ، ئەمنیش هەموو قالبم کەتە ناو ئارەقەیی و لەو دەمی تەمەننام دەکرد عارد شەق ببا و قووتم بدا، برای هەورینی ئاوڕی داوە و گۆتی: لۆ ڕاوەستای فەرموو وەرە ژۆرێ! کەتمە دوی و ئەمنی بردە ژۆرێ مێوانان، فەرمووی لێکردم و دانیشتم، بەخێراتنی کردم و گۆتی: یەک دەقە، ئەوە دەچم بە بابم دەرێم، زەردەخەنەکم کرد و گۆتم : فەرموو! بەینەکی بە تەنێ دانیشتم و تەماشا و کون و قوژبنی ئەو ژۆرەم کرد لەسەری هەتا بنی، وەختەکی دەرکە کراوە و قادرە فەندی هاتە ژۆرێ!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!