ناونیشان: بزاڤی هونەری شێوەکاریی #کەرکووک# لە نیو سەدەدا.
نووسەر: سەڵاح حەمەئەمین
شاری کەرکووک دیرۆکێکی زۆر دێرینی لە بواری نیگارکێشان و دروستکردنی تاق و کەوانە و نەخش و نیگاری سەردیوار و شوینەوارە ئاینییەکان و ئاسەوارە دیرینەکاندا هەیە، باشترین بەڵگەش بۆ سەلماندنی دێرینی ئەم هونەرە لەم شارەدا پاشماوەی ئەو ئاسەوارە دێرینانەن کە لە قەڵای کەرکووک و هەردوو دێی (چەرمو و نوزلی) بۆمان بەجێماوون و سەرجەمیان مێژووی کۆن و دیرێنی هونەری نێگارکێشان لەم شارەدا ئەسەلمینن کە بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر ئەگەڕیتەوە، بەداخەوە و تا ئەم دەمە ئەو مێژووە گرنگەی ئەم شارە دێرینە بەپێی پیویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، ئەوەش پەیوەستە بەپسپۆڕانی مێژوو و ئاسەوار ناسەکان.
بەڵام سەبارەت بە سەرەتای سەرهەڵدانی بزاڤی هونەری شێوەکاری هاوچەرخ لە چلەکان و پەنجاکان تادەگاتە کۆتایی هەشتاکان و دواتریش لە شاری کەرکووکدا ئەو مێژووەش بەپێی پیویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە و تیشک نەخراوەتە سەر قۆناغەکانی و ئەو شێوەکارانەی لەو ماوانەدا کاری نێگارکێشانیان کردووە، بۆ نموونە گەر ئیمە خۆیندنەوەیەک بۆ لاپەڕەکانی (66 و 92 و 218 و 219) ی کتیبی (فصول من تأریخ الحرکە التشکیلیە فی العراق - الجزء الاول) ی نووسەرو هونەرمەندی شێوەکاری عێراقی (شاکر حەسەن ئال سەعید) بکەین دەبینین زۆر بەکورتی باس لە بزاڤی هونەری شێوەکاری شاری کەرکووک ئەکات کەتێدا زیاتر پشت ئەستوور بووە بەنامەیەکی هونەرمەندی کۆچکردوو (مەحموود ئەلعوبەیدی) لەو نامەیەدا (مەحموود ئەلعوبەیدی) زۆر بەکورتی باس لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزاڤی هاوچەرخی هونەری شێوەکاری شاری کەرکووک و ئەو شێوەکارانەی لە سەرەتای دامەزراندنی (گروپی شێوەکارانی کەرکووک) دا بەشداری پێشانگاکانی ئەو گروپەیان کردووە ئەکات و تێدا ناوی زۆر شێوەکاریشی فەرامۆش کردووە کە لەو قۆناغەدا ڕۆڵیان لە بوارەکەدا هەبووە، هەروەها (شاکر حەسەن ئال سەعید) لە هەمان کتێبدا زۆر بە کورتی باس لەهونەرمەندی کەرکووکی (عەتا سەبری) وەک یەکێک لە هونەرمەندە عێراقییەکان ئەکات کە جێ دەستی وەک هونەرمەندێکی سەر بە ڕیبازی (ئینتباعی) لە هونەری شێوەکاری عێراقدا دیارە. هەروەها لە چەند سەرچاوەیەکی تردا بە هەمان شێوە چەند نووسەر و هونەرمەندێکی شێوەکاری عێراقی زۆر بەکورتی باسیان لە بزاڤی هونەری شێوەکارێی شاری کەرکووک کردووە، کە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستی ئەو گەشە سەندنە نییە کە ئەم هونەرە لەم شارەدا بەخۆیەوە بینیویەتی.
شایانی ئاماژەپێکردنە لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991دا چەند هونەرمەندێکی شێوەکاری کەرکووک لەشاری #سلێمانی#دا لەچەند کۆڕ و سیمینارێکدا تێشکیان خستە سەر قۆناغی حەفتاکان و هەشتاکانی بزاڤی هونەری شێوەکاری کەرکووک و باسیان لەئەزموونەکانی ئەو دوو دەییە کردووە، هەروەها تێشکیان خستە سەر ئەو هونەرمەندانەی لەو ماوەیەدا جێدەستیان لەبوارەکەدا دیارە کە پێک هاتبوون لەم هونەرمەندانە: (ئاری بابان، غازی محەمەد ئەمین، حوسام حەکیم). هەروەها لەچاوپێکەتنێکی تەلەفزیونیدا هونەرمەندی ناوداری کورد (ئازاد شەوقی) باسی بزاڤی هونەری شێوەکارێی کەرکووکی لەپەنجاکاندا کردووە، کەلەو ماوەیەدا هونەرمەند لەگەڵ خانەوادەکەیدا لە کەرکووک ئەژیان. لەلایەکی ترەوە نووسەر (#فەرهاد پیرباڵ#) لە ژمارە (2) ی مانگی کانونی یەکەمی (1998) ی گۆڤاری (هاواری کەرکووک) دا بابەتێکی لەسەر (بزاڤی هونەری شێوەکاری کەرکووک) نووسیوەتەوە و سودێکی بەرچاوی لە کتیبی (فێول من تڕریخ الحرکە التشکیلیە فی العراق - الجزء الاول) (شاکر حەسەن ئال سەعید) وەرگرتووە، کەلەمەو بەر ئاماژەمان پێدا و هەندی زانیاری تریشی لەو بوارەداخستووەتە ڕوو، هەروەها ئاماژەی بە پێشانگایەکی هونەرمەند (عەزیز سەلیم) داوە کە لەچەند دێڕی داهاتوودا ئاماژەی پێئەدەین.
لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی لەناوچووی بەعس لە ساڵی (2003) دا چەند هونەرمەندو نووسەرێکی نەتەوەکانی کەرکووک تیشکیان خستە سەر مێژووی ئەو هونەرە لەشاری کەرکووکدا بەڵام بەداخەوە سەرجەم ئەو نووسینانە تیڕوانینێکن لەدیدی تەنها نەتەوەیەکەوە بۆ ئەو هونەرە لەم شارەدا وهەوڵدانێکە بە مەبەستی وەدەرخستی ڕۆڵی هونەرمەندەکانی خۆیان لەو بوارەدا بۆ نموونە (إسهامات الفنانین الترکمان فی مسیرە الحرکە التشکیلیە فی مدینە کرکوک) کە لە ژمارە (5) ی ساڵی (2007) ی گۆڤاری (سومر) دا بڵاوبووەتەوە. هەروەها چەند نووسەرێکی کوردیش خۆیان لەقەرەی نووسینەوەی ئەوە مێژووە داوە کەبەداخەوە ئەوانەش لەو ئاستەدا نەبوونە و کەلینێکی گەورەیان لە نووسینەوەی مێژووی ئەو هونەرە لەم شارەدا بەجێهیشتووە.
