کۆنگرەی ئاشتی و چارەنووسی گەلی کورد
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، ئەو وڵاتانەی لەجەنگدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بڕیاریاندا لە 6ی شوباتی1919 (کۆنگرەی ئاشتی) پێکبێنن، کۆنگرە بۆ سێ بابەتی گرینگ بەسترا، یەکێک لەوانە چارەنووسی زەویە داگیرکراوەکان، کەپێشتر لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی دابوون، هۆکارێکی تر دانانی نەخشەیەکی تازە بوو بۆ ئەوروپا، چونکە هەریەک لە بەشداربووانی جەنگ دەیانویست پێگەی خۆیان لە ڕۆژهەڵات دیاری بکەن، بەتایبەتی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، هۆکارێکی تر بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پەیماننامە نهێنیانەی پێش کۆنگرە بەسترابوون، وەکو پەیماننامەی سایکس– بیکۆ و سان ڕیمۆ، بۆ سەر لە نوێ دابەشکردنی ئەو دەستکەوتانەی لەجەنگ بەدەستیان هێنابوو، ئامانجیش لەبەستنی ئەم کۆنگرەیە لەدوای جەنگ چەسپاندنی ئاشتی بوو، لە جیهان و ئاوردانەوە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە تێکشکاوەکانی جەنگ، لە بەرامبەردا ئەو نەتەوانەی ماوەیەکی زۆر بوو، لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا چەوسێنرابوونەوە، تێدەکۆشان ئازادی و سەربەستی بەدەستبێنن، نەتەوەی کوردیش یەکێک بوو لەو نەتەوە چەوسێنراوانە.
ئەم کۆنگرەیە تایبەت نەبوو بە کورد، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار هاندەربوون بۆ ئەوەی کوردیش بەشداری لەم کۆنگرەیەدا بکات، یەکێک لەو هاندەرانە بڵاوبوونەوەی چواردە بەندەکەی (ویلسن)ی سەرۆکی ئەمریکا بوو، بەتایبەتی بەندی دوانزە، کەباس لە چارەنووسی نەتەوە ژێر دەستەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوو، کوردیش یەکێک بوو، لەو نەتەوانەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، دەیویست مافی چارەی خۆنووسینی بەدەست بێنێ، هۆکارێکی تر بوونی چەندین ڕێکخراوی سیاسی بوو لە ئەستەمبوڵ، بۆ نموونە (کۆمەڵی تەعالی کوردستان) کۆمەڵێک سیاسی و ڕۆشنبیری کورد تیایدا بەشداربوون، هەوڵیان دەدا لەمەیدانی سیاسەتدا بەشێک لە مافەکانی کورد بەدەست بێنن، ئەمانە وای کرد، کورد نوێنەرێک هەڵبژێرێ تا لە کۆنگرەی ئاشتیدا داکۆکی لەمافەکانی خۆی بکات.
لەبەر ئەوە شەریف پاشا بووە نوێنەری کورد لە کۆنگرەی ئاشتی، ڕەفیق حیلمی دەڵێت: کۆمەڵی نیشتمانی کورد لە ئەستەمبوڵ، لەگەڵ نوێنەری دەوڵەتە سوێند خۆرەکان کەوتە گفتوگۆکردن، هەموویان بڕیاریاندا شەریف پاشا بەناوی نوێنەری کوردەوە لەکۆنگرەی ئاشتیدا، داوای مافی نەتەوەی کورد بکات.
لە باشوری کوردستانیش هەوڵدرا شەریف پاشا وەک نوێنەری خۆیان بناسێنن، شێخ مەحمود وەکو سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ بۆ پشتگیری شەریف پاشا، مەزبەتەیەک بەعەشایرەکان و ڕۆشنبیرانی ناوچەکە مۆردەکات، نوێنەریشی نارد بۆ ئێران، ئەو مەزبەتەیە بە کوردەکانی ئەوێش مۆر بکرێت، دواتر هەموو مەزبەتەکان نێردران بۆ شەریف پاشای خەندان و مافی ئەوەی پێدرا بەناوی کوردەوە لە کۆنگرەی ئاشتی داوای مافی کورد بکات. بەڵام نوێنەرەکان لەڕێگا گیران و نەیانتوانی مەزبەتەکان بگەیەننە شەریف پاشا، بەڵام کوردەکانی باکوور توانیبوویان داواکارییەک بەناوی خۆیان و هەموو کوردەوە بنێرن، بۆ شەریف پاشا و بیکەن بەنوێنەری خۆیان، لە(کۆنگرەی ئاشتی) لەپاریس.
