ناونیشانی پەڕتووک: دوورگەی درەختە ونبووەکان
ناوی نووسەر: ئەلیف شەفیق
ناوی وەرگێڕ: #ئازاد مەحمود#
وەرگێڕان لە زمانی: تورکی
دەزگای پەخش: ناوەندی ئاوێر
ساڵی چاپ: 2021
ژمارەی چاپ: یەکەم
ئەم دوانیوەڕۆیە، لەکاتێکدا هەورەکانی باوبۆرانەکە دادەبەزینە سەر شاری لەندەن و جیهان بەرەو ڕەنگی خەمۆکی دەگۆڕا، کۆستاس کازانتزاکیس منی لەناو باخچەکەدا ناشت. لە بەشی پشتەوەی باخچەکە، ئێرەیە، ئەم شوێنەی کە ئێستا منی تێدام. بە شێوەیەکی ئاسایی، من حەزم لەم شوێنەیە، ئێرە دەکەوێتە نێوان گوڵە کامێلیا چڕوپڕەکان، بۆن و بەرامەی گوڵەهەنگوینی، بندوقی جادوویی، لەگەڵ گوڵە جاڵجاڵۆکەییەکان، ئەمڕۆ ڕۆژێکی ئاسایی نەبوو. هەوڵم دەدا دڵخۆش و بە کەیف بم و ڕووە ڕۆشنەکانی شتەکان ببینم. بەڵام سوودی نەبوو. دوودڵ و بێ قەرار بووم، پڕبووم لە ترس. پێشتر هەرگیز نەنێژرابووم.
چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا، کۆستاس، لە دەرێ، لەبەر ئەو سەرمایە، ڕەنجی دەکێشا و ماندوو دەبوو. دڵۆپە ئارەق لەسەر برۆکانی دروست دەبوون، دڵۆپە ئارەقەکان دەبریقانەوە، لەگەڵ هەر نوکە بێڵێک، بێڵە ستیلەکە، کە لە زەوییەکەی دەچەقاند، دڵۆپە ئارەقەکان خلۆر دەبوونەوە. لە پشت کۆستاسەوە، سێبەری کەپرێکی دارین درێژ دەبۆوە، کە لە هاویناندا بە گوڵی خۆهەڵواسە و لاولاو و گوڵی کلێماتیس ڤاینس (Clematis vines) دادەپۆشرێ، بەڵام ئێستا، ئەو کەپرە تەنیا بەربەستێکی دارینە و دەتوانرێ بە ئاسانی ئەودیوی ببیندرێ، کە باخچەکەمان لە هەیوانی دراوسێکەمان جیا دەکاتەوە. بەرە بەرە، لە تەنیشت پووتە چەرمەکانییەوە، بە درێژایی شوێنەواری ڕێڕەوێکی زیویی حەلەزوونێک، گڵ لەسەر یەک کەڵەکە دەبوو و قوبەگڵ دروست دەبوو، کە دەستت لێ دەدا، گڵێکی تەڕ و شێدار بوو و هەڵدەوەری. هەناسەکەی کۆستاس، لەبەردەم ڕووخساریدا دەبووە هەڵم، شێوەی شانەکانی لەناو قەمسەڵەکەیدا دەرچووبوونەوە، ئەو قەمسەڵەی کە لە شەقامی پۆرتێبێلۆ، لە دووکانی کۆنەفرۆشێک کڕیبووی، گرێی پەنجەکانی دەستی سوورهەڵگەرابوون، پێستیان هەڵدابوو و بەهێواشی خوێنیان لێ دەتکا، بەڵام پێنەدەچوو خۆی تێبینی ئەوە بکا.[1]