مێژووی هونەری شێوەکاری شاری کەرکووک مێژوویەکی یەکگرتووە و سەرجەم نەتەوەکانی ئەم شارە بەشدارییان تێدا کردووە و هەر هەوڵێکیش بۆ لێکترازانی ئەو مێژووە شێواندنی ئەو مێژووە بەدوای خۆیدا دینی....
ئێمە لەم نووسینەدا بەپێی ئاگاداریمان و پاڵپشت بەو دیکۆمینتانەی لە ژێر دەستماندان هەولڕ ئەدەین بەپێی سەرەتای ساڵی بەشداریکردنی شێوەکارەکان لە پێشانگاکاندا پۆلینی شێوەکارو قۆناغەکان بکەین و لە دوای ئەوەشدا ئەگەر پیویست بکات لە قۆناغ و شوینەکانی تردا جارێکی تر لەم نووسینەدا ئاماژەیان پیئەدەینەوە، هەروەها ئیمە لێرەدا ئاماژە بەو شێوەکارانە ئەدەین کە ڕۆڵی بەرچاویان لە بوارەکەدا هەبووە، هەندی شێوەکارێش هەیە یان وەک خولیا کاری شێوەکاریێان کردووە یان تەنها یەک دوو بەشدارییان هەبووەو دوای ئەوەدا هیچ ڕۆلڕ و بەشداریێکێان نەبووە، لەبەر ئەوە بە پێی هەموو پێوەرەکان پیویست ناکات ئاماژەیان پێبدەین. هەروەها ئەو گرفتەی لە زۆر کاتدا ڕوو بەرووی ئەو نووسەرانە ئەبیتەوە کە هەوڵی نووسینەوەی (مێژووی هاوچەرخی بزاڤی هونەری شێوەکاری کەرکووک) ئەدەن، پێک هاتووە لەوەی زۆر لەو دیکۆمینتانەی پەیوەندییان بەو بوارەوە هەیە لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و لەدوای ئەوەشدا لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی لە ناوچووی بەعس لە ساڵی 2003 دا فەوتان، هەروەها بە هەمان هۆکاریشەوە و چەند هۆکارێکی تر زۆر لە شێوەکارانی شاری کەرکووک نەیانتوانیوە دیکۆمینتە هونەرییەکانی خۆیان بپاریزن و زۆریش لە شێوەکارەکان تا ئەم دەمە کەم تەرخەم بوونە لە نووسینەوەی (cv) ژیاننامەی هونەری خۆیان. ئەوەش هۆکارێکە کە لەم نووسینەدائاماژە بە چەند ناویک نەدەین کە ڕۆلڕ و بەشدارییەکانیان بە دیکۆمینت و بەڵًگەی حاشا هەڵنەگر نەسەلمینراوە، وەیا لەبەردەستی ئێمەدا نییە.
سەرەتایەکانی بزاڤی هاوچەرخی هونەری شێوەکاریی کەرکووک و قۆناغی پەنجایەکان و شەستەکان.
چەند سەرچاوەیەک سەرەتای سەرهەڵدانی بزاڤی هاوچەرخی هونەری شێوەکارێی شاری کەرکووک بۆ ساڵی 1934 دەگەڕیننەوە کەهونەرمەندی ناوداری کورد (عەزیز سەلیم) وەک ئاماژەی پیئەدەن یەکەم پێشانگای تایبەتی خۆی لەچایخانەی (یەدوڵڵا) لە گەڕەکی شۆریجەی شاری کەرکووکدا کردووەتەوە و هەروەها هونەرمەند (عەزیز سەلیم) خۆیشی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیونێدا کە لە کۆتایی هەشتاکاندا لە تەلەفزیونی کەرکووکی ئەو سەردەمەدا پەخش کرا ئاماژەی بەو پێشانگایەی خۆیدا، لەگەل ئەوەی هیچ سەرچاوەیەک نییە کە بوونی ئەو چایخانەیە لەو ساڵەدا وەیا لەساڵەکانی دوای ئەوەش لە گەڕەکی شۆریجەدا بسەلمینی و هەروەها زۆر سەرچاوەو کەسایەتییەکانی گەڕەکی شۆریجە مێژووی سەرەتای دروستکردنی ئەو گەڕەکە بۆ چەندین سالڕ دوای ئەو مێژووە ئەگەڕیننەوە.
