زۆرم خۆشدەوێیت
دەق: نزار قەبانی
وەرگێڕانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
زۆرم خۆشدەوێیت و
دەزانم ڕێگای گەيشتن بە مەحاڵ درێژە،
دەشزانم کە تۆ خانمی خانمانی و
هیچ بژارەیەکی ترم نییە.
دەشزانم زەمەنی سۆز کۆتایی پێهاتوو و
گفتاری جوان مرد.
چی بە خانمی خانمان بڵێم
زۆرم خۆشدەوێیت.
زۆرم خۆشدەوێیت
دەشزانم من لە تاراوگەیەک دەژیم و
تۆش لە تاراوگەیەک
لە نێوانی من و تۆشدا
با
هەور
بروسکە
گرمەی هەور
بەفر و
ئاگر هەیە.
دەشزانم گەیشتن بە چاوەکانی تۆ وەهمە و
دەشزانم گەیشتن بە تۆ
خۆ کوشتنە.
گوشادم کە لەپێناوی تۆی بەنرخدا
خۆم ئەنجن ئەنجن بکەم،
ئەگەر سەرپشکیشم کەن
ئەوا جارێکی تر
خۆشەویستیت دووبارە دەکەمەوە.
ئەی ئەو کەسەی کراسەکەتم لە گەڵای درەخت بۆ چنیویت،
ئەی ئەو کەسەی بە ئارامگرتن لە نمەی باران پاراستومیت.
زۆرم خۆشمدەوێیت..
دەشزانم لە دەریایی چاوەکانی تۆدا،
بە ڕاڕایی سەفەر دەکەم
ئەقڵیشم لە پشت خۆمەوە بە جێدێڵم و
ڕادەکەم و
ڕادەکەم بە دوای شێتیما.
ئەی ئەو ژنەی دڵت لە نێوان
دەستەکانتدا گرتووە،
تخوا جێم مەهێڵە
جێم مەهێڵە
من چیم لێدێت، گەر بوونی تۆ نەبێت
زۆرم خۆشدەوێیت
زۆر و زۆر
ئەوە ڕەت دەکەمەوە کە لە ئاگری خۆشەویستیت بترازێم
ئایا یەکێک گیرۆدەی عیشق بێت،
دەتوانێ خۆی دەرباز بکات؟
هیچ دەربەست نیم،
ئەگەر بەزیندویی لە خۆشەویستیت
دەربچم،
دەربەست نیم
ئەگەر بە کوژراویش بێت.[1]