قوماش 31
نووسینی: ئوسامە جەمیل
فەیرۆز بەینەکی تەماشای کردم، ئەوجە گۆتی: زۆر باشە، ئەوجە خۆت دەبینیەوە، ئەو وەختیش خینی خۆت لە ملی خۆت! پاش ئەو قسانە پشتی تێکردم و لێیدا ڕۆیی! ئەمنیش ڕووم وەرگێڕا بچمە دەرێ، کابرای پرسگەی گۆتی: تەواو؟ گۆتم: بەرێ تەواو! گۆتی: خۆ بەتەمانی بێیەوە؟ وەرامی کابرام نەداوە و چوومە دەرێ، گەیشتمەوە لای مارێ و لە فڕنیەکەی سەری کۆرانێ، دە نانم کڕی و شۆڕبوومەوە لۆ مارێ، وەکی دەچمە ژۆرێ، دەبینم بازۆ وا لە تەنیشت داکم دانیشتیە و هێدی هێدی بە بێتاقەتی تەماتە و ئارووی هورد دەکا، سەلامم کرد و بەخێراتنی بازۆم کرد، هەستاوە و باوەشی پێکردم، گۆتی: وەڵلاهی بەشداری خەمتم، داکت لۆی باس کردم، باشە دەبی ئەو وەزعە لۆ ئەوهای لێهاتبی؟ گۆتم: ئەمن دەزانم، لۆ ئەوهای لێهاتیە! داکم گۆتی: یا ئەڵلا خێر، دە برێ کوڕم برێ بزانین لۆ ئەوهای لێهاتیە؟ گۆتم: دایە ئێکەک هەیە، دەیەوێ هەورینی بینی، بەگێرەی ئەوەی بزانم دەستی دەڕوا و هەموو چشتی پێ دەکرێ! بازۆ گۆتی: مەعنای وەیە یان موستەشارە، یان مەفرەزە خاسەیە، ئەوڕۆ ئەو دووانە دەستیان دەڕوا و هەموو چشتیان پێ دەکرێ، داکم گۆتی: ئەوجە کوڕم ئەمە دەرەقەتی ئەوانە دێین، ئەمە دەستمان بە کراوی خۆمان گرتیە با نەبا! گۆتم: خوا کەریمە دایە، بەران ئەمن بەتەمانیمە وەها بە ئاسانی وازبینم، وەکی بایشم هاتەوە ئەو قسانەی لۆ دەکەم، بزانم چدەرێ.
دەوری سعات ئێکی نیوڕانێ بابم هاتەوە، سەلامی کرد و گۆتیە بازۆی: ها سەیە، ئەوڕۆ چت لەبن سەریە؟ بازۆ گۆتی: جارێ واز لەمن بینن، خەمەکی لەو قارەمانەی بخۆن، بابم گۆتی: خوا کەریمە، هیچ چشتەک نیە خوا حەلی نەکا، دانیشتین و نان داندرا و دەستمان بە نان خواردنێ کرد، مەسەلەی خۆم و فەیرۆزم لۆ بابم باس کرد، بابم پارووی لە دەستی ڕەق بوو، بەینەکی داما، گۆتی: وەڵلاهی کوڕم پێدەچی ئەو کابرایە دەستی بڕوا و تووشی کێشەکمان بکا، بەران ئەمن هەتا قادرە فەندی نەبینم هیچ نارێم!