لەچاوپێکەوتنێکدا کە لەگەلڕ هونەرمەندی کۆچکردوو (مەحموود ئەلعوبەیدی) ئەنجامم دا وبەزمانی عەرەبی لە ژمارە (6183) ی ڕێکەوتی #14-07-2001#ی ڕۆژنامەی (العرب) ی (لەندەن) و هەروەها لە ژمارە (6) ی گۆڤاری (رێگا) کە لە شاری کەرکووکدا دەردەچوو بڵاوکرایەوە ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی (1949) دا خۆی و هونەرمەند (ئازاد شەوقی) پێشانگایێکی هاوبەشیان لە شاری کەرکووکدا کردووەتەوە.هەروەها لەهەمان چاوپێکەوتندا ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە هونەرمەند (ئازاد شەوقی) ڕۆڵی بەرچاوی لە پێکهینانی ئەو گروپە هەبووە کەلەدواییدا بە ناوی (گروپی شێوەکارانی کەرکووک) وە ناسرابوو کە لە ساڵی (1953) دا یەکەم هەنگاوی کردنەوەی پێشانگای هاوبەشی خۆیان بەناوی (پێشانگای هونەرمەندانی لیوای کەرکووک) وە نا و یەکەم پێشانگای خۆیان بە هەمان ناوەوە لە هۆڵی (قوتابخانەی غازی) کردووەتەوە، بزۆینەرو کارەکتەرە سەرەکیێەکانی ئەو گروپە پێک هاتبوو لەم شێوەکارانە (مەحموود ئەلعوبەیدی، سدیق ئەحمەد عاشوور، سینان سەعید). ئەو گروپە لەماوەی ژیانی هونەری خۆیدا لە ساڵی (1965 - 1953) دا چەندین پێشانگای هاوبەشیان لە کەرکووک و بەغدا و تورکیادا کردۆتەوە و سالڕ لە دوای سال شێوەکارانی ئەو گروپە بەرەو هەڵکشان ڕۆیشتووە و لەناوەڕاستی شەستەکاندا ژمارەیان (40) شێوەکاری تێپەڕاندووە لەوانە (عەبدوڵڵا ئەمین، عیزەدین ئەلسندوق، محەمەد مەهدی دوزلاوی، موئەیەد ئەلڕاوی، ئەنوەر ئەلغەسانی، هاشم ئیسماعیل الموسلی، خاتوو زاروهی کیورک، نازف محەمەد عەلی، تاریق ئەحمەد عەلی، قەمبەر ئوزدەمیر، سەڵاح پەری، زەین ئەلعابدین دامرچی، مووەفەق ئینتوان ئەلوەکیل، خالید ڕەمەزان، فەخری جەلال، عەبدولرەزاق شیخلەر، نورەدین عیزەت، سوعاد عیزەت، سەمیر بەهیە، پولس عیسا، نەجمەدین محەمەد عەلی، عەلی ئەلنەجار، محەمەد عیزەت، ئایدن حوسین، کەمال تاهیر، عەباس حوسین، ئایدن شاکر ئەلعراقی، ئەکرەم سابیر، نەوزاد کەدەک، ئەنوەر مەحموود سامی، سەڵاح شیخلەر، فریال ئەلمودەرس، عەباس قەرەنای) لەگەلڕ چەندین شێوەکاری دی.
هەر لەو قۆناغەدا دوو هونەرمەندی شێوەکاری بەتوانای کەرکووکی لەسەر ئاستی عیراقدا وەدەرکەوتن کەئەمانن (بەدیع باباجان، عەتا سەبری) لەگەلڕ ئەوەی ئەم دوو هونەرمەندە خەڵکی شاری کەرکووکن، بەڵام هیچ بەڵگەو دیکۆمینتیک لەبەر دەستدا نییە کەبیسەلمینن ئەم دوو هونەرمەندە چالاکی هونەرییان لەنێو شاری کەرکووکدا ئەنجام دابیت هەروەها پەپێی ئاگاداری ئیمە هیچ کامیان لەوچاوپێکەوتنانەی لەگەڵیان ئەنجام دراوە ئاماژەیان بەوە نەداوە کەهیچ چالاکیێەکی شێوەکارییان لەکەرکووکدا هەبووبێت، و ئەو دووهونەرمەندە لەناوەڕاستی شەستەکانەوە لە بەغدادا ژیاون و هەر لەوێدا بەشداری چالاکیێە هونەرییەکانیان کردووە، لەگەلڕ جیاوازی ئاست و ستایلی ئەم دوو هونەرمەندە لەیەکدی هیچ کەسێک ناتوانیت نکۆڵی لە ئاست و ڕۆڵی ئەو دووهونەرمەندە لە بژاڤی هونەری شێوەکاری عیراقدا بکات، کەبەڕاستی جێ دەستیان لەو بوارەدا دیارە. شایانی ئاماژە پێکردنە شێوەکار (عەتا سەبری) یەکەم شێوەکاری عیراقییە کە وینەی مەزارگەو کەسایەتییە یەزیدییەکانی کێشاوە.
لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی (1961) دا و هەروەها لەدوای کودەتا شومەکەی (8) ی شوباتی (1963) دا سستییەکی بەرچاو کەوتە نێو چالاکییەکانی (گروپی شێوەکارانی کەرکووک) ئەوەش بەهۆی ئەوەی (3) لە هونەرمەندە سەرەکیێەکانی ئەو گروپە بەهۆکاری جیاجیاوە لەکەرکووک دوور کەوتنەوە کە ئەمانن:
1 - عەبدوڵڵا ئەمین: دوای تێکەڵبوونی بەژیانی سیاسی لە ساڵی (1961) دا زیندانی کراوە و لەدوای بەربوونی لەسەر داوای خۆی وەک مامۆستایەک نەقلی چەمچەمال کراوەتەوە، لەساڵی (1963) دا کوردستانی جێهیشتووە و ڕووی لە هەندەران کردووە و لە ئەڵمانیادا جێنشین بووە.
2 - سینان سەعید: لەساڵی (1959) دا نیردراوە بۆ (کۆماری ئازرباینجان لە یەکێەتی سۆڤییەت) بەمەبەستی تەواوکردنی خۆیندن و لە ساڵی (1970) دا گەڕاوەتەوە بۆ عیراق و لەدانشگای بەغدا وەک مامۆستایەک وانەی وتووەتەوە.
سدیق ئەحمەد عاشوور: لەناوەڕاستی شەستەکانەوە چووەتە شاری بەغداو لە وێدا نیشتەجی بووە و دریژەی بە کارو چالاکییە هونەرییەکانی خۆی داوە.
$قۆناغی حەفتاکان.$
لەدوای دەرچوونی بەیاننامەی (11) ی ئادار لە ساڵی 1970 ودانپینانی ڕژێمی بەعس بە مافەکانی گەلی کورد و هەروەها دەرفەتدانی بە ئازادی کارکردنی سیاسی بە حیزبی شیوعی عیراق، دەرفەتی ئازادی وپانتاییەکانی دەربڕین و ئەفراندنی ئازاد زیاتر هاتە ئاراوە و بزاڤی هونەری شێوەکاریش هاوشان لەگەلڕ بوارە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی تردا گڕوتینیکی بەرچاۆی لەلایەن چەنیەتی و چونییەتییەوە بەخۆوە بینی و هونەرمەندانی شێوەکاری شاری کەرکووک لەو قۆناغەدا چەندین پێشانگای هاوبەش و تایبەتیان کردۆتەوە و تائەم دەمە کارێگەری ئەو قۆناغە بەسەر بزاڤە جیاجیاکانی هونەری و ڕۆشنبیری لەم شارەدا دیارە، بەتایبەتی تریش بەسەر قۆناغی هەشتاکان کەدریژەپێدان و لەدامینی ئەو قۆناغە هەستیارەدا هاتە ئاراوە. لیرەدا ئاماژە بەناوی چەند شێوەکارێک ئەدەین کە لەوقۆناغەدا ڕۆڵی بەرچاویان لەو بزاڤەدا لە شاری کەرکووک هەبووە لەوانە (ئەحمەد کاکەسوور، ئاری بابان، نورەدین ناسر، فازل ناسر، یونس ئەلعەزاوی، غازی محەمەد ئەمین، گارا، ئەیوب شەریف، عیرفان محەمەد عەلی، جەلال پۆڵات، ئازاد مستەفا ناسراو بە ئازادەرەش ,فاروق فایەق، نەجات فەتحوڵڵا، عادل عەلی ئەحمەد، حوسام حەکیم، موعتەسەم ساڵەیی، ناسر خەلەف، تالیب ئەڵماس، سەردار سابیر عەبدەڵڵا و چەندین شێوەکاری تر). شایانی ئاماژەپێکردنە لەو قۆناغەدا پێشانگا شێوەکارییەکان لەم شیوینانە ئەکرانەوە : (بەڕیوەبەرایەتی ڕۆشنبیری جەماوەری، لقی کەرکووکی حیزبی شیوعی عیراق، بەهوی شارەوانی کەرکووک، لقی کەرکووکی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، لقی کەرکووکی یەکێتی قوتابیانی دیموکراتی کوردستان).
