قوماش 25
نووسینی #ئوسامە جەمیل#
وەختەکی لەگەر دەنگی داکی بازۆی بەخەبەر هاتم: دەیگۆ دەهەستن کوڕم هەستن، ئەوە سعات دووی پاش نیوڕانێیە، نوێژەکەتان چوو نوێژ! سەرم قیت کردەوە و گۆتم: ئەدی قادرە فەندی؟ گۆتی: قادرە فەندی کێیە؟ بازۆ گۆتی: بابی بەفرینیە، ئەوی سەرلووس لۆی لێدرایە! گەلاوێژ خان گۆتی: وەڵلا کوڕم نازانم قادرە فەندی کێیە، دەترسێم ئەتوو ئەوشۆ خوار نووستبی و هەر لەگە قادرە فەندی دابووبی! لەناو جێی قیت بوومەوە و لە جێی خۆم دانیشتم، تەماشایەکی ئەولاو ئەولام کرد، دەبینم ئەمن هێشتا لە ماری بازۆیمە و نەچوویمەوە ماری خۆشم، ئەوەی دیتم و بەسەرم هات، تەنها و تەنها بەس خەون بووە، نە چوویمەوە مارێ و نە بابم گۆپاری لێ هەرشەقاندیمە و نە بازۆش هەتا سەری کۆرانی ماری قادرە فەندی لەگەرم هاتیە و نە ئەمنیش چوویمە ماری قادرە فەندی و داوای دەستی هەورینم کردیە! بەینەکی دامام و دوایێ تێر تێر بەخۆم پێکەنیم، بازۆ گۆتی: دەرێی تێکچووی؟ گۆتم: وەڵلاهی خەونەکی زۆر عەنتیکەم دیت بازۆ، لە خەونێ هەموو شتەک کۆتایی پێهات و هەورین بووە ئی من! بازۆ گۆتی: ئەدی لەو خەونەی هەنار بووە ئیمن یان نا؟ گۆتم: ناوەڵلا باسی هەنارمان هەر نەکردیە! گۆتی: دە بەشەرەفم هەورینیش لۆ تۆ نابی، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: چونکە هەورین و هەنار دوو هاوکێشەی لە یەک گرێ دراینە و بە فیساگۆرسیش شی ناکرێتەوە! گۆتم: ئەتوو واز لەو قسە قۆڕانە مەینە، هەتا ئەو بەرە بەیانەی دەتگۆ سەرکەوتن بەڕێوەیە، کۆڵ مەدە و بەرەو لووتکەی بڕۆ، ئێستاش دەرێی نابی! گۆتی: ئێستاش وەدەرێم و تەئکیدم ئەو ئیشە بەس بەخۆت حەل دەبی، پێم باشە بەخۆت قادرە فەندی ببینی و قسەی لەگەر بکەی، بەران شەرت نیە سەرکەوتن مسۆگەر بی، ڕەنگە ئەوەی ئەتوو دەیکەی شەڕی خۆتڕێن بی! چیدیش لەغوەی مەکە و هەستە با نوێژەکەی بکەین و دوو پارووە نانان سندان کەین!
هەتا ئەمە نوێژمان کرد، گەلاوێژ خان سفرەی ڕاهێخست و شیوی دانا، تەماشام کرد برنج و بامیە بوو، گۆتم: چا نەبوو دۆڵمە نەبوو، گەلاوێژ خان گۆتی: دیارە بەینت لەگە دۆڵمەی باش نیە؟ گۆتم: وەڵلا بەینم باشە، بەران بەینەکە لە خەوێش دۆڵمەی دەخۆم، بە خاوی و بە کورایی و بە برژایی، بازۆ گۆتی: دەتوو دوو مراکان لەو برنج و بامیەی گەلەی داکم بخۆ، ئەوجە دەزانی چشتۆ کابانە، ئێستا تێدەگەم بابم لۆ شەو و ڕۆژ مڕەمڕیتی لە دوو داکم، هەنکی ئەو شیوە خۆشانە بخوا! گەلاوێژ خان گۆتی: بەسە ببڕێنەوە هەی بە قوربانی سەرکم بکەی، هەونکە لێی گەڕێی دۆ و دۆشاوی تێکەر دەکا، برێ لۆ ژنەکی ناینی و دەفن بی و لەو مارەی بچیە دەرێ! بازۆ گۆتی: دیارە شێت بوویمە ژنێ بینم، وەڵلا وەبیللا ئاخیر سەموونم لەو مارەی!
نانەکەمان خوارد، بەران لە دووری ئەو خەونە خۆشەی وەکی ئەوەی وابوو بە پشتم دا بچیتە خوارێ، ئەوەی تام بی لێم نەدیت، چونکە دەمگۆ وەکی چوومەوە مارێ دەبی بابم و داکم چ دکرەکم پێ بکەن، گەلاوێژ خان نانەکەی هەرگرت و کتری و چایەپەستی لە پێش بازۆی دانا، گۆتی: ئەتوو چایەکەی تێکە، دەچم دەستەکی بە ژۆرەکەت دادەینم، خوا بزانی هەونکە ئەو دۆشەک و بەتانیانەت چ لێکردیە، ئێ کوڕم دەتوو دەنووی دەنووی، ئەو لێف و بەتانیەی لۆ ئەوها لەخۆ لوول دەدەی، بازۆ گۆتی: هەر ئەوەمان هەیە لەخۆ لوول دەین، دەی بزانە ئەوەشمان لێ حەرام ناکەی! بازۆی ماری کم چایەکی لۆ تێکردم و خواردمەوە و گۆتم: ئەمن دەڕۆم، داکی گۆتی: کوڕم دەبا سەفرتاسە برنج و بامیەکت لۆ بپێچمەوە و لۆ داکت ببە، گۆتم: ناوەڵلا گەلاوێژ خان زۆر مەمنون ئەمن ئەوشۆ ئەزیەتینگۆم دا و زۆر مەمنون، ئەمن دەڕۆم، خواحافیز! بازۆ هەتا دەرکەی حەوشێ لەگەرم هات، گۆتی: ئەگەر جەوت نەبوو لە مارێ وەرەوە ئێرە، گازی سیرەش دەکەم هەتا سبەینێ ئەزنیفی دەکەین! گۆتم: خوا گەورەیە، بەران نەکەی بێیە لای مارێمە، وەڵلا داکم بە تیرۆگان ڕاوت دەنێ، چونکە دەزانی ئەوشۆ لەمارینگۆ بوویمە، بازۆ گۆتی: ئەو غەرەتەی کوو دەکەم، بەران وەڵلاهی ئەگەر بەگێی برات دەکەی، ئەو عەسرەی ڕاست دەچیە ماری بەفرینی و نادرە فەندی بابی دەبینی! گۆتم: بەس بزانم چت لۆ ڕاست کەمەوە هەی چاو بەلەبۆق! بە بێتاقەتی بەڕێکەتم لۆلای مارێ، ئەو گەڕانەوەم لۆلای مارێ وەکی ئەوەی وابوو بە ناو تونێلەکی دابڕۆم کە ئەوسەری قەپات بی!
فیساگۆرس: زانایەکی بیرکاری بوو، بیردۆزی فیساگۆرسی دانایە.
ئەزنیف: جۆرە یاریەکی دۆمینەیە، یاری دۆمینە بە دوو جۆر دەکرێ، ئەزنیف و عەدل.
تونێل: نەفەق.
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!