ناونیشان: ڕووپۆشی ڕووەکی و ڕۆڵی لەکاریگەری لەسەر کەش و ئاو و هەوا و بەپێچەوانەوە
ئامادەکردن: #فازڵ عەباس ئیبراهیم#
رووەک بەسەرچاوەی سەرەکی خواردن و دروستکردنی کەرەستەکانی مرۆڤ و دامەزراندنی خاک دادەنرێت لەگەڵ جوانکردنی دیمەنی سروشتی کە مرۆڤ چێژی لێدەبینێت و پێی ئارام دەبێتەوە. وە ڕووەکیش بەشێکە لەزەوی وکاریگەری گرنگی لەسەر کەش و ئاو و هەوا هەیە، وە ڕوپۆشی ڕووەکی کاریگەری لەسەر هەریەکە لەڕێژەی تیشکی خۆر کە لەزەویەوە ڕەنگدەداتەوە و پێیدەوترێت ئەلبیدۆ و هەڵمی ئاو و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەهەوادا هەیە.
بۆچی ئەم گرنگیپێدانە؟ چونکە مرۆڤەکان هەڵدەستن بەگۆڕینی ڕوپۆشی ڕووەکی و ئەمەش کاریگەری لەسەر کەش و ئاو و هەوا هەیە. وە دواتر جوتیاران و ئەوانی تریش دەبینن ناسینی ڕۆڵی ڕوپۆشی ڕووەکی و کاریگەری لەسەر کەش و ئاو و هەوا شایەنی گرنگیپێدانە، وە بۆتێگەیشتن لەمە دەبێت کۆمەڵێک دەستەواژە بزانین وەکو ئارەقەکردن و بەهەڵمبوون، هاوسەنگی وزەی زەوی، تیشکی خۆری هەڵگەڕاوە لەزەوی و ڕۆڵی ئاو.
ڕوپۆشی ڕووەکی سەرجەم ئەو ڕوەکانە دەگرێتەوە لەڕووەکی دارستانی هەمیشە سەوز و هەتا مێرگە ڕوەکییەکان و بەروبومە کێڵگەییەکان، هەموو جۆرو شێوازەکانی ڕووەکەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەکاریگەری لەسەر سوڕی ئاو و هاوسەنگی وزەی زەوی.
$کاریگەری لەسەر کەش و ئاو و هەوا:$
ڕوپوشی ڕووەکی 20%ی ڕووبەری زەوی دەگرێتەوە، مایەی سەرسوڕمان نیە کە ڕووپۆشی ڕوەکی کاریگەری لەسەر ئاووهەوا هەیە، بەڵکو ئەوە سەرسوڕهێنەرە تا چ مەودایەک ئەم ڕوەکە کاریگەری ئەکاتە سەر کەش. ڕووەکەکان لەماوەی کردارە زیندەییەکانیان کەهەڵدەستن بەئەنجامدانی، دەست دەکەن بەئازادکردنی هەڵمی ئاوی پێوویست بۆ پێکهێنانی هەور و هەڵمژینی گازەکانی کەش، وە لەبەرئەوەی ئاو و هەوا ئاماژەیە لەسەر بارودۆخی کەش و هەوا لەماوەیەکی کاتی درێژ، بۆیە ڕووپۆشی ڕووەکی گرنگیەکی زۆری هەیە سەبارەت بە ئاو و هەوا. وە لەڕاستیدا، کرداری ڕۆشنەپێکهاتن بەرپرسە لەئاستی ئۆکسجین لەهەوادا کەپێویستە بۆ ئێمە و ڕێژەکەی 21%ی گازەکانی بەرگەهەوا پێکدێنێت، ئەمە جگە لەوەی ڕووەکەکان یارمەتی ئاو و هەوا دەدەن لەجێگیربوونی و ڕێگەگرتن لە ڕاڕایی پلەکانی گەرمی و شێ لەڕێگەی ئارەقەکردن. هەروەها ڕووەکەکان بەکاردەهێنرێن بۆ کەمرکردنەوەی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەڕێگەی کرداری ڕۆشنەپێکهاتنەوە کە ئەم گازانە دەرەنجامی سوتەمەنیە بەردیەکانە (خەڵوز). وە دەتوانین بڵێین ڕوپۆشی ڕووەکی بۆ کەش وئاووهەوای سروشتی پێویستە.