$قۆناغی هەشتاکان.$
قۆناغی هەشتاکانی بزاڤی هونەری شێوەکارێی شاری کەرکووک بە زیڕینترین قۆناغی ئەو هونەرە لەم شارەدا ئەژمارئەکریت، لەو قۆناغەدا چەندین ئاست و نەزموونی هونەری نوێ هاتە ئاراوە و زۆربەی هونەرمەندانی شێوەکارێی ئەو قۆناغە جێدەستیان لەسەر نەخشەی ئەو هونەرە بەجێهیشتووە و تائەم دەمە زۆربەی هەرەزۆری هونەرمەندە شێوەکارە کەرکووکییەکانی ئەو قۆناغە نەک تەنها لەسەر ئاستی کەرکووک بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستانیش جێدەستیان دیارە. بەهۆی سیاسەتی کپکردنی دەنگی نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی بوارەکانی دی لەم شارەدا کە دەسەڵاتدارانی حیزبی بەعس لەو قۆناغە هەستیارەی شاری کەرکووکدا پەیڕەویان ئەکرد، تەنها بزاڤیکی ڕۆشنبیری کەدەرفەتی دەربڕینی لەو شارەدا مابوو هونەری شێوەکاری بوو، کەهونەرمەندە شێوەکارەکان توانیبوویان لەرێی ڕەنگ و هێمای تابلوکانیانەوە پەردەپۆشی ماناو هێما ڕاستەقینەکانی کارە هونەرییەکانیان بکەن وسیاسەتەکانی ئەو سەردەمەی حیزبی بەعس ڕیسواو مەحکوم بکەن، لەو بوارەشدا تابلوکانی هونەرمەندان هێمایەک بوون بۆ ڕیسواکردنی ڕاگواستنی کوردان لەم شارەی باوباپیرانیان و هەروەها ڕیسواکردنی شەڕی کوردستان و شەڕی داسەپاوی عیراق - ئیران و جیوازی نەتەوەیی ئاینی و مەزهەبی لەسەرجەم عیراق و بەتایبەتی لەم شارەدا. لەو قۆناغەدا هونەری شێوەکاری چەکێکی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی ناوشاری کەرکووک دژ بەرژێمی لەناوچووی بەعس بوو.
لەو قۆناغەدا شێوەکارانی شاری کەرکووک چەندین پیشانگای هاوبەش و تایبەتیان لەم شارەدا کردەوەو چەندین ئەزموونی نوێیان لەبواری هونەری شێوەکاریدا خستە بەردیدی بینەران و هونەردۆستان، لەماوەی ئەو چەند ساڵە کورتەدا مانگ نەبوو لە نێوان (15 -10) پیشانگای شێوەکاری لەم شارەدا نەکریتەوە، لەگەلڕ ئەوەی لەو ماوەیەدا تەنها یەک هۆڵی نمایشی کاری شێوەکاری لەو شارەدا هەبوو ئەویش (هۆڵی تأمیم بۆ هونەری نۆی - قاعە التڕمیم للفن الحدیث) بوو. لەو قۆناغەدا سەرەڕای هونەرمەندو شێوەکارانی قۆناغەکانی تری بزاڤی هونەری شێوەکاری شاری کەرکووک کۆمەڵی هونەرمەدو شێوەکاری نوێ هاتنە نێو بوارەکە لەوانە وەک نموونە (مدحەت کاکەیی، سوعادستار، فوئاد عودیشو داود فوئاد گەنجی، سەڵاح حەمە ئەمین، محەمەد ساڵەیی، هیمەت کاکەیی، عەلی دەرویش، ئاشتی مەهدی، حوسین کاکەیی، فەلاح عومەر شوانی، عەلی سدیق، مان ئەحمەد دەلو، ئیبراهیم عەلی ئەحمەد، سەڵاح محەمەد میرزا، سەلام جاسم، خالید حوسین، دلیر محەمەد شەریف، ئازاد ئەنوەر، جەمال مەدد، عەبدوڵڵامحەمەد سیامەنسوری، ئەحمەد فایەق نامۆ، چالاک عوسمان، عەلی یوسف، سەمیرە ئەلخەیات، عەلی حوسین عەلی، ئەحمەد ئەسوەد ئەحمەد، ناسر کاکەیی، فاتمە بیرقدار، سامان ئەبوبەکر، جەمیل شەمعون، سەناء جاسم، نورەدین جاف، فازلڕ شەوکەت کاکەیی، نیهاد خالید، عەبدولڕەحمان حوسێن جۆڵا، نەرمین ئەحمەد ئەسوەد، نەدی عەسکەر، غەسان ئال سەعید، نازم فەرهود، عەبدولەتیف ئەلواستی، سامی عەزیز، جومعە محەمەد، ئومید عومەر) و چەندینی تر.
قۆناغی نەوەتەکان، تا مانگی سێی 2003.
لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و ئازادکردنی بەشێک لە شارەکانی کوردستان، ڕژێمی لەناوچووی بەعس زیاتر لە قۆناغەکانی ڕابوردوو درێژەی بەسیاسەتی ڕاگواستنی کوردان لەم شارەدا دا، هەروەها چەندین کوردیش لەبەر هەمان هۆکار لەگەلڕ ئەو ڕاپەڕینە مەزنەی جەماوەری کوردستان شاری کەرکووکیان بەجێهیشت و نەگەڕانەوە زیدی باوباپیرانیان کەژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی شێوەکاری کەرکووکی تێدابوو کە لە قۆناغەکانی ڕابوردووی بزاڤی هونەری شێوەکاری کەرکووکدا ڕۆڵی بەر چاویان هەبووە، ئەو حاڵەتەش بووە هۆی ئەوەی سستییەکی بەرچاو بکەوێتە نێو ئەو بزاڤە گرنگەی هونەر لە شاری کەرکووک لەو قۆناغەدا و تائەم دەمە کاریگەری ئەو قۆناغە سەختە بەسەر بزاڤی هونەری شێوەکارێی کەرکووکەوە دیارە. لەگەلڕ ئەوەشدا لەماوەی ئەو چەند ساڵە سەختەدا چەندین ئاست و ئەزموونی هونەری شێوەکاری نوێ وئاستی هونەری بەرز خرایە بەردیدی بینەران و هونەردۆستانی شاری کەرکووک. لەو هونەرمەندانەی لەو قۆناغەدا جێدەستیان لە بزاڤی هونەری شێوەکارێی کەرکووکدا دیارە وەک نموونە : (حوسین عەبدوڵڵا، شاهین ئەحمەد، دیلان عابدین، ، عەلی کەریم، شەنگول حەسیب، دڵشادحوسین جوڵا، فەلەکەدین ئەمین، فەرمان ئەحمەد عیزەدین، هیوا عەبدوڵڵا، ئامانج ئەمین، فەلەکەدین ئەمین، گۆران عابدین، پەخشان کەریم، خەیروللە محەمەد عەلی، وەهبیە یاسین غائیب، شیرزاد باخەوان، عیماد چۆبان، عایدە ئەلروبیعی).
وەک لەمەوبەر ئاماژەمان پێدا لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 دا چەندین هونەرمەندی شێوەکاری شاری کەرکووک ئاوارەی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان بوون و لەو شارانەی تێدا گیرسانەوە درێژەیان بە چالاکییە هونەرییەکانی خۆیان دا، لەو بوارەشدا بەشدارییان لە چەندین پێشانگای هاوبەش کردووەو چەندین پێشانگای تایبەتیشیان کردووەتەوە.هەروەها لەماوەی ئەو (10) ساڵەدا یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان لەو شارو شارەدییانەی کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس بەهۆی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیای شاری کەرکووک کەلەناوەڕستی حەفتاکاندا پێی هەڵسا (9) فێستیڤاڵی بەناوی (فێستیڤاڵی هونەری کەرکووک) وە سازکرد، کەپێشانگای شێوەکاری چالاکێیەکی گرنگ و سەرەکی ئەو فێستیڤاڵانە بوو کە سەرجەم شێوەکارە ئاوارەکانی کەرکووک بەشدارییان تێدا کردووە لەوانە وەک نموونە : (ئاری بابان، غازی محەمەد ئەمین، ، گارا، گرفتار کاکەیی، حوسام حەکیم، سوعاد ستار، فەلاح عومەر شوانی، ئەحمەد فایەق نامۆ، ئاشتی مەهدی، بەیان مانی، عەلی حوسین عەلی، هیوا دومان، نازدار ئەحمەد، سامی سەعدوڵڵا، سەعید ئیسماعیل، شیرزاد جەوهەر، شیروان فاتیح، شیلان ێالح، تاهەمحەمەد کەریم، دلیر محەمەد شەریف، ئازاد ئەنوەر، عومەر سید) و چەندین شێوەکاری تر، کە ژمارەیەک لە شێوەکارە بەشداربووەکانی ئەو فێستیڤاڵانە خەڵکی شارو شارەدییە دابڕاوەکانی پاریزکای کەرکووک بوون.
شێوەکارانی خەباتی شاخ و بەرەنگاربوونەوە.
نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بەگشتی و هونەرمەندانی شێوەکاری سەرجەم شارەکانی کوردستان بە هونەرمەندانی شێوەکارێی شاری کەرکووکیشەوە بەدەرنەبوونە لە بەرخوردان و بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق بە ڕژێمی لەناوچووی بەعسیشەوە و بەشداریکردن لە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان و بەتایبەتیش شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و لەو قۆناغەدا شێوەکارانی کەرکووک ڕۆڵێکی بەرچاویان لەبزاڤی ڕۆشنبێری و هونەرێی بزاڤی ڕزگاری خوازی گەلەکەماندا هەبووە، لەو بوارەشدا چەندین پێشانگایان لەناوچە ئازادکراوەکانی ئەو سەردەمەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد کردووەتەوە لەوانە وەک نموونە : (مدحەت کاکەیی، حوسین کاکەیی، گارا، دلیر عوبید، ئیبراهیم عەلی ئەحمەد، دلیر محەمەد شەریف).
$شێوەکارانی تاراوگە$
سەرەڕای ئاوارەبوون، هونەرمەندانی شێوەکارێی کەرکووک بەدەرنەبوونە لەو شەپۆلەی کوردان و سەرجەم نەتەوەکانی عیراقی لەناوەڕاستی حەفتاکانەوە تا دەگاتە ئەمڕۆمانی گرتەوەو تێدا ژمارەیەکی بەرچاو لە شێوەکارانی ئەم شارە بەهەموو نەتەوەکانیەوە ڕوویان لە هەندەران کردووەو لە چەندین وڵاتانی جیاجیادا پەرتەوازە بوونەو لەنێو ژیانی غوربەت و تاراوگەدا توانیویانە درێژە بەکارو ئەزموونە هونەرییەکانی خۆیان بدەن لەوانە وەک نموونە (حەمید دەرویش، فایەق عومەر ڕەسول، مەدحەت کاکەیی، نورەدین ناسر، فازل ناسر، فاروق فایەق، سوعاد ستار، گارا، محەمەد ساڵەیی، خالید ستار، ئاشتی مەهدی، یونس ئەلعەزاوی، نەجات فەتحوڵڵا، یاوز کای، ئەحمەد کاکەسوور، سەڵاح محەمەد میرزا، هیمەت کاکەیی، حوسین کاکەیی، نورەدین ئەمین، حەمید شەریف، چالاک عوسمان، عەلی حوسین عەلی، حەمید محەمەد ڕەفیق ناسرا بە پشتیوان، سەدرەدین ئەمین، فەلاح عومەر شوانی، دلیر عوبید، ئەحمەد فایەق نامۆ، ئەڤین ئەمین کاکەیی، تانی عەبولقادر محەمەد، نەرمین ئەحمەد ئەسوەد، ئاراس عوبید، عەدالەت گەرمیانی، خالد کاکی، نەدیم داوودی، عومەر بێبەش، حوسام ئەمین حەمە، عەدنان قادر، محەمەد سیامەنسوری، عەدنان بەرزنجی، کاوە کافروشی، بورهان سالح ساڵەیی، ڕوناک عەزیز، سامان وەیسی).
