قوماش 29
نوسینی: #ئوسامە جەمیل#
ئەمن و بابم تەماشایەکی ئێکدیمان کرد و وەکی برێی هەستمان کرد شتەک هەیە، تەماشام کرد داکی هەورینیش وەزعی باش نیە، هەموو تێکڕا شەربەتەکەمان دانا، چاوەڕێ بووین بزانین چ ڕوودەدا و قادرە فەندی لۆ گاز کرایتە دەرێ، بابم لۆ ئەوەی بێدەنگیەکەی نێلی، گۆتی: خێر دەبی ئیشاڵلا، داکی هەورینیش گۆتی: ئا ئا ئیشاڵلا خێرە! پێنج شەش دەقە پێچوو قادرە فەندی هەرنەهاتەوە، ئەمە بە تەواوی کەتینە شک چشتەک هەبی، داکی هەورینی لۆ ئەوەی خۆی لەو وەزعەی قورتارکا، هەستاوە و گۆتی: بابچم بزانم ئەو پیاوە لۆ ئەوها تاخیربوو، ئیدی چووە دەرێ، هەندەی نەبرد برایەکانی هەورینیش چوونە دەرێ و هەر ئەمە ماینەوە! بە سەبری گۆتم: بابە، دەرێی چشتەک ڕوویدایە، ئەو مارە هەموو چوونە دەرێ! گۆتی: سەبرەکی بگرە کوڕم، هەونکە بە خەبەرەکی دەکەوین، خوا گەورەیە و ئیشاڵلا خێر دەبی، ئەمن درم لەسەر هەزاری لێی دەدا، عەیب نەبایە هەردەستام دەچوومە دەرێ، هەتا بزانم ئەوە کێیە هاتیە و ئەو جەوە خۆشەی لێ تێکداین، لەو داڵغە و خەیارانە دابووین، قادرە فەندی و خێزانی و کوڕەکانی هاتنەوە، هەموویان ڕەنگیان تێکچوو بوو، بە ڕەنگەکی چوونە دەرێ و بە ڕەنگەکی دی هاتنەوە، ئەمن و بابم و داکم لەبەریان هەستاینەوە، گۆتیان دانیشن دانیشن ئەزیەت مەخۆن! قادرە فەندی بە بێدەنگی لە تەنیشت بابم دانیشتەوە، بابم هەر تەماشای دەکرد و چاوەڕێ بوو قادرە فەندی قسەکی بکا، هەر قسەی نەکرد، بابم دوو جار گۆتی: ئێ قادرە فەندی! قادرە فەندی هەر تەماشا عاردی دەکرد و وەرامی نەبوو، بابم ئەوجارە بڕەک تووندتر گۆتی: قادرە فەندی قادرە فەندی! قادرە فەندی سەری برند کرد و گۆتی: ها، ئا! دە فەرموو فەرموو شەربەتەکەی بخۆوە! بابم گۆتی: شەربەتی چ بخۆمەوە کاکە، ئەتوو هەر بەجارەکی پاپۆڕت کەتە بنی بەحرێ، دە تێمبگەینە چبووە و کێبوو هات! قادرە فەندی گۆتی: چشتەکی وەها نەبوو، ئەوە خزمەکی خۆمان بوو، بابم گۆتی: خێر خۆ چنەبووە، لۆ ئەوها ڕەنگت پەڕیە، دە قسەکمان لە مستی بنێ، قادرە فەندی هەر ئەوەندەی گۆ: خێر دەبی ئیشاڵلا، خێر دەبی ئیشاڵلا، داکی هەورینی لۆ ئەوەی خۆی لە وەزعەکەی قورتارکا، هەستا و گۆتی: بە ڕوخسەتتان هەتا ئەودیووی دەچم! ئەمن و بابم و داکم بەڕاستی مشەوەش بووین، باشە وەزعی ئەو مارەی لۆ ئەوها تێکچوو، یاڕەببی خوایە دەبی کێبی هاتبی و چی گۆتبی، ئەتوو برێی بازۆبی؟ باوەڕ ناکەم، بازۆ قەت شتی وەها ناکا، دوایێ قادرە فەندی خۆ ئەوەندە مندار نیە هەتا دەم و دەست بە قسەی بازۆی باوەڕ بکا، یانیش قۆری دەگرت و دەیهینا ژۆرێ و دەیگۆ: کاکە ئەو زەلامە ئەوها دەرێ ئەنگۆ چدەرێن! لە تێکچوونی وەزعی ماری قادرە فەندی تەئکیدبووم، ئەو ئیشە زۆر لە بازۆی گەورەترە!