$بەکارهێنانی زەوی:$
نزیکەی دوو ملیار فەدان زەوی هەیە لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئەم ڕوبەرەش لەسەر بنەمای شێوەی ڕوپۆشی ڕووەکی دابەشدەکرێت، لە30ی ساڵی ڕابردوودا، زیادبونێکی ناجێگیر لەڕووبەری زەوی بەکارهێنراو لەباڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبوون ڕوویدا بەمانای زیادبوون لەوناوچانەی کەبە بیناو چیمەنتۆ و قیرەکان داپۆشراون، و کەمبوونەوەی ناوچە چێنراوەکان بەبەرووبوم.
جێی گرنگیپێدانە کە گۆڕانکاری لە بەکارهێنانی زەوی بە درێژایی مێژوو کاریگەری لەسەر کەش و هەوای باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەبووە، لە جۆرجیا بۆنمونە، لەماوەی سەدەی نۆزدەهەم، ڕووبەرێکی زەوی فراوان هەبوو کە بەلۆکە و بەروبومەکانی تر چێندرابوون. لەدەوروبەری کۆتاییەکانی سەدە زۆربەی زەویەکانی جۆرجیا (زیاتر لە 70%) گۆڕا بۆ دارستانی سنەوبەری و درەختە گەڵاهەڵوەریوەکان بەهۆی ڕاوەستانی کشتوکاڵی لۆکەوە بەهۆی توشبونی لق وگوڵەکانی لۆکەکە بەنەخۆشی، وەهەندێ لەزانایانی ئاووهەوا پێیان وایە کەئەو ساردبونەوەیە کەمەی لەباشووری ڕۆژهەڵات ڕوویدا لەم سەدەیەدا بەشێک بێت بەرزبوونەوەی بەهەڵمبوون و بارودۆخی ساردی پەیوەست بەدارستانەکان بەبەراورد بەزەوییە کشتوکاڵییە ڕوتەنەکان.
وە بەکارهێنانی زەوییەکان لەبەردەوام بووندایە بەتایبەت لەدەوروبەری شارەکان، کەپێیان دەوترێت دوورگەی گەرمی heat island و شارە گەورەکان کە ڕوپۆشی ڕووەکی تێداکەمە پلەی گەرمیان زۆر بەرزە لەڕۆژدا، زۆر بەئاسانی نەبوونی ڕوپۆشی ڕوەکی واتە نەبوونی ئارەقەکردن کەهەوا سارد ئەکاتەوە، ئەمە جگەلەوەی قیر ڕێژەیەکی زۆر گەرمی هەڵدەمژێت و پلەی گەرمی بەرزئەکاتەوە ولەشەودا زۆر بەهێواشی گەرمیەکەی لەدەست ئەدات. جێی تێبینیە کەڕوپۆشی ڕووەکی ودارستانەکان بڕێکی گەورە لەگازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بەکاردەبەن و پلەی گەرمی دادەبەزێنن لەڕێگەی ئارەقەکردنەوە.
$چۆن هەموو ئەمانە بەکشتوکاڵەوە دەبەسترێنەوە؟$
جوتیاران بەرپرسن لەپارێزگاریکردن لەزۆربەی ڕووەکە چێنراوەکان لەناوچە شیاوەکانی کشتوکاڵ لەجیهاندا. ڕوپۆشی ڕووەکی (یان نەبوونی) هۆکارێکی سەرەکییە کاریگەری ئەکاتە سەر شێوازەکانی کەش و ئاو و هەوا وردەکان.
وە ئەم هۆکارانەش بەم شێوەیەی خوارەوە کاریگەر دەبن بەڕووپۆش:
1- بەروبووم و ڕووەکەکان ب ەسروشتەکەی بەرپرسن لەخەزنکردنی ئاو و بەکارهێنانەکانی، کاتێک ئاو لەڕێڕەوەکەی خۆی لادەدات، ڕوپۆشی ڕووەکی هەڵدەستێت بەبەکارهێنانی هەریەکە لەباران وبەفر وشەختەو تەم وئاوی خاک، گەڵای ڕوەکەکە خۆی هەڵدەستێت بەوەرگرتن وهەڵمژینی بەشێک لەم ئاوە وهەندێکی تریش دەڕواتە ناوخاک ولەڕێگەی ڕەگەکانیەوە هەڵیدەمژێت، وە کاتێک ئاو بەبڕێکی زیادە بەردەست دەبێت ئەوا ڕووەکەکە دەتوانێت بڕێکی زۆر لەئاو ئارەقە بکات و دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی هەوای دەوروبەر.