شایانی ئاماژەپێکردنە ژمارەیەک لەو هونەرمەندانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێیاندا لەقۆناغە جیاجیاکانی بزاڤی هونەری شێوەکارێی کەرکووک بەچەندین هۆکاری جیاجیاوە هیچ بەشدارییەکیان لە چالاکیێە شێوەکاریێەکانی نێو شاری کەرکووکدا نەکردووە، بەڵام لەتاراوگەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان لەژیانی هونەری ئەو وڵاتانەدا هەیە کەتێدا نیشتەجێبوونە و جێدەستیان لەهونەری شێوەکاری ئەو وڵاتانەدا دیارە.
$ئەدەب و هونەر.$
لە سەرجەم ئەو ڕیباز و تەوژمانەی لە ئەدەب و هونەری هاوچەرخی جیهانیدا وەدەرکەوتن دەبینین تێهەڵکیش و نزیکبوونەوەیەکی ڕەگ و ڕیشە داکوتراو لە نێوان ئەدەب بەگشتی و شعربەتایبەتی لەلایەک و هونەری شێوەکاریش لەلایەکی ترەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرجەستە بووە، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی بووە لە بەردەوامی و نوێبوونەوەی ئەو ڕیباز و تەوژمانەی کە ئەدەب و هونەری لەماوەی پتر لە سەدەیەکدا گرتووەتەوە. نووسەران و شێوەکارانی کەرکووکیش بەدەر نەبوونە لەو حاڵەتە، لەگەلڕ ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەردوو بوارەکەدا کاریان کردووە کەمن، بەڵام گرنگە لیرەدا ئاماژەیان پێبدەین. لەو بوارەشدا نووسەرمان هەبووە کاری وینە کێشانیشی کردووە و بەشداری لە پێشانگاشدا کردووە، هەروەها شێوەکاریشمان هەبووە نووسەر و شاعر بوونە لەوانە وەک نموونە : (سەدرەدین عارف، گارا، موعتەسەم ساڵەیی، محەمەد موکری، محەمەد ساڵەیی، عەبدوڵڵا سەراج، سەڵاح حەمە ئەمین، گرفتار کاکەیی، عەلی حوسین عەلی، عومەر سیدە، سەنگەر قوباد).هەندی لەو ناوانە تەنها لەبوارەکەی خۆیاندا واتە شێوەکاری نووسینیان هەیە، بەڵام بەداخەوە لەنێویاندا زۆر کەمن ئەو نووسەرانەی توانیبیتیان تایلۆیەکی شێوەکاری بگوازنەوە ناو شعر وەیا چیرۆکەکانیان، وەیا بەپیچەوانەوە شێوەکارێک توانیبیتی بەتابلۆ گوزارشت لە شیعرێک وەیا جیرۆکێکی خۆی وەیا نووسەرێکی تر بکات....بەڵام دەبینین لەو بوارەدا نووسەری ناوداری کورد (محەمەد موکری) توانیویەتی لەو ئەزموونە شێوەکاریێە تەنیایەی خۆیدا کە لە ساڵی (1994) دا لەشاری هەولیر خستییە بەر دیدی بینەران و تێدا توانی چەند شعرێک ئاویزانی تابلۆ هونەرییەکانی خۆی بکات لەوانە شعری (جیکور ی بەدر شاکر ئەلسەیاب) و شعری (وڵاتی ڕەژوو ی قوبادی جەلی زادە) و شعری (دەربەندی پەپولە ی شیرکۆ بیکەس) و هەروەها شعری (کەشتییەکی مەست - مرکب سکران) ی شاعری ناوداری فەرەنسی ڕامبو و چەندین تابلۆی تر.
سەرەڕای نووسەرانی کوردی کەرکووک، نووسەرانی عەرەب و ئەوانەی بەو زمانەش لەم شارەدا دەیاننووسی بەدەر نەبوونە لەو خەسڵەتە بەتایبەتی شاعیر و نووسەرانی (جماعە کرکوک الڕدبیە) کەلەشەستەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بزاڤی ئەدەبی و ڕۆشنبیری عیراقدا هەبووە، هەر ئەو گروپەش جەمسەرو هۆکارێکی سەرەکی بوونە لەو تەوژم و وەرچەرخانەی بزاڤی ئەدەبی و ڕۆشنبیری عیراقی لەشەستەکاندا گرتەوە، نووسەرانی ئەو گروپە سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکیان وەک شێوەکار بەشدارییان لە پێشانگاکانی (گروپی شێوەکارانی کەرکووک) دا کردووەو کارکتەرێکی سەرەکی ئەو گروپە بوونە، هەندێکیشێان وەک ئازەزوو خولیا وینەیان کێشاوە، ئەوانەی دیش شارەزاییەکی زۆر باشیان لەهونەری شێوەکارێدا هەبووە و لەچەندین شعر و جیرۆکدا ژیان و تابلۆی هونەرمەندە جیهانییەکانیان بەرجەستەکردووەو خۆیندنەوەی زانستی و دەرونیان بۆ زۆر لە تابلۆ جیهانییەکان هەبووە. لەو نووسەرە کەرکووکییانەی کاری شێوەکاریێان کردووە وەک نموونە : موئەیەد ئەلڕاۆی و ئەنوەر ئەلغەسانی : دووئەندامی سەرەکی (گروپی شێوەکارانی کەرکووک) بوونەو بەشدارییان لەچەندین پێشانکای ئەو گروپەدا کردووە.