قوماش 26
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
گەیشتمەوە لای مارێ، دیتم شێرۆ قوون کەتی لۆ لای مارێمە دەچوو، گۆتم: فرسەتە لەگەوی بچمەوە ژۆرێ باشە، بەشکو بابم لەبەوی لێم توڕە نابی، گۆتم: دختۆر شێرۆ ماندی نەبی! گۆتی: یا هەلە و مەرحەبا سەرلووس، ئەوە لە کێ دێیەوە؟ گۆتم: چووم سەرەکم لە برادەرەکی دا، گۆتی: باشە ئەتوو لە جیاتی ئەو جرت و فرتەی کاسبیەکی بکەی باشتر نیە؟ گۆتم: وەڵلا قسە هەیە ناومان بگەڕێتەوە و بە مامەستا دابمەزرێم، چاوەڕێی هەندێمە! لەو دەمی پلکە زەکیەی جیرانمان هاتە دەرێ، گۆتیە شێرۆی: قوون کەتیۆکە کوی؟ شێرۆ ئەعسابی نەما، گۆتی: پەلارەکانی دایە حاجی نەبڕاوە، ئەوجە نۆبەتی تووە، زەکە چاوپان! پلکە زەکیە گۆتی: مەدینەی ژنت چاوی پانە پیرەسە، وا دێمە ماری سەرلووسی و زەختەکم بگرە، قادر قرپەستوور ئەوڕۆ هەندی لەگە گۆتیمە زەختی فوول کردیمە، شێرۆ گۆتی: کا لۆ ئەوێ ڕۆژێ زەختت بتەقیبا، شەرتبی دەبی گۆلکەکی بکەمە خێر! پلکە زەکیە گۆتی: بە قوربانی سەرکم بی، ڕەبی هەتا ئەمن سەرم دێشی، ئەتوو ڕوعێ کێشێ! گۆتمە دختۆر شێرۆی: کورە دەوازی لێبینە ڕەحمەت لە بابت، شێرۆ گۆتی: دەزانی زەکە چاوپان چەند هەیتەیە، وەڵلا شەیتان لەبەری هەردێ!
گەیشتینە پێش دەرکەیمە، شێرۆ لە دەرکەی دا و داکم لەژۆرێ ڕا گۆتی: فەرموو فەرموو، کێیە ئەوە! شێرۆ گۆتی: خۆمانین، دختۆر شێرۆ، ئەوەی بەخۆی ئیشی خۆی باش دەزانی! چووینە ژۆرێ، ئەمن بە ترسەوە لەدوو شێرۆی دەڕۆیشتم، سەلاممان کرد، بابم و داکم وەکی چاویان بەمن کەت، ڕەنگیان تێکچوو، بەران نەکرا لەبەر شێرۆی هیچ برێن! لۆیێ چ دەنگیان نەکرد، شێرۆ دەرزی و دەرمانی حازر کرد و گۆتیە بابم: ئەو دەرزیەت لێدەم، چار دەرزی دیت دەمینێ، ئیشاڵلا پاشی ئەو عیلاجانە بەرات لێ نامینێ! بابم گۆتی: زۆر مەمنون دختۆر شێرۆ، وەڵلاهی زۆرم ئەزیەت دای! شێرۆ گۆتی: ئەمن شەوو و ڕۆژ لە خزمەت دامە، ئەتوو بەس دەوی دایە حاجی بگرە لە پەلاران، ئەمن هیچم ناوێ! داکم گۆتی: ئەرێ شێرۆکە چیە ئەوەندەی لەسە دەڕۆی، وەڵلا ئەمن سوحبەتەکی نەکەم درم دەتەقی! شێرۆ گۆتی: ئەوجە باشە هیچ چشتەک نەما سوحبەتی پێ بکەی قوونی من نەبی! وەڵلاهی دایە حاجی حەیا و نامووسی منت بردیە لە گەڕەکێ، مندارە هورتکەش پێم فێر بووینە!
شێرۆ دەرزیەکەی حازر کرد و بابم گۆتی: ئەوجارە لەولایەم بدە، شێرۆ گۆتی: ئەوە ئیشی منە و دختۆر شێرۆ بەخۆی ئیشی خۆی زۆر باش دەزانی! ئەوجە شێرۆ تەماشایەکی منی کرد و گۆتی: وەیە یان نا؟ ئەمنیش زەردەخەنەکم لۆکرد، شێرۆ دەرزیەکەی لە بابم داو گۆتیە بابم: ئەرێ ئەتوو لۆ ژنەکی لۆ ئەو بەرەڵلایەی ناینی، بەشکو دەیبەستیەوە! بابم بە تی چاوی تەماشای کردم و سەرەکی بادا، داکم بە دزی هاتە تەنیشتم و گۆتی: نانی نیوڕانێ خواردیە، یان پارە نانەکت لۆ حازرکەم ڕۆرە؟ گۆم: نانم خواردیە دایە، ئەزیەت مەخۆ! گۆتی: دەبڕۆ کوڕم ئاوەکی بەخۆ داکە و ئەو جلکانە دانێ با باوێمە غەسالەیی و لۆت بشۆم! وەلەو بابت زۆر لێت توڕەیە، کوڕم مارێ مامزی پلک لەبە توو هاتبوون، ئەتووش هەراتی و چوویە مارێ بازە چاوبەلەبۆقی! گۆتم: دوایێ دوایێ، ئێستا وەختی هەندێ نیە!