2- ڕوپۆشی ڕوەکی بەرپرسە لەسەر ئاستی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەهەوادا، وە گۆڕانە وەرزییەکانیش ئاماژە بۆئەوە ئەکەن کەبەرزترین ئاستی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەناوەڕاستی وەرزی گەشەکردن بووە، هەروەها گۆڕانکاری ڕۆژانە هەیە لەئاستەکانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و بەرزترین ئاستیش لەڕۆژدایە.
3- ڕەنگدانەوەی تیشکە پێوانەکان لەناو ناوچە ڕووەکی وچێنراوەکان بوونی پەیوەندییەکی ئاڵۆزە لەنێوان هەڵمژین و ڕەنگدانەوەو گواستنەوەو دەرچون. وە ڕەنگدانەوەی تیشکی خۆریش لە ڕوەکێکەوە بۆڕووەکێکی تر دەگۆڕێت بەهۆی جیاوازی لەپێکهاتەی ڕوەکەکە و گۆشەی تیشکی خۆر و بەرزی ڕووەکەکە، ئەو ڕوەکانەی بەرزیان دەگاتە 1 مەتر ڕێژەی ڕەنگدانەوەیان لەنێوان 0.18 بۆ 0.25.
$گۆڕانی ئاووهەواو ڕوەکەکان$
گۆڕانی ئاو و هەوا کاریگەرییەکی قوڵی کردۆتە سەر جوگرافیای زیندەیی لەئێستادا، وە دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کەگۆڕانی ئاووهەوای خێراو بەردەوام کاریگەرییەگەی گەورەتر ببێتەوە، وە ئەم گۆڕانەش کاریگەری گرنگی لەسەر لایەنەکانی ژیان هەیە لەسەر ڕووی زەوی و ئەم کاریگەرییانە بەشێوەیەکی تەواو دەرکەوتوون.
$کاریگەری پلەکانی گەرمی:$
دەرکەوتووە کە تێکڕای کەمترین یان بەرزترین پلەی گەرما دەکرێت هۆکارێکی دیاریکراوی گرنگ بێت لەدابەشکردنی ڕووەکەکان، نمونەش بۆ ئەمە ڕووەکەکانی خێزانی خورمان palm کە بەرگەی سەرما ناگرن، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕووەکەکانی ناوچە ساردەکان وجەمسەری باکوور لەسەرما ڕاهاتون و بەرگەی پلەی گەرمی بەرز ناگرن.
باران: بێگومان بارانیش یەکێکە لەهۆکارە گرنگەکانی ڕووەک، ئەگەر باران لەشوێنێک زۆر بوو ئەوا گژوگیاکان شێوەیان ئەگۆڕێت وئەبنە دارودرەخت.
وە چەند هۆکارێکی تریش وەکو جۆری خاک، ئاژەڵ ئەکەونە ژێر کاریگەری گۆڕانی ئاووهەوا.
$بوارە نوێیەکانی پەیوەست بەم بابەتە$
لەئێستادا لێرەدا گرنگییەکی گەورەو توێژینەوەیەکی زۆر لەم بوارەدا دەکرێت کەتایبەتمەندن یان چڕدەبنەوە لەسەر گۆڕانە ئاو و هەواییەکان کەهۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤ و بە قەتیسبوونی گەرمی دەناسرێت. وە زۆربەی سەرنجەکانیش لەسەر دیاریکردنی کاریگەرییەکانی ئێستای ئاووهەوا لەسەر هەمەچەشنی بایۆلۆجی، و ئاگادارکردنەوە لەم کاریگەریانە لەداهاتوودا. گۆڕانی هۆکارەکانی ئاو و هەوا کەپەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ دابەشبوونی ڕووەکەکان هەیە، بۆیە زیادبوونی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن ئەبێتە هۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، وەگۆڕان لەشێوازی باران بارین وگۆڕان لەڕوداوەکانی کەش و هەوا ئەبێتە هۆی ڕودانی گەردەلول وزریان و سووتان.
لەبەرئەوە ڕووەکە تاکەکان دەتوانن تەنها لەلایەنی فسیۆلۆجیەوە کاربکەن و سوڕی ژیانی لەژێر ژینگەیەکی دیاریکراو تەواوبکات، بۆیە گۆڕانە ئاووهەواییەکان دەکرێت کاریگەرییەکی گەورە بکەنە سەر ڕووەکەکان لەسەر ئاستی تاک و ئیکۆلۆجی وبایۆلۆجی لەسەر ئاستی سیستەم.
$کاریگەرییەکانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن$
زیادبوونی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لەهەوادا کارئەکاتە سەر کرداری ڕۆشنەپێکهاتن کە ڕووەکەکان پێی هەڵدەستن، وە دەرەنجامەکەشی ڕەنگدانەوەیەتی لەسەر زیادبوونی کارامەیی بەکارهێنانی ئاو لەڕووەکدا، وە زیادبوونی توانای ڕۆشنەپێکهاتن و زیادبونی گەشە، هەروا زیادبوونی دوانەئۆکسیدی کاربۆن کارئەکاتە سەر ئەستوری ڕوپۆشی ڕوەکی، کەئەمانەش کاریگەری ئەکەنە سەر پێکهاتەو کاری کۆمەڵگە ڕووەکییەکان. وەبێگومان ژینگەش لێرەدا وەڵامی جیاوازی بۆبەرزبونەوەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن هەیە لەبەرگی گازیدا. هەروەها دوانە ئۆکسیدی کاربۆن کاریگەری ئەکاتە سەر زیادبوونی نایترۆجین لەگەڵای ڕوەکەکاندا یان بەواتایەکی تر گۆڕان لەکیمیای گەڵاکە کەلەوانەیە ئەمەش کاریگەری بکاتە سەر سوڕی خۆراک لەڕوەکەکاندا کەپێی دەوترێت خۆراکی گیایی.
$کاریگەرییەکانی گەرمی$
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تێکڕای کۆمەڵێک کرداری فسیۆلوجی وەکو ڕۆشنەپێکهاتن لەڕووەکەکان بۆئاستێکی بەرز، وە پلەی گەرمی بەرز لەوانەیە زیانبەخش بێت کاتێک سنوری فسیۆلۆجی ڕوەکەکە دەبڕێت.
$کاریگەرییەکانی ئاو$
لەبەرئەوەی ئاو پێداویستیەکی گرنگە بۆڕووەک، بۆیە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەدیاریکردنی دابەشبوونی ڕوەکەکان، وەک پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری لەباران باریندا ناڕێک تربێت لەپلەی گەرمی و زۆرترین جار لەنێو ناوچەکاندا توشی گۆڕانکاری دەبێتەوە، لەگەڵ پێشبینێ کردنی ئەو ناوچانەی بەرەو شێی زۆر دەڕۆن و ئەوناوچانەی ڕووبەڕووی زیاتر وشک بونەوە دەچن، وە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆکاری گۆڕانکاری لەهەندێ سیستەمی ژینگەیی کەپشت بەپێداویستیەکانی ئاو دەبەستن.
$کاریگەری ڕاستەوخۆی گۆڕانی ئاو و هەوا$
ئەگەر هۆکارە ئاو و هەواکانی وەکو پلەی گەرمی وباران بارین گۆڕانی بەسەردا هات لەناوچەیەک وئەوەی پێویستە بۆ گەشەی ڕووەک وبڵاوبونەوەی و تەواوکردنی سوڕی ژیانی، ئەوا کاریگەری ئەکاتە سەر شێوازی پێکهاتەی ڕوەکەکە، هەروەها دەبێتە هۆی گۆڕان لەدابەشبوونی جۆری ڕووەکی ودواتر ڕوبەڕووی لەناو چون ونەمان ئەبنەوە، وەلێرەدا بەتەواوی بەڵگە هەیە کەجۆری ڕووەکەکان پشتێنە ژینگەییەکانیان گۆڕاوە بەپێی بەرزبونەوە لەهێڵەکانی درێژی وپانی وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆگۆڕانە ئاووهەوا هەرێمییەکان. لەگەڵ ئەمەشدا، قوڕسە پێشبینی چۆنیەتی گۆڕانی پشتێنەکانی ڕوەک بکرێت بەهۆکاری ئاووهەوا وجیاکردنەوەی لەگەڵ ئەو گۆڕانە ژینگەییانەی کەمرۆڤ هۆکاری دروست بونێتی وەکو بەهەڵمبوونی ئاو و ترشە باران ووێرانکردنی ئەو ژینگەیەی لێی دەژیت. بەبەراورد لەگەڵ کۆچکردنی پێشووی جۆرەکانی ڕووەک، ئەم گۆڕانە خێرایەی لەئێستادا هەیە تەنها توانای گۆڕینی دابەشبوونی ڕووەکەکانی نیە، بەڵکو وایان لێئەکات زۆرێک لەو ڕووەکانە توانای قبوڵکردنی ئەو ئاووهەوایەی نیە کەدەبێت خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت،
$گۆڕان لەسوڕی ژیان(پەیوەندی نێوان ئاووهەوا و دیاردەی بایۆلۆجییەکانی وەکو گوڵکردن)$
زۆرجار کاتی ڕوودانی ڕوداوە بایۆلۆجیەکانی وەکو گوڵکردن پەیوەندی بەهۆکارە ژینگەییەکانی وەکو پلەی گەرمی هەیە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە گۆڕان لەم هۆکارانەدا بەڕۆڵی خۆی ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕووداوەکانی سوڕی ژیاندا، وە ئەم گۆڕانانە لەکۆمەڵێک جۆری ڕووەکی تۆمار کراوە، ئەم گۆڕانکارییانە توانای ئەوەیان هەیە کەهاوسەنگی یان کێبڕکێی نێوان ڕووەکەکان تێکبدەن، ڕوەکە وەرزییەکان زوتر دەستدەکەن بەگوڵگرتن وەکو ڕوەکە هەمیشەییەکان کەدرەنگتر گوڵ دەکەن، هەروەها ئەو ڕووەکانەی بەهۆی مێرووەکانەوە دەپیتێنرێن زووتر گەشەدەکەن لەچاو ئەو ڕووەکانەی کەبەهۆی باوە دەپیتێنرێن. لەگەڵ ئەگەرەکانی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان.