جەنەڕاڵ شەریف پاشا بەشێوەیەکی دیبلۆماسیانەی زۆر بەرز توانی لە کۆنفراسی ئاشتی لەپاریس دەوڵەتانی هاوپەیمان قایل بکات، یاداشتنامە بەناوبانگەکەی لەگەڵ نەخشەی کوردستاندا پێشکەش بکات، ئەم دبلۆماسیەتە بووە هۆی ئەوەی لەڕێکەوتننامە بەناوبانگەکەی سیڤەری 1920 بەئاشکرا داننرا بەمافی گەلی کورد، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، (ئەدموندس) دەربارەی چالاکیەکانی شەریف پاشادەڵێت: هۆی باسکردنی نەتەوەی کورد لەڤرسای دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆششەی شەریف پاشای خەندان کەخەڵکی #سلێمانی# بوو دابووی، شەریف پاشا ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینیووە، لەدانان و داڕشتنی ئه و مادانەی پێوەندیان بەکوردەوە هەبوو، لەکۆنگرەی ڤرسای دا.
شەریف پاشا کەسێکی دیپلۆماتکار و شارەزا بوو، سەرەڕای هەوڵەکانی لەکۆنگرەی ئاشتی بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد، بەهەوڵە دیپلۆماسییەکەی توانی لەگەڵ نوبار پاشای نوێنەری ئەرمەنەکان کۆبێتەوە، دۆستایەتی کورد و ئەرمەنەکان بەهێزبکا و ئەو ناکۆکیەی جاران نەهێڵێ، کەتورکەکان دەیانویست تاوانەکانیان بەرامبەر بە ئەرمەنەکان بخەنە ئەستۆی کوردەوە، دوای گفتوگۆیەکی دۆستانە، ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ ئەرمەنەکان مۆر کرد، بەهەردوو لایان یاداشتێکی دوو قۆڵیان دا بەکۆنگرەی ئاشتی و توانی سەرنجی وڵاتانی کۆنگرە بەرامبەر ڕووی ئاشتیخوازانەی گەلی کورددا ڕابکێشێت و یاداشتێک بەزمانی فەڕەنسی پێشکەش بەکۆنگرەی ئاشتی بکا، باسی نوێنەرایەتی خۆی و مافی نەتەوایەتی کوردی تێداکردووە. کەبووە هۆی ئەوەی لەقازانجی گەلی کورد سێ بەندی (62، 63، 64) دەربارەی باسی سەربەخۆیی کورد و کوردستان بخرێتە پەیمانی سیڤەرەوە.
بەداخەوە کۆمەڵێک هۆکار بوونە هۆی سەرنەگرتنی هەوڵەکانی شەریف پاشا، سەرەڕای هۆکاری دەرەکی بەتایبەتی ئینگلیز و فەڕەنسا و عوسمانی و کەمالیەکان بۆ دژایەتی هەوڵەکانی شەریف پاشا، کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆی کورد هەبوون، کەهەوڵەکانی شەریف پاشا بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کورد پێکنەیەت، لەوانە: دووبەرەکی و ناکۆکی ناوخۆی کورد هۆکارێکی سەرەکی شکستهێنانی هەوڵەکانی شەریف پاشا بوو، لەو سەردەمەدا بەهۆی دووبەرەکی و ناکۆکی نێوان کوردان دابەش بوون بۆ دووبەرە، بەرەیەکیان پشتیوانی لەهەوڵەکانی شەریف پاشا دەکرد، بۆ بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی، بەرەکەی تر داوای دروستبوونی دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆمی دەکرد، لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا. ئەوە بوو بە کێشەیەک لەنێوان سیاسیەکانی کوردستان و ڕۆشنبیرەکان.
لەبەڵگەنامەیەکی بەریتانیا ژمارە (No. 27- (F.o- 371-5067 ی ڕۆژی (22-02-1920) لەلاپەڕە (160)دا، باسی نامەیەکی ئەدمیرال دەکا، لەئەستەمبوڵەوە ناردوویەتی بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، دەربارەی ناکۆکی کوردەکانی تورکیا لەناو خۆیاندا دەڵێت: کێشەیەکی گەورە پەیدابووە لەناو کوردەکاندا، بەهۆی شەریف پاشاوە، دوور نیە ئەو ناکۆکیە ببێتە هۆی ئەوەی کوردستان بکەوێتە ژێر دەسەڵات و چاودێری دەوڵەتی فەڕەنسا و بەریتانیاوە، شەریف پاشا دەیەوێ سەربەخۆیی بۆ هەموو کوردستان بێ، بەڵام یەکێکی وەکو عەبدولقادر شەمزینی دەیەوێ کوردستان لەژێر سایەی تورکیادا بێت، بەڵام وادیارە بەدرخانییەکان لەگەڵ ئەوەدا نین.