پلکە زەکیە هاتە ژۆرێ و قۆری هەرکرد، گۆتیە شێرۆی: وەرە زەختەکەی بگرە، هەی لەبەر دەلینگی مەدینەی مری! شێرۆ گۆتیە بابم: توخوا ئەوە هەقی ئەوەی هەیە زەختی بگرم، دەبینی چ دەرێ! بابم گۆتی: کورە کوڕم لە خۆشەویستیتی خۆشەویستی، ئەمە لەو کۆرانەی کێمان هەیە لە غەیری توو، بەخوای ئەتوو بەس بەخۆت ئیشی خۆت دەزانی! شێرۆ هەوایەکی چووە کەپوویی و گۆتی: ئحم ئحم، شێرۆ هەر بەخۆی دەزانی چدەکا و چناکا، قۆرت بینە پێش زەکە چاوپان، بابزانم زەختت کووە!
شێرۆ زەختی پلکە زەکیەی گرتی فیتەکی لێدا و گۆتی: فیوووووو! پلکە زەکیە گۆتی: ئەی کۆرەبم زەختم چەندە؟ شێرۆ گۆتی: بیست و ئێکە، ئەوە کووە جەڵتە لێی نەدای! زەکیە ڕەنگی پەڕی، شێرۆ پێکەنی و گۆتی: مەترسێ چاردەیە و عەیبت نیە، بەران بە قادرۆکی برێ ئەوەندەت نەگەوزێنی، ئاخر لۆیێ زەختت فوولە! پلکە زەکیە پێکەنی و گۆتی: چ قادر هەیە، هەتا سبەینێ وەکی مەڕی تۆپی پشتم تێدەکا و فس و هۆڕی خەوێیتی!
بڕەکی پێچوو شێرۆ و پلکە زەکیە ڕۆیشتن، ئەمنیش ویستم بچمە ژۆرێ و جلکم بگۆڕم و ئاوەکی بەخۆم داکەم، بابم گازی کردم و گۆتی: وەرە ئیشم پێتە! ئەمنیش بە ترسەوە گەڕامەوە و گۆتم: بەرێ بابە! گۆتی: وەرە لە تەنیشتم دانیشە وەرە، ئەمنیش چوومە تەنیشتی، گۆتی: ئەوە لۆ دونێ چوویە دەرێ و ئەوشۆ نەهاتیەوە، گۆتم: بابە پێم نەگۆتی: ئەمن خەجەم ناوێ! گۆتی: کوڕم، خۆ ئەمن بەتەما نیمە بەزۆری خەجەت لۆ بینم، بەران عەیبە بە جێیان بێلی ئەوانە مێوانی مەنە، کوڕم ئەمن وەعدم بە توو دایە کیژی قادرە فەندیت لۆ دەینم، لە قسەی خۆشم پەشیمان نیمە، ئەمان ئاگات لێبوو، ئەمن لۆ ئیشی توو چووبووم و چم بەسەرهات، ئێ ئەوانیش هەتا ئێستا دەنگیان نیە! گۆتم: وەڵلاهی بابە وابزانم دەنگیان بووە، ئەدی ژنەک نەهاتبووە کن پلکە زەکیەیی و گۆتبووی بەو جیرانەتان برێ: ئەو قووماشەی لەکنەمە بە دوورینیان دایە با بەدوو دابێن! بابم گۆتی: ئەوجە کوڕم کێ دەرێ ئەو ژنە لە تەرەفی وان بووە؟ گۆتم: بە ڕێوەڵلا، لە تەرەفی وان بووە، بابم گۆتی: کوو دەزانی؟ گۆتم: وەڵلا لە خەوێ پێیان گۆتیمە! بابم پێکەنی و سەرەکی بادا، گۆتی: کوڕم خۆ ئەتوو حەزرەتی یوسف نی، خەونت بەڕاست بگەڕێ، بابی من ئیشی دنیایێ بە خەوو و خەیاران پێکنایێ، دەبڕۆ ئاوەکی بەخۆت داکە و خۆت بگۆڕە، هەتا لەگە داکت تەکبیرەکت لێ بکەین و ئەو ئیشەی توو زوو ببڕێنینەوە!
هەیتە: هار، جاران ئەو زاراوە بۆ وشەی پۆلیسیش بەکار دەهات، بەڵام لە کوردەواری بە ژن و کچی هار دەڵێن هەیتە!
پەلار: توانج، تەعلیق.
مایتی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!