بەینەکی بێدەنگ بووین، بابم چیدی خۆی پێ نەگیرا و گۆتی: قادرە فەندی ڕجات لێدەکەم قسەکی بکە، ئاخر یەعنی چ ئەتوو ئەوها بە بێدەنگی دانیشتی و قسەکی ناکەی، کاکە قسەکمان لە دەستی بنێ، یان ئا، یان نا؟ قادرە فەندی هەناسەکی قۆری هەرکێشا و دەستی لە سەر دەستی بابم دانا و گۆتی: زۆرت لێ مەمنون دەبم، ئەگەر ئەو مەوزوعەی دوو سێ ڕۆژان تەئجیل کەین، ئیشاڵلا کووی خێر تێدایە ئەوها دەبی، تەئکیدبە ئەمن نایێلم بە ئاسانی ئەو ئیشە تێکچی، دوعای بکە خوا سەهلی بکا! بابم مشەوەش بوو، گۆتی: قادرە فەندی ئەوە ئەتوو چدەرێی، تەئجیلی چ و تێکچوونی چ و سەهل کردنی چ، ڕجات لێ دەکەم تێمبگەینە چبووە و ئەو زەلامە کێبوو هاتە دەرکەیی و هەموو چشتەکی تێک و پێکدا؟ قادرە فەندی گۆتی: لە وەختی خۆی دەزانی، جارێ بەس سەبرەکم لێبگرە، زۆرت لێ مەمنون دەبم، ئەگەر دوو سێ ڕۆژان لەسەرمان ڕاوەستن! بابم گۆتی: باشە کاکە باشە، با قسەی تووبی، بەران بریا بمزانیبا ئەو وەزعە چبوو هاتە پێش! قادرە فەندی گۆتی: تەئکید بە دەزانی! بابم گۆتیە من و داکم: هەستن بابڕۆین هەستن، دیارە قادرە فەندی حەزی لە خزماتی مە نیە، بابم قیت بۆوە و داکم لە دوو وی، ئەمنیش چارەم نەماوە و هەستامەوە، قادرە فەندی باوەشی بە بابم کرد و دیتم فرمێسک لە هەردوو چاوی هاتە خوارێ و گۆتیە بابم ڕجات لێدەکەم سەبرم لێبگرە، وەڵلا وەبیللا سەر برندم بەنگۆ، ئەمان شتەک هاتە پێش و وەزعەکەی شێواند، خوا کەریمەو ئیشاڵلا حەلی دەکەم! بابم گۆتی: وەعدی پیاوان پشتت بەرنەدەم و ڕوحم لە پێش ڕوحی تووبی!
زۆرمان قسە کرد و هیچمان دەست نەکەت، بە ناچاری خواحافیزیمان کرد، داکی هەورینیش هات خواحافیزی لێکردین، قوڕگی پڕی گریان بوو، زوو زوو دەیگۆ: وەی چاوی داکت کۆرەبی هەورینۆکە! خواحافیزیمان کرد و لە ماریان دوور کەتینەوە، بابم و داکم زۆر بێ تاقەت بوون، ئەمن لەوان زیاتر، قوڕگمان هیشک ببوو، قسەمان پێنەدەکرا، لەناو ئەو هەموو خەمەی قسەی فەیرۆزم بە بیرهاتەوە، کە گۆتی: واز لە هەورینی بینەو لۆ توو نابی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!