پەیڤەکان
دەق: نزار قەبانی
وەرگێڕانی:#ڕۆزا حەمە ساڵح#
دەمدوێنێت،
کاتێک سەمام لەگەڵدا دەکات.
بە وشەگەلێک
وەک وشەکانی دیکە نین.
بن باڵم دەگرێت و دەمبات
لەناو یەکێک لەهەورەکاندا،
دەمڕوێنێت.
بارانی ڕەش
نم نم
لەچاوەکانمدا، دەبارێ.
لەگەڵ خۆیدا
هەڵمدەگرێت
هەڵمدەگرێت
بۆ ئێوارەی بالکۆنە پەمەییەکان.
منیش بەدەستییەوە
وەک کیژۆڵەیەک وام
وەک پەڕەمووچێک، کە شنە هەڵیبگرێت
خۆرێک دەکاتە دیاریم
هاوینێک
پۆلێک پەڕەسیلکە.
پێم دەلێ کە من ناوازەی ئەوم و
یەکسانم بەهەزاران ئەستێرە
کەمن گەنجینەم و
لەهەموو ئەو تابلۆیانە جوانترم
کە بینیویەتی.
وشەگەلێک..
شتانێک دەگێڕنەوە
گێژم دەکەن
سەماگەو هەنگاوەکانم
بیر دەبەنەوە.
وشەگەلێک..
میژووم ئاوەژوو دەکەنەوە
دەمکا بەوژنەی،
لەچرکەساتێکدا
کۆشکێکم بۆ بنیات دەنێ لە وەهم
کە تەنیا چاونوقانێک لە ناویدا نیشتەجێ دەبم.
دەگەرێمەوە سەر مێزەکەم
هیچم پێ نییە
جگە لە وشەکان.
⚠️یەکێک لە دەقە شیعرییەکانی ناو کتێبی (هەوڵدان بۆ کۆشتنی ئەو ژنەی کە ناکۆژرێ)[1]