دوو سێ ڕۆژ بەسەر ئەو وەزعەی داڕۆیی، شەوەکی پاش نوێژی عیشایێ لە دەرکەی درا، چووم کردمەوە قادرە فەندی بوو، سەلامی کرد و چاک و چۆنیمان کرد، گۆتی: کوڕم بابت لە مارێیە؟ گۆتم: بەرێ، دە فەرموو فەرموو! هاتە ژۆرێ و بردمە هۆدەی مێوانان و بەخێراتنم کرد، چوومە ئەو دیووی گازی بابم کرد، گۆتم: بابە قادرە فەندی هاتیە و وا لە هۆدەی مێوانان دانیشتیە! بابم قیت بۆوە و گۆتی: خوایە بەخێری بگێڕی، داکیشم قیت بۆوە و گۆتی: با ئەمنیش بێم بەخێراتنی بکەم، داکم و بابم بەگەرمی بەخێراتنیان کرد، هەندی دەمێ ئاوم لە پێش دانا و داکیشم چووە ئەو دیووی کتری لەسەر ئاگری دانا، قادرە فەندی بەینەکی بێ دەنگ بوو، دوایێ گۆتی: ئەوی ڕاستیبی، هاتیمە دوو قسان لەو داخوازیەی هەورینی بکەین، بابم گۆتی: زۆر باشە، وەڵلا ئەمە هەمووی چاوەڕێی خەبەرکی بووین، قادرە فەندی گۆتیە من: دەکرێ ئەمن و بابت بڕەکی بە جێ بێلی! بابم ئیشارەتی دامێ بچمە دەرێ! گۆتم: بابە ئەو ژنهینانە لۆ منە، یەعنی چ ئەمن بچمە دەرێ! بابم گۆتی: کوڕم، قادرە فەندی کووی پێ باشە ئەوها بکە، ئەمە با دوو قسان بکەین جارێ! چارەم نەبوو چوومە ئەو دیووی، داکم گۆتی: ئەوە لۆ هاتیە دەرێ؟ گۆتی: وەڵلا بە منیان گۆ بڕۆ دەرێ، گۆتی: لۆ؟ گۆتم: بەخۆشم نازانم، داکم گۆتی: خوایە بەخێری بگێڕی.
دەوری نیوو سعاتەکی پێچوو، بابم گازی کردم، چوومەوە دانیشتم، دیتم بابم ڕەنگی تەواو نیە، قادرە فەندیش لە بابم خراتر، بابم دەستی بە قسان کرد و گۆتی: کوڕم ئەمە ئیمانمان بە خوای هەیە، دەزانین هەرچی خوا بیکا دەبی و هەرچی نەشیەوێ نابی، ئەگەر خوا قەرەمی لە شتەکی دابی دەبی، ئەگەر لێشی نەدابی نابی، خوای گەورەش چ بڕیار بدا، ئەوە باشە، دەبی بەکاری خوای ڕازی بین! گۆتم: بابە، ئەتوو ڕاست و ڕاست بڕۆ ناو مەوزوعەکەیی و پێچ و پەنای ناوێ، پێم برێ مەخسەدتان چیە؟ بابم فرمێسک بە هەردوو چاوانی دا هاتە خوارێ و گۆتی: کوڕم، بە کوردی و بە کورتی ئەو ئیشە نابی!
موستەشار و مەفرەزە خاسە: موستەشار سەرۆک جاش بوو، لە سێسەت جاش بەرەو سەری هەبوو، مووچەیان لە حکومەت وەردەگرت و هەموو شتەکیان بۆ حکومەت دەکرد، بەشەکی زۆریان دەستیان هەبوو لە ئەنفال و تێکدانی چارهەزار گوندی کوردستان، شەڕی پێشمەرگەیان دەکرد و دەیان پێشمەرگەیان لەو شاخانە کووشت، مەفرەزە خاسە ڕاستەوخۆ سەر بە دائیرەی ئەمن بوون لە سی چەکدار بەرەو سەریان هەبوو، هەرچی خراپە لەگەڵ میللەت و پێشمەرگەی دەیانکرد، کە جەماعەتی تەڕبەگەی هاتنە خوارێ لێبوردنی گشتیان لۆ دەرکردن، ئەوانەی ماون ئێستا خاوەن پلەی سەربازی گەورە و مووچەی بەرزن.
ئاروو: خەیار.
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!