لەئەنجامی ئه و ناکۆکیەدا کار گەیشتە ڕادەیەک عەبدولقادر شەمزینی و هاوڕێکانی بڵاویانکردەوه، ئیتر شەریف پاشا بەنوێنەری کورد ناژمێردرێ لەکۆنگرەی پاریسدا، هەرچەندە شەریف پاشا گوێی بەو تەلگرافە نەدا و خۆی تەلگرافێکی نارد کە نوێنەری کوردە، بەڵام دواتر شەریف پاشاش وەکو توڕەبوونێک وازیهێنا و لە 27-04-1920 دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لەنوێنەرایەتی کردنی گەلی کورد ڕاگەیاند، ئەم هەڵوێستە سوودێکی زۆری هەبوو بۆ تورکیزمەکان.
ڕەفیق حیلمی لەیاداشتەکانیدا ڕەخنەیەکی توندی گرتووه، لە هەڵوێستی کوردەکانی تورکیا، بەرامبەر بەشەریف پاشا وتویەتی: کوردەکانی تورکیا پشتیوانیان لەشەریف پاشا نەکردووە، بەڵکو بەهاندان و چاو ترساندن و دەم شیرین کردن، بەتەقەلای مستەفا کەمال و تورکیزمەکان، توانرا بەناوی کورد تەلگراف بنێرن بۆ کۆنگرەی ئاشتی، وتبوویان شەریف پاشا نوێنەری کورد نییە.
هەوڵەکانی شەریف پاشا و بەندەکانی پەیمانی سیڤەر هەنگاوێکی گەورە بوو، بەرەو سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام کورد ئەم هەلە گەورەیەی لەدەستچوو، هیچی دەستنەکەوت، لەبەر نەشارەزایی و کەمتەرخەمی و کەم ئەزمونی و پەرتەوازەیی، سوودی لەم دەرفەتە گرینگە وەرنەگرت و هیوای سەربەخۆیی کورد و کوردستان بوو بە بڵقی سەر ئاو.
خەبات و قوربانیدان و فیداکاری کورد کرایە قوربانی سیاسەتی دەوڵەتان و ئەو ڕۆشنبیر و سیاسیانەی کورد، کە بەداخەوە بەهۆی نەبوونی یەکێتیی و دووبەرەکی و ململانێی نێوانیان بۆ هەڵپەی بەرژەوەند خوازی و ساویلکەیی و کورت بینی لەناو کوردەکاندا ئەو هەل و دەرفەتە لەدەستچوو، ماڵوێرانی کوردی لێکەوتۆتەوە. ئەگەر چاوێک بەیاداشت و نووسینەکانی خۆماندا، وەکو: بلەچ شێکۆ و جەلادەت بەدرخان و ڕەفیق حلمی و ئەحمەد تەقی...هتد بێگڕین، بەئاشکرا بۆمان دەردەکەوێ کەمتەر خەمی کورد خۆی، بووە هۆی کێشە و ململانێ و هەڵپەی سەرکردایەتی کردن، ئەمانەش هەمووی بەزیانی کورد و دەستگیر نەبوونی مافی کورد، بەهۆی خۆیەوە بووە و دوژمنانی کورد، هەمیشە سوودیان لەو ناڕێکی و دووبەرەکیە وەرگرتووە کەلە نێوان کوردەکاندا هەبووە، لە بەرامبەردا هەمیشە دوژمنانی کورد هاوکاری یەکتریان کردووە، بۆ لەناوبردنی هەوڵ و تێکۆشانی کورد، زۆرجار بەپیلان و گوشار هەندێک حزبەکانیشیان لەیەکتر هانداوە، دواتر هاوپەیمانان لەبەڵێنە ناڕوونەکانیان لەپەیمانی سیڤەر پەشیمانبوونەوە و بەریتانیا و تورکیا لەناو خۆیاندا ڕێکەوتن، بڕیاریاندا پرسی ویلایەتی موسڵ ڕەوانەی کۆمەڵەی گەلان بکرێت، دواتریش درا بە عێراق، و مادەکانی پەیمانی سیڤەر کاڵبوونەوە و لەدواییدا سڕێنرانەوه، ئیدی ئەو بەڵێنانەی لەپەیماننامەی (سیڤەر)دا هەبوون بوونە بەشێک لە بیرەوەریی و هیوای کوردەکان، لەئەنجامدا ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانەی گەلی کورد هەمووی بەفیڕۆ چوو.
ئایا کورد تاکەی لەکێشە و ململانێ لەگەڵ یەکتر بەردەوام دەبن و هەڵەکانی ڕابردوویان دووبارە دەکەنەوە و چارەنووسی خۆیان تێکدەشێنن.[1]