$کاریگەری ناڕاستەوخۆی گۆڕانی ئاو و هەوا$
لەوانەیە زۆربەی جۆرەکانی ڕووەک کاریگەربن بەگۆڕانە ڕاستەوخۆکانی ژینگە کەپێشتر باسمان کرد، بەڵکو هەروەها بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش کاریگەری هەیە لەکاتی کارلێککردنی لەگەڵ جۆرەکانی تر، لەکاتێکا کاریگەرییە ڕاستەوخۆکان پێشبینیکردنی وئاگادارکردنەوەی ئاسانترە، ئەگەری هەیە کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان گرنگییەکی هاوشێوەیان بێت لەدیاریکردنی وەڵامدانەوەی ڕووەکەکان بۆگۆڕانە ئاووهەواییەکان. هەروەها پشتێنەی کەڕووە سودبەخشەکان کەپەیوەستن بەڕەگی ڕوەکەکانەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گۆڕانیان بەسەردێت لەدەرەنجامی گۆڕانی ئاووهەوا، کەئەمەش ئەبێتە هۆی گۆڕان لەدابەشبوونی ڕووەکەکان، دواتر گژوگیای نوێ دەگواسترێتەوە بۆناوچەیەک وگۆڕان لەسیستەم و پێکهاتەی جۆری ڕوودەدات، وە هۆکاری نەخۆشی یان کەڕووەکان کارلێکەکانیان لەگەڵ ڕووەکەکان دەگۆڕێت، وەکو ئەو کەڕوانەی کەهۆکاری نەخۆشین و لەناوچەیەک زۆر بڵاو دەبنەوە کەڕادەی باران بارینی تێدا زیاددەبێت.
وەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ڕێگەخۆشکەرە بۆ بڵاوبوونەوەی ئاژەڵە گیاخۆرەکان لەناوچەکانی چیای ئەلپ، و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورە ئەکاتە سەر پێکهاتەی ژینگەیی چیای ئەلپ.
بۆیە دەکرێت بوترێت کە نموونەی بێشومار هەیە کە چۆن گۆڕانی ئاوو هەوا کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جۆری ڕووەکەکان، کە پێشبینی کردنی زۆربەیان زەحمەتە. وە جۆری ڕووەکەکان بەڕێگەی زۆر جیاواز کاردانەوەیان بۆ گۆڕانەکانی ئاووهەوا هەیە. کەدەبێتە هۆی جیاوازی لەدابەشبوونی جۆری و کردارەکانی ژیان لەگوڵکردن و هەروەها بەردەستبوونی ڕوەکەکان وگۆڕانی بۆ بوونیان یان دەگمەنیان لەجۆرەکانی وکارلێکەکانی، وە کەڵەکەبوونی ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەری ئەکاتە سەر پێکهاتەو پیشەی سیستەمی ژینگە.
$سەرچاوە$
1_ الدکتور/ عاطف محمد إبراهيم، الغطاء النباتي و دوره في التأثير علی الطقس و المناخ و العکس
کلية الزراعة - جامعة الإسکندرية - مصر
2. Gifford RM, Howden M (2001). Vegetation thickening in an ecological perspective: significance to national greenhouse gas inventories. Environmental Science & Policy. 4: 59-72.
3_ د. لطيف ماجد إبراهيم المشهداني، أثر الغطاء النباتي في المناخ
المحلي للمدينة
الجامعة المستنصرية - کلية التربية الاساسية.[1]