شایانی ئاماژەپێکردنیشە نووسەری ناوداری عیراق و کەرکووک (موئەیەد ئەلڕاوی) لەچەندین کتیب و کۆمەڵە شعری خۆیدا تابلۆ و کاری هێڵکاری خۆی ئاوێزانی شعرەکانی کردووە لەوانە وەک نموونە کۆمەڵە شعری (إحتمالات الوچوح). سەڵاح فایەق : نووسەر و شاعر، زیاتر کاری هونەری کۆلاجی کردووە و لەنێو دیوانە شعرییەکانێدا بڵاویانی کردووەتەوە، وەک نموونە هەردوو کۆمەڵە شعری (مقاگعات وڕحلام، الرحیل) کە لەحەفتاکاندا لە لەندن بەچاپی گەیاندووە، هەروەها چەندین دیوانە شعری تری خۆی بە هونەری کۆلاج ڕازندووەتەوە کەسەرجەم ئەو تابلۆیانەی گوزارشتیان لە ناوەڕۆکی شعرەکانی کردووە. هەروەها هەردوو شاعر و نووسەر فازل ئەلعەزاوی و سەرگۆن پۆلێ وەک خولیا کاری وینە کێشانیان کردووە. فوئاد ئەلگەنجی : یەکێکە لە شاعرو نووسەرو ڕۆژنامەنووس و شێوەکارەکانی کەرکووک، لەژمارەیەک لەتابلۆکانیدا شعری خۆی ئاویزانی تابلۆکانی کردووە. لەیەکێک لەو پێشانگایانەی کەلەهەشتاکاندا لە بەغدا کردویەتیەوە سەرجەم تابلۆکانی ئەو پێشانگایەی ئاویزانی تابلۆ و شعربوون. ناسر خەڵەف : یەکێکە لەو شێوەکارانەی شعرو بابەتی ئەدەبی نووسیوەتەوە و لەزۆر تابلوشدا ئاویزانی شعرو تابلۆی کردووە و دوا پێشانگاشی سەرجەم تابلۆکانی ئاویزانی شعرو هونەری شێوەکاری بووە. هەروەها هونەرمەندی شێوەکار (یونس ئەلعەزاوی) لە کۆتایی حەفتاکاندا لە ئەزموونێکی سەرنج ڕاکێشی خۆیدا توانی کۆمەڵی لە هۆنراوەکانی شاعری ناوداری عیراقی (بەدر شاکر ئەلسەیاب) ئاوێزانی تابلۆکانی پێشانگایەکی تایبەتی خۆی بکات.
ماوەتەوە بڵین لەدوای ئازادکردنی شاری کەرکووک لەساڵی 2003 دا دەرفەتی ئازادی دەربڕین و ئەفراندن و کاری ڕێکخراوەیی زیاتر هاتە ئاراوە و لقی کەرکووکی ئەو ڕێکخراوە هونەرییانەی لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 لە شارەکانی سلێمانی و هەولیر بەناوی کەرکووکەوە کاریان ئەکرد گەڕانەوە نێو شاری کەرکووک، ئەوەبوو لەسەرەتادا (لقی کەرکووکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان) و دواتر (ناوەندی کەرکووکی یەکێًتی هونەرمەندانی کوردستان) لەناو شاری کەرکووک کرایەوە، ئەو دوو ڕێکخراوە لە ماوەیەکی کەمدا توانییان زۆربەی هونەرمەندانی کەرکووک لە خۆبکرن بەتایبەتی هونەرمەندە کوردەکانی ئەو شارە، لەگەلڕ ئەوەشدا کۆمەڵی لە هونەرمەندانی نەتەوەکانی تری کەرکووکیان لە خۆگرت. ئەو دوورێکخراوە توانییان کۆمەڵی چالاکی هونەری ئەنجام بدەن، کە چالاکی شێوەکاری بەشێکی هەرە گرنگی ئەو چالاکیێانە بوو، تێدا ئەزموونەکانی شێوەکارە کەرکووکییەکانی ناو شاری کەرکووک و شێوەکارە ئاوارەکان و هەروەها ژمارەیەک لە شێوەکارە کەرکووکییەکانی هەندەران ئاوێزانی یەکتر بوون و زادەی ئەوەش کۆمەڵی پێشانگای هاوبەش و تایبەت بوو، لێرەدا ئاماژە بە ناوی چەند شێوەکارێکی کەرکووکی تاراوگە ئەدەین کە پێشانگای تایبەتیان لەشاری کەرکووکدا کردەوە لەوانە (مدحەت کاکەیی، گارا، فەلاح عومەر شوانی، ئەحمەد کاکەسوور، ئاشتی شێخانی، حوسین کاکەیی) هەروەها لەو ماوەیەدا هونەرمەندی دوورە وڵات (فایەق عومەر ڕەسول) گەلەری (شوراو ئارت) ی کردەوە و ئاهەنگی کردنەوەی ئەو گەلەرییە پێشانگایەکی هاوبەشی لە خۆگرتبوو کە هونەرمەند (فایەق عومەر ڕەسول و کۆمەڵی لە شێوەکارانی نەمسا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی) بەشدارییان تێدا کرد. هەروەها لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا بە ئەندازەیەکی کەم بە پێوانە لە گەڵ شێوەکارانی شارەکانی تری کوردستان، شێوەکارانی کەرکووک توانییان ئەزموونەکانی خۆیان بگوازنەوە دەرەوەی سنووری عیراق و ئاشنایی لەگەلڕ ئەزموونی شێوەکارانی چەندین وڵاتی تردا پەیدا بکەن، ئەمانەش هۆکارێکی سەرەکی بوون لەوەی شێوەکارانی شاری کەرکووک چەندین ئەزموونی نوآ بخەنە بەر دیدی بینەران هەوادارانی هونەری شێوەکارێی شاری کەرکووک و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا چەندین شێوەکاری لاو هاتنە نێو بوارەکە کە جێدەستیان لە بوارەکەدا دیارە، لیرەدا چەند ناوێک ئەخەینە ڕوو (حوسین عەبدولکەریم، سەنگەر قوباد، پشتیوان عەسکەر، ئارنۆ جەباری، محەمەد حەسیب، حوسین ڕەشید، محەمەد ڕۆستەم، کامەران دارتاش).
