نووسین: #تەڵعەت تاهیر#
خۆشم دەوێی وەکو ئەوەی سبەی بمرم، غەریبیت دەکەم وەکو ئەوەی هەتا هەتایە بژیم
لەنیوان من و ژیان تۆ هەیت بۆیە ئێستا لەگەل دونیا لەو ژن و مێردە دەچین لەبەر خاتری منداڵەکەیان جیا نابنەوە، لێشت دوربکەومەوە هەر ئەوەیە چۆن شێوەکار یەک دوو هەنگاو دەکشێتەوە تەماشای تابلۆکەی دەکات، ئەو بەیانییەی لە #سلێمانی# بە بینینی تابلۆی ئۆتۆمبێلێکی ژمارە ئەربیل دڵم داخورپا زانیم تەواو خۆشمدەوێی..!
لەگەڵ ئەوەی باشیش نەژیام تەمەنم بەخشیە تۆ وەک ئەو دایکەی هێشتا تێر نەبووە و نیوەی چێشتەکەی خۆی دەخاتە قاپی منداڵەکەیەوە، بۆ ئەوەی دوریت لەیادەوەریمدا جێی بێتەوە ناچار لەمێشکمدا هەرچی گۆرانیم دەزانی سریمەوە، ئێستا لەسەیرانی هاوڕیکانمدا سەر دەلەقێنم بەژدار نابم لە گوتنەوەی گۆرانییەکان تەنیا لەکۆتاییەکاندا دەڵێم: ئامااان... ئاماااان...
ئەم ژیانە خۆی بریندارە هەق نەبوو تۆش بێیت و ڕۆلی خوێ بگێڕی..!
بەدەنگە خۆشەکەت گوتت: دەرۆم
لەو کچە جوانانە دەچووی لەدەرمانخانەدا بە خەندەیەکی شیرینەوە شروبێکی تاڵت دەدەنێ.
وەک مام برایمی نانەوا منیش سبەینان زوو لەخەو هەڵدەستم لەگەنمی ئەو یادەوەرییانەی ڕۆژگار هاڕیونی ئارد دەخەمە ناو سەتڵی ڕۆژمەوە و فرمێسکی تەعزییەکان فرمێسکی عاشقەکانی تێدەکەم، دەیشێلم و دەیشێلم; بێ تۆیی هەویرێکە پێویستی بەوە نییە ئیسراحەت بکا دەم و دەست دەبێتە کارەسات.
سەرەتای خۆشەویستی خەمەکان ساوان بەچەند دڵۆپێک لە شیری ئای ئای مەمکی گۆرانیەک ژیر دەبنەوە وردە وردە خەمەکان گەورە دەبن و متمانەت بە هاواریش نامێنیێت دووجار بەتوندی چاوت دەنوقێنی و دەڵێیتە فرمێسک ڕێگاکە ئەمینە برژێ، هەر خۆت دەزانی چەند چیرۆکت دۆڕاندووە تا تێبگەیت ئەوانەی بەتەمای هاتنەوە نەبوون هەر ئەوان بوون بۆ یەکەمجار ڕستەی هیوای بەختەوەریت بۆ دەخوازمیان داهێنا.
هەمیشە ئیرەیم بەو پیرەمێردەی دراوسێمان بردووە تووشی لەبیرچوونەوە بووە و هەموو خەڵک بە مەلای گەڕەکیشەوە بەناوی ئەو ژنە بانگ دەکا کە خۆشی دەویست..!
جێت هێشتم گلەیی ناکەم ژن ئەسڵی ئاوە و کەواتە یەکێ لە خووەکانی هەڵم، جێمهێشتی گلەیی مەکە پیاو ئەسڵی لمە و کەواتە یەکێ لەخووەکانی سەراب.
خۆشەویستیمان جەژنی لەدایکبوونمان بوو، سەرەتا پیرۆزبایمان لەیەکتر کرد، دواتر لەئاردی پەیڤ و فرمێسک کێکمان دروستکرد، للەماڵئاواییدا مۆمەکانمان کوژاندەوە و ئیتر نۆرەی چەقۆ هات..!
لەجەستەدا موو لەهەمووان بە وەفاترە وەک قەرەبوو بۆ هەر ڕۆژێکی ڕەش تاڵێکی سپی دەبێت.
کەشتی بووم و دەمویست لەژیانێکەوە بتگوازمەوە ژیانێکی جوانتر، هەرکۆستەو پارچە دارێکی لێکردمەوە ئێستا بەبەرچاومەوە ڕۆژانە چەندین خەونت دەمرن و منیش بەزەحمەت بەشی یەک تابوت دەکەم.
وەکو هەنجیر هەندێ قسەی شیرینی تۆم وشک کردۆتەوە بۆ ئەوکاتانەی لیرە نیت..![1]