قوماش 30
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بەخەمباری چووینەوە مارێ، کەس تاقەتی قسەشی نەبوو، بابم سەری بادەدا و دەیگۆ: ئاخیری خێربی، داکم گۆتی: دانیشن با یەک دوو قسان بکەین، بابم گۆتی: تاقەتی هیچم نیە و وازم لێبینە! داکم گۆتی: ئەرێ ئەوە ئەتوو لۆ ئەوها ڕوخای، لە باتی دری کوڕەی بدەیەوە! بابم گۆتی: ئەو ماستە مووەکی تێدایە، بەلاش نیە بە لەحزەکی سەت و هەشتا پلە گۆڕان! گۆتم: بابە، هەورین دەستە خوشکەکی هەیە لە مەعمەل مافوری دەوام دەکا، بەینێدی چووم سەرەکم لێدا لۆ مەسەلەی هەورینی! بابم گۆتی: ئێ! گۆتم: وەڵلاهی ئەو فەیرۆزە بەمنی گۆ: واز لە هەورینی بینە و لۆ توو نابی، ئامۆزایەکی داڵغەی لێی دایەو دەرێ هەر دەیهینم! بابم بەینەکی تەماشای کردم و گۆتی: لۆ زوو بە منت نەگۆ کوڕم! گۆتم: وەڵلاهی گۆتم لەوانەیە فەیرۆز درۆی بکا و بەخۆی بیەوێ لۆ برایەکی خۆی بیهینی یان چاوی لەمن بی! بابم گۆتی: دەی تەواو مەسەلەکە ئەوەیە، ئێکەک هەیە داڵغەی لەو کیژەی دایە و دەیەوێ بیهینی، ئەوجە ئایا ئامۆزایتی یان نا، شەرت نیە وەبی، داکم گۆتی: ئەوجە چبکەین، چارەمان چیە؟ بابم گۆتی: دوو سێ ڕۆژان ڕادەوەستین، دەنگ و باسەکیان هەر دەبی، خۆ ئەگەر نەشبوو، ئەوە بەخۆمان لێ دەپێچینەوە، ئەوجە ئەگەر بوو خێر عەلە خێر، ئەگەر نەشبوو، ئەونا ئێکیدی، کوڕم خۆ ژن نەبڕایە لە دنیایێ، هەزار کەس مەمنونە و دەستت ماچ دەکا! داکم گۆتی: توخوا ئەو قسەی مەکە برێ ئیشاڵلا دەبی و خوای گەورە بە گەورەیی خۆی ڕێکی دێخی!
ئەو شەوەم زۆر بە بێتاقەتی و خەمباری بە ڕێکرد، وەخت نەدەڕۆیی و ڕۆژ هەرنەدەهات، هەر دەموویست ڕۆژ ببیتەوە و بچم سەرەکی لە فەیرۆزی بدەم و بزانم ئاگای لەو وەزعەیە یان نا! هەر کووی هەبوو شەو ئاوابوو، ڕۆژەکی نوێی پڕ خەم لۆمن سەری دەرینا، لەسەر نانی سبەینێ دانیشتبووین، کەس قسەی نەدەکرد و بە بێدەنگی نانمان دەخوارد، داکم لۆ ئەوەی بێدەنگیەکەی بشکێنی، گۆتیە بابم: ئەو پیارەم دێ، با چایەکی دیت لۆ تێکەم! بابیشم پیارەکەی هەرگرت و دایە داکم، ئەمن نانم پێ نەدەخورا و خۆم مەشغول دەکرد، بابم گۆتی: دەبخۆ کوڕم بخۆ، پارووە نانەکی بخۆ! داکم گۆتی: چاوی داکت کۆرەبی، بەخوای ناهەق نی، ئەگەر هیچت پێ نەخورێ! بابم گۆتی: بە ئاسانی واز لەو مەسەلەی ناینم، کوڕم خەمت نەبی، وەڵلاهی ئەوەی لە تاقەتم دابی دەیکەم، ئەویدیش تەسلیمی خوای گەورە دەکەین!
نانەکەمان خوارد و بابم دوو ڕکعات نوێژی کێشتانێی کرد و دەستی بە قورعان خیندنێ کرد، داکیشم هەندە گۆشتی دەرینا و لەسەر قیمەکێشی دانا و گۆتی: با لۆ نیوڕانێ هەندە شفتەی بکەم، لەمێژە شفتەم نەکردیە، ئەمنیش چوومە ژۆرەکەی خۆم و جلکم گۆڕی و ویستم بچمە دەرێ، بابم گۆتی: ئەوە کێوە دەچی کوڕم؟ گۆتم: سەرەکی لە برادەرەکی دەدەم و لۆ نیوڕانێ دێمەوە! بابم گۆتی: باشە کوڕم باشە، بەران زۆرت ئاگا لەخۆبی، داکیشم هەر ئەو قسەی کرد و گۆتی: وەکی هاتیەوە لەسەر ڕێی خۆت هەشت نۆ نانی فڕنی بینە کوڕم، گۆتم: بەسەرچاو دایە، بابم گۆتیە داکم: هەستە لە گیرفانی کورتەکم دە پازدە دیناران بینە بیدێ، جاحێرە با گیرفانی بەتار نەبی! داکم هەندی دەمێ هەستا و چووە ژۆرێ و پازدە دیناری دامێ و گۆتی: دەبڕۆ کوڕم بڕۆ خوا بتپارێزی!
گەیشتمە پێش دەرکەی مەعمەل مافوری، دیتم کابرای جاران هەر لە پرسگەیە و خەریکی جەریدە خیندنەوەیە، سەلامم لێکرد و وەرامی داوە، گۆتی: دیسان فەیرۆزت دەوێ؟ بڕەک ڕەنگم تێکچوو، بەران بەسەرەخۆم نەهینا و گۆتم: ئەرێوەڵلا ئەگەر زەحمەت نەبی! کابرا جەریدەکەی دانا و گۆتی: باشە بابە باشە، ئەو جرت و فرتە ئاخیری خێربی! چدەنگم نەکرد، گۆتم: بێ دەنگ بم باشترە! وەختەکی فەیرۆز هات، سەلامم لێکرد، وەرامی سەلامەکەی نەداوە، بە سەبری و بڕەک بە توندی گۆتی: نەمگۆ واز لە هەورینی بینە، لۆ خۆت تووشی کێشە و دۆخەی دەکەی؟ گۆتم: کو دەزانی وازم نەهینایە؟ گۆتی: لۆ نازانم ئەتوو و داکت و بابت ئەوشۆ چووینە داخوازی! با دوو قسەت پێ برێم، دەست لەو داخوازیەی هەگرە و بڕۆ ژنەکی دی لۆخۆت بینە، دەنا زەرەرەکی زۆر گەورە دەکەی، ئەتوو و هەموو عەشیرەتەکەت دەرەقەتی ئەو زەلامەی نایێن کە داڵغەی لە هەورینی دایە، ئەوجە سەری خۆت بە فەتارەت مەدە! بەینەکی بێدەنگ بووم و تەماشا فەیرۆزم کرد، ئەوجە گۆتم: گێ بدە من فەیرۆز خان، ئەو دوو قسەش بگەینە بەو زەلامەی خۆی بە عەنتەر دەزانی: ئەگەر هەموو دنیا برێ واز لە هەورینی بینە، ئەمن وازی لێ ناینم، ئەوجە هەرچی دەبی با ببی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!