$تێبینی$: لە زۆر کاتدا ئەو نووسەرانەی هەوڵی نووسینەوەی (مێژووی هاوچەرخی بزاڤی شێوەکاری کەرکووک) ئەدەن ڕوو بەرووی کێشەیەکی گەورە ئەبنەوە، ئەوەش پەیوەستە بەناوی شێوەکارەکان. گەر ئێمە چاوێک بە ڤۆڵدەرو دیکۆمینتەکاندا بخشینینەوە دەبینین شێوەکار هەیە چەند جارێک ناوی خۆی گۆڕیوە. ناویش هەیە لەلای چەند هونەرمەندێک دووبارە بووەتەوە، وەک نموونە هەموو کوردیک هونەرمەندی شانۆکار و درامی کەرکووکی(عەلی کەریم) دەناسیت، بەڵام لەشاری سلێمانیدا شێوەکارێک هەیە هەمان ناوی هەڵگرتووە و هەروەها لەکەرکووکیش شێوەکارێک هەیە بە هەمان ناوەوە. هەروەها شێوەکار (خەلیل کاکەیی) لە هەشتاکاندا لە کەرکووک بەو ناوەوە ناسرابوو بەڵام لە هەندەران هەڵگری نازناوی (حوسین کاکەیی) یە. هەروەها نووسەرو شێوەکار و ڕۆژنامەنووس (فوئاد ئەلگەنجی) هەڵگری چەند ناوێکی ترە لەوانە (فوئاد عودیش و فوئاد عودیشو داود). هەروەها هەمان گرفت لە ناوی شێوەکار (ئاشتی مەهدی) دا هەیە کەلەهەشتاکاندا بەو ناوەوە ناسرابوو بەڵام ئیستا هەڵگری چەند ناوێکی تریشە وەک (ئاشتی گەرمیانی و ئاشتی شیخانی) نموونەی تریش زۆرن لەو بوارەدا.
سەرچاوەکان:
1 - کۆمەڵی ڤۆڵدەری پێشانگا لە نێوان ساڵانی (1967 - 2003).
2- کتیبی (فصول من تاریخ الحرکە التشکیلیە فی العراق - الجزء الاول)ی نووسەر و هونەرمەندی شێوەکاری عیراقی (شاکر حەسەن ئال سەعید).
3- دەسنووسی (السیرە الذاتیە للفنان محمود العبیدی).
4 - کتیبی (صدیق عاشور.. مراە جیل) حسن عبدالحمید.
5 - الفنان محمود العبیدی.. بدایە الرویە و مسیرە التحقق. جریدە (العرب) لندن العدد 6183 فی 14/7/2001 حاورە صلاح حمە امین. وکژلک العدد (6) من مجلە (الطریق).
6 - هونەرمەندی شێوەکار (ئەحمەد کاکەسوور) لە هەشتەمین پێشانگای تایبەتیدا دیمانە / صلاح حەمە ئەمین، هەفتەنامەی (هەواڵ) ژمارە (231) لە 26ی ئایار 2007.
7 - گۆڤاری (هاواری کەرکووک) ژمارە (2) ی مانگی کانونی یەکەمی 1998.
8 - هەفتەنامەی (هەواڵ) ژمارە (245) لە 1ی ئەیلوولی 2007.
9 - عەدنان محەمەد قادر زەنگەنە. دیمانە / صلاح حەمە ئەمین، هەفتەنامەی (هەواڵ) ژمارە (263) لە 19ی مانگی کانونی دووەمی 2008.
10 - التشکیلی حمید درویش / جریدە (طریق الشعب) العدد (72) الاربعاء 21 / تشرین الثانی 2007.
11 - (جریدە الناس) بەداخەوە ژمارەو بروارەکەی نەماوە.
12 - (مجلە سومر) العدد الخامس 2007.
13 - (جریدە یورد) 1/ 8/1986.
14 - گۆڤاری (الدستور) ڕێکەوتی 29/5/1999.
15 - بەشی شێوەکاری کتێبی (مێژووی گۆڕانە ڕۆشنبیرییەکانی ناوچەی کەرکووک) نووسەر سمکۆ بەهرۆز 2007.
16 - کتێبی (راستکردنەوەی مێژووی هونەری شێوەکاری شاری کەرکووک) صلاح حەمە ئەمین 2008.
17 - نوشکێک لەمەڕ بزاڤی هونەری شێوەکاری شاری کەرکووک / صلاح حەمە ئەمین بەرگی یەکەمی (ئاوێزە) کەرکووک 2001.
18 - ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) ژمارە (592) ڕێکەوتی 20/1/1994 (پێشانگاکەی محەمەد موکری)... ڕەنگ و هیڵ و پەرچڤەکردنی دەروون. نووسینی تاریق کارێزی.
19 - شوکت الربیعی : ملامح من تاریخ الحرکە التشکیلیە فی العراق - جریدە الپورە العدد (1864) فی 1/9/1974.
20 - نوری الراوی حرکە الفن العراقی فی ڕیامها الاولی: مجلە المثقف العربی العدد (4) لسنە 1971.
21 - متحف الرواد - منشورات دائرە الفنون التشکیلیە - بغداد.
22 - المجموعە الشعریە (إحتمالات الوچوح) مۆید الراوی.
23 - کتاب (تلک، ایضاً، ڕعشە السکین - صلاح فائق وفن الکولاج) تالیف عبدالکریم کاظم.
24- گۆڤاری (اهل النفط) ژمارە (66)ی ساڵی 1957 (جماعە کرکوک للفن) نووسینی سامح نبیل.
25- ڕۆژنامەی (کوپرو) ژمارە (29) ی ڕێکەوتی 15/11/2008 بەشی یەکەم لە بابەتی (الحرکە التشکیلیە فی کرکوک - مسیرە و ابعاد) نووسینی ناسر خەڵەف.
26- ڕۆژنامەی (کوپرو) ژمارە (30)ی ڕێکەوتی 1/12/2008 بەشی دووەم لە بابەتی (الحرکە التشکیلیە فی کرکوک - مسیرە و ابعاد) نووسینی ناسر خەڵەف.
27 -گۆڤاری (کرکوک نیوز) ژمارە (29)ی ڕێکەوتی مانگی ئایار - 2013 (فی ذاکرة الفن العراقی - جماعە فنانی کرکوک) نووسینی ئەحمەد محەمەد کەرکووکلی.
28 - گۆڤاری (پنار) ژمارە (49)ی مانگی ئایار 2016.
29 - گۆڤاری (بانە ڕۆژ) ژمارە (119) و هەروەها ژمارەکانی (679)ی ڕێکەوتی 27/8/2016 و (680)ی ڕێکەوتی 3/9/2016 و (681)ی ڕێکەوتی 24/9/2016ی ڕۆژنامەی هەوال (بزافی هونەری شێوەکاری کەرکووک لە نیو سەدەدا) نووسینی سەڵاح حەمە ئەمین.
30- کتیبی (بەدیع باباجان) بەختیار سەعید.[1]